Skip to Content

Sunday, November 1st, 2020

لە نێوان ڕۆحداری و ئاینداریدا

Be First!
by May 3, 2013 گشتی

 

 

 


ڕێک  هەروەک چۆن مۆم ناتوانێ بەبێ ئاگر داگیرسێت؛ مرۆڤیش ئاوها ناتوانێت بەبێ ژیانی ڕۆحی بژیت. ( بودا )

 

 

ئەشێ بە پرسیارێکی زۆر سادە دەستپێبکەین ، ئایا مرۆڤ بەبێ ئاین نایکرێت یاخود بەبێ ژیانی ڕۆحی ئەستەمە بژی؟ ئەم نوسینە هەرگیز کارکردن نیە لەسەر خوێندنەوەی ئەو دوو چەمکە و بەرواردکردنیان لەڕووی زانستیەوە، بگرە هەروا سەرنجێکی خێرایە لەسەر ئەم دیاردەی ئاینداری بێ رۆحیگەری  لە جیهاندا بەگشتی و پاشان ئەگەری هەبوونی لەم هەرێمەی ئێمەدا. ئەوەی لەماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا سەرنجی سۆسیۆلۆژ و ئەنترۆپۆلۆژی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە دیاردەی ئاینداریە وەک کارێکی کۆمەڵایەتی رێکخراوەیی و بەدەزگایکراو، نەک ئەزموونی ئاینی. ئەمە ڕاستە بۆ هەموو ئاینەکان بەڵام دەبێت پێداگیری لەسەر ئەو ڕاستیە بکەینەوە کە زیاتر ڕوونتر و زەقتر بووە لە لای ئاینە ئاسمانیەکان یان ئیبراهیمەکان ( یەهودی ، مەسیحی، ئیسلام)، بەتایبەتی تریش پاش سەرهەڵدانی تەوژمەکانی فەندەمێنتالیزمی ئاینی سەرەتا لای کەنیسەی ئەنگکلیکانی لە ئەمەریکا و دواتریش لای ئیسلامگەراکان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی.  هەربۆیە کاتێ کۆمەڵناسی قسە لەسەر ئاین دەکات وەک فەزایەکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو تەماشای دەکات و توێژینەوەی لەبارەوە دەکات ، بۆ نمونە کارایی ئینتمای ئاینی ، چۆنیەتی مۆبەلایزکردنی خەڵک لەڕیگەی ئاینەوە و ئایدیۆلۆژیای ئاینی و هەروەها پانتای ئەتمۆسفێری ئاینی لەهەر کۆمەڵگەیەکدا و بەریەککەوتنی لەتەک ئازادیەکان. 

بەڵام لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەولاوە لەزۆریک لەوڵاتانی ئەوروپی و خۆرئاوایی بەتایبەتی ئەمەریکا لەپاڵ چەندین شۆڕشی کەلتوریدا دیاردەیەک سەرهەڵدەدات بە نێوی ‘ڕۆحداری بەبێ ئاینداری ‘ ، ئەمە زیاتر رەنگدانەوەی لەناو گەنجاندا هەبووە و بەسود وەرگرتن لە ئەزموونی ئاینە رۆژهەڵاتیەکان (بودی ، تاو ، زەین ، کۆنفیۆشنس ) و هەروەها بزاڤی سۆفیگەری لەهەموو ئاینەکاندا. هەنووکە لە وڵاتانی رۆژئاوایدا بە دەیان گروپی میدتەیشن و چالاکی رۆحی و خەڵوەتکردن و هەروەها خۆگرتنەوە لە ژیانی ماددی و چڵێسی لەنێو گەنجاندا بەدیدەکرێت. هەروەک نمونەیەک دەیان هەزار شوێنکەوتەی رێبازە عیرفانیەکەی مەولانا جەلالەدینی رۆمی لە نێو گەنج و مەردمی ئەورپی و ئەمەریکی ئەو ڕاستیە پشتراست دەکەنەوە. هەروەک ڕاپرسیەکی نوی پیشانی دەدات کە لەسەدا هەفتاو یەکی گەنجانی ئەمەریکی بڕوایان بە لایەنی رۆحی هەیە بەڵام بڕوایان بە هیچ ئاینێک نیە، لەبەرامبەردا تەنها لەسەدا سی بەتەمەنەکان بڕوایان بە لایەنی رۆحی بەبێ ئاین هەیە ( بڕوانە :Robert Fuller ,spirituality without religious ) .  

