Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە نێوان رۆمان و فیلمدا

لە نێوان رۆمان و فیلمدا

Closed
by May 29, 2012 ئەدەب

 

 

بە سەرنجدان و وردبوونەوە لە ژیان و بوونی هەریەکێکمان، دەبینین کە هەموو تاکێک خۆی لەناو خۆیدا کارەکتەر یان پاڵەوانی زیاتر لە رۆمانێک یان فیلمێکە. بوون بە هەموو پێکهاتە و رووداوەکانەوە لە کتێبێک دەچێت کە کۆکراوەی چەند چیرۆکێک یان رۆمانێکی درێژ یان فیلمێکی سینەمایییە. کەوابوو بیۆگرافیای هەر مرۆڤێک دەبێتە فیلمێک یان نۆڤلێتێک، لێ چۆنییەتی نووسینەوە و دەربڕینی ئەو رابردووە لە یەکێک بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت. زۆرجار لە کاتی خوێندەوەی نۆڤلێتێکدا یان بینینی فیلمێکدا هەستدەکەین ئەوە بەشێکە لە گوزەرانی ئێمە، یان زۆرجار خۆمان لەنێو کتێب و فیلمەکاندا بە شێوەگەلی جیاواز دۆزیوەتەوە، هەندێک جاریش وا رێکدەکەوێ نووسەر یان فیلمساز وەک ئەوە وایە ژیانی ئێمەی کردبێتە بەسەرهاتی کارەکەی.
قسەکردن لەسەر رۆمان و فیلم بریتییە لە قسەکردن لەسەر ئەدەب و سینەما، بە جۆرێکی تر پەیڤینە لەسەر زمانی نووسین و زمانی نواندن یان جیاوازی نێوان دیمەنەکان لەنێو ئەندێشەی خوێنەر یان بینەردا. دەگوترێ کە رۆمان(نۆڤڵ) نوێترین ژانری ئەدەبییە کە لە رۆژگاری ئێستادا زۆرترین خۆێنەر لەنێوان ژانرە ئەدەبییەکاندا بەدوای خۆیدا پەلکێشدەکا، سەرهەڵدان یان ناسبوونی زاراوەی رۆمان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدەم، تاکو ئێستاش ئەو ژانرە ئەدەبییە بەردەوامییەکی ستوونی گرتووەتەبەر و رەخنەگران وەک بابەتێکی زیندوو لەگەڵ مرۆڤاییەتیدا ناوزەندی دەکەن، زیندوو بەو واتایەی کە لەگەڵ رووداوەکاندا پێ بە پێ دەڕوا و رۆژ لەدوای رۆژ پێگەی خۆی قایمتر دەکا. رۆمان بووەتە سەکۆیەکی نوێ بۆ گوزارشتکردن لە هزر و روانین و خەمە مرۆیییەکان. رەنگە لەگەڵ سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا، فیلم تاڕادەیەکی زۆر بە شێوەیەکی تر تەواوکەری رۆمان بێت. (لویس و ئۆگوست)ی فەرەنسی دووبرا بوون، ئەوان بە یەکەم فلیمساز دادەندرێن و لە ٢٨ی دیسەمبەری ١٨٩٥ یەکەم فیلمیان بەرهەم هێنا، ئەوان کە بە (برایانی لومیێر) ناسرابوون، پێشتر لە (کلاود ئەنتۆنی لومیێر)ی باوکیانەوە فێری هونەری فۆتۆگرافی و سینەماتۆگرافی ببوون. ئەوان ئەو رۆژگارەی فیلم و سینەمایان داهێنا، لە سایەی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو دوو برایەیە کە ئێستا کۆمپانیاکانی هۆلیۆد و بۆلیۆد فریای ژماردنی قازانجی ساڵانەیان ناکەون!
 رۆمان و فیلم زیاتر لە جۆرێکیان هەیە (مێژوویی، ئەفسانەیی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، پۆلیسی، سۆزداری، ….تاد) هەر یەک لەو بابەتانەش جا چ لە ئەدەبدا بێت یان لە سینەمادا بەرهەمی خەیاڵ و هزری مرۆڤن. لە ئێستادا بینەرانی فیلم زۆر زیاترن لە خوێنەرانی رۆمان بە تایبەتی و کتێب بە گشتی، رەنگە ئەمەش پەیوەست بێ بەو کورتبڕییەی کە تەواوی شتەکانی گرتووەتەوە، هەموو ئەو شتانەی کاتی کەم و خەرجی کەم و شوێنی کەم و بیرکردنەوەی کەمیان دەوێ زێتر رەواجیان هەیە، رەنگە فیلمێک لە ئەگەر درێژیش بێت لە چەند سەعاتێک تێپەڕ ناکا، لێ بۆ خوێندنەوە و چێژ وەرگرتن لە نۆڤلێتێک پێویستیت بە چەند رۆژێک هەیە رەنگە ئەمەش پەیوەست بێ بە مەسەلەی زمان و نووسینەوە. بە درێژایی مێژوو بینیومانە کە رۆمانێک یان فیلمێک کاریگەری پۆزەتیڤانەی لەسەر تاک یان کۆمەڵگە هەبووە، بۆ نموونە کە لەخوێندنەوەی رۆمانی (تاوان و سزا)ی دۆستۆفێسکی دەبییەوە ناچاردەبی کە گوێڕایەلێ ویژدانی خۆت ببی و لەوە تێبگەی ترسی سزای ویژدان هیچ پاساوێک بۆ هەڵە یان تاوان وەرناگرێت، دۆستۆفێسکی لە رێی ویژدانی (راسکۆلینکۆڤ)ەوە پێمان دەڵێ کە گەورەترین و بەهێزترین دادگا، دادگای ویژدانە. یان دوای سەیرکردنی فیلمی (یارمەتی) کە لە ساڵی ٢٠١١ دەرهێندراوە و باسی سەرەتای ١٩٦٠ دەکات، رەگەزپەرستی نێوان سپیپێست و رەشپێستەکانی ئەمریکا دەبینین و تێدەگەین کە رەگەزپەرستی یەکێکە لە پیسی و ناشیرینییەکانی مرۆڤ و پێکەوە ژیانیش چ ئەتمۆسفێرێکی جوان بۆ مرۆڤایەتی دەئافرێنێ. دەمێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە نەخۆشخانە و بنکەی دەروونی و زیندانەکاندا کتێبخانە و سینەمای تایبەت کراونەتەوە ئەمەش بەمەبەستی چارەسەر و ئارامکردنی دەروونی نەخۆش و زیندانییەکان.
 لە ئێستادا سینەما یەکێکە لەو شوێنانەی کە مرۆڤاییەتی تێیدا بەرەو جوانی بیرکردنەوە و چێژبەخشین دەچێت. فیلم لەسەرەتاوە تاکو ئێستا بە شێوەگەلی جیاوازدا تێپەڕیوە، فیلمی وێنەیی، فیلمی بێدەنگ، فیلمی دەنگداری رەش و سپی، فیلمی رەنگاوڕەنگ، دواجار لە شێوەی فیلمی سێ رەهەندی. ئەمەش پەیوەست بووە بە بەکارهێنان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بە درێژایی ئەو سەردەمانە. رۆمان بە بەراورد لەگەڵ فیلمدا خەرجییەکی زۆر کەمتری تێدەچێ، سەرەڕای خەرجی، فیلم ماندووبوونی جەستەیی زۆرتری دەوێ. لێ بۆ ماندووبوونی فیکری، رۆماننووس زێتر پێویستی بە هزرین و کۆششە، ئەمەش لەبەر هۆکارگەلی جیاواز لەسەرووی هەمووشیانەوە کارکردنی کارکردنی نووسەر لەناو زماندا و خوڵقاندنی دیمەنەکان بە شێوەیەکی دروست.
بە رێکەوت دوای ئەوەی چوار ساڵ بەسەر بینینی فیلمی (ئانا کارنینا)دا تێپەڕی کتێبی ئانا کارنینای (لیۆ تۆڵستۆی)م دەستکەوت و خوێندمەوە، کە هەر سەرچاوەی خودی فیلمەکە ئەو نۆڤلێتەبوو. کە بیستم رۆمانی (باڵەخانەی یاقوبیان)ی عەلاء ئەسوانی کراوە بە فیلم و لەبەر ئەوەی پێشووتر ئەو رۆمانەم خوێندبووەوە هەر زوو هەوڵمدا فیلمەکەم دەستبکەوێ و سەیری بکەم. ئیدی زۆر فیلمم بینیوە کە سەرچاوەی رۆمانێک بووە کە پێشتر خوێندوومەتەوە. ئەمە لە کاتێکدا لە نێو فیلمەکانی تردا چەند دیمەنێک هەن کە سەرنجی نووسەران بەدوای خۆیدا رادەکێشێ و زۆرجار وتار و بابەتی لەسەر دەنووسن، یان جاری وا هەیە دیمەنی فیلمێک لەنێو رۆمانێکدا دووبارە دەبێتەوە، رەنگە کارەکتەری فیلمێک بە شێوەیەک سەنجی رۆماننووسێک رابکێشی کە لەداهاتوودا ببێتە سەرچاوە یان پاڵەوانی رۆمانێکی. بەمجۆرە دەبینین کە هەم رۆمان کاریگەری بەسەر فیلمدا هەیە و هەمیش بە پێچەوانەوە. رەنگە زۆر هاوبەشی و جیاوازی تر لە نێوان رۆمان و فیلمدا هەبن، بەڵام ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە قسەکردنە لەسەر رۆمانە فلیمێندراوەکان، کە ئایا فیلمەکان تا چەند توانیویانە رووی راستەقینەی رۆمانەکان بن؟ لە هەموو پرسیارەکانیش گرینگتر ئەوەیە ئایا کاتێک رۆمانێک و فیلمێکمان دەکەوێتە دەست (کە سەرچاوەی فیلمەکە هەر ئەو رۆمانە بێت) ئێمە سەرەتا دەست بۆ کامیان ببەین؟

دەبێ ئەوە بزانین کە کرۆکی پرۆسەکە خودی رۆمانەکەیە و لەوەوە لق و رەخنە و بیرکردنەوەی تر سەرهەڵدەدەن. بۆ هەر رۆمانێک زیاتر لە تێگەیشتن و لێکدانەوەیەک هەیە ئەمەش بەو پێیەی کە هەر خوێنەرێک بە پێی ئایدیا و شرۆڤەی خۆیەوە لە واتای رووداوەکانی ناو رۆمانەکە دەگات. بەڵام لە فیلمدا تەواوی بینەران دەکەونە ژێر کاریگەری لێکدانەوەی تاکە خوێنەرێکی رۆمانەکە کە ئەویش دەرهێنەری فیلمەکەیە. بۆ نموونە کە لە رۆمانێکدا نووسەر ئاماژە بە کەلاوەیەکی پیس دەکا، هەریەک لە خوێنەران بە چەشنگەلی جیاواز وێنەی ئەو کەلاوەیە و چۆنییەتی و شێوەی پیسی لە زەینیاندا وێنادەکەن، بەڵام دەرهێنەری فیلم دێت و بەپێی بیرۆکەی خۆی، شێوەی کەلاوەیەک و چۆنییەتی پیسبوونیمان نیشاندەدا.
 لە لایەکی ترەوە دەبینی کە رۆمان ئیشی تاکە کەس و فیلم کارێکی دەستەجەمعییە. رۆماننووس تەنیا بکەرە کە گوتوبێژ و کارەکتەر و کات و شوێن و دیمەنەکان دەخوڵقێنێ، فلیمساز و کامێرامان و سیناریست و ئەکتەرەکان و هەموو ئەوانی تر بەشێکن لە بەرهەمهێنانی فیلمێکدا ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک دیمەن و کردە و کارەکتەر لە نێو رۆماندا هەن بە فیلمکردنیان ئەستەمە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی وەسف و نمایشکردنیان لە رۆماندا بەهۆی نووسینەوە و کە لەکاتی خوێندنەوەدا خوێنەر راستەوخۆ بە پرۆسەیەکی خەیاڵی لە زەینیدا دەیسازێنێ، کە دواجا زۆرێک لەو وەسف و دیمەنانە پێویستیان بە فێڵی سینەمایی دەبێت و ئەمەش لە سەنگی کارەکە دێنێتەوە خوارەوە. بۆ نموونە بە فیلمکردنی (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆریۆل کارێکی ئەستەمە و ناتواندرێ هیچ کام لەو ئاژەڵانەی ناو رۆمانەکە لەسەر نواندنی دیمەنەکان رابهێندرێ تەنیا ئەگەر لە شێوەی فیلم کارتۆنی نەبێ.
بەوپێیەی رۆمان زێتر زمانی و فیلم زیاتر وێنەیییە، ئەوانەی رۆمان دەخوێننەوە چێژی زۆرت لە رووداوەکان وەردەگرن بە بەراورد بە تەماشاکارانی فیلم، چونکە خوێنەر زۆرتر دەچێتە ناو قووڵایی باسەکەوە ئەمەش لەبەر ئەوەی خوێنەر مامەڵە لەگەڵ زمانی نووسیندا دەکا، کە ئەویش بەهێزرین چەکی گوزارشتکردنە و زۆرتر دەتواندرێ کاری هونەری لەناودا بکرێ. لیۆ تۆڵستۆی لە رۆمانی (جەنگ و ئاشتی)دا بە زیاتر لە دوازدە لاپەڕ شەڕی بوردینۆ دەگێڕێتەوە کە خوێنەران دەخاتە ناو خەیاڵگەلی جیاوازەوە کە رەنگە بۆ خوێندنەوەی کۆی ئەو لاپەڕانە کاتێکی زۆر پێویست بێ، بەڵام دەرهێنەری سینەمایی فیلمەکە (سێرجی بوندرتشوک) بە ماوەیەکی کەم و چەند دەقەیەک تەواوی جەنگەکە نمایشدەکا کە بەبەراورد بە رۆمانەکە وەک پێویست وێنەکان لە زەینی بینەردا جێناهێڵێ. دێڤید لین کە دەرهێنەری فیلمی (پێشبینییە گەورەکان)ە کە یەکێکە لە رۆمانەکانی چارلز دیکنز، تەنیا بە سێ کاتژمێر تەواوی رۆمانەکەمان بۆ دەکاتە فیلم، لەکاتێکدا کۆی لاپەڕەکانی رۆمانەکە دەگاتە ٥٠٠ لاپەڕە و بۆ خوێندنەوەشی رەنگە هەفتەیەکی بوێت. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، چونکە رۆمان کارکردنە لەنێو زماندا بۆیە کاتێک خوێنەر وەسفی شێوەی کارەکتەرێک دەخوێنێتەوە، لە خەیاڵی خۆیدا ئەو کارەکتەر وێنا دەکا، لێ دەرهێنەر ئەو وەسفکردنەی ناو رۆمانەکە فەرامۆش دەکا و راستەوخۆ کارەکتەرەکەمان نیشاندەدا. لە رۆماندا چەند شێوازێکی جیاوازی گێرانەوە هەن، هەندێ جار نووسەر خۆی گێڕەڕەوەی رووداوەکان و هەندێ جاریش ئەو ئەرکە