Skip to Content

Saturday, April 17th, 2021

مالیكی ناڕه‌زایی عه‌ره‌به‌كان له‌ سه‌ر ڕێكه‌وتن نامه‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان، تووشی زێباری ده‌كا

Be First!
by November 20, 2008 گشتی

مالیكی ناڕه‌زایی عه‌ره‌به‌كان له‌ سه‌ر ڕێكه‌وتن نامه‌ی له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان، تووشی زێباری ده‌كا
مه‌هدی كاوانی

 

 ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌كێیه‌ی له‌سه‌ر كوردان له‌ خانه‌قین كرا به‌ به‌رچاوی مام جه‌لال و هۆشیار زێباری و ئه‌وانی تره‌وه‌ ، مالیكی بوو. ئه‌و بانگێشانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كرێ ، ئیشاره‌تی ئه‌وه‌ی پێ ده‌درێ كه‌ له‌ده‌ستوریش بچه‌سپێ ، هه‌مدیسان مالیكیه‌ ده‌یكات به‌بی ئه‌وه‌ی پرس یان حیساب بۆ به‌رپرسه‌كانی كورد له‌ به‌غدا بكا . كه‌چی بۆ مۆركردنی ڕێكه‌تننامه‌ی ئاسایش  چونكه‌ گیروگرفتی بۆ خۆی له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌كان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌و له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كا عه‌ره‌به‌كان لێی له‌ ڕق ڕاچن و دووباره‌ هه‌ڵی نه‌بژێرنه‌وه‌‌ ده‌یه‌وێ تووشی هۆشیار زێباری بكا. ئه‌گه‌ر بشگۆترێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه‌ به‌ڵام خۆ ده‌بوایه‌ مالیكی ئاخاوتنی ڕۆژنامه‌وانی دابایه‌و باسی له‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانی ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌ی‌ كردبایه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ زیره‌كی ئه‌وه‌شی به‌ هۆشیار زێباری كرد. باشه‌ ئه‌و وا ده‌كات كورده‌كان بۆ خۆیان وه‌پێش ده‌ده‌ن و عه‌ره‌به‌كان زیاتر له‌ خۆیان هار ده‌كه‌ن . ئایا ئه‌و ڕێكه‌تنه‌ ئاسایشیه‌ هیچ سووده‌كی كوردانی تیایه‌ . ئه‌گه‌ر تیایه‌تی بۆ سه‌رانی كورد به‌ ئاشكه‌را له‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری خۆیان ناڵێن سووده‌كانی ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌ ئه‌وهاو ئه‌وها به‌ قازانجمان ده‌كه‌وێته‌وه‌. عه‌ره‌به‌كان هه‌تا ئه‌و مافه‌شیان به‌وكورده‌كان نه‌دا كه‌ ڕێكه‌تن نامه‌كه‌ مادامه‌كینێ به‌ زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی ده‌نوسرێته‌وه‌ ، ده‌بوایه‌ زمانی كوردیشی وه‌گه‌ر خسترابایه‌ . ئه‌دی له‌ ده‌ستور نه‌نوسراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی سه‌ره‌كینه‌و ده‌بێ هه‌موو به‌لگه‌نامه‌و پڕۆتۆكۆله‌كان و شتی گرنگ به‌ هه‌ردوو زمانه‌وه‌ بێت.
 هه‌ق وابوو كه‌ لایه‌نی كوردی وا به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌ره‌و پیری ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌ ده‌چێت ،چوار قسه‌شی له‌ مه‌ڕ پۆزه‌تیڤه‌كانی بۆ جه‌ماوه‌ری خۆی باسی لێوه‌ كردبایه . خۆ كورد هه‌ر ئه‌وجاره‌ نیه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕێكێكه‌وتن نامه‌ی له‌و بارانه‌ بوبێته‌وه‌. ئه‌وان مێژوویه‌كی نزیكی یه‌ك سه‌ده‌یان له‌و جۆره‌ ڕێكه‌تنانه‌ به‌ڕێكردووه‌ .
 له‌ پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م توركیا  ده‌ستی هه‌لگرت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ولاتی موێلی كوردان بۆ سه‌ر توركیا و به‌ دوایه‌وه‌ تا وه‌كو ئێستا داخلی هه‌موو ڕێكه‌وتن نامه‌ ئه‌قلیمیه‌كانی ناوچه‌كه‌ بووه‌ و مه‌رجی خۆشی، په‌ره‌نه‌سه‌ندنی بزاڤی كوردی بووه‌. له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین ئه‌وه‌ هه‌لده‌گرێ كه‌ تێكڕای ڕێكه‌وتن نامه‌ ئیقلیمیه‌كانی ناوچه‌كه ، ‌خاله‌ گرنگه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ وڵاتانی ئه‌قلیمی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتوون كه‌ ئه‌زموونی كوردی سنوردار بكه‌ن و به‌ قه‌ناعه‌تی خۆشمه‌وه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتن نامه‌یه‌ش دریژه‌ پیده‌ری ئه‌وانی تره‌وه‌یه‌.
 به‌شی هه‌ره‌زۆری لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی له‌ مه‌ڕ دوا چاره‌نووسی په‌ره‌سه‌ندن و نه‌سه‌ندنی كیانی كوردی په‌یوه‌ندی به‌و پێشڤه‌چونانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌زموونی كوردی باكوور پێیه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببردرێت به‌ پیچه‌وانه‌وه‌ ئه‌زموونی پارچه‌كانی تر له‌ باشترین حاله‌تیدا به‌بێ په‌ره‌سه‌ندنی بزاڤی باكور ئیحتیوا ده‌كرێ . له‌ كۆرپه‌له‌ی مه‌هابادو نسكۆی ١٩٧٤ یش هه‌ر هه‌مان مانای داو ئه‌زموونی ئێستاش كه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی ١٧ ساڵی تێپه‌راندووه‌و به‌رده‌وام له‌ ناو نێوه‌ندێكی نادیار و مراوه‌حه‌ كردن و سنورداركردنی كات به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وله‌تی یاساو موئه‌سه‌سات و كۆله‌گه‌كانی سه‌قامگیری نه‌ته‌وایه‌تی و بنیاتنانی بنكه‌یه‌كی ئابووری به‌هێز دانه‌مه‌زێندرێن ، به‌ دوایه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك ئه‌زموونه‌كانی پێشتر ئاسا له‌ ناو ئه‌و هه‌موو دوژمنانه‌ی ئاوا بكرێ . مادامه‌كینێ ئه‌زموونی باكوور پایه‌كانی خۆی قایم كردووه‌ هه‌ق وانیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر كۆمه‌ك و هاوكاریشیان ناكات ، دژایه‌تیان بكات .
 ئه‌گه‌ر به‌ بزاڤی سیاسی و چه‌كداری جاران بگوترابایه‌ له‌ به‌ر وشیاری سیاسی یان لاوازی كوردو به‌هێزی ده‌وروبه‌ر یان هه‌رهۆكارێكی تر كه‌ له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌ ئه‌و هه‌قه‌ به‌ پاشه‌كشه‌ی بزاڤی كوردی درابێت له‌ به‌رده‌م ده‌وروبه‌ری ، به‌ڵام خۆ ئێستا وانیه‌ . له‌ سه‌ره‌تاكانی هاتنی ئه‌مه‌ریكیه‌كان كورد به‌ یه‌كه‌م دۆستی ئه‌مه‌ریكی ده‌خوێنرایه‌وه‌ ، ئێران و سوریا ئێستاشیان له‌ گه‌ڵ دابێت خۆیان له‌ناو هه‌مان هاوكێشه‌كانی دژی ئه‌مه‌ریكی ده‌خوێندرێنه‌وه‌. ئه‌نقه‌ره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشی نه‌دا ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ مه‌ڕ هاتنی سوپایان بۆ عیڕاق ، ناكۆكی ته‌شكیله‌ی سیاسی هێزه ‌سیاسیه‌ عه‌ره‌به‌كانی عیراق و دژایه‌تی مه‌زهه‌بی نێوانیان ، خۆی گه‌یاندبووه‌ لوتكه‌و ئێستاش به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌رده‌وامی به‌خۆوه‌ گرتووه‌.
 به‌ڵێ له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌م ئه‌وه‌ هه‌لده‌گرێ كه‌ خاڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌كان له‌ سه‌ر به‌رقه‌رار بوونی ده‌وله‌تی كوردی یان به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونی ئه‌زموونی كوردی له‌ گۆڕێیه ‌. عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌ ڕێگه‌ی سوود وه‌رگرتن له‌ توندوتیژی نێوانی ئه‌مه‌ریكا له‌ گه‌ڵ قاعیده‌ و ئیدی نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بۆ ئه‌مه‌ریكیه‌كان دژیان نه‌وه‌ستان، به‌لكو كاری ژێراوژێریشیان له‌ گه‌ڵا ده‌كردن و به‌هۆیانه‌وه‌ خۆیان له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هێنایه‌ سه‌ر بوون و كوردیش هه‌ر ده‌ڵێ په‌كه‌كه‌  وپه‌ژاك گیروگرفتمان بۆ دروست ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر واز له‌ شه‌ڕی چه‌كدارانه‌یان بێنن بارمان باشتر ده‌بێت . نازانم ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌زانێ خوێندنه‌وه‌ی وه‌ها سه‌قه‌ته‌. یان له‌وه‌ بترسن نه‌وه‌كا به‌هۆیه‌وه‌ ئیمتیازه‌كانی شه‌خسی خۆیان له‌ پاره‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌ ده‌ست بده‌ن.
 به‌ڕێز جه‌وهه‌ر نامق ڕاست ده‌كات كه‌ ده‌ڵێ بۆ ئه‌مه‌ریكا كورد كێشه‌ نیه‌ به‌لكو كارتی گوشاره‌. ئه‌گه‌ر وانیه‌ بۆ ته‌نیا له‌و كاتانه‌ سه‌رانی ئه‌مه‌ریكی بانگێشه‌ی مه‌سعود بارزانی  بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، كه‌ گیرو گرفتیان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌كه‌ی دوایش به‌ ئاوازی ئه‌وان لێدوان ده‌دات و بۆ ئه‌و جاره‌ش ده‌ڵێت ئێمه‌ له‌ حاله‌تی ئاماده‌باشیداینه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیڕاق ئاماده‌ نه‌بوو ئێمه‌ قبولمانه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌ كوردستان دانێن. مادامه‌كینێ كورد كێشه‌ نیه‌، گوشاره‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ش وه‌ك ئه‌مه‌ریكیه‌كان ئاسا وای كردبایه‌ . ده‌با چاوه‌ڕوانی دانپیانانێكی ئه‌مه‌ریكیه‌كان بوایه‌ له‌ سه‌ر فیدڕالیزم و ماده‌ی ١٤٠ و هی تر ئینجا ئه‌و لێدوانه‌ی كردبایه‌ . به‌ڵێ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ به‌ دوای ئه‌و به‌ڕێزه‌یان نارد تاوه‌كو حكومه‌تی عیڕاقی به‌ كوردان بترسێنن و ڕێكه‌وتن نامه‌كه‌ مۆر كه‌ن . كۆتایه‌كه‌شی هه‌ر وه‌ها كه‌وته‌وه‌.  ده‌بێ قازانجی كورد له‌وسه‌ردانه‌و ئه‌و بانگێشكردنه‌ چی بووبێت ، له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع هار كردنی عه‌ره‌به‌كان و هه‌وڵدانیان بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ نیه‌  دوا به‌ دوای سه‌ر‌دانه‌كه‌ی بارزانی بۆ واشنتۆن مالیكی له‌ سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم لێدوان ده‌دا و وته‌ بێژه‌كانیشی لێدوان ده‌ده‌ن كه‌ ده‌بێ ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ توركیاو ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا پڕۆژه‌گه‌لی وه‌ها داڕێژین له‌ سه‌ر سنوره‌كان بۆ نه‌هێشتنی چالاكیه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
 من به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شته‌كان ده‌بینم ، ده‌بوایه‌ لایه‌نی كوردی به‌ هه‌ر بڕوبیانۆیه‌ك بوایه‌ جا له‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد بوایه‌ یان هی تر گیروگرفتی له‌ مه‌ڕ ئه‌و ڕێكه‌تن نامه‌یه هه‌تا به‌ كاری ژێراو ژێریش بوایه‌ ، ‌دروست كردبایه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر كورده‌كان له‌ سه‌ر هه‌ندێ كێشه‌ ناوخۆیه‌كان و په‌كه‌كه‌ پێیان داگرتبایه‌ ، به‌ دوایه‌وه‌ ڕێكه‌تن نامه‌كه‌ سه‌قام گیر نه‌ده‌بوو له‌و كاته‌دا كورد هه‌م له‌ لایه‌نی عیڕاقیه‌وه‌ هه‌م لایه‌نی ئه‌مه‌ریكیه‌وه‌ ده‌خوێندرایه‌وه‌و زیاتر ده‌بووه‌ كارتی گوشار كه‌ حیسابی بۆ بكرێ . ده‌سه‌ڵاتی كوردی بۆ خۆی نیه‌ ئه‌گینا ئه‌و نێوه‌نده‌ی كه‌ ئێستا كورد له‌ سه‌ری دروست بووه‌ ده‌توانی زۆر له‌ سیاسه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ قازانجی خۆیه‌وه‌ بگۆڕێ . به‌ڵێ حكومه‌تی كوردی ئه‌گه‌ر به‌ كاری ژیراو ژیریش بێت خۆی بكاته‌ پاڵنه‌ر بۆ بزاڤی باكورو ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆیه‌وه‌ كارتی گوشاری خۆی به‌ سه‌ر لایه‌نه‌ ئیقلیمیه‌كان به‌كار دێنێ نه‌ك ئه‌وان له‌ دژیان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن. ئه‌و ڕێكه‌وتن نامه‌یه‌ش به‌و سیغه‌ی به‌ ناوی پاراستنی ئاسایشی عیڕاق هه‌موو گولله‌تۆپه‌كان ئاڕاسته‌ی كوردستان ده‌كات . ئیمڕۆ به‌ ناوی په‌كه‌كه‌ی ، دوێنێ به‌ ناوی خانه‌قین ، سبه‌ی بۆ كه‌ركوك و شوێنی تر. بۆ حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكیش ڕێكه‌وتننامه‌ی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی عیڕاق بی پێ باشتره‌ نه‌ك حكومه‌تی كوردی و ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌لگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كیش ڕووبدات كورده‌كان (پوار تحت گلب)ن.

 مه‌هدی كاوانی/١٩/١١/٢٠٠٨
 mahdikawani@yahoo.co.uk
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply