Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

لە پەراوێزى رەتكردنەوەى خەڵاتى رێزلێنانى چیرۆك بۆ عەتا محەمەد لە سلێمانى

Comment
by July 18, 2008 گشتی

 نووسین بەرلەوەى ئیحساس بێت، هەڵوێستە. ئیتر بەرانبەر هەرچییەك بێت، كە پێدەچێت بەرانبەر جوانى گوڵێك بێت، یان ناشیرینى شەقامێك یاخود ژیان. بۆیە ئەوكاتە نووسین دەبێتە بەرپرسیاری. واتە كاتێك ئێمە باس لە گەندەڵى دەكەین لە نووسینەكانماندا، زۆر گرنگە هەڵوێستیشمان بەرانبەر گەندەڵى بەوشێوەیە بێتو بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشدارنەبین لە تەشەنەكردنى ئەو گەندەڵییەدا. هەڵوێست لەبەرانبەر گەندەڵیو ئەو دنیا ناشرینەی تێیدا دەژین، پەیوەندی بە كێشەیەكی گەورەوە هەیە كە ئەویش نائامادەیی ویژدانە لە دنیای ئێمەدا.
 لەنێوەندى رۆشنبیرى كوردیدا، تا ئێستا زۆر كەم هەڵوێست وەرگیراوە بەرانبەر دیاردە ناشیرینەكان، یان با بڵێین هەر نییەو لە ئێستاوە خەریكە ئەو دیاردەیە سەرهەڵدەدات. نزیكەى (10)سالأ لەمەوبەر بۆ یەكەمجار هونەرمەند "بورهان مەجید" لە چاوپێكەوتنێكى رادیۆییدا، لە رادیۆى هەرێمى ئەوكات، هەڵوێستى بەرانبەر هەموو ئەو كەناڵو راگەیاندنانە وەرگرت كە گۆرانى عەرەبىو توركىو فارسى لێدەدەنو ئەو داوایكرد ئەو كەناڵانە گۆرانى ئەو پەخش نەكەن. بیرمە ئەوكات زۆر كەس بە هەڵوێستێكى سەیرو شێتانەیان دەزانى، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر ئەو قسەیەىو پاشانیش لە چەند دیمانەیەكى تردا، هەمان هەڵوێستى دووپاتكردەوە. لەوكاتەوە تا ئێستا كەس نەهاتووە باس لەو هەڵوێستەو گەورەیى ئەم هونەرمەندە بكات. بورهان لەوكاتەوە زۆر بەكەمى لە میدیاى كوردیدا دەردەكەوێتو ئێستا تەنها چەند كەناڵێكى زۆر كەم گۆرانییەكانى پەخش دەكەن. بەڵام بورهان خامۆش نەبووە، ئەو بەرهەمى خۆشى بڵاودەكاتەوەو گوێگرەكانیشى كەم نین.
 باسكردنى بورهان وەك نموونەى هونەرمەندێكى بەهەڵوێست بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو پیاوە قەدەرى پەراوێزخستنى هەیە. وەك پێشتریش ئاماژەم بۆ كرد، كەس دەستخۆشى لەو هەڵوێستەى نەكردووە، كە نزیكەى (10)سالأ تێدەپەڕێت بەسەریدا. هەروەها وەزارەتى رۆشنبیرى ئەو هەموو دەزگا كەلەپوورىو نەتەوەییەى كوردستان ئامادەنین خەڵاتێكى رێزلێنانیشى بدەنآ، وەك ئەوەى كە دیاربوو ئەو هونەرمەندە هەڵوێستەكەى لەپێناو هونەرى كوردیو بۆ پێشخستنى كرد، نەك بۆ خۆدەرخستن.
 لەكۆتایى مانگى رابردووشدا لەپەراوێزى فیستیڤاڵى رەخنەى چیرۆك، لە سلێمانى پێنج چیرۆكنووس خەڵات كران. یەكێك لەو چیرۆكنووسانەى كە ناوى لە نێو خەڵاتكراوەكاندا هەبوو و خەڵاتەكەى رەتكردەوە "عەتا محەمەد"بوو، كە پاشان چیرۆكنووسێكى تر خرایە شوێنى.
