Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ماستاو…. نەوزاد بەندى

ماستاو…. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

ماستاو ئەکەم بۆ ڕۆژگار
بەڵکو ڕۆژێکى تریشم بەش بدا
لە ژیان ..
ماستاو ئەکەم بۆ مناڵى ،
بەڵکو جارێکى تریش
یارى پێنج بەردى و
سێڕسکێن و
یەکە و گۆتەکە و
فڕیوە و
کۆلارە و
دەست بەدیوار و
دەست بە عەموودم لەگەڵدا بکا ..
ماستاو ئەکەم .. ماستاو ..
ماستاو ئەکەم بۆ شەو ،
بەڵکو تۆزێ بۆیاخم
بەش بدا بۆ قژم ..
ماستاو ئەکەم بۆ ڕوخسارى
سافى ئاسمان ،
بەڵکو تۆزێک نەرمیم پێببەخشێ ،
بۆ پێست و
دەمارەکانم ..
ماستاو ئەکەم ..
من ماستاو ئەکەم بۆ بەهار ،
بۆ ئەوەى تاوێکى تریش
لە لام بمێنێتەوە و
تاوێ درەنگتر بمداتە
دەستى هاوین ..
ماستاو ئەکەم بۆ شیعر ،
بۆ ئەوەى جارێکى تریش ،
لەگەڵ خۆیدا بمبا
بۆ گەشتى حەوت شەو و
حەوت ڕۆژەى دەروون ..
بۆ ئەوەى تەعاروف لەگەڵ خۆمدا بکەم ..
ماستاو بۆ خۆم ئەکەم ،
بۆ ئەوەى لە تەنیایى بێزار نەبێ و
ساڵانێکى تریش ،
مێزگرد
لەگەڵ ئازار و
فرمێسک و
ئەسەفدا بکەم ..
ماستاو بۆ مردن ئەکەم ،
بۆ ئەوەى ژمارەیەکى کاتیم بداتێ و
ماوەیەکى تریش بە دنیادا بسوڕێمەوە ..
ئەوان وتیان : تۆ مردبووى ..
نەیانئەزانى من ماستاوم کردبوو بۆ گۆڕستان ،
بۆ ئەوەى جێگاکەى من بفرۆشێتەوە ..
وتى : ئاخر گلەیى مەکە ،
ئەگەر دوایى شوێنت بۆ نەمایەوە ..
وتم : گلەیى ناکەم ..
من حەز ئەکەم هەتا ئەبم بە خۆڵ ،
تەماشاى مانگ و
ئەستێرە و
باڵندە و
باران ، بکەم …

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.