Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە بارەی کۆمەڵە چیرۆکی  (پادشای تەنیایی) ی (عەلی غوڵامعەلی)یەوە

لە بارەی کۆمەڵە چیرۆکی (پادشای تەنیایی) ی (عەلی غوڵامعەلی)یەوە

Closed
by May 3, 2013 ئەدەب

 

 

 

ئەو بەرهەمە (پادشای تەنیایی) ی (عەلی غوڵامعەلی) ی، کۆمەڵە چیرۆکێکی ناوازەیە، بە خاتری ئەوەی:

1. هەموو چیرۆکەکان لە تەکنیکێکی وادا نووسراون، کە پێویست دەکات دووجار بخوێنییەوە، خوێندنەوەی یەکەم وەک دۆزینەوەی شمەکێکە لە بن ئاودا یان خۆڵدا یان لە نێو تەمدا، دەبێت ئاوەکە وشک بکەیتەوە و خۆڵەکە لادەیت و تەمەکە بڕەوێنیتەوە و جارێکی دیکە بە پاکی تەماشای شمەکەکە بکەیت، بۆ ئەوەی بزانیت چییە؟ ئەو تەم ماڵین و خۆڵ رادان و ئاو وشک کردنەوەیە بۆ خوێنەری چاک تامێکی خاسی هەس!

2. کارئەکتەری چیرۆکەکان جوایەز و تێکەڵن، بەتایبەتی کە رووداوەکان دە ماڵێکدا دەقەومێن ئەوە ئەندامانی ماڵەکە بە ئاژەڵەکانیشەوە کارئەکتەرن و دەوری خۆیان دەبینن! شوێن و جێگە و قوژبنەکانی ماڵ تنێ بۆ تەواوکردنی شمەکێک نین کە ناوی چیرۆک بێت، بەڵکە هەموو قوڕنەتەکان بەشدارن لە خەڵق کردندا.

3. ساتی کارئەکتەرەکان لە چیرۆکەکاندا، ساتێکی حەساس و مێژوویی و بنچینەییە. ساتەکان هەر ساتێک نین کە نووسەر بێ هۆ تێیدا دەست پێ بکات یان بگەڕێتەوە سەری یان کۆتایی پێ بێنێت یان هەتا فەرامۆشی بکات. بەڵکو ئەو ساتەیە کە بە پێستی خۆی دەخۆیدا سوڕدەخوات و دەبێتە دەم. ساتەکان ساتی دەروونین، نەوەک فیزیکی.

4. لە زۆربەی چیرۆکەکاندا رووداو و تەکنیک وەها تێکەڵی یەک دەبن، کە دواتر دەڵێی ئەگەر ئەوها نەنووسرابا سەقەت دەبوو! – کە مەرجیش نییە وابێت- وەلێ بۆ نموونە چیرۆکی (لاولاو) یان (جندۆکەکانی زەینی پاشەبەرەیەکی نێرەمووک یان چ … چغە چارەنووس) یان (عەتری تیرۆز و بیانوویەکی نامۆ) یان (سەفەری سیفر) ئەو چیرۆکانە رووداو وتەکنیکەکە بە پێی پێوەندییان پێکەوە خوڵقاون. گێڕانەوەکان و یەکتربڕینی وێنەکان و کاتەکان، قسە و زمانی دەربڕین، ریتمی رووداوەکان و بەرزبوونەوە و شۆڕبوونەوەیان لە زەینی خوێنەردا، ئەوانە وەک پێویست دە چیرۆکەکاندا رژاون.

5. لە نێو چیرۆکەکاندا، زۆر لە بڕوا دینی و کۆمەلایەتییەکان دەنووسێتەوە، کە رێک و رەوان لە پێوەندییەکی پتەودان بە ئەقڵ و دڵی کارئەکتەرەکاندا.

6. لە هەندێ شوێندا، کۆمەڵێ دێرە شیعری جوان دەبینین لەسەر زمانی ناسکی کارئەکتەرەکاندا. کە خۆیان لە ساتێکی شعریی دان. 

7. زمانێکی کورتڤەبڕ، خاوێن و رەوان، ریتمێکی خێرا و سووکی بە رووداوەکان بەخشیووە. کە نە جامبازیی تێدا و نە سووک تەماشاکردن بۆ دەربڕین! 

8. جگە لە چیرۆکی (٠= هەنگاو ١٢٠ +چرکە ١٣٧) ئەگەر نا کەسەکان لە چیرۆکەکانی دی رێک و رەوان ناڵین ئێمە بەدبەختین، رووداوەکان بەدبەختی و نەهامەتی و قەهر و ئەشکەنجەی کەسەکان دەخەنە روو.

9. لە پشت نووسینی چیرۆکەکاندا، تێدەگەین کەسێک هەیە بیری لە مرۆڤ، ئەدەب، خوێندنەوە، تەکنیک و شتی تریشی کردۆتەوە ئینجا دەستی بۆ نووسین بردووە!

 

 

هۆشەنگ شێخ محمەد

٢٩/٠٣/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.