Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

لە بۆڵە و شەڕی ماڵەکانەوە بۆ بۆڵەو شەڕی ڕێکخراوەکان

Be First!
by January 22, 2013 ژنان

 

 

 

 میتۆد و شێوازی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان، دەتوانین بڵێن میتۆدو شێوازی 70 کانە. زەمەنێکە  ڕێکخراوەکانی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا  بە میتۆدێک کاردەکەن، کە ناتوانێت خزمەت بە دۆزی ژنان بکات، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ڕەخنەی جدی ئەو میتۆدەبکرێت. 

 سایکۆلۆجست Psychologist Robert Stoller (1968))، بۆ یەکەم جاری تێرمی سێکسی (Sex) ی بۆ ناساندنی حاڵەتە بایۆلۆجیەکانی (وەک، کرۆمۆسۆمات، کۆئەندامی زاوزێ و هۆڕمۆنەکان) بە کار هێنا، بەڵام جێندەر (Gender) بۆ ناساندنی  سیفەتەکانی مێینەیەتی  و نێرینەیەتی لە مرۆڤدا بەکارهێنا. بە واتە جێندەر  ئەو پێکهاتەیەیە، کە لە لەشدا سیفەتی مێینە بوون و نێرینە بوون لە مرۆڤدا زاڵ دەکەن. 

دوای ئەوەی، کە سیمۆن دیبووفار سوودی لە داهێنانەکانی سایکۆلۆجست Psychologist Robert Stoller (1968))، وەرگرت،  بەم شێوەیە دیبووفارجارێکی تر ماناو مدلول بە ووشەی جێندەر بەخشی. ئەو لە ساڵی 1972 دا، لە کتێبی، (ڕەگەزی دووەم) دا، ئەوەی خستە ڕوو کە تاک وەک ژن یان پیاو لە دایک نابێت،  بە ڵکو ئەوە کۆمەڵگایە، کە لەسەر بنەمایی نێر بوون ومێ بوون دەمانکاتە ژن یان پیاو. لێرەشەوە ئەرک و مافەکانی هەر یەکەمان وەک ژن و پیاو،  نەک وەک مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دیاریدەکرێت. 

ئەم خانمە  ووشەی جێندەر (Gender)، بە مانای ژن یان پیاو بە کار هێنا. واتە ئەم تێرمە پەیوەستە بە فاکتەرە کۆمەڵایەتیەکانەوە لە وانە: ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، مەکانەی مرۆڤەکان، هەڵسوکەوتیان و شوناسیان، ئەگەر چی ووشەی سێکش/ جێندەر لە ڕوی زمانەوانیەوە هەردووکیان بە مانای ڕەگەز بە کاردێن.

 دیارە ئەم بابەتە لە لایەن چەندین خانمی تری فێمینیست و تێۆریست لە کاتی خۆیدا پەرەی پێدرا، بەڵام ئەم تیۆرە ڕوو بە ڕووی ڕەخنەی جدی بۆوە،  ئەم تیۆرە زۆر باش لە کاتی خۆیدا  لە بونیادی سیستمی سپی پاتریارکی دا جێکەوتە بوو.  دیبووڤاروئەو خانمانەش، کە بڕامەندبوون بەو تیۆرە بۆ دۆزی ژن و مرۆڤایەتی، هاتن گرفتەکانی مرۆڤیان پەیوەستکرد بە باری بایۆلۆجی مرۆڤەکانەوە، بە مانایەکی تر بەپێی ئەم تیۆرە لە بەر ئەوەی ئەو بە ڕەگەز مێیە، کەواتە ئەو بێ ئەقڵە، بێ دەسەڵاتە، زەعیفەیە و دەبێت گوێڕایەڵی بوونەوەرە باڵاکە بێت، یان باشتر بڵێم ئەوی نێر، چوونکە ئەو بە سرووشت بە هیزە، ئاقڵە  و خاوەن دەسەڵاتە، کەواتە ئەوە  سرووشت وقەدەری ئیلاهیانەی ئێمەی مرۆڤە بە نێرو مێ وە بەو شێوەبین. 

