Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لە A تاکو Z … شیعرى : نەوزاد بەندى

لە A تاکو Z … شیعرى : نەوزاد بەندى

Closed
by December 19, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

(A)

خودایە

چى ئەبوو ئەگەر هەر کەسێکت

لەسەر ئەستێرەیەک بخوڵقاندایە ؟

بۆ تۆ چى تێ ئەچوو ؟

بەڵکو

شەڕى نەوت و دۆلار

تەواو ئەبوو ..

 

(B)

کە ڕژایتە ناو ژوورەکەم

نەمزانى چۆن کۆتکەمەوە !

وەک چۆن باران

چۆن هەور کۆناکرێنەوە ..

بە ناچارى تێر بۆت گریام ..

 

(C)

ئەزیزى من ..

کە لە دەست تۆ خۆم ڕاپسکاند

ڕامکرد و ..

دوور کەوتمەوە لێت ..

هیچم لەگەڵ خۆم نەهێنا ..

خۆمم لاى تۆ جێهێشتبوو ..

 

(D)

بۆ هەر جێگایەک بڕۆم

پێش خۆم ،

نەخۆشیەکانم ڤیزە وەرئەگرن

ئازارەکانم ماکیاج ئەکەن

خەمەکانم جل ئوتو ئەکەن

پێش ئەوەى دەرگا بکەمەوە ،

ئەوان لە پێشمەوە ئەڕۆن

بۆ هەر جێگایەک برٍِۆم

پێش خۆم یادگاریەکانم 

بۆینباخ لە مل ئەکەن ..

 

(E)

عەسران لەگەڵ بێئیشیدا ،

پاقلە ئەخۆم ..

شەوان لەگەڵ بێ خەویدا

ئەنگرى بێرد ئەکەم

بەیانیان لەگەڵ مەلەلدا ،

چا ئەخۆمەوە

چاى چەکوش سەوز

 

 

 

(F)

ڕۆژێک (دواکەوتن) نەبینم ،

هەست بە دواکەوتن ئەکەم ..!

ڕۆژێک ڕێکەوتى

قوڕ

قنگە جگەرە

عەلاگەى دڕاو

بۆنى زێراب

هات و هاوارى دوکاندارەکان

بێ وەفایى

جنێو ..نەکەم ،

هەست بە غەریبى ئەکەم .. !

 

)G)

هێشتا لام ڕوون نییە ،

ئێمە چرکە و سەعاتەکان لە زەمەن ئەدزین ،

یان زەمەن چرکە و سەعاتەکانى تەمەنمان ئەدزێ ؟؟

 

)H)

تەنیایى فێرى ئەوەى کردم

لە مردن نەترسم ..

 

)I)

بازاڕ بریتیە لە خاڵیکردنەوەى

گیرفانى یەکترى ..

خێزان بریتیە لە نەهێشتنى

بەتاڵبوونەوەى دنیا ..

مزگەوت بریتیە لە بنکەى

موشەکى ڕۆح ..

بڕوانە هەرسێکیان 

لە پیتى (ز) دا هاوبەشن

کە دەکاتە یەکەم پیتى زەمەن ..

 

)J)

جاران بەردەم هەر ماڵێک ،

ئاسنێک دائەکوترا ، ناوى :

ئاسنى قوڕ بوو

تۆپەڵێک چیمەنتۆ پان ئەکرایەوە ،

ناوى : سەکۆى دانیشتن بوو ..

ئێستا بەردەم هەر ماڵێک ،

بێدەنگیەک داکوتراوە 

ناوى : نامۆ بوونە ..

 

)K)

نازانم کەى بچم بۆ مەنفا ؟

ئەترسم پێش ئەوەى بگەمە جێ ،

مردن بگاتە لام ..

نامەوێ لێرە بمرم ..

با بە لایەنى کەمەوە تەرمەکەم ،

ئاسودە بێ ..

 

)L)

کە حوکمەت ڕوخا ،

وڵات پڕ بوو لە حوکمەت ..

ئێستا ملیۆنەها وڵات،

لەم عێراقەدا هەیە ..

بۆیە نەکارەبا بەش ئەکا 

نە ئاو ..

نە ئوتومبیل بەش ئەکا ،

نە پێڵاو ..

نە پۆلیس بەش ئەکا

نە قۆپچە

نە بودجە

نە سێبەر 

نە هەتاو ..

نە نەوت بەش ئەکا

نە خانوو ..

نە باران ..

نە کڵاو ..

 

)M)

من شاعیرێکى بێلایەنم

بۆیە تەنانەت کاک ئەمینى دراوسێیشمان

نازانێ من شاعیرم ..

هەوڵ ئەدەم شیعر لە یاد بکەم ..

کەچى لە پڕێکا شەوێک

شاژنى شیعر دێتە ژوورەکەم

ئەڵێ : قەڵەمەکەت دەرنەهێنى ، ئەقیژێنم ..

منیش لە ترسا قەڵەمەکەم دەرئەهێنم ..

بۆ سبەینێ ئەو شیعرە

لە دوا لاپەڕەى ڕۆژنامەیەکى ئەلیکترۆنى

بە پیتى بچووک

بڵاو ئەبێتەوە ..

