Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

مانگی‌ ڕه‌مه‌زان و هێرشی‌ كۆنه‌په‌رستی‌ سێ‌ لانه‌ بۆسه‌ر مافه‌ فه‌ردیه‌كانی‌ خه‌ڵك

Be First!
by September 15, 2009 گشتی

Saya.xasraw@yahoo.co.uk

ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زاندا دوو وێنه‌ له‌ڕ ێكخستنی‌ ژیانی‌ هاولاتیان به‌پێ‌ی‌ ده‌سه‌لاته‌ ناوچه‌یی‌یه‌كانی‌ یه‌كیتی‌ وپارتی‌ ژیانی‌ هاولاتیانی‌ شاره‌كانی‌ كوردستانی‌ له‌قاڵبدا. له‌وێنه‌ی‌ یه‌كه‌مدا و له‌ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌لاتی‌ پارتی‌دا هه‌ر زوو له‌ژێر ناوی‌ "ئیحترام گرتنی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان"ه‌وه‌، ڕێو ڕه‌سمی‌ ئیسلامی‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو دهۆكدا داسه‌پێنرا و پارتی‌ وده‌سه‌لاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ ئیسلامیه‌كان، هاولاتیانی‌ ژێرده‌ستی‌ خۆی‌ ڕاكێشایه‌ نێو فه‌زای‌ كۆنه‌په‌رستی‌یه‌وه‌ و بوواری‌ له‌به‌رده‌م ئازادی ومافه‌ فه‌ردی‌ ومه‌ده‌نیه‌كاندا  ته‌نگكرده‌وه‌. له‌وێنه‌ی‌ دووه‌مدا و له‌شاری‌ سلێمانی‌ وناوچه‌كانی‌ ژێرده‌سه‌لاتی‌ یه‌كیتیدا،  ڕۆژه‌كانی‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان وه‌ك هه‌ر ڕۆژێكی‌ ئاسایی‌ مانگه‌كانی‌ تری‌ ساڵ خۆی‌ تێپه‌ڕاند، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ فشارێكی‌ ئه‌وتۆ له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی‌ هاولاتیان هه‌ست پێبكرێ‌.  به‌لام ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ڕه‌وته‌ مونافیسه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك خۆی‌ نه‌مایه‌وه‌ و هه‌ر زوو مانگی‌ ڕه‌مه‌زان گۆڕدرا به‌مه‌یدانێك بۆ كێشمه‌كێشێكی‌ سیاسی‌ كۆنه‌په‌رستانه‌.
سه‌ره‌تا هاتوهاواری‌ مه‌لاكان به‌دژی‌ ژیانی‌ مه‌ده‌نی‌ وئاسایی‌ هاولاتیانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی‌ دامه‌زراند وهه‌لایه‌كی‌ له‌نێوخۆی‌ زانایانی‌ ئاینی‌ ومه‌لاكانی‌ سه‌به‌ر یه‌كگرتوو كۆمه‌لی‌ ئیسلامی‌ خسته‌رێ‌ و ئه‌و فرسه‌ته‌شی‌ هێنایه‌كایه‌وه‌ بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، تاهه‌رچۆن بووه‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ مه‌لاكان بخاته‌ پشت سه‌ری‌ خۆیه‌وه‌. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌سه‌ردانێكیدا بۆ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌، مه‌لاكان به‌ڵێنی‌ خۆیان له‌نه‌وشیروان وه‌رگرت تا پارێزگاری‌ سلێمانی‌ به‌ئاراسته‌ی‌ خواستی‌ ئیسلامیزه‌ كردنی‌ شاردا بخاته‌ كاره‌وه‌. به‌دوای‌ ئه‌م سه‌ردانه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌گه‌ڵ خاوه‌نی‌ یانه‌و چێشتخانه‌كاندا سازدراو پێیان ڕاگه‌یاندن كه‌له‌به‌ر خواستی‌ مه‌لاكان دوكان وبازارتان دابخه‌ن وهه‌مووان ڕیعایه‌تی‌ ڕێوڕه‌سمی‌ ئیسلامی‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن. هێشتا ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ته‌واو نه‌بو بوو هێزێكی‌ پۆلیسی‌ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا كه‌وته‌ په‌لاماردانی‌ یانه‌و چێشتخانه‌كان و ده‌ركردنی‌ چه‌ند بڕیارێك بۆداخستن و هه‌لپێچانی‌ هه‌موو ئه‌و كارو پیشانه‌ی‌ كه‌ مه‌به‌ستی‌ حه‌وانه‌وه‌ و سه‌رگه‌رم كردنی‌ ئێواران وشه‌وانه‌ی‌ هاوولاتیانه‌. له‌به‌رامبه‌ردا و وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك، وه‌زیری‌ ناوخۆ محمود سه‌نگاوی‌ بۆڕۆژنامه‌ی‌ هاولاتی‌ ڕایگه‌یاند كه‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ یانه‌و چێشتخانه‌كان به‌بڕیاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ نه‌بووه‌ و ڕاسته‌وخۆ پارێزگاری‌ سلیمانی‌ ده‌ستی‌ بۆئه‌م هێرشه‌ بردووه‌. به‌مجۆره‌ش مه‌سه‌له‌ی‌ ڕه‌مه‌زان و ئازادیه‌كانی‌ خه‌ڵك كه‌وته‌ نێو سه‌ره‌تای‌ مونافه‌سه‌و كێشمه‌كێشێكی‌ سیاسی‌ سێ قۆڵی‌یه‌وه‌، كه‌له‌سه‌رێكیاندا مه‌لاكان ڕاه‌وه‌ستاون و له‌سه‌رێكی‌ تریشیانه‌وه‌ نه‌وشیروان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، پێشڕه‌وی‌ گرتۆته‌ ده‌ست و له‌سه‌ره‌كه‌ی‌ تریشیانه‌وه‌ یه‌كیتی‌ و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆكه‌ی‌ هاتۆته‌ ده‌ست تاله‌م مونافه‌سه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌دا گره‌و له‌لیستی‌ گۆڕان و نه‌وشیروان مسته‌فا بباته‌وه‌. . به‌لام كاربه‌وه‌نده‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌تایبه‌تی‌ كاتێك كێشه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی‌ ڕۆژه‌كانی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان له‌نێوان ئه‌م لایه‌نانه‌دا خۆی‌ تێهه‌ڵكێشی‌ هه‌لومه‌رجه‌كانی‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردن و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌ و به‌شداری‌ لایه‌نه‌كان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا كرد. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌سه‌لاتدارانی‌ یه‌كیتی‌ نیشتمانی‌ له‌موسابه‌قه‌یه‌كی‌ كۆنه‌په‌رستانه‌دا، هێرشه‌كانی‌ خۆی‌ واوه‌تر له‌باڵی‌ نه‌وشیروان مسته‌فاو پارێزگاری‌ سلیمانی‌ بردو كرێكاران وكارمه‌ندانی‌ ژنانیان ناچاركرد به‌ له‌چك پۆشین و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانیان خسته‌ ژێر فه‌زای‌ ئیسلامیه‌وه‌.
ناسیونالیزمی‌ كورد و حزبه‌كانی‌ له‌مێژووی‌ 18 ساڵه‌ی‌ ده‌سه‌لاتیاندا هه‌میشه‌ ماف وئازادیه‌كانی‌ ژنان و مه‌ده‌نه‌یه‌تی‌ كۆمه‌ڵگایان وه‌ك كارتێكی‌ خۆسازان له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌كان و ڕاكێشانیان بۆنێو هاوكێشه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ كه‌خۆیان مه‌به‌ستیانه‌، به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌. له‌باره‌ی‌ ڕێو ڕه‌سمه‌كانی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ ئه‌مساڵیشه‌وه‌ هه‌مان ئه‌م ڕاستییه‌ خۆی‌ دووباره‌ كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌و ئیزافه‌یه‌وه‌ كه‌لیستی‌ گۆڕان و نه‌وشیروان له‌ته‌ره‌فی‌ مه‌لاكان وئیسلامه‌وه‌ بۆمه‌رامێكی‌ پێچه‌وانه‌ به‌ده‌سه‌لاتداران هاتۆته‌ نێو یاریه‌كه‌وه‌. به‌تایبه‌تی‌ به‌دوای‌ ته‌واوبوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ومه‌سه‌له‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت وبه‌شداری‌ لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌ یه‌كیتی‌ وپارتی‌یه‌ كه‌بۆ شكاندنی‌ دیواری‌ "ئۆپۆزسیۆنی‌ ئیسلامی‌"و ڕاكێشانیان بۆ نێوحكومه‌تی‌ تازه‌ ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ هێرش بردن بۆ سه‌ر ماف وئازادیه‌ فه‌ردیه‌كان ئیمتیازاتێك به‌ئیسلامیه‌كان بداو ڕازیان كات به‌وه‌ی‌ كه‌له‌كه‌نار حكومه‌ت وده‌سه‌لاتی‌ ئه‌واندا ئیسلام و سوونه‌ته‌كانی‌، پایه‌دار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه‌ ڕاده‌گیرێت. له‌ولاشه‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌وشیروان و لیستی‌ گۆڕانه‌ كه‌به‌سود وه‌رگرتن له‌نفوزێك كه‌هه‌یه‌تی‌ له‌نێو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگادا، ئاماده‌یه‌ له‌سه‌رو بڕیاره‌كانی‌ ده‌سه‌لاته‌وه‌ پێشڕه‌وی‌ به‌ئاراسته‌ی‌ ئیسلامیزه‌كردنی‌ كۆمه‌ڵگا بگرێته‌ ده‌ست، تا ڕیزی‌"ئۆپۆزسیۆنی‌ په‌رلمانی‌" له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌كاندا به‌دژی‌ یه‌كیتی‌ وپارتی‌ ڕابگرێ‌. ئه‌وه‌شی‌ كه‌له‌م نێوه‌دا ده‌ستی‌ ئاوه‌لا ده‌بێت بۆ په‌لاماردانی‌ مه‌ده‌نیه‌تی‌ كۆمه‌ڵگا وئیسلامیزه‌كردنه‌وه‌ی‌ هه‌رچی‌ زیاتری‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌ی‌ خه‌لكی‌، مه‌لا و گروپه‌ ئیسلامیه‌كانن. به‌لام ئه‌وه‌ی‌ كه‌له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ سیاسیه‌ كۆنه‌په‌رستییه‌وه‌، ده‌كرێته‌ نسیبی‌ خه‌ڵك، قوربانی كردنی‌ ماف وئازادیه‌ فه‌ردی‌ ومه‌ده‌نیه‌كانی‌ هاولاتیانی‌ كوردستان و توندكردنه‌وه‌ی‌ كۆنه‌په‌رستییه‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ ڕۆژانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نیدا.
بێگومان به‌ره‌كه‌تی‌ ڕه‌مه‌زان و هه‌وڵی‌ ئیسلامیه‌كان بۆ توندكردنه‌وه‌ی‌ فه‌زای‌ كۆنه‌په‌رستی‌ و ده‌ستی‌ گرتنی‌ باڵه‌كانی‌ ناسیونالیزمی‌ كورد له‌م فه‌زایه‌دا، هه‌رئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌كرێكاران بێكار ده‌كرێن و هه‌ژاری‌ ڕوو له‌خێزانه‌كانیان ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌م به‌ره‌كه‌ته‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ كه‌پیسخۆری‌ وگرانی‌ له‌بازاڕی‌ كڕین و فرۆشتنی‌ كالا بژێویه‌كاندا دێنێته‌كایه‌وه‌، به‌ڵكو سه‌راپای‌ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و كۆنه‌په‌رستی‌ ئیسلامی‌ ڕاپێچ ده‌كاو گه‌رووی‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشانی‌ ژنان ولاوان و خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌گرێ‌ و له‌كه‌شو هه‌وایه‌كی‌ جیاكاری‌ و هه‌لاواردندا ڕای‌ ده‌گرێ‌.
ڕووداوه‌كانی‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردووی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زان، به‌ڕۆشنی‌ كارنامه‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌باڵه‌كانی‌ ناسیونالیزمی‌ كوردی‌ چ له‌ ده‌سه‌لات وچ له‌ئۆپۆزسیۆندا بۆجارێكی‌تر ئاشكراو به‌رجه‌سته‌كرده‌وه‌ و ئه‌و ڕاستیه‌ی‌ سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ئه‌م هێز ولایه‌نانه‌ ڕاسته‌وخۆ نه‌ك هه‌ر له‌دژی‌ مه‌ده‌نیه‌تی‌ كۆمه‌ڵگا ومافو ئازادیه‌كانی‌ هاولاتیانی‌ كوردستانن، به‌ڵكو وه‌ك هێزێكی‌ بۆرژوا كۆنه‌په‌رست ئاماده‌ن بۆ مه‌رامی‌ سیاسی‌ خۆیان هه‌موو به‌هایه‌كی‌ ئینسانی‌ ومه‌ده‌نی‌ بخه‌نه‌ پێناوه‌وه‌. كه‌وایه‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ كوردستان له‌پێشیانه‌وه‌ كرێكاران و لاوان وژنان وئازادیخوازان نابێ‌ ڕێگا بده‌ن كه‌له‌سه‌رحسابی‌ ژیان و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ئازادانه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ مافه‌كانیان پایماڵ بكرێ‌ و بۆ ده‌ستگرتنی‌ كۆنه‌په‌رستی‌ ئیسلامی‌ بكرێنه‌ قوربانی‌. به‌ڵكو ده‌بێ‌ ئه‌وان هه‌ر ئێستا له‌پێناو ده‌سه‌لاتێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و ئینسانیدا كه‌مافی‌ یه‌كسانی‌ هاولاتی‌ بوون بۆهه‌موو تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا زامن و ده‌سته‌به‌ر ده‌كات بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌.   

  11/9/2009       

 

Previous
Next

Leave a Reply