Skip to Content

Tuesday, October 20th, 2020

لە یادی لەسیدارەدرانی فەرزادی کەمانگەر و ھاوڕێکانیدا ، یەکێک لە نامەکانی فەرزاد لە زیندانەوە بۆ قوتابیەکانی.

Be First!
by May 9, 2012 گشتی


بابە ئاوی دا.


سڵاو منداڵینە
زۆر دڵتەنگم بۆتان ، لێرەدا شەو و ڕۆژ بە بیرەوەریە شیرینەکانی ئێوەوە شیعری ژیان دەچڕم ، ھەمو ڕۆَژێ لەبری ئێوە بەیانی باش لە خۆرەتاو دەکەم ، لەنێو ئەم چواردیوارە بەرزانەوە لەگەڵ ئێوەدا بێدار دەبمەوە ، لەگەڵتاندا پێدەکەنم و لەگەڵتاندا دەنوم. ھەندێکجار ” شتێکی لەشێوەی دڵتەنگی ” سەراپای بونم دادەگرێ. خۆزگە دەکرا بە وێنەی جاران کە لە گەشت و گەڕان دەھاتینەوە و بەم گەرانەشمان دەگوتت گەشتی زانستی ، شەکەت و ماندو ، گەردو تۆزی ماندوێتیمان چەشنی زوڵاڵی ئاوی کانیاوان ھاوکات لەگەڵ دێدا بەفەرامۆشی دەسپارد. چەشنی ڕابردو گوێچکەکانمان بە ( دەنگی پێی ئاو ) و جەستەشمان بە نەوازشی گوڵ و گیا دەسپارد و ھاوکات بە سەمفۆنیای جوانی سروشت ، وانەمان ئامادە دەکرد. خۆزگە دەکرا کتێبی بیرکاریمان بەھەمو نەزانراوەکانیەوە ، خستبا بن بەردێکەوە ، چونکە کاتێ باوکە نەتوانێ نانێک بۆ خێزانەکەی بنێتە سەر سفرە چ جیاوازیەکی ھەیە مرۆڤ بەدوای سێ دابەش چواردەوە بێت یان سەد دابەش چواردە. وانەی زانستمان بەھەمو گۆڕِانە کیمیایی و فیزیکیەکانی دونیاوە خستبا ئەولاوە و بە ئومێدی گۆڕانکاریەک لە جنسی ” عیشق و موعجیزە ” پەڵە ھەورەکانی ئاسمانمان لەگەڵ نەسیمێکدا بەڕێ دەکرد و چاوەڕوانی گۆڕانکاریەکمان دەکرد کە کۆرشی ھاوپۆلتان لە قوتابخانەوە بەِڕێ نەکەنە کرێکاری و لە تافی لاویدا لە بەرزایی باڵەخانەیەکەوە نەکەوێتە خوارێ و بەجێمان نەھێڵیت. چاوەڕوانی گۆڕانکاریەک کە بۆ جەژنی نەورۆز دەستێک جلوبەرگی نوێ و جوتێک پێڵاو و سفرەیەکی پڕ لە نوقڵ و شیرینی بۆ ھەموان بەدەستەوە بێت.
خۆزگە دەکرا جارێکیتر و بەدزیەوە و دور لە چاودێرە توڕە و تۆسنەکەی قوتابخانە ئەلف بێی کوردیمان خوێندبا و شیعرمان بە زمانی دایک بۆ یەکتر خوێندباوە و گۆرانیمان گوتبا و دواتر دەست لەنێو دەست ھەڵپەڕیباین ھەڵپەڕیباین ھەڵپەڕیباین.
خۆزگە دەکرا دوبارە لەنێو قوتابیەکانی پۆلی یەکدا بوبامەوە گۆڵچی و ئێوەش بە خەون و خولیای بون بە ڕۆناڵدۆوە ، گۆڵتان لە مامۆستاکەی خۆتان دەکرد و یەکترتان لە ئامێز دەگرت.
بەڵام بەداخەوە نازانن کە لە وڵاتی مەدا ئاوات و خۆزگەکان بەر لە پشکوتن دەژاکێن. ئەی خۆزگە دەکرا جارێکی تر بوبامە پای جێگیری مامەی زنجیرھۆنی کچانی پۆلی یەک ، ھەمان ئەو کچانەی کە دەزانن چەند ساڵێک دواتر بە دزیەوە لەگۆشەیەکی دەفتەری یادگاریەکانیاندا دەنوسن :(خۆزگە بە کچ نەھاتبامە دونیاوە). دەزانم گەورە بونە ، سبەی مێرد دەکەن ، بەڵام لەلای من ھەمیشە ئەو فریشتە پاکەن ” کە جێ ماچی ئاھورەمەزدا” لەنێوان چاوە جوانەکانتاندا بەدی دەکرێ ، ڕاستی کێ دەزانێ کە ئێوەی فریشتە ئەگەر زادەی ھەژاری و کولەمەرگی نەبان ، کاغەز بەدەست بۆ کەمپینی ژنان ئیمزاتان کۆ نەدەکردەوە ، یان ئەگەر لە گۆشەیەکی ئەم (خاکە فەرامۆش کراوەی خودادا ) نەھاتبانە دونیاوە ناچار نەدەبون لە تەمەنی سێزدە ساڵیەوە و بە چاوانی پڕِ لە فرمێسک و حەسرەتەوە ( لە ژێر تۆڕی سپی ژنبوندا) بۆ دواھەمین جار ماڵاوایی لە قوتابخانە بکەن و چیرۆکی تاڵی ( ڕەگەزی دوەم بون) بەتەواوی بونتانەوە بچێژن. کچانی سەرزەمینی ئاھورا ئەگەر سبەی ویستتان لە داوێنی سروشتدا (پونە) بۆ ڕۆڵەکانتان بچێنن یان تاجێکیان لە بنەوشە و گوڵان بۆ دروست بکەن ، حەتمەن دەبێ یادێک لەسەردەمی منداڵیتان بکەنەوە.
کوڕانی بە سروشت خۆرەتاو دەزانم کە ئیدی بۆتان ناکرێ لە گەڵ ھاوپۆلەکانتاندا دانیشن و بخوێننەوە و پێبکەنن چونکە دوای ( بەڵای پیاو بون ) ئیدی (خەمی نان) بەرۆکتان بەرنادا. بەڵام لەبیرتان بێت پشت نەکەنە شیعر و ئاواز و لایلایە و خەونەکانتان ، منداڵەکانتان فێرکەن بۆ وڵاتەکەیان و بۆ ئەمڕۆ و بۆ سبەینێ ببنە ڕۆڵەیەک لە جنسی (شیعر و باران). ئیدی بە خۆرەتاو باتان دەسپێرم و تا سبەینێیەک _ کە ھێندە دور نیە _ وانەی عیشق و ڕاستی بۆ وڵات بڵینەوە.

 


لە فارسیەوە: ئازاد نەجم

Previous
Next

Leave a Reply