Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
مانگ  و چیرۆکی سەرۆکە ئێراقیەکانی

مانگ و چیرۆکی سەرۆکە ئێراقیەکانی

Closed
by June 1, 2008 گشتی

  ئیسماعیل حەمەئەمین………

 مانگی دەرەوشاوە  ڕۆشنایی بۆ هەموو کەسێکە، بەڵام لەم دەڤەرە هیلاکەی ئێمەدا تەنها بۆ سەرۆکەکان درەوشاوەیە. مانگ بیست ونۆ ڕۆژونیوی تەواوی پێویستە، بۆ ئەوەی سوڕی خۆی بەدەوری زەویدا تەواو بکات. بەمشێوەیە ساڵێک لەتەمەنمان دوانزە سوڕانەوەی مانگە بەدەوری زەویدا. هەڵکشان وداکشانی دەریا وئۆقیانوسەکان هۆکارەکەی مانگە، هەروەها زۆربەی زیندەوەرانی ئەم دنیایە لەڕێگەی هەڵاتنی مانگەشەو،سوڕەکانی زاوزێ وپێگەیشتن وپێتێن و جوڵەیان دیاریدەکەن. ماسی (کەلەماری)  لەڕێگەی سوڕی مانگەوە ولەمانگەشەودا تۆوەکانی فڕێدەداتە نێو دەریاکانەوە. هەندێک گوڵ هەن لەمانگەشەودا دەپشکون. نەک هەرئەوە بەڵکو زۆر لەخەڵکان زیادەڕۆیی دەکەن، هەروەک ئەوەی مانگ کاریگەری هەبێت لەسەر سوڕی مانگانەی ئافرەتان، ئاوەها سوڕی مانگانەی مێینە بەسوڕی مانگەوە  پابەند دەکەن. زۆرجار یەکێک بێداربێت، کەمانگ دەبینێت درەوشاوەیە ئەوا دەزانێت بێداریەکی تەنها بەهۆی مانگەوەیە، نەک ئەشق.بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کەئەشقی نێوان مرۆڤ ومانگ ئەشقێکی ئەزەلیە، پەیوەندیەکی ڕۆمانتیکیە، بەتایبەت لەئەدەبدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم پەیوەندیە بەدیوێکی دیکەیدا، پەیوەندیەکی پڕ گومانە، مانگەشەو لای زۆر کەس ئەو شەوانەیە کەپیاو وژنەکانی تێدا دەکوژرێن،مانگەشەو گورگ وسەگەدڕەکان و جەردەکان  دەوروژێنێت. لورەی گورگ و وەڕینی سەگەدڕەکان وخشەی جەردەکان، هێمنی شەوان دەشڵەقێنێن. مانگەشەو ڕێگەنیشاندەری جەردەکانی دەریا بووە، مانگە شەو زیندوکەرەوەی مردووە شەڕانیەکانی سەر زەوی بووە. لەمانگەشەودا (دارگۆلا)ی ئەفسانەی هەنگاری لەنێو تابوتەکەیدا زیندودەبێتەوە وخوێنی مرۆڤەکان دەمژێت،لەچیرۆکی گوندیەکانی کوردستاندا هەمیشە خێوەکان لەمانگەشەوی بەردەم کارێز وکانیاوەکاندا سەمادەکەن ودەست دەوەشێنن. ئەم  خەیاڵبەندیەی مانگ ومرۆڤ لەزۆر کاتدا لەخزمەت دەسەڵاتدا بەکاربراوە،مرۆڤ کەچووە سەر مانگ یەکەم سەرکەوتنی خۆی بەسەر سروشتدا ڕاگەیاند، لەهەمانکاتیشدا سەرکەوتنی سۆڤیەتی کەون بوو بەسەر نەیارەکانیدا، کەئەو زەمەنە ئەمریکا بوو. لەبەر ئەوە خێرا ئەمریکایەکان هەوڵیاندا بچەنە سەر مانگ و چوون وئاڵای ئەمریکایان لەسەری چەقاند. دوای چەند ساڵێک من لەمەنفای ڕوسیای سپی، ئافرەتێکم بینی کچەزای یوری گاگارین بوو، ئەو پرسیارەی لەخوماریدا دەیکرد ئەوەبوو: بۆچی باپیری (یوری گاگارین) چوو بۆسەر مانگ..باپیری چ گەمژەیەک بوو چوو بۆسەر مانگ!.. ئاوەها بەڕێزان مانگ لەخەونی شاعیره‌ کلاسیکیەکانەوە، بوو بەزەوی زۆرانبازی پیاوە ناشرینەکانی سیاسیەت و دەڵالەکانی دەسەڵات. لەئەفسانەی خەون وخۆشەویستی و نهێنی جەردەکانی دەریاوە بوو بەڕەمزێکی دیکەی دەسەڵات. بەمشێوەیە مانگ و دەسەڵات لەچەندەها وێستگەدا لێکتری گیر بوون. (کالیگۆلا)ی قەیسەری ڕۆمانی پیاوێکی خوێنڕیژ بوو، دەیویست مانگ بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، دەیویست بگاتە مانگ. ئەوەندە بەدووی مانگدا گەڕا وکەڵکەڵەی مانگ لەنێو سەریدا بوو، تاوەکو لەلایەن ژەنراڵەکانی خۆیەوە ورگی هەڵدراو بەتەنیایی لاشەکەی لەخوار قادرمەکانی مەزنایەتیەوە فڕێدرا. کالیگۆلا تاوەکو کوژرانی، خەونی بەزەلیلکردنی مانگەوە دەبینی، یاخود چ نەبێت وێنەکەی لەنێو مانگدا دەربکەوێت.
 لەگەڵ کوژرانی  مەلیک فەیسەڵی دووهەم لەبەرەبەیانی  چواردەی تەموزی 1958، چیرۆکی مانگ لەگەڵ ژەنراڵ عەبدولکەریم قاسمدا هاتە نێو ناوانەوە. عەبدولکەریم قاسم لەسروشتیدا پیاوێکی دیکتاتۆر نەبوو، کوڕێکی هەژاری ئەم ئێراقە داماوە بوو لەشکستی ڕۆحیەوە یەکەم فرسەتی بوون بەئەفسەری قۆستەبۆوە، تاوەکو بوو ئامری لیوای بیستی سوپای ئێراقی ولەدوایدا کۆدێتای چواردەی تەموزی ئەنجامدا، بوو بەیەکەم سەرۆکی ئێراقێکی کۆماری وماڵئاویی لە پادشاهی کرا. عەبدولکەریم قاسم پیاوێکی خوێنڕێژ نەبوو، پیاوێکی گەندەڵیش نەبوو، ڕۆحی تۆڵەی تێدا نەبوو، پیاوێک بوو سەرەڕای هەموو ئەو هەڵانەی هەیبوو تاوەکو ئێستا جێگەی سەسوڕمان و سەرسامبوونە. من خۆم وەک چیرۆکنوسێک بەگرنگترین فیگوری ڕۆمانی تێدەگەم کەسیاسەت لەم ئێراقە وێرانەدا بەرهەمی هێنابێت. هەڵەی قاسم لەوەدا بوو گوێی لەچواردەوروبەرە مەرایکار وماستاوچیەکانی دەورووبەری دەگرت. چیرۆکی مانگ سەرنجڕاکێشترین چیرۆکی ئەو مەرایکردنە بوو..(فوئاد عارف) وەزیر ێکی کوردی بەتوانا و تەکنۆکرات بوو لەحکومەتەی قاسمدا، هاوڕێیەکی نێزیکی قاسم بوو، لەهەشتاکاندا لەیەکێک لەگۆڤارەکانی (أفاق) چیرۆکی مانگی گێڕابووە، بێگومان من ئێستا لەیادەوەرمدایە وگۆڤارەکەم لەبەردەستدا نیە. فوئاد عارف باسی لەوە کردبوو شەوێک دەچێت بۆ لای قاسم کەزۆربەی کات لەبیرۆکەی خۆی لەوەزراتی بەرگری دەمایەوە وشەوانیش لەسەر فەڕشی ژوورەکە وەک هەژارێکی دێرینە وسەربازێکی قەدیمە دەخەوت. عارف قاسمی بینیبوو لەبالکۆنی وەزراتەوە سەیری مانگ دەکات، ئاوڕ لەفوئاد عارف دەداتەوە ودەڵێت: عارف چی دەبینی لەئاسماندا؟، عارفیش دەڵێت مانگێکی درەوشاوە زەعیم!. لەپڕێکدا یەکێک لە مورافیقەکانی قاسم دێتە پێشەوەو بە (فوئاد عارف) دەڵێت: سەیرە جەنابی وەزیر، بەڕێزت تەنها مانگ دەبینی؟.عارفیش دەڵێت ئەی باشە چیتر هەیە لەئاسمانی ئەم مانگە شەوە کەمن نەمبینیوە. پاسەوانەکە دەڵێت: چۆن ئەی ئەوە وێنەی زەعیم نیە لەنێو مانگدا دەدرەوشێتەوە! چۆن ئەوە نابینیت. لەوکاتەدا عارف توڕە دەبێت و دەڵێت: لاچۆ لەبەر چاوم ماستاوچی ومەرایکار،ئێوە عەیب ناکەن،وێنەی هیچ مرۆڤێک لەسەر ڕووبەری مانگ نەبووە ونابێت. قاسم بەسەرسوڕمانەوە لەم هەڵوێستەی فوئاد عارف دەڕوانێت ودەڵێت : ئەوانە منیان خۆش دەوێت بۆیە وێنەی من لەمانگدا دەبینین. فوئاد عارفیش دەڵێت : ئەوانە یەکەم کەسن کەجێتدەهێڵن…هەر قسەکەی فوئاد عارف بوو، لەهەشتی شوباتی 1963 بەعسیەکان بەزرێپۆش چواردەوری وەزارەتی بەرگریانداو چەند کەسێکی کەم نەبێت کەدژی (بەمانگبوونی) سەرۆک بوون، هەموو ئەوانیتر کەسەرۆکیان لەنێو مانگدا بینیبوو، لەدەرگای پشتەوەی وەزارەتەوە، قاسمیان بۆ چارەنوسی خۆی بەجێهێشت. عەبدولکەریم قاسم لەنێو مانگی وەهمی هاتە خوارەوە وزۆر وەحشیانە بەدەستی بەعسیەکان گوللەبارانکرا. لەجیاتی ئەوەی وێنەی لەسەر مانگ دەربکەوێت، وێنەی سەری بەدەستی پۆلێسێکەوە  لەسەر شاشەی تەلفیزۆنە ڕەش و سپیەکان دەرکەوت،بەمشێوەیە سەرۆکی یەکەمی ئێراق لەمانگی وەهمیەوە بەکوژراوی بەربۆوە سەر زەوی واقیع. کەچی چیرۆکی مانگ بەوەش کۆتایی نەهات وبەکورسی سەرۆکایەتی ئێراقی نەخۆشەوە پابەند بوو. عەبدولسەلام عارف  هاوەڵی دێرینەی عەبدولکەریم قاسم بوو بەسەرۆکی ئێراق. هەر ئەویش بوو لەگەڵ بەعسیەکاندا قاسمی کوشت. ئەمیش لەگرێی دەروونی مانگ قوتاری نەبوو. خۆی بەمانگی قەومی عەرەبی تێدەگەیشت، وێنەی ئەویش بەردەوام لەنێو مانگدا بوو، عارف ومانگ لێکجودا نەدەکرانەوە وئەوانەشی ڕەخنەیان  لەعەبدولسەلام عارف بگرتایە، لەلایەن لایەنگرانی سەرۆکی ئێراقەوە، بەوەڕینی سەگ بەمانگ دەشوبهێنرا. بەمشێوەیە هیچ ڕەخنەیەک نەدەگەیشتە عەبدولسەلام، هیچ وەڕینێک نەدەگەیشتە مانگی درەوشاوەی ئێراق. تاوەکو ئەمیش لەم وەهمەدا پاڵی لێدایەوە  وبێئاگا بوو لەوەی ڕەخنەگرانی وشیاری دەکەنەوە ومەریکەرانی چاڵی لەنێو مانگدا بۆ هەڵدەکەنن. کاتێگ وەئاگابۆوە، درەنگ بوو بۆ هەموو وەئاگابوونەوەیەک، چونکە لەشی ئەو بوو بەدەیەها  پارچەی خوێناوی بەئاسماندا پەرشبۆوە. عەبدولسەلام عارف بەپەڕلەی بەعسیەکان هەلیکۆپتەرەکەی لە 13نیسان 1966 لە ئاسماندا تەقیەوە وبوو بەهەزراەها پڕوزاڵی خوێن وگۆشتی سووتاو. ئەمیش مانگێکی دیکە بوو لەدوای قاسم کەبەربێتەوە سەر زەوی، بەڵام بەجیاوازیەک، ئەویش ئەم لاشەیەکی تەواوی نەبوو بچێتە قەبرەوە، لاشەیەکی نەبوو وەک (عەبدولکەریم قاسم) پۆلیسێکی نادیار لەبەردەم تەلفیزۆنە ڕەش وسپیەکاندا تف بکاتە دەمی. ئیدی ئاوەها درەوشانەوەی مانگی سەرۆکەکانی ئێراق  لەنێوان کۆمیدیا و تراژیدیادا یاری خوێنای خۆیان دەکرد. بەڵام مانگی عەبدولڕەحمان عارفی برای عەبدولسەلام عارفی کوژراو، مانگێکی خومار وبێوەی بوو،مانگی چێژبینی جەستە بوو لەسەر کورسی دەسەڵات. لەوانەیە بێتاوانترین مانگ بووبێت لەچیرۆکی سەرۆکەکانی ئێراقدا. عەبدولرەحمان تەزبیحی دەستی بەعسیەکان بوو، زۆر زوو لەو هەڵەیە  تێگەیشت کەبراکەی کردبووی، ئەویش دەرکردنی بەعسیەکان بوو لەنێو دەسەڵات. لەبەر ئەوە خۆی بە چیرۆکی مانگەوەخەریک نەکرد، زۆربەی کات  خومار بوو بەویسکی، مانگی عەبدولرەحمان بێوەی بوو، لەسەردەمی ئەودا کەس لەسێدارە نەدرا وکەبەعسیەکانیش داوایان لێکرد واز لەدەسەڵات بهێنێت، بەئاسانی کورسی ومانگی بۆ بەعسیەکان بەجێهێشت، چوو بۆ ئەستنبول. لەوێ تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی تەمەنی بەپارەی سەرۆکایەتی ئێراق  ڕیستۆرانت ویانەی شەوانی  کردبۆوە وداهاتێکی باشیان بۆ بەردەوامی لەژیان لەنێو خوماریدا بۆ زامنکردبوو. عەبدولڕەحمان عارف مانگی دەسەڵاتی بۆ ئەحمەد حەسەن بەکر وسەدامی جێگری جێهێشت.  ئەحمەد حەسەن بەکر یش وەک قەرەقۆزێکی دەستی سەدام زۆر زیادەڕۆیی نەکردوچیرۆکی مانگ لەوسەردەمەدا ئەوەندە باسندەکرا. تەنها ئەوەنەبێت بەسەرۆکی باوک لەقەڵەمدەدارا، کەوەک مانگێکی درەوشاوە میهرەبانی بۆ هەموو ئێراق بوو. ئەویش بەدەردی سەرۆکەکانی تر چوو  وبەهێمنی کورسیەکەی بۆ سەدام جێهێشت ودوای ماوەیەک بەنەخۆشی دنیای جێهێشت. ئەو ماوە کورتەی عەبدولڕەحمان عارف و بەکر، ماوەی ونبوونی  ئەفسانەی سەرۆکی ئێراقی و چیرۆکی مانگ بوو.
 لەگەڵ هاتنی سەدام حوسێن چیرۆکی سەرۆک لەسەر مانگ ولەنێو مانگ ولەبن مانگ، بەهێز و گوڕوتینێکی  بێوێنەوە گەڕایەوە سەر شانۆی ڕووداوەکان. سەدام مانگەشەوانی نوتەکی ئێراق ونیشتمانی عەرەبی بوو، سەدام مانگی درەوشاوەی ناوچەکە بوو، سەدام مانگی هەژاران ولێقەوماوان بوو،هەموو شەوێکدا وێنەی سەدام لەسەر ڕووبەری مانگ دەردەکەوت، بەمشێوەیە سەدام و مانگ یەک کەس و یەک خاسیەت و یەک درەوشانەوەیان هەبوو. بێگومان ئەوانەشی جورئەتی ڕەخنەگرتنیان لەسەدام هەبوویایە،لەچاوی بەعسیەکانەوە وەڕینی سەگی عەمالەت بوون لەنێو تاریکی شەوەزەنگدا،ئەوانە شایەنی گوێگرتن نەبوون. بەمشێوەیە سەدام بەکەڕی لەنێو مانگی وەهمی خۆیدا ژیانی بەسەربرد. تاوەکو زەمەن وەرچەرخاو مانگی ئەمریکایەکان، مانگی جۆرج دەبلیو بوش لەئێراقدا هەڵبوو، سەدام بوو بەمەسخەرەی زەمانە ومانگی لەوائابوواندا بوو، وەک هەموو دیکتاتۆرێک لەکۆتایی ژیانیدا بوو کاریکاتۆرێکی بێتام، بوو بەمەسخەرە و قۆشمەچی هەموو دنیا.  دوا کۆمیدیای سەدام گاڵتە پێهاتنی بوو بەجەلادەکانی کەلەپشت ئەوەوە هاواری موقتەدایان دەکرد. لەوانەیە پێکەنینی بەوە هاتبێت کەئێستا لەپشت خۆیەوە ئەوگێلانەی دەبینی لەنێو مانگی موقەدا ومانگی حەکیم و مانگی مالیکی ومانگی زاڕی و چەندەها مانگی تردا خۆیان بەسەرکردەی ئەبەدی دەبینی. لەوانەیە پێکەنینی بەوە هاتبێت کەچارەنوسیان لەو باشتر نابێت، ئەویش بەربوونەوەیە وەک گێلێکی مێژوویی لەسەر  مانگی درەوشاوە بۆ سەر زەویەکی جەهەنەمی. بەهەر حاڵ مانگی سەدام بۆ ئەبەد گیرابوو. بەڵام سەیر لەودا بوو سەدام لەقاسم زیاتر شانسی هەبوو، دوای لەسێدارەدانی دەم وچاوی لەسەر ڕووبەری مانگ دەرکەوت وهەموو نیشتمانی عەرەبی ئەوەیان بینی وتەنانەت ڕۆژنامەکانیش ئەو وێنەیان بڵاوکردەوە.  پارێزەری سەدام (خەلیل دلەیمی) لەچاوێکەوتنێکی تەلفیزۆنیدا باسی لەوە کرد سەدام نەمردووە، وەک پارێزەرێکی خورافی، \ەڕاوە لەنێو وەهمی بەمانگبوونەوە، بەڵگەیەکی سەلمێندراوی نیشانی کامێرای تەلفیزۆندا، ئەویش ڕۆژنامەیەک بوو کەوێنەی مانگیان گرتبوو،مانگێک وێنەی سەدامی بەڕوونی تێدا دەبینرا.