ئەم تیۆرەیە بزووتنەوەی ژنانی لە بزووتنەوەیەکی سیاسی فێمینیزمی فرەڕەهەند، گۆڕی بۆ چەند رێکخراوێک کە کۆی کێشەکانی مرۆڤایەتی لە کێشەیەکی بوونیادی، عەقڵی، کلتوری، ئاینیەوە بگۆڕن بۆ کێشەی جێندەری مرۆڤەکان. ڕەخنەگرتن لە بوونیادی کەلتوری، ئەقڵی، ئاینی گۆڕی، بۆ گلەیکردنی نێرو مێ/ ژن/ پیاو لە یەک. ڕەخنەکردنی لە سستمێکی ئەقڵانی یونیڤێرسەڵ و پاتریارکی ئاینی گۆڕی بۆ ڕەخنە گرتن لە سرووشتی بایۆلۆجیانەی مرۆڤەکان، هەرەوها بچوکردنەوەی بیرەکانی فیێمینیزم لە بیرو دیدێکەوە، کە پەیوەست و دەرگیرن لە گەڵ ژیان و گرفتەکانی مرۆڤ ، لە  گەڵ دونیابینی و مۆڕاڵی مرۆڤەکان، لە گەڵ نەست و کۆی پنتە شاراوەو دەرکپێنەکراوەکانی ژیانی مرۆڤ، بۆ کێشەی سێکس/ جێندەر،(Sex/ Gender). پەردەپۆشکردنی بیرەکانی فێمینیزم هەم وەک تیۆرەو چەمک، لە شێوە ژیان و دونیابینی و هەڵوێستەوە، بۆ تێرمی سێکس/ جێندەر و نووسینی پڕۆپۆزەڵ و بە بزنسکردنی ئەو دۆزە گرنگە لە لایەن چەند کەس وڕێکخراو دەزگایەکی حکومیەوە، کە ژنیان وەک بوونەرەرێکی خەدرلێکراوی بێدەرەتان ناساندوە و پیاویش وەک بوونەوەرێکی خەدرلێکەر، کە سەرچاوەی بەشی زۆری ئازارەکانمانن. تاکو ئەم چرکەساتەش ئەمە شێوازی کاری ریکخراوەکانی ژنانە و ئامادەی وەرگرتنی هیچ دێدێکی نوێ نین سەبارەت بەو دۆزە گرنگە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا، ڕێکخراوەکەی پیاوان و شێوازی کاری ڕێکخراوەیی ئەوانە. لەبری ئاوڕ دانەوە لە گرفتی بێکاری و گیرفان بەتاڵی  گەنجان،  گرفتی (Homosexuality  )، نە بوونی لانەو شێلتەر بۆ پیاوە پیروبێلانەکان،نەبوونی لانە بۆ ئەو پیاوانەی کە کۆمەڵگا پێیاندەڵیت شێت، ڕەخنەی دەسەڵاتی سیاسی ناتەندرووست و هەروەها رەخنەی پاتریارکی ئاینی وسسستمی پاتریارکی  کە ئەمەیان زۆر گرنگە، چونکە دونیابینی پیاوانی بە مۆڕاڵە و ئایدایایەک گۆشکردوە، کە مرۆڤ لە مرۆیی بون دوور دەخەنەوە. ئەم  ڕیکخراوە هەمان هەڵەو میتۆدی کاری رێکخراوەکانی ژنان پیادە دەکەن لە کارەکانیاندا.

 لیرەوە دەبینین ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە تاقانەکەی پیاوان کێشەیەکی نەبڕاوە و تا ڕادەیەکیش قێزەونیان لە نیوان ژنان وپیاواندا دروستکردوە لەم کۆمەڵگایەدا، بە ئەندازەیەک کە باسی ریکخراوی ژنان دەکرێت پیاوان سەرسنگیان قورس دەبێت و تەنز ئامێزانە باسی وەزعیەتی ژن و ڕیکخراوەکانی ژنان دەکەن، ئەمەش بۆ تێڕوانینی ژنان ڕاستە سەبارەت بە ڕیکخراوەکەی پیاوان.

شێوازی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکەی پیاوان ئەوە پیشاندەدات کە بەڕاستی هەردووکیان شەڕ لە سەر میراتی پاتریارک دەکەن، ژنان دەیان نەوێت ببنە بەشێک لەو میراتە و ئەوانیش لێی سودمەند بن،  وەک پیاوە سێکسستەکان. ڕێکخراوەکەی پیاوانیش، نەک نایان نەوێت ڕەخنەی پەروەردەی سێکسستیانەی خۆیان بکەن، بەڵکو ئامادەنین یەک مسقاڵێشی لە گەڵ ڕیکخراوەکانی ژناندا بەش  بکەن، کە ساڵانێکی درێژە ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنان لەم کۆمەڵگایەدا شەڕی بۆ دەکەن.

شێوازی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکەی پیاوان، ئەوانی لە ڕەخنەی جدی لە دەسەڵاتی پاتریارکی  سیاسی و ڕەخنەی پاتریارکی ئاینی بە دوورگرتوە. ئەم شێوازە لە کارکردن بە شێوەیەک لە شێوەکان خزمەت بە دەسەڵاتی سیاسی ئاینی پاتریارکی دەکات، چوونکە ئەمە بۆخۆی قوتارکردنی دەسەڵاتە لە بەر پرسیاریەتی و بە دوورگرتنی لەو گرفتانەی کە دەسەڵات لێیان بەرپرسە. ئێمە وەک ژن وپیاولە ماڵەکانماندا، لە شوێنی کارەکانماندا، لە سەر جادەکان و شوێنە گشتیەکان خەریکی خێسەو گلەیی ودەمەبۆڵێن لە گەڵ یەکدا. بە پێی میتۆدی سێکس/ جێندەر، هەروەها ئەوە سرووشتی فیزیکیانەی ئێمە یە بەرپرسی یەکەمی هەهوو ئەوحاڵەتانەیە، نەک پاتریارکی سیاسی ئاینی.

 

تریفە عەلی

Previous
Next

Leave a Reply