Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لە بەرە بەیانێکى خۆڵاویدا …

لە بەرە بەیانێکى خۆڵاویدا …

Closed

 

 

 

 

(1)

مەیە بۆ لام

تکا ئەکەم ..مەیە بۆ لام

چونکە من و تۆ کۆ بینەوە ،

سێیەممان شەیتانە ..

 

(2)

عادەتێکى سەیرم هەیە ،

حەز ئەکەم بە ڕێگایەکدا بڕۆم ،

نەزانم بۆ کوێ ئەچێ ؟

حەز ئەکەم بچم بۆ بازاڕ ،

بە بێ ئەوەى بزانم چى ئەکڕم ..

حەز ئەکەم سەعاتێکى لەنگە بکڕم 

بۆ ئەوەى پیلەکەى بۆ بگۆڕم و

بیخەمەوە کار …

 

(3)

هەناسەیەک ون بووە ،

بە گوێرەى ئەوەى نیوەى ڕەشە و

نیوەى سپى ،

پێ ئەچێ خاوەنەکەى جگەرە کێش بێ ..

قەڵەمێک ون بووە ،

بەو پێیەى کە نیوەى لاستیکەکەى خوراوە ،

ڕەنگە خاوەنەکەى قەلەق بێ ..

پشیلەیەک ون بووە ،

بە قاچى شکاو و کلکى بڕاویدا ،

ئاشکرایە هاوردە نیە و

پەروەردەى خۆماڵیە …

پەنجەیەکى براى توتە ون بووە ،

بەو پێیەى ئەڵقەیەکى سپى تیایە ،

وا دیارە خاوەنەکەى موسوڵمانە و

پەنجەى بڕوا ، نوێژى ناڕوا ..

جزدانێک ون بووە ،

فۆرمێکى بایعى دوانزە نەفەرى و ..

ئەسپێیەک و

دوو دڵۆپ فرمێسک و

نامەیەکى کراوەى بۆ سەرۆکى هەرێم و

کڵۆیەک شەکرى دیژلەمەى تێدایە ..

هەویەیەکى ئەحوال مەدەنى ون بووە ،

بەدەل زائیعە ..

وێنەکەى سەر بەرەو خوارە..

لە جاکى شان ئەچێ

بیست و سێ کونى تێکراوە ..

ناوەکەى ناخوێنرێتەوە ..

ڕائیدێکى پۆلیس ئیمزاى کردووە ،

ناوى سەفوەت خواجەیە ..

سەفتەیەک دە هەزارى ون بووە ،

نەوەد و نۆ دانەى تەزویرە و

دانەیەکیان ئەسڵە ..

ئەسڵەکەیش لە ئەسڵا ئەسڵ نیە و

پۆڵ بریمەر خوا وەکیلى چاپى کرد ..

فتبۆڵێک ون بووە ،

لەسەرەوە خڕە 

لە لاتەنیشتەوە هێلکەییە ..

لە دوورەوە سێگۆشەیە ..

ئەڵێى هەموو ئۆمەتى موحەمەد 

شەقیان تێهەڵداوە ..

هێلکەیەک ون بووە ..

بۆر

دوو زەردێنە ..

هەرچەندە بەروارەکەى ئێکسپایەرە ،

بەڵام موڵکى مۆزەخانەى سلێمانیە ،

ئامان ! نەیفەوتێنن ..

هێلکەى یەکەمى

مریشکى دووەمى

ساڵى حەوتەمى

ماڵى حەپسەخانى نەقیبە ..

بزنێک ون بووە ،

شاخێکى پلاستیکە و

قاچى چەپى دوو سانتیم

لە قاچى ڕاستى درێژترە …

پارچەیەک حەبى ڤیاگرا ون بووە ،

لە کیفێکدایە ،

دوو ملیۆن دینار و

چەقۆیەکى ئەبو ئەڵقە و

پەساپۆرتێکى هۆڵەندا و

چوار پەنیرى لاڤاش کیرى تێدایە ..

تەسبیحێکى ئەبڵەق ون بووە ،

گوڵنگێکى بۆنى سیرى لێ دێ و

گوڵنگێکى بۆنى پیاز ..

گوڵنگەکانى ترى ،

بۆنساردى مریشک و

تاسکەبابى و

ڕۆنى نەعامەیان لێ دێ ..

برغویەکى موڕەبەع ون بووە ،

ڕەشە

وردە

دانەکانى سواون ..

بەقەدەر قاچى مێشێک ئەبێت و نابێت ..

موکێشێک ون بووە ..

حەوت – هەشت موو زیاترى

پێ نەکراوە ..

لە دەسکەکەى هەڵکۆڵراوە : ئاخ! وەنەوش !

زارێک ون بووە ،

هەر بە ناو زارە ،

چونکە هەموو خاڵەکانى کوژاونەتەوە ،

تەنها یەک و شەش نەبێ ..

تیرۆکێک ون بووە ..

ناوەڕاستەکەى تۆزێک هەویرى جۆى پێوەیە 

لایەکى شکاوە و

بە چەسپى ئەمەریکى چاککراوەتەوە

لاکەى ترى دوو ڕیز قەپاڵى پێوەیە ،

جێگاى بیست و سێ ددان دەرکەوتون ..

لە ناوەڕاستى تیرۆکەکەیش 

بە خەتى کوفى نوسراوە :

زیادى کەى

بەرەکەتى تێخەى ..

گونکێکى ئەوەندەى گومەزەکەى مزگەوتى گەورە لێبکەى

ئەوەى لە کاتى گرانیەکەدا

لەسەر ئەرکى سکرتێرى یەکێتى نیشتمانى

دروستکرا ..

هەزار سەڵاوات لە دیدارى پێغەمبەر …

تکایە هەر کەسێک ئەو شتە ونبووانەى دۆزیەوە ،

بیگەڕێنێتەوە بۆ بارەگاى

تەلەفزیۆنەکەمان …

 

 

 


شیعرى : نەوزاد بەندى

nawzadbandy@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.