Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەدایک  بوونێکی  تر… هۆنراوەی : فروغ فەرروخزاد

لەدایک بوونێکی تر… هۆنراوەی : فروغ فەرروخزاد

Closed
by February 10, 2008 ئەدەب

…گۆڕینی: د. ناسح قەرەداخی

گشت بوونی من نیشانەیەکی  تاریکە
کە لە خۆیا پەیتا پەیتا ئەتۆ بەرەو
بەرەبەیانی  شکۆفەو  ڕووانی  ئەبەدی دەبا
لەو نیشانەیەدا من تۆم ئاخ  هەڵکێشا
لەو نیشانەیەدا ئەمن
تۆم بە ئاوو  درەخت و ئاگر  پەیوەند دا
***
ژیان  ڕەنگە
شەقامێکی درێژ بآ کە هەموو رۆژێ
ژنێکی  زەمبیل بەدەست پیا تێ دەپەرێ
ژیان رەنگە
گوریسێ بآ کە پیاوێ خۆی بە دارێکا پێ هەڵواسێ
ژیان  رەنگە
مناڵێ بێ  لە قوتابخانە  وەگەرێ
***
ژیان  رەنگە داگیرسانی  سیغارێ بێ
لە ماوەی  تەڕی نێوانی  دوو  جووت بوونا
نیگای  گێژی  رێبوارێ بێ
کە کڵاوەکەی  لائەباو
بەزەردەیەکی بێ مانا بە رێبوارێکی تر ئەڵێ" بەیانی باش"
ژیان  رەنگە ئەو ساتە داخراوە بێ
کە نیگای  من لە سۆمای   چاوانی تۆدا  وێران دەبێ
بەو هەستەوە
کە من تێکەڵاوی ئەکەم لە تەکی بینینی مانگ و سەرهەڵدانی
تاریکییا
****

لە ژوورێکا کە ئەوەندەی  تەنیایی یە
دڵی ئەمن
کە ئەوەندەی  یەک  ئەوینە
بۆ بەهانە  سادەکانی  بەختیاریی خۆی ئەروانێ
بۆ زەوالی  جوانی  گوڵەکان  لە گوڵدان
بۆ ئەو نەمامەی  لە باخچەی  ماڵەوەمان  تۆ ناشتووتە
بۆ ئاوازی  کەنارییەکان
کە بە پڕی  پەنجەرەیەک  دەچریکێنن
***

ئاخ.. هەر ئەمەیە بەشی من
بەشی ئەمن  هەر ئەمەیە

بەشی ئەمن
ئاسمانێکە کە  هەڵواسینی  پەردەیەک  لێمی  ئەگرێ
بەشی ئەمن دابەزینە لە یەک  قادرمەی  چۆڵ کراو
وە تا گەیشتن  بە شتێک  لە داڕزاوی  و  غوربەتا
بەشی ئەمن گەڕانێکی  خەماوی یە بە باخی یادگارەکاناو
مردن لە تاسەی دەنگێکا کە پێم دەڵێ:
"خۆشم دەوێن
       دەستەکانت"
***

دەستەکانم لە باخچەکەدا  دەنێژم
سەوز ئەبم  باش ئەزانم، باش ئەزانم، باش ئەزانم
وە لە ناو پەنجە مەرەکەباویەکانما
پلیسرکەکان  هێلکە دەکەن

دوو گێلاسی  سووری  چەسپاو
وەک  گوارە
بە گوێکانما  هەڵ دەواسم
نینۆکەکانم  بە پەڕەی  گوڵی  کەوکەب دادەپۆشم
کۆڵانێک هەیە کە لەوێ
ئەو کوڕانەی  عاشقم  بوون
ئێستاش هەر بەو مووی لاوازو قاچی لەڕو ملی باریکەیانەوە
لەخەیاڵی زەردەخەنەی بێ مەبەستی کچۆڵەیەکدان کە شەوێ
با لە تەکی  خۆیا  بردی
کۆڵانێک  هەیە دڵی  من
لەو گەڕەکانەی  سەردەمی مناڵی خۆمی دزیوە
***

گەشتی  حەجمێک  بەسەر هێڵی  زەماناو بە..
حەجمآ هێڵی وشکی زەمان ئاوس کردن
حەجمی  وێنەیەکی  وشیار
کە لە دێنیی  ئاوێنەیەک دێتەوانێ
***

وە  بەم جۆرەیە کە کەسێ
دەمرێ و  کەسێ
بەقای  دەبێ
لە جۆگەیەکی بچووکا کە دەرژێتە ناو چاڵاوێ
هیچ  ڕاوچی یەک
مرواری ناخاتە داوێ
***

پەرییەکی  بچکۆلەی خەمگین دەناسم
لە ئۆقیانووس  جێگیر بووە
ئارام  ئارام
لە شمشالێکی دارینا دڵی دەچرێ
پەرییەکی  بچکۆلەی  خەمبار
کە بەیەک  ماچ  شەوان دەمرێ و
بەرەبەیانیش  بە یەک  ماچ دێتە دنیا

*******

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.