Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە پەراوێزی پێشوازی لە ٨ مارسدا…. عەبدوڵا مەحمود

لە پەراوێزی پێشوازی لە ٨ مارسدا…. عەبدوڵا مەحمود

Closed
by March 5, 2013 ژنان

 

 

 

 

 بیستنی هەڵگریسانی جەنگێک، تسۆنامیەکی سروشتی لەچەشنی (گرگان، لافاو وشکە ساڵی و رەشەبا)، تا دەگات بە روداوەکانی هاتوچۆ… ئینسان توشی راچەنین، دەکات. هەواڵی کردەوە نائینسانیەکانی ڕژیمە دیکتاتۆرو چنگ بەخوێنەکان و گروپە تیرۆریستیەکان، دژ بەهاوڵاتیان، ئینسان تەکان دەدات. هەواڵی مەرگی برسیەکان، هەڵاواردنە رەگەزییەکان، زوڵمی قەومی، دڵی ئینسانی هوشیار دەگوشێت. بە بیرهاتنەوەی قوربانیانی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی، سوێی کارەساتی هەڵەبجە و ناوچە ژەهر رێژکراوەکانی تر، ئەنفال، برینی کەس و کارو ئازیزانی پەتی سێدارەو و قوربانیانی ژێر شکنجە هەتوان نەکراو، جێگای نەفرەتی کۆمەڵگاو بزوتنەوەی شارستانی سەردەمن… کەچی قوربانیانی ئاپارتایدی جنسی، کە قوربانیانی زۆر لەهی جەنگە ناوخۆیی و سروشتیەکان، لە قوربانیانی هەڵەبجە، لە قوربانیانی جەنگەکان، زۆرترن، کەچی هێشتا کۆمەڵگا وەکو پێویست پێی هەستیار نییە، وەکو جەنگێکی شەرمئاوەرو نابەرابەر دانی پیا نەناوە. 

بیرخستنەوەی ماوەی ساڵ و مانگ و کاتی جەنگە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی و وڵاتیەکان و ئاماری کەم ئەندام و کوژراوانی، ئینسان سەراسیمە دەکات، کەچی جەنگی نەبڕاوەی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی، پیاوسالاری، مەزهەبی و دینی و قەومی، جەنگی قورعان و حەدیس و ئیسلام و کەلتوری دارزیو دەستەو تاقمەکانیان لەدژی ئینسانی بوونی ژن، بۆ ساتێک چییە هەدا نادات، بەڵام جێگای تەئەسوفە، کۆمەڵگا دان بە بوونی ئەو جەنگە رانەگەیەنراوە، بەڵام واقعییەدا، دانانێت… ئاماری کوشتنەکان، لە کوشتنی عیشقەوە بۆ کوشتنی جەستەیی، ئاماری توندوتیژیەکان لە توندوتیژی سیکسیەوە بۆ توندوتیژی  دەرونی و  فیزیکی و تا دەگات بە” خەتەنە” بڕینی جەستەی هەستەوەری سیکسی ژن، ئاماری جەستە بێئەژماری هەڵقرچاو، کە ناچار بەخۆسوتاندن کراون، تالە دۆزەخی ناو خێزان و کۆمەڵگا، خویان رزگار بکەن، زۆر کەمترن لە ئامارو تۆمارە واقعیەکان و ئەو دیو پەردەکان.

دەنگی نەبیستراوی ژنانی ئەودیو دیوارەکان و ناو چوار دیوای ماڵ، کە بەدەست کاری ناوماڵ و مناڵداری، کە بەدەست تورەیی و سوکایەتی پێکرنەوە، تا دەگات بە زۆری سێکسی و لێدانەوە… دەناڵێنن و نە دەتوانن و نە بواریان پێدەدرێت بەیانی ناخی بریندار و دڵشکاویان بکەن، زۆر زیاترە لەو ئامارانەی رادەگەیەنرێن…

 ‌کۆمەڵگا هێشتا پڕ نەفرەتە بەرامبەر بە کارەساتی هەڵەبجە و سەرجەم دڕندەییەکانی بەعس. هێشتا نەفرەت لەجەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی و… درێژەی هەیە، هێشتا کۆمەڵگا وێڵی چارەنووسی بێسەرو شوێنەکانی جەنگە. هێشتا کۆمەڵگا خوازیاری بە دادگا کێشانی تۆمەتبارانی جەنگی ناوخۆ، تۆمەتباران و کرێگرتەکانی بەعسی روخاو، تۆمەتبارانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواترە… کەچی هێشتا کۆمەڵگا بەرامبەر تۆمەتبارانی ستەمکار لەسەر ژن، لەسەر ئازاردان و خەتەنەکردنی ژنان، لەسەر تیرۆرکردنیان، لەسەر خوڵقاندنی کەشی نائینسانی و نەداری و پەنابردنیان بۆ لەشفرۆشی، لەسەر سازکردنی ژینگەی خۆکوژی ژنان بۆ ئەوەی جەستەی خۆیان، گڕ بدەن… وە لەبەرامبەر تۆمەتبارانێک کە ژن وەکو ئینسانی پلە دوو، ئینسانی کۆیلە و  بێماف تەماشا دەکەن و هەموو هەست و بوونی ژن وەکو کاڵاو خاوەندارێتی تایبەتی خۆیان لەقەڵەم دەدەن… هەستیار نییە. ئەمە لە کاتێکدایە تۆمەتبارانی  ژن  ئازاردەر و بێمافیەکانی ژنان و کوشتاری ژنان… ئاشکران و دەشێ لەناو خێزانەوە، لە ناوبەرگریکەرانی کەلتوری داوکەوتوانەی کۆمەڵگاوە، لە پاریزەرانی یاساکانی سەرچاوەگرتوو لە شەریعەت “قورعان و حەدیس” وە، لە لایەنگرانی پەروەردەی کۆنەپەرستانەوە.. تا دەگات بەو ئاخوندانەی زیاتر لە هەزاران مزگەوتەوە، بانگەشەی بێمافی ژنان و کوشتاریان لە ژێر ناوی شەرەفپارێزیدا، وێنا دەکەن… بدۆزێنەوەو دادگا سزای جەنگی نەبراوەی دژە ژنیان، بدات…

هۆکاری ئەم جینۆسایدە هەموو رۆژەیەی، ژنان، لەکوردستان بە پلەی یەکەم دەسەڵاتی سیاسییە، ئەو دەسەڵاتەی دەستی بە دینەوە گرتووە، سەرچاوەی یاساکانی لە دێنەوە، دارشتوە. دینی تێکەڵی دەوڵەت و سیاسەت و یاساو خوێندن و پەروەردە، کردووە. شانازی دەکات بەوەی کە لەزیاتر لە ٢٨٠٠ مزگەوتەوە، وتاربێژی دەکرێت، و لە سێ ساڵی رابردوودا، ٥٠٠ مزگەوتیان دروست کردوەو ئەمەش بە خۆشگوزەرانی دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن، وە شانازی دەکەن کە سەرچاوەی یاساکان و تەنانەت دەستوری پێشنیاری کوردستانیش، بنەما سەرەکیەکەی دینی ئیسلامە، هەر ئەوەشە دۆزەخی واقعی لە دنیای زیندوی ئیستادا بۆ ژنان داخستووە. ئەو دەسەڵاتەی رێگەی داوە حزبی سیاسی لەسەر بنەمای ناسنامەی دینی، دروستبکرێن و لەداهاتی خەڵکی کوردستانیش، کلور کلور دەکەن بە گەرویاندا و لەولاشەوە وەزارەتی ئەوقاف و دەیان هەزار بەلاشخۆریان بەناوی مەلاو “زانایانی ئاینی” قوتکردۆتەوە.

هەستیار کردنی کۆمەڵگا و راچەنینی بەرامبەر بەو دۆخە، پێویستی بە جەنگێكی فراوانی کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەیە لە دژی دەسەڵاتی سیاسی، کە دەستی دین و نەریتە کۆنەکانی بە تەواوی تێکەڵی سیستەمی سیاسی و ئیداری و یاسایی و پەروەردەیی و کەلتوری کۆمەڵگا کردووە. یەکسانی یاسایی ماف و ئازادییە و فەردی و مەدەنیەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان، بەبێ هەڵمەت و پەلامارێکی هەمەلایەنە بۆ سەر دەسەڵات و دین و نەریتە کۆنەکان و جیاکردنەوەیان لە سیستەمی سیاسی، مەیسەر نابێت. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئازادیخوازی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، دەبێ بە شێوەی جۆراو جۆر و گرتنەبەری بواری هەڵسورانی فراوان و جەماوەری و مەیدانی، جەنگی خۆی لەدژی هەموو ئەو یاساو رێساو نەریتانە رابگەیەنێ و بۆی تێبکۆشێت کە رێگەی یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاوانی بەستووە. خەبات بۆ یەکسانی تەواوی ژنان و پیاوان  لەهەموو مافە فەردی و مەدەنیەکان و دابینکردنی یەکسانی بۆ بەشداریان لە ژیانی سیاسی و لە مەیدانی ئابوری و کاری پیشەییدا، تا ئازادی عیشق و مافی پێکەوە ژیانی هاوبەش و مافی جیابونەوە، مافی یەکسان لە خێزاندا لە پەیوەند بەکاروباری ناوماڵ و سەرپەرشتی مناڵەوە…تاد. وە ناچارکردنی دەسەڵات بۆ دانانی سزای قورس بۆ هەر جۆرە ئازاردان و ترساندن و سوکایەتی پێکردن و ئازادی زەوتکردن و هەرچەشنە توندوتیژیەک کە لەدژی ژنان و کچان دەکرێت…تاد. ئەمانە ئەو مافە سەرەتایانەن کە دەتوانێت شکۆی بەرزی ژن تا رادەیەک بگێڕێتەوە سنورێک بۆ زەبری بەردەوامی پیاوسالاری لەسەر ژنان دابنێت و ئەو خوێن بەربونەی کۆمەڵگا رابگرێت. مانفێستی هەشتی مارس، دەبێ بەیانی نا وتن بێت، لە دژی سوکایەتی پێکردن، توندوتیژی جەستەیی و دەرونی، جوداسازی جنسی و بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانی ژن ئازاردەرو ژن کوژ…   

 سەرەتای مارسی ٢٠١٣

 

     عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

www.abdullamahmud.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.