 ئەوەى جێى سەرنجە لەم هەڵویستەدا، ئەوەبوو كە لیژنەى باڵاى فیستیڤاڵ ئامادە نەبوو ئەو حەقیقەتە بۆ بەشدارانى فیستیڤاڵو میوانەكان بخەنە ڕوو و پاشانیش لە رۆژنامەیەكدا روونكردنەوە بدەنو بەدواى ئەو هۆكارەدا بچن كە ئەو چیرۆكنووسە بۆ خەڵاتەكەى رەتكردۆتەوە؟
 هاوكات لەكاتى بڵاوكردنەوەى هەواڵو راپۆرت لەسەر خەڵاتكردنى ئەو چیرۆكنووسانە، باس لە رەتكردنەوەى ئەو خەڵاتەش نەكرا لەلایەن عەتاوە. واتا ئەوەندەى تا ئێستا هەواڵێكى زارەكى بوو، نەكرایە هەواڵێكى نووسراو. بێگومان ئەم حاڵەتە پێدەچێت بۆ دوو هۆكار بگەڕێتەوە: یەكەمیان ئەوەبێت كە نێوەندى رۆشنبیرى كوردى تواناى هەزمكردنى ئەو جۆرە هەڵوێستانەى نەبێت، چونكە ئەوەندە بە كولتوورەكە نامۆیە كە جێى تێدا نابێتەوە. دووەمیشیان رەنگە قەدەرى جیاوازبوون و هەڵوێستى مرۆڤ لەم وڵاتەدا تەنها پەراوێزخستن بێت، چونكە كولتوورەكە واڕاهاتووە كە ئینسانەكانى یەكجۆر بیربكەنەوە.
 رەتكردنەوەى خەڵاتێكى ملیۆن دینارى لەشارێكى وەك سلێمانی، هەڵوێستێكى گەورە نییە، ئەگەر ئێمە بەشێوەیەكى گشتى لەسەر ئاستى جیهانیدا سەیرى بكەین، بەڵام رەتكردنەوەى ئەو خەڵاتە لە سلێمانىو لەسەر ئاستى دنیاى كوردى هەڵوێستێكى گەورەیە، بەو دەلیلەى كە تا ئێستا نووسەرى كورد كارى لەو چەشنەى نەكردووە. رەنگە عەتا پێویستى بەو خەڵاتە نەبووبێت، چونكە پێدەچێت خواستی عەتا لە نووسین، جیاواز بێت لە خۆنمایشكردن لە فیستیڤاڵدا.
 لەنێو نووسەرانى دنیادا هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر خەڵاتێكدا زۆر ئاساییە و نووسەرانێك هەن خەڵات رەتدەكەنەوە. رەنگە دیارترین نموونە "جان پۆڵ سارتەر" بێت، ئەوكاتەى خەڵاتێكى جیهانى وەكو نۆبڵى رەتكردەوە.
 دەكرێت ئێمە بورهانو عەتا وەك دوو ئینسانى بەهەڵوێستى نێو كولتوورى رۆشنبیرى كوردى سەیربكەین، ئەم دوو ئینسانە جیاوازن لە هەموو ئەو نووسەرو هونەرمەندانەى تر كە لەم كولتوورەدا هەیە، بۆیە قەدەرى پەراوێزخستن بۆتە بەشێك لە ژیانیان. پێدەچێت ئەو هەڵوێستەى بورهانو عەتا هەڵوێست بێت بەرانبەر بە گەندەڵى، یەكەمیان گەندەڵى هونەرىو دووەمیشیان گەندەڵى ئەدەبى، یان رۆشنبیرى، كە رۆژانە چەندین ملیۆن دینار بەناوی فیستیڤاڵو خەڵاتكردنەوە سەرف دەكرێت، بێئەوەى دواجار ئەدەبو رۆشنبیرى كوردى هەنگاوێك بچێتە پێشەوەو بێئەوەى داهێنەرێك دەربكەوێتو بەرهەمێكى داهێنەرانە ببینرێت.
 هەڵوێستی بورهان مەجید، كە مەرج نییە هەموومان هاوڕای بین، هەڵوێستی ئینسانێك بوو بەرانبەر روویەكی ناشرینی هونەر، كەچی لەناو ئەو بێدەنگییە سامناكەی دنیای كوردیدا ون كرا، هەرچۆن رەتكردنەوەی ئەم خەڵاتەش هەمان چارەنووس چاوەڕێیەتی كە بێدەنگییە. ئەم نووسینەش دەیەوێت قەدەرى پەراوێزخستنى ئەو دوو مرۆڤە بنوسێتەوە.
 
 
 *shko.akram@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply