Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

ماتماتکییە هەنگارییەکە

Be First!
by March 30, 2012 زانست



(The Hungarian Mathematician)

من دڵنیام لە پرینستن(Princeton) بۆر (Bohr)موناقشەی لەسەر پێوان لەگەڵ جانی ڤۆن نیومەن(Johnny von Neumann) لەپێشڕەوانی بوارەکەدا کردووە، وەک من تێگەیشتم ئەم تێڕامانانە بووبەهۆی بەشداریکردنی گرنگتر لەماتماتیکدا تاوەکو فیزیک.
ئەبراهام پەیس(Abraham Pais)
جەنکسی(Jancsi)(جانیJohnny ) نیومەن لە(٢٨)ی دیسەمبەری(١٩٠٣) لەبوداپێست(Budapest)و لەبنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی بانکداردا لەداییک بوو، لەنێوان ساڵانی(١٨٧٠)بۆ (١٩١٠)بوداپێست گەشەسەندنی ئابوری لەناکاویی بەخۆیەوە بینی، بۆیە خەلکانێکی زۆر لەنەتەوەکانیتر  لەوڵاتانی دراوسێی هەنگاریاوە بۆدەستکەوتنی هەلی کار رویان تێکرد. ئەمە شێوەیی  پایتەختێکی ئەوروپی بەشارەکەدابوو، لەدەوربەری ساڵانی (١٩٠٠)دا، نزیکەیی(٦٠٠) قاوەخانە(coffeehouse) ژمارەیەکی زۆر یانەی یاری(playhouse)و سەمفۆنیایەکی بەناوبانگ‌و کۆمپانیایی ئۆپێڕاو سیستمێکی پەروەردەیی کە ئەوروپا ئاواتی بۆدەخواست  لەشارەکەدا بوونی هەبوو. تموحی زۆرو کارکردنی قورس شانسی دەسکەوتنی سەرکەوتن لەژیانی ئابوری شارەکەدا  لەڕێی ئەو کەسانەدا بوو روویان لەبوداپێست کردبوو، لەنێو تازەهاتووەکان  ژمارەیەکی زۆر جوولەکە بوونیان هەبوو کە لەسەرانسەری ئەوروپاوە روویان لەشارێک کردبوو کە ناسرابوو بەوەی  کۆمەڵگایەکی رۆشنبیرەوگونجانی ئایینی تێدایە.
دایک‌و باوکی جانی ماکس(Max)ومارگرێت(Margaret) لەشارۆچکەی پیکسی(Pecs)سەرسنووری یوگسلاڤیا(Yugoslavia)وە کە ئەو دەم لەکۆتایی (1800)ەکاندا ژمارەیەکی زۆر جوولەکەیی لێدەژیا، بۆ ئەو شارە هاتبوون.
ماکس بەقورسی کاریدەکرد بۆیە لەپاداشتی زەحمەتەکانی  چەندساڵەییدا بووبەرێوەبەرێکی بەدەسەڵات لەبانگێکی سەرکەوتوویی هەنگاری کە قەرزی دەدا بۆبازەرگانی بچووکی خۆبەڕێوەبەر‌و کۆمپانیا کشت‌و کاڵییەکان، باری ژیانی ماکس زۆر باشبوو،  بۆیە لەماوەی چەند ساڵدا توانی شووقەیەکی(١٨)ژووری  لە بینایەکدا بکڕێت کە چەندین بنەمالەی جوولەکەیتریش لەو بینایەدا دەژیان، یەکێک لەوان بنەماڵەی ژنبراکەی(یان ئاوەڵزاوەکەی)بوون ، منداڵانی دوو بنەماڵەکە لەنێو بیناکەو هەردوو شوقەیی راقییدا پێکەوە یارییان دەکرد.
سەرەڕایی سەرکەوتنی دارایی، ماکس نیومن توانی  کارییگەری لەسەر سیاسییە هەنگارییەکان هەبێت. بووبە بەیەکێک لەروخسارە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای هەنگاریاو راوێژکارێکی دارایی سەرکەوتوویی حکومەتی هەنگاریا، لەساڵی (١٩١٣)دا ماکس نیومەن ناونیشانی خانەدانی پێبەخشرا، ئەمە هاوتایی نیشانی شوالییەیە(knighted) کە شاژنی بەریتانیا دەیبەخشێت.
سەرەڕایی ئەو شانازییە –کە بۆ جولەکەکان دەگمەن بوو- ماکس ئێستا دەیتوانی پێشگری ڤۆن(von) لەناوەکەی زیاد بکات‌و ناوەکەی گۆڕی بەماکس ڤۆن نیومەن(Max von newmann)و بووبە ئەندامێکی بنەماڵە خانەدانەکانی هەنگاریا، کوڕەکانی جان(John)، کوڕە گەورەکەیی‌، و دوو براکەیی مایکڵ(Michael)و نیکولاس(Nicholas) دەیانتوانی هەمان ئیمتیازیان هەبێت، بۆیە لەتەمەنی (١٠)ساڵییدا جانکسی نیومەنی(Jancsi Neumann) مێرمنداڵ بووبە جان ڤۆن نیومەن(John von Neumann)ولەهەموو ژیانییدا پارێزگاری لەدۆخی خانەدانییە ئەوروپییەکەی کرد. خانەوادەکە تەنانەت دروشمێکی تایبەت بەخۆیان هەبوو کە بریتیبوو لەکەروێشکێک‌و پشیلەیەک‌و کەڵەشێرێک، ماکس وایدانبوو جانی لەکەڵەشێر دەچێت چونکە هەندیکجار دەیخوێند؛ مایکل لەپشیلە دەچوو هەووەها گەنجترینەکەیان واتە نیکولاس لەکەرویشک دەچوو. ڤۆن نیومەنەکان دروشمەکەیان بەشووقە نایابەکەیانەوە لەشارەکەدا هەڵواسیبوو، هەروەها لەسەر دەروازەی موڵکە گرانبەهاکەیان کە لەدواییدا کڕییان‌و هاوینان کاتی خۆیان لەوێدا بەڕێدەکرد. بنەماڵەکە نەتەنها بووبە ئەندامێکی بنەماڵە ئەریستۆکراسەکانی هەنگاریا، بەڵکو ئەوان لەنێو پارێزەرانی سەرسەختی ئەو بنەماڵانەدا بوون، دوایی ئەوەیی لەساڵی (١٩١٩)دا بێلاکون(Bela Kun) فەرمانرەوایێکی کۆمۆنیستی دروستکرد، ماکس ڤۆن نیومەن چوو بۆ ڤییەنا(Vienna)و داوایی لەئادمیراڵ هۆرسی(Horthy) کرد تاوەکو هێرش بکاتە سەر هێزەکانی کون‌و دەستبەسەر هەنگاریادا بگرێت‌، ئازاد بوون لەدەست کۆمۆنیزم بۆ یەکەمیینجار(دووهەم جار دوایی رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت، روویدا).
لەساڵی شومی(١٩١٣)دا کاتێک بنەماڵەکە ناونیشانی خانەدانییان پێدرا، جەنگ لەهەموو ئەوروپادا راگەیاندرا، جانی تواناییە زێهنییە درەوشاوەکەی پیشانبدات، کە ئەوی لەئەندامانیتری بنەماڵەکەی‌و هەموو دەوروبەرەکەی جیادەکردەوە. تواناییەکەیی کاتێک دەرکەوت کە باوکی  لەکاتێکدا تەنها دەساڵی بوو، داوایی لێکرد دوو ژمارە لەیەکترییدا کەڕەت بکات، ئەو منداڵە  داخوازییەکەی بەخێرایێکی سەرسووڕهێنەر بەئەنجامگەیاند، ماکس لەدواییدا دوو ژمارەی گەورەی پێداو منداڵەکە لەکەمتر لەچەند چرکەیەکدا حەسێبی کرد، باوکی سەرسامبوو تێگەیشت کە ئەمە منداڵێکی ئاسایی  نییە، مۆهەبەتی جانی لەسەرەوەی تەسەوەری خەلکەوە بوو.
دواتر لەقوتابخانە دەرکەوت جانی زۆر زیاتر لەو مادانەیی کە مامۆستاکان دەیانوتەوە دەزانێت، لەکاتی قسەکردنی بنەماڵەکە‌ لەدەوری مێزی نانخواردن، ئەو لەتێگەیشتن لەوبابەتانەیی قسەی لەسەر دەکرا زۆر سەرتر بوو لەهەموو ئەندامانیتری بنەماڵەکە.
کاتێک دایک‌وباوکی تێگەیشتن منداڵە گەورەکەیان بەشێوەیی سەرسووڕ هێنەر بەتوانایە، هەوڵیاندا تاوەکو هەڵی ئەوەی بۆ بڕخسێنن تاوەکو پێبگات، مامۆستایی تایبەتییان بۆ گرت تاوەکو ماتماتیک‌و زانستی پێشکەوتووی پێبڵێتەوە، هەروەها باوکی قسەوباسی فیکری لەدەوری مێزی نانخواردنەکە دادەمەزراند کە لەودا هەموو ئەندامانی بنەماڵەکە بەشدارییان تێدا دەکرد، ئەمە هەلی بۆ گەنجە بلیمەتەکە دەرەخساند تاوەکو تواناییەکانی دەربخات.
لەتەمەنی یازدە ساڵییدا جانی نێردرا بۆ جیمناسیۆم(gymnasium) کە بریتی بوو لەقوتابخانەیەکی ئەوروپی هاوشێوەیی دواناوەندی، ئەم قوتابخانەیە بەشێوەی ئاسایی  قوتابی بەتەمەنی چەند ساڵ گەورەترەوە وەردەگرت، لە جیمناسیۆمدا جانی فێری ماتماتیک‌و یۆنانی‌و لاتیین‌و بابەتەکانیتر بوو، لەهەمووشیاندا پلەی نایاب بوو.
لاسلۆ رەیتز(Laslo Ratz) مامۆستاێکی بیرکاری دواناوەندییەکە خێرا تێگەیشت جانی بەهرەدارێکی پۆلەکەیە، ئەو چوو بۆلای ماکس ڤۆن نیومەن‌و پێشنیاری پێکرد تاوەکو کورەکەی شتی زیاتری لەماتماتیکدا فێر بکرێت، بۆیە رەیتز راسپێردرا  تاوەکو لەدەرەوەی پۆلی ماتماتیکییە ئاساییەکە ، لەحەفتەدا سێ جار بەشێوەی تایبەتی ماتماتیکی پێبوەترێتەوە، بەڵام رەیتز زوو تێگەیشت جانی زۆر زیاتر لەوە دەزانێت کە ئەو پێیدەڵێت، رەیتز جانی برد بۆ زانکۆی بوداپێست(University of Budapest)و لەپۆلەکانی ماتماتیکی پێشکەوتوودا ناونووسیکرد، ئەو گەنجترین کەس بووە کە گەیشتبێت بەزانکۆ.
ساڵێک دواتر دەستی بەخوێندن لەزانکۆکە کرد، یەکێک لەهاوڕێ قوتابییەکانی(چەند ساڵ لەو گەورەتر) دەربارەی بیردۆزێک(theorem)لە تیۆری ژمارەکاندا پرسیاری لێکرد، جانی بیردۆزەکەی دەزانی – ئەو بیردۆزە ئەنجامێکی نەسەلمێندراوی هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر ماتماتێکزان کاریان لەسەر کردبوو، هاوڕێکەی(کە چەند ساڵ دواتر خەڵاتی نۆبلی بردەوە) پرسیاری لێکرد ئایا دەتوانێ بیسەلمێنێت، جانی بۆ ماوەی چەندیین کاتژمیر کاری لەسەرکردو سەلماندی.
 لەماوەی یەکساڵدا ئەو ناوی خۆی لەزانکۆی ناسراوی تەکنیکی زوریخ(Zurich)( ETH)(ئەو زانکۆیەیی ئەنیشتاین لێی دەرچوو- Einstein’s alma mater) نووسی، ماوەیەکی کورت دواتر چوو بۆ زانکۆی بەرڵین(University of Berlin)، لەهەر سێ ئەنستیتۆکەدا بووبە مایەیی سەرسووڕمانی ماتماتیکزانەکان کە یەکێک لەوان دەیڤید هێلبێرت(David Hilbert)(1862-1943)ی ناسراو بوو، تێگەیشتنی زیرەکانە لەماتماتیک‌و توانایی سەرسووڕهێنەر لەحەسێبکردن‌و شیکاری پرۆبڵێمەکان بەخێرایێکی بێهاوتا.
لەکاتی شیکاری پرۆبڵێمێکی ماتماتیکیدا، ڤۆن نیومەن روی دەکردە دیوارو روخساری هەموو دەربڕینێکی لەدەستدەداو بۆماوەی چەند خولەک لەگەڵ خۆییدا قسەی دەکرد، بەتەواوەتی لەنێو پرۆبڵێمەکەدا نووقم دەبوو هیچ شتێکی لە روداوەکانی دەوروبەریی نەدەبیست‌و نەدەدی، لەپڕ روخساری بەشێوەی ئاسایی دەکرایەوەو لەدیوارەکە دوردەکەوتەو وڵامی پرۆبڵێمێکی باسدەکرد.
شەش براوەیی  خەڵاتی نۆبڵ لەدایکبووی بوداپێستی نێوان(١٨٧٥)بۆ(١٩٠٥)ن(پێنجیان جوولەکەن)، چوار لەپێشڕەوانی زانستی نوێ‌و ماتماتێک هەر لەوساڵانەدا لەبوداپێست لەداییک بوون، هەموویان لەقوتابخانە نایابەکانی هەنگاریا، جیمنازیا(gymnasia) خوێندوویانەو لەمالەوە پەروەردە کراون .
نیو سەدە دواتر براوەی نۆبڵ یوگن ویگنەر(Eugene Wigner)کە یەکێک بوو لە دە بلیمەتەکە، پرسیاری لێکرا دەربارەی هۆکاری ئەو دیاردەیە، ویگنەر وڵامی دایەوە کە لەپرسیارەکە تێناگات‌ ئەو وتی” هەنگاریا تەنها یەک بلیمەتی دروستکردووە ئەویش ناوەکەی جان ڤۆن نیومەنە”.
زۆرترینی هەنگارییە بلیمەتەکان کۆچیان کرد بەرەو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە کارییگەرییان لەسەر پەرەپێدانی زانستی نوێ یەکجار زۆر بوو، کاتێک ئەوان گەیشتنە ئەمریکا توانا تایبەتییەکانیان  کۆمەڵگایی زانستی حەیرانکردو هەندێک کەس دەستیانکرد بەدروستکردنی نوکتە کە ئەم زانا دەرەکییانە هەنگاری نیین بەڵکو بێگانەگەلێکی دەرەوەی فەزان نێردراون بۆ دەسەڵاتی زانستی ئەمریکایی.
سێئۆدۆر ڤۆن کارمەن(Theodore von Karman) یەکەم کەسی دە نەفەرەکە بوو کە هات بۆ ئەمریکا، بەدوایی ئەودا ئیدوارد تێلێر(Edward Teller)و ئەوانیتر کە یەک لەوان جان ڤۆن نیومەن بوو لەساڵانی(١٩٣٠)کاندا روییان لەو وڵاتە کرد، کاتێک تێلێر گەیشتە ئەمریکا لەگەڵ ئەو چیرۆکە دەرەوەی زەویانەدا دەبارەی سەرچاوەی ئەم بلیمەتانەوە بەڕوروبوو، تێلێر واپیشاندەدا نیگەرانەو دەیگوت”ڤۆن کارمەن دەبێت قسە بکات”.
پێش کۆچکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، جانی ڤۆن نیومەن –کە بەدڵنییاییەوە بلیمەتترینی هەموویان بوو-فێرکردنێکی باش لە ماتماتیک‌و زانستدا کرابوو، هەر ئەمە بووبەهۆی ئەوەی  ببێت بە یەکێک لەگەورەترین ماتماتیکییەکانی تەمەنی خۆی، ئەو فێربوونەکەیی لەزانکۆکانی زوریخ(Zurich)، گوتنگن(Göttingen)و بەرڵین(Berlin) بەئەنجامگەیاندبوو.
لەساڵی (١٩٢٦)دا ڤۆن نیومەن چووبۆ گوتینگن‌و لەوێ گوێ بیستی وانەیەک بوو کە لەلایەن ورنەرهایزینبێرگەوە(Werner Heisenberg)لەسەرمیکانیکی ماتریکس(matrix mechanics)ی‌و جیاوازییەکانی نزییکبوونەوەی ئەو لە میکانیکی کوانتەمی‌و ئەوەی کە بەناوی شرودێنگێرەوە بوو، پێشکەشکدەکرا(بە نزییکەیی هەمان ئەو قسانە نووسەری ئەم بابەتە (٤٦)ساڵ دواتر لەبرکلی گوێ بیستی بوو). لەنێو ئەوانەی گوێبیست بوون دەیڤید هێلبێرتیش(David Hilbert) کە گەورەترین ماتماتیکزانی سەردەمی خۆی بوو بوونی هەبوو، بەپێی وتەی نۆرمان ماکرایی(Norman Macrae (John von Neumann, AMS, 1999))، هیلبێرت لەو تیۆری کوانتەمییەیی کە لەلایەن هاێزنبێرگەوە پێشکەش دەکرا تێنەدەگەیشت بۆیە داوایی لەیاریدەدەرەکەی دەکرد تاوەکو بۆی شیبکاتەوە.
ڤۆن نیومەن ئەمەی بینی‌و بڕیاریدا تیۆری کوانتەمی بۆ ماتماتیکزانە پیرەکە بەشێوەک  شیبکاتەوە بۆئەوەی تێیبگات، ئەویش بریتیبوو لەزمانی ماتماتیکی. بۆ ئەنجامدانی ئەمە ڤۆن نیومەن ئایدیایی فەزای هێلبێرت(Hilbert Space)ی بەکارهێنا، ئەمەش زۆرتر بۆ دڵخۆشکردنی هێلبێرت بوو، لەئیمڕۆدا زانایانی فیزیا فەزای هێلبێرت بۆشرۆڤەو شیکاری جیهانی زۆر ورد بەکار دەهێنن، فەزاێکی هێلبێرت بریتییە لە فەزاێکی هێڵی(linear)ئاراستەدار(vector)لەگەڵ نۆرم(norm)ێکدا(پێوانێکی دورایی)وتایبەتمەندی بەتەواوەتی(completeness).
ڤۆن نیومەن ئەو وتارە زانستییەیی بۆ هێلبێرتی نووسیبوو لەکتێبێکدا بەناوی بنچینەماتماتیکیەکانی میکانیکی کوانتەمی(The Mathematical Foundations of Quantum Mechanics) پەرە پێدا، ئەم کتێبە لەساڵی(١٩٣٢)دا بڵاوکرایەوە.
ڤۆن نیومەن روونی کردەوە ئەندازە(Geometry)یی ئاراستەدارەکان لەسەر رووبەرێکی ئاوێتەیی(complex plan) هەمان تایبەتمەندی رواڵەتی(formal) دۆخەکان(states)ی سیستەمێکی میکانیکی کوانتەمی هەیە. ئەو هەروەها بە بەکارهێنانی هەندێک گریمانە دەربارەی جیهانی فیزیایی بیردۆزێکی  دۆزییەوە کە دەیسەلماند” بگۆڕەی شارەوە”( hidden variables)بوونی نییە، کە ئەمە دەیتوانی ببێت بە نادڵنییایی(uncertainty)لەسیستەمە کوانتەمییەکاندا. لەگەڵ ئەوەی دەرئەنجامەکەی لەگەڵ پێشنییەکاندا گونجاو بوو، جان بێڵ(John Bell) بەسەرکەوتوویی تەحەدایی گریمانەکەی ڤۆن نیومەنی، لەوتارە زانستییە جەسوورانەکەیدا لەساڵانی (١٩٦٠)ەکاندا کرد. هێشتا نیومەن یەکێک بوو لەدامەزرێنەرانی بنچینەکانی ماتماتیکی تیۆری کوانتەمی‌و کارەکەی گرنگە لەبونیادنانی مۆدێلە ماتماتیکییەکان بۆ دیاردە فیزیاییە پێشبینی نەکراوەکانی جیهانی کوانتەمی، کلیلی نێو ئەم چەمکانە بریتییە لە ئایدیایی فەزایی هێڵبێرت.
فەزاێکی هێڵبێرت بە(‌H)پیشاندەدرێت‌و بریتییە لە فەزاێکی ئاراستەداری هێڵی تەواو(Complete linear vector Space)(لێرەدا تەواو بەمانای ئەوەیە کە زنجیرەیەک لەتوخمەکان(Elements)(ئەندامەکان) لەفەزاکەدا کۆدەبنەوە(Converge)بەرەو توخمەکانی فەزاکە).
کاتێک لەفیزیکدا بەکاردەهێنرا، فەزا لەسەر ژمارە ئاوێتەکان(complex numbers)پێناسە دەکرا، کە ئەمە پێویستە بۆبەخشینی دەوڵەمەندی بەفەزا بۆدروستکردنی مودێلی تایبەت لەبارۆدۆخە جۆربەجۆرەکاندا.
ژمارە ئاوێتەکان ئەو ژمارانەن کە لەوانەیە هەڵگری توخم(ئەندام)ی(i)بن، کە ئەمەش بریتییە لە رەگی سالب یەک. فەزایی هێڵبێرت (‌H)ی ئەو هەلە بۆفیزیکزانەکان دەرەخسێنێت تاوەکو بە ئاراستەدارەکان بەباشی کاربکەن کە بریتیین لەئەو بوونە ماتماتیکیانەی کە هەم بڕ(Magnitude)یان هەیە هەم ئاراستە(Direction): کە بە تیراسا(Arrow)یکی بچوک لەفەزای هیلبێرتدا پیشاندەدرێت.
ئەم تیراسایانە دەکرێت کۆبکرێنەوەو لەیەکدەربکرێن، هەروەها لەژمارەکاندا کەڕەت بکرێن، ئەم تیراسایانە پێویستی ماتماتیکی فیزیایی تیۆریین، چونکە ئەوان دۆخە کوانتەمییەکان پیشاندەدەن.
ڤۆن نیومەن چووبۆ ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوە پێشکەوتووەکان لەپرینستن لەسەرەتایی ساڵانی(١٩٣٠)ە کاندا، ئەوو ئەنیشتایین هەرگیز رووبەڕوو یەکیان نەگرت، جیاوازییەکانیان زیاتر سیاسی بوو-ڤۆن نیومەن  ئەنیشتاینی بەکەسێکی سادە دەزانی، بۆ خۆی بڕوایی وابوو هەموو چەپەکانی حکومەتەکان لاوازن‌و بەشێوەیەکی کورتبینانە پشتگیری سیاسەتە موحافزەکارەکان دەکەن، ئەو کەوتە نێو پرۆژەی مانهاتەنەوەو بەپێچەوانەیی زۆرترینی  ئەو زانایانەیی کە بەشدارییان لەدروستکردنی  بۆمبدا کردبوو هەرگیزهیچ کێشەیەکی ئەخڵاقی لەگەڵ ئەنجامی لەگەڵ دەرئەنجامی ئەوە کارەدا نەدەبینی. هیچ کەسێک گومانی لەوەدا نییە کە نیومەن بەشدارییەکی  گەورەیی لەتیۆری کوانتەمییدا هەبووە. کتێبەکەیی لەسەر ئەم بابەتە بووە بەئامێرێکی پێویست‌و نووسراوێکی  گرنگ لەسەر بنچیینەکانی میکانیکی کوانتەمی.
یوگن ویگنەر(Eugene Wigner) ،کە لەدواییدا خەڵاتی نۆبڵی بۆکارەکەیی لەسەر فیزیک وەرگرت، دوایی جان ڤۆن نیومەن کە پێشتر لەوێ ناسرابوو، هەندێک کەس دەڵێن ویگنەر لەلایەن پرینستن‌وە لەهەنگاریا بانگهێشتکرا بۆ ئەوەی جانی تەنها نەبێت‌و کەسێک هەبێت هەنگاری لەگەڵییدا بدوێت. کاتێک کتێبە سەرەتاییەکەیی نیومون بە ئینگلیزیی دەرچوو، ویگنەر بە ئابنێر شیموونی(Abner Shimony)وت ؛” من زۆر دەربارەی میکانیکی کوانتەمییەوە لەجانییەوە فێربووم، بەڵام مادەی بەشی شەشەکەی[لەسەر پێوان(measurement)] جانی هەرهەموویی لەمنەوە فێربووە”.
کتێبەکەیی ڤۆن نیومەن هەڵگری ئارگیومێنتێکە(argument) کە بۆموناقشەکانی دواتر لەسەر دەڕبڕین(interpretation)ی میکانیکی کوانتەمی گرنگ بوو، بەواتاێکیتر سەلامامدنی ئەوەی میکانیکی کوانتەمی بەهۆی تیۆری بگۆڕە شاراوەکانەوە(hidden variables)، کە لەودا هەموو بۆشیاوبینینێک (observable)، بڕی تایبەت بەخۆی هەیە،ناکرێت تەواو(completed) بێت.
سەلماندنی ئەم بابەتە بەشێوەی ماتماتیکی راستە، بەڵام بەندە لەسەر پێشگریمانەیەک کە لەدیدی فیزیکەوە گومانی لەسەرە. ئەم درزەیی کتێبەکەی ڤۆن نیومەن چەندیین دەیە دواتر لەلایەن جان بێڵ(John Bell)وە خرایەڕوو.


نووسینی:  Amir D.  Aczel
وەرگێڕانی: حسێن حسێنی

 

Previous
Next

Leave a Reply