Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

لە هەشتی مارس دا پەیامێک بۆ پیاوەکانی ژیانم

Be First!
by March 9, 2013 گشتی

 

 

 

هەموومان دایکمان خۆش دەوێت، ئیتر پێگەی دایک وەهایە کەس نیە ڕقی لەو بونەوەرەی ژیانی بێت، هەریەکەمان ئەگەر بۆ جارێکیش بێت ئەو هەستی خۆشەویستیەمان بۆ دایکمان دەربڕیوە. زۆربەمان فەزڵی دایک دەدەین بەسەر هەموو مرۆڤەکانی ژیانماندا و وەک بەشێک لە خۆشەویستی هەمیشە بەرامبەر ڕەنجەکانی دایک خۆمان بە قەرزار دەزانین.  هەزاران شیعر و پەخشان و نوسینی بەنرخ هەن باس لە پیرۆزی و میهرەبانی و خۆشویستنی دایک دەکەن، زۆربەی شاعیر و ناودارەکانی دنیا لەو عەشقە گەورەیە بۆ دایک دواون. بگرە جەللادەکانیش لەدەستیان نایەت بەرەوڕوی دایکیان ببنەوە و ئازاریان بدەن. 

دایک ئەو بونەوەرەیە لەلایەن ڕۆڵەکانیانەوە ئازار نادرێن، کەسمان ئەو جورئەتەمان نەکردوە لەو پارچەیەی ژیانمان وەرگەڕێین و ئازاری بدەین.” دیارە باس لە زۆرینەی ڕەهای مرۆڤایەتی دەکەم”  بەڵام پیاوەکانی تری ژیانی دایکان وەک مێرد و برا و هێوەر و خەزور و کێ و کێ و کێ جێدەستیان دیارە لە توندوتیژی و ئازاردانی ئەو مێینەیەی ژیانیاندا. 

بەبڕوای من لە ڕۆژی جیهانی ژناندا هەق نیە ئەوەندە باس لەدایکمان بکەین، یان ناوی بخەینە شوێنی ناوی باوکمان، ئەمە هیچ لە ئازارەکان کەم ناکاتەوە و هیچ ناچێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ ژن و لێسەندنەوەی باوکسالاری.  یان داوای ئازادییان بۆ بکەین یان پڕ بەگەرو ناویان بهێنین و شیعر و شانامەیان بەسەردا بڵێین. دایک لە هەموو زەمەن و سات و مۆمێنتێکدا شایستەی ئەو بەرز ڕاگرتنەیە و لە ژیانی ڕۆڵەکانیاندا لە شوێنی تاجی زێێن دان  و لەسەر سەری هەرکەسێکن.

ئەگەر ئێمە وەک پیاو ئەمانەوێت لە ڕۆژی جیهانی ژناندا ڕێز لە مێینەکانی ژیانمان بنێین با هەریەکەمان مامەڵە لەگەڵ سێ ناودا بکەین.. سێ کەسایەتی” یەکەم/ هاوسەر یان خۆشەویست یان دڵدار یان ئەو مێینەیەی پەیوەندی سۆزداریمان لەگەڵی هەیە، دووهەم/  خوشک، سێهەم/ کچ” زۆرینەی ئەو مێینانەی ئازادییان لێ زەوتکراوە، یان ئازار دراون، یان ژیانیان لێ سەندراوەتەوە لەلایەن “باوک، برا، مێرد” ەوە ئەنجامدراوە. ئەمە ناکاتە ئەوەی هەموو ” باوک، برا، مێرد” ێک جەللادێکە و ژیانی مێینەکان لاقە دەکەن. بەڵام ئەو سێ کەسایەتیە خاوەنی ئەو تاوان و دەستدرێژی و زۆردارییەن. کەواتە  هەرکەسێک دەیەوێت لەم ڕۆژەدا بەرەنگاری توندوتیژی ببێتەوە با شیعر بۆ دایکی نەنوسێت و دایکی نەخاتە شوێنی باوکی. بەڵکو لەبری ئەوە دەست ببات هەڵوێستێکی مرۆڤانە بنوێنێت بەرامبەر ئەو سێ کەسایەتیەی ژیانی. هەڵوێستێک دیار بێت و لە ڕەمزە ڕۆتینیەکان جیابێت. نە گوڵ نە دیاری نە ماچ نە پیرۆزبایی نە سڵاو.. 

بەڵکو 

– مەوداکانی ئازادی بۆ بسڕەوە، لە لەزەت بینین لە ” خۆشەویستی، جەستەی، بیر و ڕای”  

– بە کەمتر لەخۆت بۆی مەڕوانە، با ئەو هێزە جەستەییەی تۆ حاکمی دیاریکردنی لاوازی ئەو و بەهێزی تۆ نەبێت.

– خۆت بەتەنها خاوەن دەسەڵات و خاوەن بڕیار مەبە لە ژیانتا لەگەڵ ئەوان. 

من لێرەوە و لەم ڕۆژەدا هەڵوێستم ئەمەیە:

مێینەکانی ژیانم : 

–  بۆ هەمیشە ئازادن لە ” هەڵبژاردنی خۆشەویستی، بەکارهێنانی جەستە، دەربڕینی بیروڕا” تاندا

–  هەرگیز هێزی جەستەیی خۆم بەراورد ناکەم بە ئازایەتی و هەردووکمان وەک یەک دەتوانین بەهێز بین و لاواز بین، هەرگیز بەخۆم ڕەوا نابینم بەم هێزەم ئازارت بدەم و خۆم لە تۆ بە ئازاتر و بەهێزتر بزانم. 

–  ئەگەر خۆم وەک گەورەی تۆ پیشاندا، وەبیرم بێنەوە و ڕێم پێبگرە، من گەورەتر نیم لەتۆ و شەریکم لەگەڵت، بەتەنها من نیم ئەوەی ئەبێت بڕیار بدات، بەتەنها من سەرداری ئەم ماڵە نیم. 

بۆ ئەم یادە وێنەی ژنەکەم بەبەرزیەوە و لەژورسەری خۆمەوە لەم ماڵەی فەیسبوکەمدا هەڵواسیوە، وەک هەڵوێستێک دەمەوێت پێی بڵێم هەمیشە خۆشەویستمی و ڕێزت کەنزێکی پڕ بەهایە بۆ ژیانم. هەمیشە ئازادیت لەوەی چی بە جەستەت دەکەیت، چی دەپۆشیت، چی دەڵێیت، چی دەکەیت، چۆن بیر دەکەیتەوە.. هەرگیز ئازارت نادەم، نابمە بەربەست بۆ هێنانەدی هیواکانت، بژی وەک ئەوەی خۆت دەتەوێت.  

لەم بۆنەیەدا داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر بەهۆی نەزانیمەوە هەستی هەر مێینەیەکم ئازار دابیت. ڕێم پێبگرن ئەگەر زانیتان نازانم و هەستتان ئازار دەدەم لە داهاتودا. 

ئومێد دەکەم پەیامەکەم وەک ئەوەی خۆم دەمەوێت بگات. 

هێمن ڕەئووف

www.hemnrauf.net

Previous
Next

Leave a Reply