Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

لەژێر پۆرترەیتی ڕەئوف بێگەرددا

Be First!
by April 27, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

لەو دوو سەفەرەی بۆ باشووری کوردستانم کردن، دەرفەتم بۆ ڕەخسا زۆر لەو هاوڕێیانەم لە نزیکەوە ببینم، کە پێشتر لە ڕێی نامەوە دەمناسین. (ڕەئوف بێگەرد) یەکێکە لەوانە. بە هۆی ئەوەی لە دەستگای چاپ و پەخشی سەردەم کار دەکات و ئەو دەستگایەیش منیان بۆ کوردستان بانگهێشت کردبوو، زۆر جار یەکترمان دەبینی. هەروەها لەبەر ئەوەی باوکی دەستەخوشکی ئازیزم (میدیا)ی هونەرمەندە، چەند ڕۆژێکیش لە ماڵیان مامەوە، کە ئەویش هاوکات بە مەبەستی پێشکەشکردنی شانۆگەریی (خوێنی ڕۆژهەڵاتی) لە کوردستان بوو. (ڕەئوف بێگەرد) پیاوێکی هـێمنە و هەمیشە بە دەنگی نزم دەدوێت، بەڵام بە دەگمەن دەیبینیت بزە لەسەر لێوی نەبێت. بەو هێمنییەی خۆیشی سەرنجی ورد لە شت دەدات. دەنگیشی خۆشە و جار جار گۆرانی دەڵێت، بە تایبەتی ئەوانەی (محەمەدی ماملێ). بۆ یەکەمجار بە ڕاستی کەوم لای ئەو بینی و زۆر پێی سەرسام بووم، کە پێشتر وێنەیم کێشاوە. لە ماڵەکەیان شوێنێکی زۆر خۆشی بۆ ئەو باڵندە نەخشینانەی تەرخان کردووە. پێم گوت منیش حەز دەکەم چەند دانەیەک کەوم هەبێت، بەڵام ناتوانم لەگەڵ خۆمیان ببەمەوە. ئەوە بوو دواتر لە دانمارک لە ڕێی پیاوێکی کوردەوە سێ دانەم دەست کەوت. 

بە داخەوە نووسەری کورد هێندەی چانس نەبووە بەرهەمەکانی بۆ زمانی تر وەربگێڕدرێن، بۆیە خوێنەری زمانەکانی تر کەم شارەزاییان لەبارەی ئەدەبی کوردییەوە هەیە، لە کاتێکدا لە هەر سەردەمێکدا خاوەنی کۆمەڵێک شاعیری باش بوون. لەم چەند ساڵەی دواییشدا چەند نووسەرێک دەرکەوتوون و چیرۆک و ڕۆمانی باش دەنووسن. بەشێکی زۆری نووسەری کورد لە باشووری کوردستان لەپاڵ زمانی دایکدا زمانی عەرەبی بە پلەی یەکەم و زمانی فارسی بە پلەی دووەم دەزانن، بەشێکی کەمیشیان سەریان لە تورکی دەردەچێت، بۆیە هێندەی ئەدەبی خۆیان ئاگایان لە ئەدەبی ئەو نەتەوانەیش هەیە، بەڵام وەک لە هاوڕێکانمم بیستووە تاکو ئێستا ڕێک نەکەوتووە نووسەری ئەو نەتەوانە هەوڵیان دابێت فێری زمانی کوردی ببن و بیانەوێت لە کەلتووری کوردی تێبگەن. ئەوە هەر کوردەکان خۆیانن بەرهەمی خۆیان بۆ ئەو زمانانە وەردەگێڕن، یان هەندێکیان بە زمانی ئەوان دەنووسن. ئەو تێگەیشتنە لەوەوە هاتووە، کە نەتەوەیەکی ژێردەستەی وەک کورد وەک چۆن توانای دامەزراندنی دەوڵەت و دامودەستگای خۆی نییە، توانای ئەوەیشی نییە لە ڕێی خەیاڵەوە بەرهەمی گەورە پێشکەش بکات، لە کاتێکدا من پێم وایە خەیاڵ هیچ پێوەندیی بەو شتانەوە نییە، چونکە خەیاڵ لەپێش هەموو ئەو شتانەوە هەیە، ئەگەر نەڵێم لەو شوێنانەی مرۆڤ ڕێگای ژیانیان لێ گیراوە زیاتر پەنایان بۆ خەیاڵ بردووە و دنیای خۆیان دامەزراندووە.

من یەک چیرۆکی (ڕەئوف بێگەرد)م بە زمانی سوێدی لەو کتێبەدا خوێندووەتەوە، کە ناوی (Fuglene vender tilbage til bjergene باڵندەکان بۆ کوێستان دەگەڕێنەوە)یە و کۆمەڵێک چیرۆکی کوردیی لە خۆی گرتووە، کە کۆمەڵێک نووسەری جیاواز نووسیویانن.* (فەرهاد شاکەلی)ی شاعیر و شارەزا لە بواری زمانناسی هەڵیبژاردوون و پێشەکیی بۆ کتێبەکە نووسیوە. چیرۆکەکەی (ڕەئوف بێگەرد) ناوی (ڕێگا و هەوار Vej og bopæl)ە. باس لە پەشێوییەکانی شەڕ دەکات. (حسێن) پیاوێکی عەرەبە، بە پاس لە شارێکی خوارووی عێراقەوە بۆ یەکێ لە شارەکانی کوردستان دەچێت و لە ڕێگا دەبێتە هاوڕێی (فەرهاد). چیرۆکی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە ئەنجامی شەڕەوە دەستی بڕاوەتەوە. (فەرهاد) دەیباتە ماڵی خۆیان و بە هاوسەر و منداڵەکانی دەناسێنێت. ماڵی (فەرهاد) وەک زۆربەی ئەو ماڵە کوردانە وایە، کە من خۆم لەو سەفەرانەمدا بۆ خوارووی کوردستان بینیومن. کاتێ دەستت دەگرن و دەتبەنە ژوورێ هیچ ترسێکیان لەوە نییە تۆ کێیت و لە کوێوە هاتوویت. هەر لەبەر ئەوەیە ماڵی کوردی تەنیا شوێنێک نییە بۆ حەوانەوەی میوان، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون بە کونوکەلەبەری ماڵەکە و دواتر زانینی زۆر لە نهێنیی کەسەکان، کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پێت دەڵێن. بۆ منێک کە لە کەلتوورێکی دیکەی جیاوازدا لە دایک بووم و گەورە بووم، ئەو جیاوازییە زۆر سەرنجڕاکێشە. لەم چیرۆکەی (ڕەئوف بێگەرد)دا بە وردی ئەو ئەتمۆسفێرە بە دی دەکەم، ئەگەرچی ئەو لەبەر ستایلی چیرۆکەکەی هەوڵی داوە زۆر بە شاراوەیی ئەمە بکات. (حسێن) یەکێک بووە لەو سەربازانەی هێرشیان کردووەتە سەر کوردستان. بە دەستی خۆی منداڵێک و باوکێکی کوشتووە، بەڵام پەشیمانە لەوەی ئەوەی کردووە و دەستێکی خۆیشی لەسەر داناوە. لەوێ بۆ (حسێن) دەردەکەوێت (فەرهاد)یش بە هەمان شێوە قاچی بڕاوەتەوە. ئەمە هێندەی دی ئازاری ویژدانی (حسێن) دەدات و (ڕەئوف بێگەرد)یش هەر ئەوەی مەبەست بووە. ئەو نەیویستووە باس لە هۆکارەکانی جەنگ بکات. نەشیویستووە باس لەوە بکات شەڕ بە چ جۆرە چەکێک دەکرێت و لەپێناوی چیدا هەڵدەگیرسێت، بەڵکو وەک (ئەرنێست هەمینگوای) ویستوویەتی بە لای ئەو ئاسەوارانەدا بچێت، کە شەڕ لە دوای خۆیدا جێیان دەهێڵێت. من کاتێ چیرۆکەکە تەواو دەکەم، لە خۆم دەپرسم ئایا شەڕ ئەگەر مێژووی هەڵگیرسانی دیار بێت، مانای وایە مێژووی وەستانیشی دیارە؟ یان شەڕ بەردەوامە، مادام یادەوەریی مرۆڤەکان زیندوون؟ لەو ماڵە کوردییەدا دوو کەس بەشدارییان لە شەڕدا کردووە، یەکەمیان میوانەکە و دووەمیان (فەرهاد)ی خاوەنماڵ، بەڵام چ هاوسەری (فەرهاد) و چ منداڵەکانیشیان لەناو ئەو شەڕەدا ژیاون و دەژین، بۆیە ئازاری هەموویان تێکەڵی یەکتر دەبن. هاوسەری (فەرهاد) دوای ئەوەی گوێ لە گۆرانیی مێردی دەگرێت، دەگرییت. شەڕ چییە؟ لە شەڕدا کێ دەیباتەوە و کێ دەیدۆڕێنێت؟ (فەرهاد) لەگەڵ ئەوەیشدا پەشیمان نییە، چونکە بەرگریی لە نیشتمانی کردووە، بەڵام چیی دەست کەوتووە؟ چەند بیەوێت دڵی خۆی بەوە بداتەوە و پێی وا بێت لە خاڵێکی جەوهەریدا لە (حسێن) جیاوازە، بەڵام هێشتا هەر لەو دەچێت. جیاوازیی دەست و قاچ چییە، لە کاتێکدا هەر نەماون، تاکو بەراورد بکرێن. ئەوەی ماوەتەوە ڕۆحیانە، کە دەبێت بە دەم ئازارەوە بتلێنەوە.

(حسێن) بە (فەرهاد) دەڵێت: (ئێستا خەمی ئەو قۆڵە بڕاوەم نییە، بەڵام هەمیشە بیر لەوە دەکەمەوە، کە ئەم بەشە پێویستەی لەشی من لە پای چی وای لێ هات!).

ئەمە تەنیا ئەنجامی هۆشیاربوونەوەی (حسێن) نییە، بەڵکو ئەنجامی بە ئاگاهاتنەوەی ئازاری ویژدانیشە. شەڕ دوو ڕووی هەیە، یەکێکی گەرم، کە جەستە بە شێوەیەک دەجووڵێت، ئاگای لە خۆی نییە وەک لەوەی (حسێن)دا دەبینین چۆن زۆر بێباکانە منداڵێک و باوکێک دەکوژێت. ڕووە ساردەکەی شەڕ ئەوەیە کە جەستە پاسیڤ دەبێت و ویژدان کار دەکات. کەواتە ڕووی دووەمی شەڕ لە ناوەوەی مرۆڤ بەردەوام دەبێت، بۆیە ناکرێت بڵێین شەڕ دەوەستێت. ئینجا (حسێن) بە ڕابردووی خۆیدا دەچێتەوە و ئازار دەکێشێت، کە ئەمە مانای وایە هێشتا لە شەڕ بەردەوامە. (فەرهاد) کاتێ ئەمانەی بیر دەکەوێتەوە، گۆرانی دەڵێت. ئەستەمە بۆ کەسێک شارەزای کەلتووری کوردی نەبێت و لەوە تێباگت چۆن مرۆڤ لەو کاتەدا گۆرانی دەڵێت، بەڵام دەیڵێت، چونکە کوردە. کورد لە ناخۆشییەکاندا چەکی خۆی پێیە، کە گۆرانی و نوکتەن. ئەمەم لە کتێبی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)دا باس کردووە. گۆرانیی (فەرهاد) دەربڕینی ئازارەکانی شەڕە و حاڵەتێکی ئاساییە، کە هاوسەرەکەی خۆت بۆ ناگیرێت و دەگریی. لە ڕۆژئاوا دوای شەڕی دووەمی جیهانی موزیکی ڕۆک دەرکەوت، تاکو مرۆڤی بریندار هەموو ئازارەکانی بە هۆی دەنگەوە فڕێ بداتە دەرێ. قوڕگ وەک دەروازەیەک بۆ فڕێدانی ئازار لەگەڵ شەڕدا بایەخ پەیدا دەکات. جیاوازییەکە ئەوەیە مرۆڤ لە ڕۆژئاوا غەرقی دنیای شت بووە و بواری بۆ گریان نەماوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە کاتی نووسینی ئەم چیرۆکەکەدا، کە ساڵی هەشتاویەکە، هێشتا مرۆڤ لە خۆی و لە سرووشت دانەبڕاوە و گریانیش وەک دەنگی باڵندەکان دەنگی ڕاستەقینەی خۆیەتی.** ئێستا کوردەکانیش ناتوانن وەک سەردەمی زوو بگرین، چونکە ژیانی ئەوانیش لەم چەند ساڵەی دواییدا پڕی بووە لەو ئامێرانەی سۆز دەکوژن. چیرۆکەکە زیاتر سیمبۆڵییە و مەبەستیەتی خوێنەر بیر لە ماناکانی شەڕ بکاتەوە، نەوەک ڕووداوی شەڕ بهێنێتە بەرچاوی. وەسفی حاڵەتە دەروونییەکانە، نەوەک هیی ئەو ئامێرانەی لە شەڕدا بە کار دەهێنرێن. وەک ئەوەی لە هونەری شێوەکاریدا دەکرێت. زۆر جار هونەرمەندی شێوەکار هەندێک هێڵ و ڕەنگی سەیر بە کار دەهێنێت، تاکو هەم بە بینەر بڵێت لە دەستی دەرچووە و هەم وای لێ بکات خۆی لێکیان بداتەوە. لە شەڕدا هەموو شتەکان وێران دەبن و تەنیا خەیاڵ دەمێنێتەوە، بۆیە ئەدەب و هونەر لە هەر کاتێکی دی زیاتر ئاکتیڤ دەبن. دوای شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی ئەدەب و هونەر بایەخیان دەرکەوت و ستایلی نوێ پەیدا بوون. ئەم چیرۆکەی (ڕەئوف بێگەرد)ی هاوڕێیشم نموونەیەکە.***

*ناونیشانی کتێبەکە بە سوێدی بەم شێوەیەیە:

Kurdistan berättar: Fåglarna återvänder till bergen

tjugotre noveller, översättning Bakhtiar Amin, Golbar Amin, Khabat Aref Marouf, Jonathan Morén, Margareta Nordin, Christian Råbergh, Zana Serin, Farhad Shakely, Gunilla Sharif, Rewsen Tunc, 2011

** ڕاستییەکەی چیرۆکەکە وەک لە کوردییەکە نووسراوە ساڵی حەفتاونۆیە، کەچی ساڵی هەشتاویەک چاپ کراوە، بۆیە لە سوێدییەکەیش مێژووی چاپکردنەکە نووسراوە، نەوەک مێژووی نووسینی، بەڵام (ئێسپاندەر) بە هەڵەدا نەچووە لەوەی کورد لەو سەردەمە هێشتا لەناو شارەکانیش ژیانێکی ساکارانەی بەسەر دەبرد. (ئاراس وەهاب)

*** ئەم بابەتە بێجگە لە پەیجەکەی (ئەنیتا) خۆی، لە ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنیی (ژیان)یشدا بڵاو کراوەتەوە، کە بە دانمارکی دەردەچێت.

 

 

نووسینی: ئەنیتا ئێسپاندەر

وەرگێڕانی لە دانمارکییەوە: ئاراس وەهاب

 

 

Previous
Next

Leave a Reply