بەمشێوەیە خوێنەری ئازیزم، مانگ لەم ئێراقە نەخۆشەدا بەدووی سەرۆکەکانەوەیەو ببورن سەرۆکەکانی ئێراق هەموویان لەنێو مانگدان وتەنانەت خۆشیان بەمانگ دەچوێنن وبێگومان گەر هاتوو مانگ لەوانەوە دروست نەبووبێت، ئەوا بەشێکە لەوان. کەبەڕێز سەرۆک تاڵەبانی (خوا بیپارێزێت) لەدژی کولتوری ڕەخنە لەم دەڤەرەدا جنێوی بەئێمەدا خۆی بەمانگ وئێمەی بەسەگ چواند، جنێوەکەم لەلاگرنگ نەبوو، بەقەد هێندەی چیرۆکی مانگ بوو کەمنی تووشی سەسوڕمانکرد. چیرۆکی مانگ بوو  بەدوای ئێراقیەکی پلەدووشەوەیە، کەبەڕێکەوتی زەمانە هاتۆتە نێو کۆشکی کۆماریەوە.سەیرم لێهات ئەویش تووشی نەخۆشی (مانگبوون) بووە وخۆی بەمانگ تێدەگات، بێئەوەی ئەوە بزانێت  کەئەمە یەکمجار و دواجاریش دەبێت کوردێک ببێت بەسەرۆکی ئێراق و بوونی ئەو پابەندە بەتەمەنیەوە، نەک بەئیجماعی هەمووان. بەڕێزی لەچاوی عەرەبی ئێراقیدا مانگێکی هیلاکە و ئاوابوونی لەئەمڕۆ و سبەینێ دایە.  سەیر لەوەدایە ئەو مانگبوونەی سەرۆک تاڵەبانی تەنها لەبەردەم ئێمەی کوردایە، کەچی خۆی لەسەر شاشەی تەلفیزۆنە عەرەبیەکان نوکتە لەسەر خۆی دەگێڕێتەوە، هەمان نوکتە گەر ڕۆژنامەنوسێکی  کورد لەسەری بنوسێت بەتەشهیر لەقەڵمدەدرێت. بەهەر حاڵ مانگی تاڵەبانی بێت یان هی قاسم یاوەکو مانگی عەبدولسەلام ، هیچ مانگێک لەمانە بەدرێژایی مێژوو توانای ئەوەی نەبووە ڕۆشنایی بۆ ماسیەکی بچوکی وەک (کەلەماری) هەبێت، بۆهیچ نا، تەنها بۆ ئەوەی  لەژێر ڕۆشنایدا  گەراکانی لە هێرشی گیانەوەرانی ڕۆژ بشارێتەوە. مانگی تاڵەبانی بێت یان هی مالیکی یان هی حەکیم ، هیچی توانای ئەوەیان نیە ڕۆشنایی بدەن بەخێوێکی هیلاک بۆئەوەی  دەست لەیەکێک بوەشێنێت. مانگی تاڵەبانی نەک هەر ناتواتێنت سەگەکان بخاتە سەر وەڕین، بەڵکو گەر پارەبۆ مەرایکارەکانی هەڵنەڕێژێت ئەوا گووێی لەقروسکەش نابێت. ئەم مانگەی سەرۆکەکانی ئێراق جگەلەخەستکردنەوەی تاریک و نوتەکی  نەبێت، هیچی دیکە نەبوون. جگەلەمانگێکی ڕەش نەبێت هیچ ناوێکی تریان بەباڵادا ناچێت ..                                            
  نورنبێرگ 12. Mai 2008
 
 
 *لەبەرواری 21.05.2008  دا لەڕۆژنامەی (ئاوێنە) بڵاوبۆتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.