بێگومان هۆکاری ئەم گەرانەوەیە بۆ گەشەی لایەنی رۆحی هەموو شتێک بێت ئەو وەڵامە ئامادە و ئایدیۆلۆژیە بوغزاویە نیە کە هەردەم لە ڕوانگەی قۆرخکردنی هەق و باشترین ئاین لای خۆت، ئیدی ئەمە بە شکستێک دادەنرێ بۆ ئاینەکانی دیکە. نەخێر ئەم دیاردەیە زیاد لە بۆچونێک و زیاد لە راڤەیەک وەردەگرێت، کورتکردنەوەی بۆ تەنها هۆکارێک هیچ نیە جگە لە ساویلکەیی. یەکێک لەو پرسیارە گرنگ و فەلسەفیانەی گفتوگۆی لەو بابەتە ئەیوروژینێ مەسەلەی پەیوەندی نێوان ئاین و مرۆڤ و خودا ، واتە ئایا مرۆڤ بێ میانگیری ئاین دەشێ پەیوەندی لەتەک خودا دا هەبێت؟ ئەگەر هەر گروپێک لە مرۆڤەکان بەجۆرێ لە جۆرەکان خوا لەخۆیاندا قۆرخبکەن و لەوی دیکەی بسەنەوە ، ئایا ئیدی ئەوە راستە کە ئیتر هەموو مرۆڤیکی بێ ئاین یەکسانە بە مرۆڤێکی بێ باوەڕ و بێخوا. یەکەم دەرگیری نێوان سەرهەڵدانی ئانیداری بێ ڕۆحیگەری لێرەوە دەست پێدەکات ، مرۆڤەکان دەستکراوەتر دەگەڕێن بە شوێن ئارامی ڕۆحی و ژیانی هارمۆنیدا، بەداخەوە لە کاتێکدا ئاینەکان تۆیی دووبەرەکی و ئاژاوەو ر‌قلێبونەوە ئەچێنن لەنێو شوێنکەوتوەکانیاندا. یەکێکی دیکە لەو پرسانەی ئەشێ دیسانەوە هۆکارێک بێت بۆ سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە چۆنیەتی ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان عەقڵ/رۆح ، واتە تێپەڕاندنی ئەو دوالیزمە مێژوویانەی کە بە تەنگژەیی نێوان:  ئاین/ ژیان ، خودا/مرۆڤ، رۆح/ماددە ناو دەبرێت و لەبری ناکۆکی و دژایەتی پێکەوە گونجاندن و هەڵکردن. پاشان پرسی ئازادیە کەسیەکان و قوتاربوون لە ئینتمای ئاینی و کاری ئاینی رێکخراوەیی و بەدەزگایکراو، مرۆڤ کاتێ ئینتمای بۆ ئاینێکی دیاریکراو نیە ئیدی دەستکراوەتر و ئازادانە دەتوانێ کورد واتەنی لەهەر  باخێک گوڵێ بۆن بکات. هەربۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی چالاکی ڕۆحی ئەنجام دەدەن لەدەرەوەی ئاینێکی دیاریکراو ئەوا کاریگەری هیچ ئاینێک بە تاک لایەنە دیار نیە بەسەر سروت و هەڵسوکەوتەکانیانەوە، بۆ نمونە جلو بەرگ پۆشین، شێوازی سروتەکان، زمان، ڕووگەو هتد.  

لە کوردستان جگە لە هەندێ جموجوڵی کەم و پەراوێزخراو لەلایەن هەندێ گروپ و تاکەکەسەوە سەرقاڵی چالاکی رۆحی ‘نائاینین ‘  ،  بەداخەوە زۆرێکی زیاتر کاردانەوەی پێوە دیارە هەتا لە هوشیارێکی قوڵی رۆحیەوە سەرچاوەی گرتبێت. بێگومان هەندێ باری تاکەکەسی لێدەرچێت کە خاوەنی ئەزموونی کەسی خۆیانن و مومارەسەی چالاکی رۆحی دەکەن نمونەی هەندێ شاعیر و نوسەر و ئەندامە پەرەتەوازەکانی پارتە ئیسلامیەکان. ئیتر لە کوردستاندا نەک هەر بوارێک نەماوەتەوە بۆ ئەزمونکردنی رۆح لەدەرەوەی ئاین بگرە بەجۆرێ خواناسی و رۆحیگەریی قۆرخکراوە لە نێوان نەک هەر ئاینە ئاسمانیەکاندا بگرە لە نێوان پارت و گروپە سیاسیەکاندا. ئەفسوس هەنووکە دینداری ئەوەندە کاری مۆبیلایزەکردن و دنەدان و تەیاکردنە هەرگیز بوارێک بۆ ئەزموونی تاکەکەسی نەهێڵدراوەتەوە. بگرە هەر تاکبونەویەک لە جەمع و جەماعەت لەلایەک بە ترسناک وێناکراوە و لەسەرێکی تریشەوە هەرزوو ڕەوایەتی ئاینی لێسەندراوەتەوە بەجۆرێ هەموکات دەق و شەرع پشتگیریان لەکاری کۆیی کردەوە.  ئەمەش بارێکی سایکۆلۆژی خراپی چەسپاندوە لای تاکی ئێمە کە جۆریک لە مەترسی تاکبونەوە بەرهەم هاتوە ئیدی تاک توانستی ئەزموونکردنی ئاین و لایەنی رۆحیگەری  لەدەرەوەی پرۆسەی کۆیی تەواو سست بوە. وا دەزانم ئێستە لە هەمووکات زیاتر کاتی ئەوە هاتوە ئەو ململانێ ڕێکبخرێت لەنێوان فۆرمی کۆیی ، رێکخراوەیی و دەزگایی ئاین کە زۆرجار دۆخی ڕەق و یەکڕەهەندی هەیە لەتەک فۆرمی تاکی و ناڕێکخراو و شل و فرەڕەهەندی ئاینی. ئەمەش بێ فەراهەمکردنی کەشوهەوایەکی تۆلەرانسی ئاینی و یەکتر قبوڵکردن و وازهێنان لە قۆرخکردنی هەق و خۆ بە سەرچاوە دانان ناێتە کایەوە. چونکە هەنووکە کۆمەڵگەی کراوەو مۆدێرن لەپاڵ فرەیی کەلتوریی و ئیتنیکی، فرەیی ئاینی بە هەموو فۆرمەکانیەوە (نائاینش)  سیماو ئەدگاریەتی، هەر خۆ لادانێک لەمجۆرە لە فرەیی سەردەکێشی بۆ مەترسی لەسەر ئازادی و مافەکانی هاوڵاتیان. 

 

عەلی موحمەد زەڵمی 

 

تێبینی : ئەم وتارە لە ژمارە ١٤٩ ڕوانگەو ڕەخنە بڵاو بوەتەوە بەرواری ٢٢/٤/٢٠١٣

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply