Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

مادەى 140 دەروازەیەك بۆ گۆڕان … بەهرەوەر مەرزانى

Be First!
by January 31, 2008 گشتی

 عێراق ئەو وڵاتە سەقەت و بەزۆر داتاشراوەى هەر لەسەرەتاى دروستبوونیەوە بۆتە گۆڕەپانى ململلانێى نێوان هێزە ئازادیخوازەكان لەپێناو بەدیهێنانى رزگارى كەل و سەربەخۆیى نیشتماندا و سەركوت كردن و قڕكردنى ئازادیخوازان و خەڵكى ستەم دیدە لەلایەن رژێمە شۆڤێنیە یەك لەدواى یەكەكانى ئەو وڵاتە, گەلى كوردیش لەونێوەندەدا زەرەر مەندى هەرە گەورە بووەو بەدرێژایى ئەو مێژووە چەو سێنراوەتەوەو دووچارى دڕندانەترین شێوازى قڕكردن بۆتەوەو هەوڵى سڕینەوەى ناسنامە نەتەوەییەكەى دراوە , بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەو زوڵم ستەمانەش هیچ كاتێك چۆكى لە بەردەم داگیر كەراندا دانەداوەو هەمیشە سوور بووە لەسەر خەبات و قوربانیدان لەپێناو رزگارى و سەربەخۆیى نیشتمانەكەیدا .
 دواى پرۆسەى ئازادى عێراق و لەگۆڕنانى یەكێك لە سەرسەختترین رژێمەكانى عێراق و ناوچەكە لەلایەن سوپاى هاوپەیمانان بە رابەرایەتى ئەمریكا و هەڵوەشاندنەوەى سوپاو زیاتر داتەپینى ئابوورى ئەو وڵاتە كە لەدواى شەڕى كەنداوى دووەمەوە بەهۆى گەمارۆى ئابوورییەوە ژێرخانى ئابوورى عێراقى لەرزۆك و فشۆڵ كردبوو , عێراقى بەناو كوردوعەرەبى شیعەو سونەو كەمە نەتەوەكانى ترى كردە گۆڕەپانى تیرۆرستان كە تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت رۆژ نییە بەدەیان هاوڵاتى ئەو عێراقە عەرەبیە لەباشوورو ناوەڕاستدا نەبنە سووتەمەنى دەستى گروپە تیرۆرستیەكان و ململانێى نێوان شیعەو سونە , كە بێگومان خەڵكى كوردستانیش لە پرشكى ئەو ئاگرە بێبەش نەبوونەو دەشتى رەشى تیرۆرستان گەیشتووتە بێنە قاقایان و لەناو جەرگەى شارەكانى كوردستاندا بەدەیان لەسەركردەو خەڵكى سڤیلى گەلەكەمان بوونە قوربانى عێراقى هەمووان و دەستى رەشى تیرۆرستان .
 من وەك تاكێكى كورد نایشارمەوە كە زۆر جاران روو بەرووى توندى رەخنەى هەندێك لە نووسەران و رۆشنبیران دەبمەوە بەوەى كە كەسێكى عونسرى و نەتەوە پەرستم و هەموو نەتەوەكانى تر رەتدەكەمەوە كە هەندىَ لەهۆكارەكان دەگەڕێتەوە بۆ بیركردنەوەى خۆم وەك كوردێك كە لەماوەى نزیكەى نۆهەد ساڵى دروست بوونى ئەو وڵاتەوە گەلەكەمان جگە لەماڵ وێرانى و دەربەدەرى و كوشتن و بڕین و سڕینەوەى ناسنامە نەتەوەییەكەى هیچى ترى لەم وڵاتە بەزۆر داتاشراوە نەبینیوە كە بەبىَ ویستى خۆمان كراوین بەبەشێكى و ئەمڕۆش سەرەڕاى ئەو هەموو زوڵم و ستەمەى لەچوار چێوەى ئەو وڵاتەدا دەرهەق بەكەلەكەمان ئەنجامدراوە هەمیشە لەریزى پێشەوەین بۆ دروستكردنەوەى كە دەبوایە سەركردایەتى سیاسى كورد لەبرى بنیاد نانەوەى هێندەى تر هەوڵى داڕوخانى بدایە , چونكە هەرگیز عێراقى عەرەبى نابێتە عێراقى كورد , داگیركەرانى كوردستان لەلایەك و شیعەو سونەى ناو عێراقیش ئەگەر لەسەر هەموو شتێك ناكۆك بن ئەوا لەدژایەتى كردنى گەلەكەمان و دەسكەوت و مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانى كۆك و هاوڕان .
 ئاشكرایەو گومانى تێدانییە لەدواى راپەڕینى بەهارى 1991 و تا روخانى رژێمى سەدام خاكى كوردستان بووبوە پەناگەى بەشێكى زۆرى ئۆپۆزسیۆنى عێراق و لەژێر سێبەرى پەرلەمان و حكومەتى كوردستاندا بە ئارەزووى خۆیان تەڕاتانێیان تێدا دەكرد كەچى دواى گەیشتنیان بەدەسەڵات هەمان سیاسەتى سۆڤێنیانەى رژێمەكانى پێشوو پەیڕەو دەكەن و لەدژى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانمان وەستاون .
 ماددەى 140 كە وەك دەروازەیەك بۆ گۆڕان و كردنەوەى گرىَ كوێرەى كێشەكان سەیر دەكراو بەجێبەجێكردنى خەڵكى كوردستان چاوەڕێى ئاسۆیەكى گەشیان لێدەكرد كەچى ئەمڕۆ بۆتە خاڵى هاوبەش و كۆكردنەوەى شیعەو سونە لەپێناو جێبەجێنەكردنیدا كە دەبوایە لە نووسینەوەى دەستوردا شەڕى كورد لەسەر دیاریكردنى سنوور بوایە نەك گرەو كردن لەسەر بەشێكى خاكى نیشتمان كە مێژوو كوردستانى بوونى سەلماندووە و كەس بۆى نییە دەنگ لەسەر كوردستانى بون یا نەبونیان بدات تەنانەت كوردیش , بۆیە پێویستە هێندە خەمسارد نەبین لەچارەسەر كردنى كێشەكانمان و  گەشبین نەبین بەداهاتووى وڵاتێك كە عەرەب تیایدا سەروەرو ئاغابێت چونكە عەرەب چ شیعەبىَ و چ سونە هەر عەرەبەو كە گەیشتە دەسەڵات هەمان بیركردنەوەى شرڤێنیەكانى ترى دەبێت , لەبەرامبەر ئەمەشدا دەبىَ سەركردایەتى سیاسى كورد بەخۆیدا بچێتەوەو هەموو كارتەكانى بەكاربێنێت بۆ جێبەجێكردنى ئەو ماددەیە كە بەجێبەجێكردنیشى بەشێك لەخاكى نیشتمانەكەمان لەدەست دەدەین , كوردیش گوتەنى كەریش هات دەبىَ شانەى بۆ هەڵگرى .
 
 
Bahrawar_s@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply