Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

ماناكانی پشت شه‌ره‌ف پارێزی …!

Be First!
by May 28, 2009 ژنان

ماناكانی پشت شه‌ره‌ف پارێزی …!
سه‌روه‌ر كه‌ریم

sarwarkareem@gmail.com

 

له‌وكاته‌وه‌ی ئینسان به‌هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ گه‌شتوه‌ ، هاوسه‌رگیری تایبه‌ت مه‌ندی وه‌رگرتوه‌ ، به‌په‌یدابوونی فه‌لسه‌فه‌و ئایینه‌كان هاوسه‌رگیری ، له‌شێوه‌ی هاوسه‌ری به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌ گۆڕا ، به‌و مانایه‌ی ئه‌وجۆره‌ له‌هاوسه‌رگیری ، وه‌ك فره‌مێردی كۆتایی هات و ژنان ته‌نها بۆیان هه‌بوو یه‌ك مێردیان هه‌بێت ، به‌ڵام فره‌ژنی كۆتایی نه‌هات و پیاوان بۆیان هه‌بوو چه‌ند ژنێكیان هه‌بێت . ئه‌و گۆڕانه‌ بووه‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ره‌ف پارێزی و ژنان ده‌بوایه‌ به‌رده‌وام ئاگاداری دامه‌نی خۆیان بن و پارێزگاری لێ‌ بكه‌ن ، چونكه‌ گه‌وره‌ترین سزا بۆئه‌و ژن و كچانه‌ دانرابوو ، كه‌به‌ر له‌هاوسه‌رگیری و دوای هاوسه‌رگیریش په‌یوه‌ندی سێكسی ناشه‌رعی ببه‌ستن ، له‌باره‌یه‌وه‌ د.هیمداد ده‌ڵێت (1) (به‌ ئه‌م مانایه‌تا سه‌ده‌ی بیسته‌م زاڵ بوو به‌سه‌ر زۆربه‌ی یاسای وڵات و میلله‌ ئه‌وروپیه‌كاندا ،ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ هاتبوو كه‌ژنهێنان وشوكردن به‌كارێكی پیرۆز داده‌نراو هه‌موو په‌یوه‌ندی و ده‌ست تێكه‌ڵكردنێكی ناڕه‌وا له‌و هێڵ و بازنه‌یه‌ بچێته‌ده‌ر به‌ده‌رچوون داده‌نرا له‌به‌ر پیرۆز ڕاگرتنی په‌یوه‌ندی ژن و مێردایه‌تی و له‌دوایدا به‌تاوانێك كه‌ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌دا سزابدرێت ) . بوونی سانسۆرێكی زۆر له‌سه‌ر ژنان به‌ناوی نامووس په‌رستیه‌وه‌ به‌درێژایی مێژوو ژنانی كردوه‌ته‌ قوربانی و دووچاری ئازارو توندو تیژی بوون ، به‌ده‌ست ئه‌و نیزامه‌وه‌ی ، كه‌ژنی وه‌ك كۆیله‌ی پیاو سه‌یركردوه‌ و به‌رده‌وامیش ملكه‌چی ده‌كات بۆ فه‌رمانه‌كانی خۆی . هه‌ڵبه‌ته‌ فه‌لسه‌فه‌و ئایینه‌كانیش ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ ، له‌ده‌مه‌زه‌رد كردنه‌وه‌ی نامووس په‌رستی و به‌یاسایی كردنی . له‌یاسای به‌شێكی زۆر له‌ ووڵاتان كه‌مترین سزا دانراوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ژن ده‌كوژێت به‌ناوی شۆردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فه‌وه‌ ، جگه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ، شۆردنه‌وه‌ی شه‌ره‌ف له‌لای به‌شێكی زۆر له‌میلله‌تان ، وه‌ك نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یركراوه‌و به‌بێ‌ دوودڵی به‌گومانی په‌یوه‌ندی كچان و ژنان كوژراون . بوونی عه‌قڵیه‌تی شه‌ره‌فپارێزی فاكته‌ری سه‌ره‌كیه‌ تاكۆمه‌ڵگا به‌نێرسالاری بمێنێته‌وه‌و ژنان بێبه‌ری بكات له‌ماف و ئازادیه‌كانی و هه‌میشه‌ پیاو خۆی به‌گه‌وره‌و سالار بزانێت و ئه‌ومافه‌ بداته‌ خۆی ، كه‌هه‌ركاتێك ژن كارێكی سێكسی له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕه‌وازانینی ئه‌و ئه‌نجام دا ، ئه‌وا بكوژرێت ، به‌بیانووی كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فی خێزان و بنه‌ماڵه‌و خێڵ .
گه‌رچی دیارده‌ی كوشتنی كچان و ژنان به‌بیانووی نامووس په‌رستی تایبه‌ت نی یه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاری كراو ، واوه‌تریش هێَژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ژنان جێ‌ به‌جێ‌ كراوه‌ ،له‌سه‌رده‌می یۆنانی كۆندا گه‌وره‌ترین سانسۆریان بۆژنان داناوه‌ ، تابه‌دووربن له‌دروست كردنی په‌یوه‌ندی سێكسی . ئه‌گه‌ر كچێك یاخود ژنێك كارێكی وای بكردایه‌ ، ئه‌وا به‌بێ‌ دوو دڵی ده‌كوژرا . فیساگۆرسی ده‌ڵێت (2)  (پێویسته‌ له‌سه‌ر ئافره‌ت به‌رگه‌ی هه‌موو ناوخۆشییه‌كانی پیاوه‌كه‌ی بگرێت، جا ئه‌گه‌ر بێبه‌خت بێت، یان هه‌ڵه‌بكات‌و نه‌خۆش بكه‌وێت، یان مه‌شروب خۆر بێت‌و له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی تردا رابوێرێت، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵانه‌ بۆ پیاوان ئاساییه‌و رێگاپێدراون، به‌ڵام بۆ ئافره‌تان قه‌ده‌غه‌یه‌و هه‌ر ئافره‌تێكیش كارێكی وابكات ده‌بێت چاوه‌ڕوانی سزای توندبێت ) . دیدی یۆنانیه‌كان بۆشه‌ره‌ف پارێزی كاریگه‌ری زۆری هه‌بوه‌ له‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی كۆن ، به‌مامانی له‌دایك بوونی بیری فه‌سه‌فی داده‌نرێت و كاریگه‌ری قوڵیان به‌سه‌ر بیری مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌ . بۆیه‌ ئه‌و دیده‌ی ئه‌وان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگاداو كاری پێده‌كرێت و تازه‌مه‌نی ئێستاش قورسایی له‌ده‌ست نه‌داوه‌ . كوشتنی نامووسی له‌لای خێڵه‌ عه‌ربه‌كان به‌توندترین شێوه‌ له‌سه‌ر ژنان پیاده‌ ده‌كرا ، ( جگه‌له‌وه‌ی به‌شێك له‌خێڵه‌ عه‌ره‌به‌كان كچیان له‌له‌دایك بوونی دا زینده‌به‌چاڵ ده‌كرد به‌بیانووی ئه‌وه‌ی سه‌رشۆڕیان ده‌كات) كه‌زۆرجار ته‌نها به‌گومان كردن به‌س بوو بۆكوشتنی ژنێك، یاخود كچێك ، به‌بیانوی بوونی په‌یوه‌ندی سێكسی ناشه‌رعی ، ئه‌و ژن وكچانه‌ی ئه‌و كاره‌یان بكردایه‌ سه‌ر ده‌بڕان ، تاشه‌ره‌فی خێڵی پێ‌ بشۆرنه‌وه‌ . د. هیمداد ده‌ڵێت (3)  (أ – ئه‌گه‌ر ژن كاری ناڕه‌وای كردو خۆی دانی پیانا ئه‌وه‌ سه‌رده‌بڕێ بۆ سڕینه‌وه‌ی نه‌نگی و عار.
ب – ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی كردو نه‌چووه‌ ژێری و پاشان ده‌ركه‌وت كه‌كردویه‌تی ئه‌وه‌ یه‌كسه‌ر سه‌رده‌بڕێ . ) . كوشتنی ژنان به‌بیانوی نامووس په‌رستی ، به‌فراوانی له‌ڕاستای مێژوو تابه‌ئێستا ده‌گات به‌ڕێوه‌چوه‌و تایبه‌ت نه‌بووه‌ به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاری كراو . به‌شێك له‌و ژن و كچان كه‌به‌و بیانوه‌وه‌ كوژراون ته‌نها گومانی بوونی په‌یوه‌ندیان لێ‌ كراوه‌ ، ئه‌وه‌ش دوخی ژنانی هێنده‌ی تر قورس كردوه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژن مافی نه‌بوو به‌رگری له‌خۆی بكات ، ئه‌و بێ‌ مافی بوونه‌ قوربانی دانی گه‌وره‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی لێ‌ كه‌وتوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌رده‌وام ژنان له‌چوار دیواری ماڵه‌وه‌ زیندانی ده‌كران و حیجابیان پێده‌پۆشن و چونه‌ده‌ره‌وه‌شیان لێ‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرا ، هه‌موو ئه‌و بیانوانه‌ش ئه‌وه‌ بوو ، كه‌ڕه‌گه‌زی مێ‌ به‌رده‌وام به‌دوای ڕاوكردنی پیاودایه‌ بۆ كاری سێكسی . ئه‌و ڕاوانینه‌ نێرسالاریه‌ سه‌ده‌ دوای سه‌ده‌ دڕێژ بوه‌ته‌وه‌و كه‌مترین گۆڕانكاری به‌سه‌ردانه‌هاتوه‌ ، چونكه‌ له‌لای عه‌قڵیه‌تی نێرسالاری ژن ته‌نها تۆپه‌ڵیك جنسه‌و ده‌بێت به‌ردوام ده‌ست و پێی ببه‌سترێ‌ و ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی پیاو بێت . به‌هه‌رحاڵ له‌زه‌مه‌نی كۆنه‌وه‌ تائێستا ژن ده‌كرێته‌ قوربانی ناموس په‌رستی و ئه‌و ده‌ریا خوێنه‌ هه‌ڵوێسته‌ی به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ نه‌كردوه‌ ، بگره‌ ساڵ دوای ساڵ ده‌مه‌زه‌رد ده‌بێته‌وه‌ ، زۆرجار پێشكه‌وتن هۆشیاریش ناتوانێت به‌ر به‌وعه‌قڵیه‌ته‌ كۆنه‌په‌رسته‌ بگرێت ، كه‌شه‌ره‌فی به‌ستوه‌ته‌وه‌ به‌جه‌سته‌ی ژنه‌وه‌ ، ئه‌گه‌نا له‌م زه‌مه‌نی جیهانگیری و سه‌رده‌می زانست و زانیاریه‌دا ، بۆده‌بێت ژن به‌گومانی په‌یوه‌ندی ژیانی لێ‌ زه‌وت بكرێت ؟  كه‌واته‌ پێشكه‌وتن چی خستوه‌ته‌ سه‌ر عه‌قڵیه‌تی نێر سالاری ؟  چی گۆڕانكاریه‌ك له‌بیركردنه‌وه‌یاندا به‌وجود هاتوه‌ به‌رامبه‌ر به‌نامووس په‌رستی ؟ ، به‌دڵنیایی گۆڕانكاری به‌وجود نه‌هاتوه‌ ، ئه‌گه‌رنا له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك دا ، ژن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی ناكوژرێ‌ ، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌هاتوه‌ سه‌رله‌به‌ری ئه‌و كه‌لتوری ژن كوژیه‌ ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه‌ و شه‌ره‌فیش له‌جه‌سته‌ی مێ‌ بكه‌ینه‌وه‌ و بیانكه‌ینه‌ ئینسانێكی ئازادو خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆی  بۆ ژیان و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، چونكه‌ بوونی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی ، یاخود په‌یوه‌ندی سێكسی هیچ كات په‌یوه‌ندی به‌شه‌ره‌فه‌وه‌ نی یه‌ . شه‌ره‌ف ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤــــ  ڕاستگۆبێت ، له‌ته‌واوی پیوه‌ندیه‌ ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا .

سلێمانی
7/5/2009

سه‌رچاوه‌كان
1- كوشتن به‌بیانوی ناموس  ن/ د. هیمداد    و/ حسن عبدوالكه‌ریم لا 60
2- ئه‌فلاتۆن‌و ئافره‌ت-ن/ئیمام عه‌بدولفه‌تاح ئیمام- و. ئه‌ژین عه‌بدولخالق لا40
3- كوشتن به‌بیانوی ناموس  ن/ د. هیمداد    و/ حسن عبدوالكه‌ریم لا 65-66

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply