Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا

لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا

Closed
by September 16, 2008 گشتی

 لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا
 عبداللە مەحمود
 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 ئەمرۆ یەكەمین ڕۆژی ساڵی تازەی خوێندنە لەسەراسەری كوردستاندا، ئەمرۆ بە سەدان هەزار خوێندكار ڕوودەكەنەوە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن، هەروەها بەهەزاران مامۆستا و كارمەند لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا پێشوازی لە قوتابیان ئەكەن.
 پشووی هاوینە ڕۆشت و پشوو نەبوو، بێئاوی و بێ كارەبایی، نەبونی خزمەتگوزاریەكان و گرانی سەرسوڕهێنەر، لە سیمای زوربەی هەرەزۆری قوتابیەكان و مامۆستایان و كارمەنداندا بەڕۆشنی دەبینرێ، هەمووان دەزانن كە ئەوەی پێی ووترا پشوو، مەرگەسات بوو.
 دەوام دەست پێدەكات و ئیمزای 12 هەزار مامۆستا، بەمەبەستی گەڕانەوەی دەرماڵەی مامۆستایان و پێدانی زەوی و هێشتنەوەی ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەكەیان لە خوار بەكالۆریۆسەوەیە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، لەبەردەم یەكێتی مامۆستایان و بەرپرسانە، چاوەڕوانی وەڵامن و هەڕەشەی مانگرتن ئەكەن ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە. كەچی دەزگا بەرپرسەكان هیچ نابیستن و تا ئێستا وەڵامیان نییە.
 خوێندكاران و مامۆستایان بەدەست دەیان و سەدان گرفتەوە دەناڵێنن، زۆری قوتابی و كەمی بینا، كەمی مامۆستا، كەمی پێداویستیەكانی قوتابخانە، كەمی كتێب و دەفتەرو قەڵەم، ڕەوشی پەروەردەو فێركردنێكی دواكەوتوانەو پڕ توندوتیژی، كەمی موچەی مامۆستایان و كەم دەرامەتی دایك و باوكانی خوێندكار، لەگەڵ ترس لە سەرماو بێنەوتی و گرانی… هەمویان یەخەی پرۆسەی خوێندنیان گرتووە.
 خوێندكاران و مامۆستایان لە ناو ڕەوشێكی لەوبابەتەدا دەست دەكەنەوە بە دەوامی ساڵ. لە هەموو گۆشەیەكی ئەم دنیایەدا ئەگەر خەبەرێك لە ژیانی سەردەمی و پێشكەوتن هەبێت، ئەوا خوێندكاران و پرۆسەی پەروەرەدەو خوێندن، بنەمای بنیاتنانی پێشكەوتن و نەخشاندنی باشتری ئایندەی كۆمەڵگایە. زۆرترین بودجەو ئیمكانیات بۆ خوێندن و پەروەردە دابین دەكرێت و توانایی هەمەچەشنی بۆ تەرخان دەكرێت. باشترین دۆخی پڕ ئارام  فەراهەم دەكرێت. ساڵ بەساڵیش نەخشەو پرۆژە نوێ بۆ پێشخستنی دادەنرێت و هەموو هەوڵێك دەخرێتە گەر تا ئاستی زانست و خوێندن بەرەو سەر بڕوات. بەداخەوە لەكوردستاندا ئەمانە نەك نیین بەڵكە بەهۆی فەرامۆشكردنی لەلایەن دەسەلاتەوە، بۆتە وێرانە.
 ژمارەی بارەگا حزبیەكان، و دەزگا هەمەڕەنگەكانی حزب چەند بەرابەری قوتابخانەكان، ئامادەییەكان، ئامادەییە پیشەییەكان، باخچەی ساوایان، و زانكۆو پەیمانگا و….كانن.
 ژمارەی موچەخۆرەكانی حزب بێئەوەی خێرێكیان بۆ كومەڵگا هەبێت، چەند بەرابەری ژمارەی مامۆستایانە.
 موچەی وەزارەتە زیادەكانی حكومەت چەند بەرابەری موچەی هەموو مامۆستایانی كوردستانە.
 پێداویستی وەزارەتە تەشریفاتیەكانی حكومەت، چەند بەرابەری پێداویستی باخچەی ساوایان و هەموو ئاستەكانی تری خوێندنە.
 پارەیەك كە سەرفی پێگەیاندنی كادرانی حزبی دەكرێت، چەند بەرابەری ئەو پارەیەیە كە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایان و پێشكەوتنی تەخەسوسیان تەرخان دەكرێت.
 سیما و و نەخشەی بارەگا حزبیەكان و چەند بەرابەری قوتابخانەو باخچەی ساوایان و … گرنگی پێدراوە.
 هەموو پێداویستیەكانی وەكو فینك كەرەوە و گەرم كەرەوە بۆ گەرماو سەرما، لەهەموو دامو دەزگا حزبی و حكومیەكان بەزیادەوەهەن، و خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایانیش لەهەموو ئاستەكاندا، یان زۆركەمیان هەیانە یان هەر نیانە.
 باسی بێ ئاو كارەبایی و هۆڵەكانی سەرگەرمی و وەرزشی و تاقیگە، پێداویستیە سەرەتاییەكانی فێركردن و پەروەردە وەكو كۆمپیوتەرو هۆڵی پشودان و …. دەتوانرێ بەشێوەی گشتی بووترێت لە ئاستی نەبووندایە.
 وەسائیلەكانی هاتووچۆو دەماڵەی تێروتەسەل بۆ خوێندكاران و مامۆستایان، تا ئێستا خەونە و ئەوەی كەهەیە زۆرتر لە سوڵكەرانە دەچێت.
 بوار بۆ چێژوەرگرتنی خوێندكاران و مامۆستایان لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردندا، نزیكە لەسفرو ئەوانەی بەمەبەستی دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانیاری و پێشكەوتن دەخوێنن بەداخەوە فەزایەك زاڵكراوە بەسەریاندا كە زۆرتر وێڵی تێپەراندن و وەرگرتنی بەڵگەنامەن بۆ دامەزراندن و دابینكردنی و بژێوی ژیانی مەمرەو مەژیان. باسی كۆنی مەنهەجەكان و شێوەی ووتنەوەی دەرس و تاقیكردنەوەكان و ترساندنی قوتابیان لە جەنگی دەچوون و دەرنەچوون و دەرەجە هێناندا، جەنگێكە هێندەی ڕووی لە كۆتایی ساڵی خوێندنە، نیوئەوەندە بیركردنەوە لە ئایندەو پێشكەوتنی زانستی دورماوە نییە.
 ترساندنی قوتابیان لەیەكتری و لێك جیاكردنەوەی كوڕان و كچان، جیاكرنەوەی یاری كچانەو كورانە. زۆرجار پەڕاندنی چەند بەش لە بەشی بایۆلۆژی و لە ژێرناوی شەرم عەیبەو دواكەوتووی كەلتوریدا، هەڕەشەو ڕەقی و تەنانەت مانەوەی لێدان و سزای ناپەروەردەیی لە قوتابخانەكاندا، بەسەر خوێندكاراندا، بیروكراتیەت، …. چەند بەشێكی ترن لە واقعیەتی قێزەونی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن.
 ساڵی تازەی خوێندن، سیخناخە لەو ڕاستیانە، ئەو ڕاستیە تاڵانەی پرۆسەی خوێندن وپەروەردەو زانستی هێناوەتە خوارەوە.
 ئەوانەی لایان وایە لە دۆخێكی ئاوادا دەتوانن خوێندن و پەروەردە بەرەوپێشبەرن، دەتوانن نەوەی سالم و تەندروست بەرهەم بهێنن، لە وەهمدا مەلەئەكەن، لەوەهەمدا دەڕوانە پەروەدەوفێركردن و زانست.
 ئاخر خوێندكار و قوتابیان، جێگای شیاویان نەبێت بۆ دانیشتن، گەرم كەرەوەو فێنكەرەوەیان نەبێت، مامۆستای پێویستیان نەبێت، دەرس و مەنهەجەكانیان ئابدەیت نەكرێت، دەرماڵەی هاتوچوویان نەبێت، كتێب و دەفتەرو دەستڕاگەیشتنیان بەسەرچاوەی پێویست نەبێت، خوێندن خورایی نەبێت، ترس وەكو مۆتەكە دەستی خستبێتە سەر سنگی خوێندگاكان و و خوێندكاران، …. چۆن دەكرێت چاوەڕێی ئایندەی باشیان لێبكرێت.
 ئەوەی لەم پاشاگەردانیەی پرۆسەی پەروەدەو فێركردن بەرپرسە، لە هەلومەرجی خوێندكاران و مامۆستایان بەرپرسە، لە ترس و فەرهەنگی دواكەوتوانە بەرپرسە،… نە خوێندكاران و نە مامۆستایان و كارمەندانی پەروەرەدەن، بەڵكو دەسەلاتێكی بنیاتنراوی خاڵی یە لە زانست و پەروەردەو فێركردنێكی تەندروست و سەردەمی.
 بۆ ئەوەی ئەم تاریكستانەو كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی فێركردن و خوێندن و زانست لە كوردستان وەلابنرێن، تەنها بە سیمینار گێران و كۆنفرانسی پەروەردەیی ناكرێت، بە ئیمزاكۆكردنەوە و پاڕانەوە ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتییە، كە خوێندكارانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانكۆكان ودەست لەناودەستی یەك وەرێی بخەن بەجۆریك كە بتوانی دەسەڵات ناچار بكات، بودجە پێویست، زانستی سەردەم، مەنهەجی نوێ، شێوازی پەروەردەو فێركردنی مۆدێرن، وەلانانی ترس و جیاكاری، ….. بكاتە ئەمری واقع.
 بۆئەمە دەبێ لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێبكرێت و چەندین شت دابسەپێنرێت تا بتوانرێت ئەو دۆخە تەجاوەز بكرێت. لەوانە: 
    خوێندنى گشتیىو ئیجبارى تا تەمەنى 16 ساڵیى بكرێت بە یاسا.
  خوێندنى باڵا (زانكۆیى، پسپۆڕى)ى خۆڕایىو نزیكەدەست بۆ هەموو خوازیارانی دابین بكرێت بە دانى دەرماڵەى تێروتەسەلەوە بۆ خوێندكاران و مامۆستایان و… دابینكردنی هەموو پیداویستیەكانی خوێندن بە خۆرایی.
  فێربوون بكرێتە مافى هەمووانو دەستڕاگەیشتنى ئینسانەكان بە فێربوونو دەورە ئاموزشىیەكان نابآ بەهیچ جۆرێك ببەسترێتەوە بە ئاستى داهاتى خێزانەوە بۆ ئەوەی هەموو كەس بتوانیت بخوێنێت.
 دابینكردنو زامنكردنى بینایەی پێوست و گونجاو، لەڕووى فراوانىو تەندروستىو سەلامەتیىو خزمەتگوزاریەوە لەوانە (كارەبا، ئاوى ساردو گەرم، چێشتخانە، دەزگاى فێنككردنەوەو گەرمكردنەوە، هەلى دەستڕاگەیشتن بە تۆڕى تەلەفۆنىو تەلەفزیۆنىو…تاد
 پێكهێنان و دروستكردنی بینا بۆ باخچەی ساوایان لە هەموو گەرەكەكاندا. 
 فەراهەمكردنى تەسهیلاتى وەرزشىو هونەرىو كەلتووریى خۆڕایى (یاریگا، هۆلأو ستۆدیۆى نمایشو نواندن، كتێبخانەو…تاد)و تەرخانكردنى ڕاهێنەرو فێركارانى پێویست لەهەموو قوتابخانەو ئاستەكانی خوێندندا.
 دابینكردنى هۆیەكانی گواستنەوەی خۆڕایى بۆ هاتوچۆى مامۆستایان خوێندكاران.
 كۆتاییهێنان بە جیاكاری لە نێوان كوڕان و كچاندا لەهەموو ئاستەكانی خوێندن و پرۆسەی پەروەردەو فێركردندا.
 زیاكردنی موچەی مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە بەپێی بەڕێوەچوونی گوزەرانی خێزانێكی 5 نەفەری و بردنەسەری ئەو موچەیە لەگەڵ چونەسەری نرخی پێداویستیەكانی ژیان.
 لە ڕیشەوە گۆرینی مەنهەجەكانی خوێندن و پەروەرەدە جێگیركردنی خوێندن و پەروەردەی مۆدیرن و سەردەمی و سپاردنی ئەم ئەركە بە پرۆفیسۆرانی مەدەنی و تژی لە هوشیاری زانستی و پەروەردەیی سەردەم.
 جیاكردنەوەی دین لە دەرس و ڕێساو یاساكانی خوێندن و پەروەردە.
 گوڕینی شێوازی دەرس ووتنەوەو پێگەیاندنی پەروەردەیی و بە شێوازێكی شارستانی دور لە ڕەقی و توندوتیژی بەكەڵك وەرگرتن لە شێوازی پەروەردەیی نوێ….تاد
 بەدەستهێنانی ئەمانە ممكینەو هیچ قورسیەكی تیا نییە. ئەگەر گوشاری كاریگەر بهێنرێت بۆ دەسەلات، بودجەو داهات و دەوازەكانیش بۆئەم گۆڕانە هەیە.
 با ساڵی تازەی خوێندن بە بەدەستەوەگرتنی ئەم خواستانە دەست پێبكەین. ساڵی تازەی خوێندن لە هەموو خوێندكاران و مامۆستایان پیرۆزبێت.
 15-9-2008
 
 
 
  
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.