بە پاڵەوانێک یان زیاتر دەسپێرێ، کە ئەمە هەندێ جار لە کاری فیلمسازیدا دەبێتە ئاستەنگ بۆ دەرهێنەر و فلیمسازان. هەموو کارەکتەرەکانی ناو رۆمان لە ژێر دەستی نووسەردان و تا دوا وشەی رۆمانەکەش لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا دەمێننەوە، لێ دەرهێنەر ناتوانێ تا دوا ساتی تەواوبوونی فیلمەکە دڵنیایی کارەکتەرەکانی وەربگرێ و لەسەر یەک شێوە و ریتم و ئاستدا بمێننەوە. ئەمەش فلیمسازان تووشی ئاستەنگ و زەحمەتی دەکا، ئەمەش بەو پێیەی کارەکتەرەکانی ناو رۆمان لەناو دووتوێی کتێب دان و کارەکتەرانی فیلم لەناو واقیع دان. ئەگەر بێتو ئەو سینارۆیانەی کە لە کتێبەکان وەرگیراون یاخود سینارۆی فیلمەکانی دی سەرلەنوێ وەک خۆی دابڕێژینەوە رەنگە نەک هەر رۆمان بگرە هیچ ژانرێکی ئەدەبی تریش دروست نابێ. چونکە شێوازی دەربڕین و رەوانبێژی و تەکنیکی زمانەوانی و شێوازی نووسینی بابەتی ئەدەبی زۆر جیاوازە لەو گفتۆگۆیانەی کە لە فیلمدا بەکاردەبردرێ. تەنیا شت لە فیلمدا کە دەرهێنەر سەربەستە وەک زیادکراوێک بەکاری بهێنێ، موزیکە. کە ئەمەش چێژێکی زیاتر بە دیمەنەکان و تەواوی فیلمەکە دەبینێ.
زۆرێک لە شاکارە ئەدەبییەکان فیلمێندراون و ئەو پڕۆسەیەش تا ئێستا بەردەوامە و پێموایە پەیوەندی نێوان ئەدەب و سینەما پەیوەندییەکی نەبڕاوەیە و رۆژ لە دوای رۆژ پەرەدەسێنێ. زۆرێک لە نووسەرانی جیهان ساڵانە و بەبەردەوامی بەرهەمەکانیان تێکەڵ بە بواری سینەما دەبێت، لەو نووسەرانەش (نیکۆس کازانتزاکیس، دانیاڵ دیفۆی، شێکسپیر، ئۆسکار وایڵد، خالید حوسەینی، ئەلبێر کامۆ، ڤێرجینیا وۆڵف، یۆستاین گاردەر، نەجیب مەحفوز، عەلاء ئەسوانی، ئلیزابێل ئەلێندی و دەیان نووسەری بەناوبانگی تر). ئەگەر هەڵە نەبم لەناو کورددا تاکە بەرهەم کە بووبێتە پردێک لەنێوان ئەدەبیات و سینەمای کوردی (ژانی گەل)ی (ئیبراهیم ئەحمەد)ە، لە کاتێکدا ئێمە دەیان رۆماننووسی باشمان هەن کە سینەماکاران و دەرهێنەران دەتوانن لە رێی بەرهەمەکانیانەوە پەرە بە سینەمای کوردی بدەن.
لە دوماهیدا تەنیا ئەوە ماوە کە سەرەڕای ئەوەی هەموو بابەتێک لەزەت و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام هەمیشە نووسراوەکان سەرچاوەی سەرەکی چێژ و تێگەیشتن و مێژوون، زۆرتر بیرۆکە و شرۆڤەکردن لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن و لەکاتی خوێندنەوەیاندا تەقینەوەی جۆربەجۆر لەناو ئەندێشەی خوێنەردا دروست دەکەن و بۆ زەمەنێکی درێژ پاشماوەی وێنەکانیان لەناو مێشکی خوێنەردا جێدەهێڵن.

*سەرنووسەری گۆڤاری (٢٣ی ئەدەبی هزری رەخنەیی).

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.