هیچ کەسێک نایخوێنێًتەوە ..

هیچ کەسێک دوو وشە کۆمێنتى لەسەر نانوسێ ..

لە پەنایەکا یەخەى خۆم ئەگرم و

بەخۆم ئەڵێم :

تۆ کەى شاعیریی ؟ خوێڕى !

ئیتر جارێکى تر هەوڵ ئەدەم

شیعر هەڵدەمە ناو بیرەکەى یوسف ،

عەلەیهى سەلام ..

 

(N)

کورد کە لە مالیکى

سەرۆک وەزیرانى عێراق تووڕە ئەبێ ،

بە بەڕێز مالیکى باسى ئەکا ..

ئیتر نازانم ئەو (بەرێزە )

ڕێزە ..

جنێوە 

یان هەڕەشەیە .. ؟!!

 

)O)

ئەگەر شیعر لوقمە قازى بێ ،

شاعیرى حیزبى وەکو مێش وایە ،

نە ئەتوانێ لەقمە قازیەکە بخوا ..

نە ئەیشڕوا ..

ئەو لوقمە قازیەکە پیس ئەکا ،

تەنها .. 

 

)P)

کە منداڵى نەخۆش ئەبینم ،

ئەژنۆم ئەشکێ ..

چونکە زۆر قورسە بەرائەت نەخۆش کەوێ

کە منداڵى برسى ئەبینم 

هەزار جار ئەمرم

چونکە زۆر تاوانە بەرائەت برسى بێ ..

 

)Q)

عەشق دووبارە

دەقولبابى کرد بە دەرگاکانەوە

دووبارە مەرکانە و

کوپەى پڕ شێلم بەترشى

هێنایەوە حەوشەکەمان

دووبارە شانەى دار و

جامى فافۆنى پێناساندینەوە

چونکە عەشق

منداڵى کردینەوە ..

 

)R)

جاران حیزبەکان

فیشەکیان زۆر سەرف ئەکرد

ئێستا بۆینباخ ..

زۆر بەزەییم بە سیاسەتمەدارێکدا دێتەوە ،

کە لە چلەى هاویندا ،

قات و بۆینباخى پۆشیوە ..

عەزیزم !

ئەوروپیەکان کە بۆینباخ ئەبەستن ،

نە سیاسەتە و..

نە واجبە ..

ئەوروپا ساردە .. سارد ..

 

)S)

کوردى بەردەم کامێرا و

کوردى پشت کامێرا ، زۆر جیاوازن ..

 

)T)

من خودا ئەپەرستم

چونکە هەست ئەکەم بە بێ خوا ،

مرۆڤ ون ئەبێ ..

وەک کەشتیەکى بێ بەندەر ..

وەک گوڵێکى بێ ئینجانە ..

 

)U)

خۆ پیشاندان کاتێک ڕوو دەدات ،

کە دزییەکى گەورە ،

بە ڕۆژى نیوەڕۆ ڕوویدابێت ..

 

)V)

خودا

بەردەوام شیعر ئەنوسێ

بۆیە سروشت وا جوانە ..

 

)W)

زۆر جار لەناکاو خەمێک دێت و

ڕەشماڵێک لەسەر دڵم هەڵئەدا ،

ئیتر دەست ئەکا بە حەیواندارى خۆى !!

هەندێ جاریش شادیەک ،

وەکو کانیاوێ ،

لە دڵما ئەتەقێ و 

بۆ تاوێ لالەعەباس و

شەوبۆ و

مێخەکەکان لەخەو ڕائەبن !

 

)X)

بۆ / کۆمپانیاکانى چەکى قورس و سووکى جیهان

بابەت / بێخەم بن 

سڵاوێکى گەرم

بێخەم بن هەر جۆرە چەکێک دروست بکەن ،

هێشتا کەمە بۆ تەسفیەى حیساباتەکانى ئێمە ،

لە شەرقولئەوسەت ..

زیاتر دروست بکەن ،

بۆتان سەرف ئەکەین و

وەلدەفع موقەدەمەن …

 

)Y)

سەدەها جۆرى دزى هەیە ..

بەڵام ترسناکترین دزى ،

ئەو جۆرەیە کە هەندێک سیاسى ئەیکەن ،

دزینى باوک لە منداڵ ..

پیاو لە ژن ..

منداڵیى لە منداڵ ..

پاروو لە هەژار ..

زەردەخەنە لە لێو ..

خانوو لە خێزان..

هەناسە لە سى ..

خەو لە چاو ..

متمانە لە ژیان

 

)Z)

کە مردم ،

زەحمەت مەکێشن لە چاپکردنى شیعرەکانم ..

چونکە کەم بوونەتەوە ئەوانەى کتێب ئەخوێننەوە ..

کەمتر : ئەوانەى لە شیعر تێئەگەن ..

کەمترین : ئەوانەى کە گاڵتە بە شیعر ناکەن ..

حەق وایە بە بڕیارێکى ڕەسمى ،

زیندانێک بۆ شیعر دروست بکرێ ،

با چیدى هاووڵاتیان بێزار نەکات ..

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.