Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
لە ڕوانگەی خەونەکانمانەوە…

لە ڕوانگەی خەونەکانمانەوە…

Closed
by December 5, 2012 گشتی

 

 

 

بەشی یەکەم

لە مێژووی هەر وڵاتێکدا و تەنانەت هەر هەرێمێك یا شار و شارۆچکەیەكدا زەمەنی پاش بارگەکراو بە خەبات و شۆڕش کەی بێت دەبێت گۆڕانێكی پۆزێتیڤ لەگەڵ خۆیدا پەلکێشی لاپەرەکانی مێژوو بکات و بەرنامەیەکیتر بە دیزاینێکیتر و شێوازێکی نوێی داواکاری و لە قاوغی سەردەمێکی پڕ لە خواستی نوێ بۆ جەماوەر ئامادە بکات، لە ڕوانگەی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە کوردستانی باشور، هەر سەرەتا نیوەی کوردستان ناوی ناوچە دابڕاوەکان یا کێشەلەسەرەکانی لێ نرا و کە ئەمە خۆی لە خۆیدا لەدەستچوونێکی گەرماوگەرمی ئەو ناوچانە بوو بۆ کورد لە ساتێکی زۆر لاوازی سیاسەتی ناوەند لە بەغدا، دیارە وەکو هەمیشە جەماوەر لە پرسە چارەنووسسازەکانی خۆیدا بێ ئاگاو بێ پرسە و لەگەڵ بڕیارە ژێرخانەکاندا بەیەك نامۆیە و ناچار پەلاماری ڕاگەیاندنە گشتییەکان دەدات بۆ هەڵکڕانی هەندێك زانیاری کە بۆ کورد لەو ناوچە بەناو دابراوە هێشتا هەر هەواڵ و بڕیاری دڵتەزێن و نائارامن و هێشتا لۆکالێکە بارگەکراو بە شۆڕش بەبێ سەرکردایەتی شۆڕش و هێشتا گۆڕانەکان خەڵکی ئەو ناوچانە پەلکێشی نێو ترژیدیاکانی ڕابووردوو دەکەنەوە.

بۆ شارێکی وەکو کەرکوك خاوەنی جەماوەرێکی کۆڵنەدەرو ئازاو پشوودرێژ و ئەوەندە سوور لەسەر بڕواو هیواو ئەوەندەش دوور لە بەرنامەی جیددی پاش پرۆسەی ئازادی دەبینین مەودای نێوان بیرکردنەوەی جەماوەرو وابەستەبوونی کوردی ئەم شارە بە خۆڵی ژێر پێی خۆیەوە لەگەڵ دەستکەوتی سیاسی نوێنەرو سەرکردەکانی لە ناوەند چەندە مەودایەکی فراوانە، دەبینین چەندە ڕوحی ئەم شارە خۆی لە بێ هیوایی دوور ڕادەگرێ و چەندەش تا ئێستا هەناسەیەکی هیوای هەڵنەمژیوە، چەندە ڕێگای سەفەری بەرەو ئازادی لێ دەکوژێتەوەو هەر ڕچەڕێ دەگرێتەوە بەر، چەندە بە زەبری بڕواو سووربوون لەسەر ئیرادەی خۆی دۆڕان دەڕوخێنێت، ئەوە گەرموگوڕی حزب و سەرکردەکان نین کە بەردەوامی بە ویستی ئەم شارە دەدەن بۆ نەدۆڕان و گەیشتن بە دەستکەوتەکان بەڵام ئەوە گەرموگوڕی حزب و سەرکردەکانە بۆ شەڕی ڕەنگ و دابەشبوونی هێز و هێنانەکایەوەی ڕکابەری و ڕق لە نێو جەماوەری شارێك کە تەنها بۆ لەناوبردنی ڕەنگی چەوسانەوە لە خەباتدا بوو نەك بۆ زۆرینەی ڕەنگێك، خاوەنی ڕەنگەکان پێگەی ڕەنگی خۆیان لە پێگەی چارەنوسی شارەکە بۆ لەپێشترە بۆیە ڕەگی هەموو دامودەزگاکانیان دابەش کردو تەنانەت پەروەردەشیان شێوان،  شارێك مێژوویەکی خاوێن لە خۆبەختکردن لە خۆ دەگرێت، شارێك خەونی نەوەکانی ئەمڕۆی لە قاوغی چەندەها خەونی تر و لە شەوەزەنگێکی تاریکترا دەبینرێت، شارێك خاوەنی چەندەها درامای مەزن لە ڕۆژگارێکی سەخت و دژوارداو ئێستاش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و دژایەتی فاشیست و داکۆکی لە مانەوەی ( هیچ نەبێ وەکو جاران ) دەبێت ڕابووردوو دوبارەبکاتەوەو پاش شۆڕشیش گۆڕانێکی بنەڕەتی بەرەو ساماڵی ئازادی پەلکێشی نەکردو بەڵکو بەداخەوە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی و ڵێڵبوونی داهاتوو دەیبات.

ئەو ڕۆژەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ کورد یەك لیست نەبوو و لە دۆڕانی دەنگەگان زیاتر هیچی نەبەخشییە ئەم شارە، ئەوە ڕەنگەکان بوون هێزی کوردیان لاواز کرد، ئەو ڕۆژەی بە هیچ پێوانەیەك ڕۆژی براجیایی نەبوو هەر ئەو ڕۆژەش کۆمەڵێ بەهای خەونمان بەرەو گۆڕستان بەڕێخست و دەنگی سی هەزار کەس بوو بە هیچ، ئەو ڕۆژەی پرسە نەتەوەییەکە بوو بە دووەم خاڵ و پاش پرسە حزبییەکە یا ڕەنگەکە کەوت کە ئەمە لەهەر پارچەیەکی کوردستان بکرایە نەدەبوو لە کەرکوك و ناوچە بەناو دابڕاوەکان بکرایە.

بەشی دووەم

ئاشکرایە کە ڕابووردووی تاڵی ئەم وڵاتەی ئێمە لەگەڵ ڕژێمی دیکتاتۆریدا بووە هۆی بە نهێنی کارکردنی پرۆسسەی خۆڕۆشنبیری کردنی خۆمان، واتە زۆر جار بۆ دەستکەوتنی کتێبێك بۆ خوێندنەوە چەندەها لاڕێ و پێچوپەنا گیراوەتەبەر، لە سەرەتای حەفتاکانەوەو تا پرۆسەی ئازادی هەموو دەقێکی باش یا تەنانەت تیورییەکی  مرۆڤدۆستیش بووبێت هەر یاساغ بووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خۆشترین کات ئەو کاتە بوو کە ئەو کتێبەمان دەستدەکەوت و دەمانخوێندەوەو دەستاودەستمان پێ دەکرد، خۆپڕچەککردنی ڕۆشنبیران لەو ڕۆژگارە سەختەدا بە خوێندنەوەو توینوبوونی ئەو کاتەی خەڵك بۆ بڵاوکراوەی نوێ و بەرهەمی ئەدەبی و فەلسەفی و ئابووری و سیاسی و زانستی لە ڕوخساری زۆربەیان هەست پێدەکرا، دیارە ئەم توێژە لە کەسانێکی جۆراوجۆر و ئاراستەجیاوازی کۆمەڵگا پێکدەهات. هەر ئەو ڕابووردووە تاڵەش بوو کە مەیدانی ژیانی کردە کایەیەك تەنها بۆ ترس و بۆ شەڕی درێژخایەن و هەموو ژیانی لە ڕەنگی چەك و سەربازی و داکۆکی ناعادیلانە هەڵکێشا و ئازوقەکەشی گەنجی هەموو نەتەوەکانی ئەم وڵاتە بوون و هەر ئەم بارە نائارامەش بوو کە زۆربەی دانیشتوانی بەرەو هەندەران بەڕێخست و بەتایبەت گەنجەکان کە هێزی ڕاگرتنی هەموو کۆمەڵگان و بنەمای پێشکەوتنی کولتوری و بنەمای وزەی کار و گەشەی زانستن، هەر بە حوکمی ئەو کۆچ و تەرحیل و دوورکەوتنەوەو پەرتەوازەبوونە بەشێکی زۆری خەڵك لە کوردستان دابڕان لەوانەش هەندێ لەو ڕوناکبیرانە.

پاش پرۆسەی ئازادی و ڕوخانی ڕژێم و بەتایبەتی بۆ کورد لە شاری کەرکوك دەرگای جیهانێکی نوێ و بێ سانسۆر بەرەو کتێب و خوێندنەوەو چاپ و بڵاوکردنەوە کرایەوە، زۆر لە بە‌هرەو توانا کپکراوو نووستوەکان بەئاگا هاتن و تا ئێستاش سەرقاڵی کردنەوەی دەرگای نوێ و هاوچەرخن بەڕووی ژیاندا، تا ئێرە ئەو خاڵانەن کە مێژوویەکی نزیك لە خۆ دەگرن بەڵام لێرەدا ئەوەی کە دێتە کایەوەو دەبێتە پرسیار: ئەرکی ئەو توێژە پڕچەکە لە زانست و ڕوناکبیریە چییە؟ ئەرکی ئەو توێژە بۆ ئێستاو بۆ داهاتوو چییە؟ لەسەر بنەمای ئەو داهاتە ڕۆشنبیرییە کەڵەکەبووەو ئەو سوودمەندیە لە کلتورو سیاسەت و زانستە مرۆییانەو ئەو بەریەککەوتنە لەگەل کەلەپوری تاراوگەدا کۆمەڵێك بۆچوون و تێڕوانین لەدایك دەبن کە دەکرێ ببنە سەرچاوەیەك بۆ خزمەت بۆ تازەگەری بۆ یەکخستنەوەو کۆکردنەوەی چەمکە بەربڵاوە گرنگەکانی نێو کۆمەڵگا.

بەحوکمی تۆڕە ئەلەکترۆنی و گەشەی زانست و نێتەوە ئەمڕۆ مرۆڤ دەتوانی ئامادەیی خۆی لەسەر هەر بستێکی ئەم دونیایە بسەلمێنی بەبێ جوڵەی خۆی، لێرەدا ئەرکی کۆکردنەوەی چەمکەکانی ڕوناکبیری و بەرجەستەکردنی لە خودی مرۆڤ خۆیدا دەیخاتە بەرامبەر مەسئولیەتێکی دیکە و دەیسپێرێ بە قۆناغێکی دیکە بەرامبەر بە نەتەوەکەی ئەویش ( ئەرکی لێپرسراوێتیی ) ە ، ئەرکی ڕوناکبیریش و بەتایبەت بۆ کەرکوك ئەرکی بەشداری بوونە لە قۆناغی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی ئێستای ئەم شارە، ئەرکی ئەو ڕوناکبیرانە لەسەر پرسە هەنوکەییەکان و بەردەوامی و وابەستەبوونیان بە ڕووداو و ئەو گۆڕانانەی لەم شارەدا ڕوویدا و ڕوودەدەن، بەڕای من نوسەر نوسەری هەر بوارێك بێت چ چیرۆك یا شیعر یا شانۆگەری یا هەر بابەتێکی تر ئەوەندە بەس نییە کە بەرهەمەکەی و داهێنانەکەی لەو کایەیەدا قەتیس بکات، دەبێت پەیامی خۆی ناوبەناو بەرەو هزری جەماوەر ڕۆ بکاو لە کاتی پرسە چارەنووسسازەکاندا ئامادەبوونی خۆی بسەلمێنێت.

پێم وایە ئامادەبوونی دەنگی ئەو ڕوناکبیرانەی تاراوگە لەم شارەداو لەم ساتە هەستیارەدا ئەرکێکە لەدەستدان و پشتگوێخستنی زیان بە ئارامی ویژدانمان دەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی لە سایتە ئەلکترۆنی و بڵاوکراوە جۆراوجۆرەکان دەنووسن دەتوانن چمکێکی دنیادیدەیی و تەجروبەو شارەزایی و کەڵەکەی زانستیان پەلکێشی نێو شاری کەرکوك بکەن و شەپۆلێکی مەعریفی و فەلسەفی لە چوارچێوەی ڕاوبۆچۆن و پێشبینی و دەنگ و ڕەنگی توانایان لە نێو پێداویستییە ڕوحی و ناڕوحیەکانی جەماوەری ئەم شارەدا جێبکەنەوە.

 ڕۆژگارێك بوو ئێمە خەونمان بەوەوە دەبینی کە بە ڕاشکاوی بنوسین و ڕاگەیاندن بکەینە مینبەری بیروڕاکانمان و دەبوایە کۆی مەبەستی نوسینەکانمان لە کۆمەڵێك قاوغی لوغز و ئاماژەی نادیاردا بئاڵێنین و لە مانا ڕاستییەکەی بیشارینەوە، بۆیە لە ڕوانگەی ئەو خەونانەمانەوە و لە گۆڕەپانی ئەمڕۆی کەرکوك دەتوانین دەنگمان لەسەر کۆی مەسەلەکاندا بە ڕاشکاوی هەبێت. 

مەدیحە سۆفی

madihasofi@yahoo.de

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.