Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

لەژێر پۆرترەیتی شێرکۆ بێکەسدا

Be First!
by November 7, 2012 گشتی

 

 

 

دیارە لەبەر چەند هۆیەک ئاسان نییە من باس لە شاعیرێکی وەک (شێرکۆ بێکەس) بکەم. ئەو لە ماوەی ئەو چل پەنجا ساڵەیدا هەزاران شیعری نووسیوە، لە کاتێکدا من تەنیا شیعری (دەربەندی پەپوولە Butterfly Valley)م بە ئینگلیزی و (سێ زمان و چوار قامچی Tre sprog og fire piske)م بە دانمارکی خوێندووەتەوە. (چۆمان هەردی)ی شاعیر یەکەمیان و (مەسوود زیلان) دووەمیانی وەرگێڕاوە. ڕاستییەکەی من هەر لە پلانمدا نەبوو لەبارەی ئەو شاعیرەوە بنووسم، بەڵکو حەزم دەکرد پۆرترەیتی بکێشم، وەک ئەوەی نەک هەر یەکێکە لە سیمبۆلە گەورەکانی دنیای ڕۆشنبیریی کوردستان، بەڵکو وەک ئازادیخوازێکیش بەردەوام لەپێناوی سەربەخۆیی و ئازادیی نەتەوەکەیدا تێکۆشاوە. بەپێی ئاگاداریی من چەند ساڵ بە هۆی بیروباوەڕیەوە لە شاری سلێمانییەوە بۆ یەکێ لە شارۆچکەکانی عێراق دوور خراوەتەوە. لەوێیش وازی لە شیعر نەهێناوە و دژی ڕژێم خەباتی کردووە. دواتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و ڕووی کردووەتە شاخ.لەوێوە بۆ سوێد سەری هەڵگرتووە. چەند ساڵێک لەو وڵاتە ژیاوە و خەڵاتێکی گەورەی پێ دراوە، کە شیعری چاکی نووسیوە و بۆ ئازادیی وڵاتەکەی تێکۆشاوە. ئەوەی لە بەرانبەرمدایە بە هەموو مانایەک مرۆڤێکی گەورەیە، بەڵام پێش هەموو شتێ هاوڕێمە، بۆیە پۆرترەیتی دەکێشم، وەک چۆن پێشتر هیی (گەزیزە) و (میدیا بێگەرد)م کێشاوە، کە ئەوانیش دوو سیمبۆڵی گەورەی دنیای هونەرن و دەستەخوشکی ئازیزمن. من نە شاعیرم و نە دەشزانم وەک ڕەخنەگرەکان ئەنالیزەی شیعر بکەم، بەڵکو من شیعر تەنیا وەک پێویستییەکی ڕۆحی دەخوێنمەوە. هەندێجار وا هەست دەکەم لە ڕێی شیعرەوە دەتوانم لە خۆم و لە تابلۆکانم بڕوانم، وەک بڵێی شیعر ئەو ئاوێنە سیحرییە بێت، کە مرۆڤ دەتوانێت هەموو لاکانی خۆی پێکەوە تێدا ببینێت، تەنانەت دەتوانێت ئەو بەشانەی گیانی دەستکاریی بکات، کە پێشتر لە ئاوێنەی ئاساییدا نەیدیون. کاتێ هەندێک لە شیعرەکانی (شێرکۆ بێکەس)م خوێندەوە هەر بە ڕاستی خۆمم لە بەردەم ئەو ئاوێنە سیحرییەدا بینی. لەو ئاوێنەیەدا مرۆڤ هەموو ئەو شتانە دەبینێت، کە ڕۆژگارێک بە گرنگی نەزانیون و فڕێی داون. ئەوانەیش، کە ونی کردوون. ئەوانەیش نەیبینیون.ئەوانەیش نەیزانیوە هەن. لە شیعری (شێرکۆ بێکەس)دا مرۆڤ نە تەنیایە و نە لەگەڵ ئەوانی تریشە، بەڵکو لەگەڵ ئەو ئاوێنە سیحرییەدایە. لە شیعری (چیرۆکی خۆشەویستییەک)دا:

(دوو دڵدار و

دوو بالقۆنی بەرامبەر یەک

هەموو شەوێ شیعر و شەپۆل

گوڵ و ماچ ئەگرنە یەکتر)

بەڵام لەو ئاوێنەیەدا لاکەی دیکەی خۆیان دەبینن، کە مەرگە.

(لە پڕێکا شەو شلەقا و

گوڵە مێخەک کەوتە خوارێ و

لە بالقۆندا کچ ئاوا بوو

کوڕ هاتەوە بە ڕاکشاوی هاتەوە و

ئەمجارەیان لەسەر سنگی

خەنجەرێکی سوور ڕوابوو).

ئەو ئاوێنەیە بە هەموو مانایەک ئاوێنەیەکی کوردییە، کە هەمیشە مەرگی خوێناوی لە سیمای کەسەکاندا پێشان دەدات. (شێرکۆ بێکەس) بە شیعری (سێ زمان و چوار قامچی) وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، کە مەرگ لای مرۆڤی کورد چ مانایەکی هەیە:

لەناو ئاپوورەی مەراقی گشت دنیادا

هەر لە دووڕا

مەراقی خۆم ئەناسمەوە

مەراقی من:

قژی سەوزە و ڕیش خوێناوی و

چوار خاچی وا بە کۆڵەوە و

مەرگیش بە سێ زمانی جیا و

چوار قامچی بەدوایەوە و

تەوق لە گەردن

کەچی نە چۆک ئەدات و

نە بێ دەنگی ئەکات مردن).

لەو ئاوێنەیەی (شێرکۆ بێکەس)دا مەرگ بۆ ئەوە نییە کۆتایی بە ژیان بهێنێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە مانایەکی نوێی پێ بدات. من ئەوەم لە مرۆڤی کورددا سەرنج داوە، کە لەوە بە ئاگایە مەرگ هەمیشە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرەو لای دێت، بۆیە ئەو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لە کتێبی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)دا، کە دەستگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی کردووە، لەوە دواوم، چۆن مرۆڤی کورد لەو کاتەی مەرگ هەڕەشەی لێ دەکات، لە هەر کاتێکی تر زیاتر پەنا بۆ گاڵتە و پێکەنین دەبات.* لەو ئاوێنەیەی(شێرکۆ بێکەس)دا هیچ سیمایەک هێندەی تراجیدیا ئامادە نییە، بەڵام ئەو سیمایە لەگەڵ خۆیدا سیمایەکی ترمان پێشان دەدات، کە ژیانە. (شێرکۆ بێکەس) وا لە ژیان ناڕوانێت، کە پێچەوانەی مردنە. مادام خەیاڵ هەردووکیان پێکەوە ڕادەگرێت، ئەوە هیچ یەکێکیان ناتوانێت ئەوی دیکەیان بسڕێتەوە. خەیاڵی (شێرکۆ بێکەس) ئەگەر مردن و ژیان پێکەوە هەڵبگرێت، ئەوە دەتوانێت گیاندار و بێگیانیش لە یەکتر نزیک بکاتەوە. لە (دەربەندی پەپوولە)دا مرۆڤ و شتە بێگیانەکان یەک زمانیان هەیە، ئەویش زمانی سرووشتە. بۆ نموونە (با)تەنیا گڤەی نایەت، بەڵکو دەتوانێت بشدوێت. مرۆڤیش زۆر جار بۆ گەڵای درەخت، باڵندە، دەریا، شاخ و زۆری تر دەگۆڕێت. ئەوەی ناگۆڕێت زمانە، کە لای مرۆڤی کورد مانای مانەوە و بەرەنگاری دەگەیەنێت. مرۆڤ لەو کتێبەدا سرووشتی کورد بە هەردوو شێوەی دەبینێت، بە شێوە جوانییەکەی و بە شێوەی وێرانەکەی، چونکە کیمیاباران کراوە. من هەر گوتم لە ئاوێنەکەی (شێرکۆ بێکەس)دا هەموو لایەکانی شت دەبینرێت. ئەو شتانە وەک مرۆڤ دەجووڵێن و دەدوێن:

(دڵۆپ دڵۆپ باران گوڵ ئەنووسێتەوە و 

نمە نمەیش چاوانم تۆ

چ ساڵاوێکی نامۆیی و چ ژانێکی بەخشندەیە

وا لەسەرخۆ

بەرد بە بەردی کێوی سەرم ئەپشکوێنن

لق بە لق و چڵ بە چڵی

دەست و پەنجەی وشکەڵاتووم

شین ئەکەن وەک باویلکە

ئەمدەن بە دەم باڕێزەکەی ئەوینتەوەو

لە شەختەبەندانی گیانتا: ئەمڕسکێنن)

(دەربەندی پەپوولە)

ئەو وێرانبوونە شتێک نییە هەتاهەتایە درێژە بکێشێت، بەڵکو تەنیا سیحری ئەو ئاوێنەیەیە، کە بۆ ماوەیەکی کاتی وامان پێشان دەدات. دەشێ جارێکی تر بە شێوەیەکی تر وەرگەڕێت و لاکانی دیکەیش ببینین. شاعیریش ئەو هیوایەی هەیە:

(ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان!

کەی ئەبنەوە بە ئاوێنەی

ئەو درەختە باڵدارانەی

لە بەستێن و کەنارتانا

سەرتاپایان لە گوڵی تاریکی و قوڕو

خۆڵەمێشی سوور گرتووە؟!

چ باهۆزێ سیمای گرژی مێژووتان ڕوون ئەکاتەوە

چۆن زەوی ئاشت ئەکەنەوە؟).

لە سەفەری یەکەمم بۆ کوردستان کتێبی (سێ زمان و چوار قامچی Tre sprog og fire piske)م لەگەڵ خۆمدا هێنابوو، بۆ ئەوەی(شێرکۆ بێکەس) ئیمزای خۆیم بۆ لەسەر بکات، بەڵام بە داخەوە ئەوسا ئەو لە سوید بوو.لە سەفەری دووەممدا خۆشبەختانە بینیم، کە هاتە پێشانگاکەم لە هۆڵی تەوار و دواتریش یەکترمان بینی. بێگومان ئێوارەیەکی زۆر تایبەتی تەمەنمم لە یەکێ لە ڕێستۆرانتە نایابەکانی سلێمانی لەگەڵ ئەو شاعیرەدا بەسەر برد، کە (بەهرە)، (نەهرۆ ساڵح دەلۆی)ی هاوسەری، (کاروان کاکەسوور) و (سۆران ئازاد)یشمان لەگەڵ بوون. وەک هەموو کۆبوونەوەیەکی کوردی پڕ بوو لە قسەی خۆش و پێکەنین، لە کاتێکدا کۆمەڵێک گەنجی باکووری کوردستان بە دەم گۆرانی و موزیکەوە جوانترین سەمایان دەکرد. من خۆم حەزم لێ بوو هەندێ دانس بکەم. ئەوە بوو چووم بەشداریم کردن. مرۆڤ ئەگەر شیعرەکانی(شێرکۆ بێکەس)ی خوێندبێتەوە و خۆیی نەدیبێت، ڕەنگە باوەڕ نەکات ئەو شاعیرە سێریەس(جددی)ە لە ژیانی ڕۆژانەیدا هێندە دەمبەپێکەنینە. ئەو شاعیرەی تەنیا لە (دەربەندی پەپوولە)دا دەیان کێوی سەختی بڕیوە. باران، بەفر، تەرزە و ڕەهێڵەی هەموو وەرزەکانی بەر کەوتووە. کیمیابارانی شار و گوندەکانی دیوە. بە لای مرۆڤی سووتاو، ئاژەڵی سووتاو، باڵندەی سووتاو و درەختی سووتاودا تێپەڕیوە و دەشتوانێت پێبکەنێت و گاڵتە بکات. ئەمە مانای وایە شاعیرێکی کوردە.**

* (ئەنیتا) وای زانیوە کتێبەکەی لە سەردەم چاپ کراوە، بەڵام ڕاستییەکەی بە هەوڵی (ڕەووف بێگەرد)ی چیرۆکنووس و لەسەر ئەرکی (د. تەها ڕەسووڵ) لە چاپ دراوە. ئەو کتێبەی (ئەنیتا) پڕە لە سەرنجی جوان لەبارەی کەلتوور، مێژوو، سۆسیۆلۆجیا و سایکۆلۆجیای کوردەوە، بەڵام بە داخەوە تەنیا ٣٠٠ دانەی لێ چاپ کراوە. خوێنەرێكی زۆر نەیاندیوە. ئایا ئەو ژنە هونەرمەندەی بیستوپێنج ساڵە هەموو کاتی خۆی بۆ کورد تەرخان کردووە، شایانی ئەوە نییە لە دەستگایەکی چاپەمەنیی گەورە و بە تیراژی زۆر کتێبی بۆ چاپ بکرێت؟ (ئاراس وەهاب).

** ئەم بابەتە بێجگە لە پەیجەکەی(ئەنیتا) خۆی، لە ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنیی (ژیان)یشدا بڵاو کراوەتەوە، کە بە دانمارکی دەردەچێت. من لەسەر داوای خۆی وەرمگێڕاوە.

 

 

 

ئەنیتا ئێسپاندەر

وەرگێڕانی لە دانمارکییەوە ئاراس وەهاب

 

Previous
Next

Leave a Reply