Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

لەگەڵ مناڵى پێكەوە دەچین بۆ خلیسكێنە

Be First!
by June 7, 2008 هۆنراوە

  زاناسامان……..  


 پێكەوە دەڕۆین
 دەستى یەكتر دەگرینو
 قاقا.. دەدەینە پێكەنین
 بەبەینى گەورەكاندا
 دەكەوینە راكردن،
 (چلورە فرۆش) بانگ دەكەینو
 هیچى لێناكڕین،
 چنگ بە گوڵەبەڕۆژەى
 سەر (عەرەبانەكان) دا دەكەینو
 كەدوور كەوتینەوە
 زمان لەخاوەنەكەى دەردێنین،
 (بنێشت) ئەنێین
 بەكورسیەكانى باخى گشتى دا
 تا بەپانتۆڵى
 كچە عەیارەكاندا بلكێت،
 بە (شریقە)
 قوڕاو دەكەین بە كوڕەكانداو
 فرتە دەكەینە
 ناو عەباى ژنە قەرەجێكەوە،
 پرسیار دەكەین
 پرسیار لەسەر هەموو شتێك
 ئەگەر پیاوێكى رەشمان بینى
 پێى دەڵێین.. خاڵە
 تۆ شەوان دەچیتە دەرىَ
 بۆیە واڕەش بوویت..؟؟
 گەر ژنێكى پیرمان بینى
 پێى دەڵێین.. باجى
 لەدواى خۆشۆردن
 خۆت وشك ناكەیتەوە
 وا دەموچاوت چرچ بووە..؟؟
 پرسیار دەكەین.. پرسیار
 ئەگەر شاعیرێكمان بینى
 یەكسەر پێى دەڵێین:
 رۆژى چەند كیلۆ
 دوكەڵ دەكێشیت..؟؟
 لەم باخچەیە بەتەنیایى دامەنیشە
 نەك قەلەڕەشەكەى (نەنە ئاتە)
 بوودزێت بۆ بەچكەكانى،
 بۆ لەگەڵ ئێمە نایەیت
 دەچین بۆ خلیسكێنە..؟!
 پرسیار دەكەین
 پرسیارى وەرینى گەڵا
 لە باخەوانێكى بىَ خوڵق
 گەر وەڵامى نەداینەوە
 بە لەقە.. دەكەوینە درەختەكان
 تا ئەوەندە گەڵا بوەرىَ
 نەتوانىَ كۆى بكاتەوە..؟!
 بە ئەستێرە ناسەكان دەڵێین:
 ئەرىِ ئەو هەموو ئەستێرەیە
 مناڵى مانگن..؟؟
  ئىَ باشە..مانگ
 ئابەو هەموو مناڵەوە
 بۆ پیر نابىَو هەر چواردەیە..؟؟
 پرسیار دەكەین
 بە پەیكەرى شاعیرەكان دەڵێین:
 ئەگەر وەك ئێوە ببین بەشاعیر
 بەم مناڵیە پەیكەرمان
 بۆ دروست دەكەن..؟!
 گرەو دەكەین
 گرەو لەسەر هەڵماتێك
 من دەڵێم.. (باران)
 گریانى خوایەو
 مناڵى دەڵىَ..
 ئێمە هاتووین بۆ خلیسكێنە
 بۆكوفر دەكەیتە ناو ئەم باخچەیەوە
 ئەتەوىَ خوا كوێرمان بكات
 یەكتریمان لىَ ونببێت
 ئەتەوێت بەهەڵماتێك
 فێرى كارى خراپم بكەیت
 بۆسەم بۆ دائەنێیت پیربم
 مناڵى وادەڵىَ..
 دەڵێت تا نەگەم بە خلیسكێنە
 بیر لەگرەو ناكەمەوە
 گرەو.. بێئەوەى بەخۆت بزانیت
 پیرت دەكات.. پیر..؟!
 من دەڵێم.. رۆڵە
 ئێمە جوداین
 لەمناڵیدا پیرینو
 لەپیربوونیشدا مناڵین
 كارت بەسەر نهێنى ژیانەوە چیە..؟؟
 وەرە با بەیەكەوە
 هەنگاو بەرەو خۆمان بنێین..!!
 مناڵى دەڵىَ…
 كەواتە با بچین بۆ خلیسكێنەو
 ئاقڵ..ئاقڵ
 خۆمان لەباخچەدا ونكەین
 كەواتە با دەست پێبكەین
 دەچینە سەرەوەو
 غلۆر دەبینەوە بۆ خوارىَو
 لەخواریشەوە بۆ سەرىَ
  هەڵدەزنێینەوەو
 هەر یارى دەكەین
 هەتا…
 خلیسكێنە………. نامێنێت
 

 

Previous
Next

Leave a Reply