Skip to Content

Thursday, October 29th, 2020

(مانی) ژیان و پەیامەکەی

Be First!
by December 17, 2012 گشتی

(مانی)

ژیان و پەیامەکەی

لە (حدائق النور) ی ئەمین مەعلوفدا

 

 

وشەکانم خوێن ناڕێژن، دەستم هیچ شمشێرێک پیرۆز ناکات. هەتا چەقۆی قوربانیدەرانیش، تا بیوری داربڕێکیش

(مانی)

 

(١)

سەرەتایەک سەبارەت بە مانی

 

کە کوڕە گچکەکەم ناو نا (مانی)، هێشتا رۆمانی (حدائق النور) ی (ئەمین مەعلوف)م نەخوێندبۆوە، تەنانەت زانیارییەکانیشم سەبارەت بە (مانی) کەم بوون، ئەوەم دەزانی کە سەرچاوە هەیە بە پێغەمبەرێکی کوردی دەزانێت و دانەری دینی (مانی)یە لە ساڵی ٢١٥ زایینی لە ماردین لە دایک بووە، باوکی (پاتەک) بووە کە لەو رۆمانەدا کراوە بە (پاتیغ)، لە گەنجییەوە شارەزای زانستە جۆراوجۆرەکان بووە، بە فراوانی دینەکانی خوێندوون و لە تەمەنی بیست و چوارساڵیشدا خۆی وەک پێغەمبەرێکی نوێ ناساندووە.

لەسەردەمی شاپووردا، شای ساسانییەکان کە دینییان زەردەشتی بوو و رێنماییەکانییان لە ئاڤێستاوە وەردەگرت، رێ دەدات (مانی) بە ئازادی دینەکەی لە خاکەکانی ژێردەستی ساسانییەکاندا بڵاوبکاتەوە و لایەنگرەکانیشی بە ئازادی خەریکی دینەکەیان و فراوان کردن و پەرەپێدانی ببن، بەڵام دواتر بۆ ماوەیەک وەک لەو رۆمانەش باسی دەکات، ناخۆشییەک دەکەوێتە نێوان شاپوور و (مانی) و لەیەکدی دوور دەکەونەوە. بەڵام دوای مردنی شاپوور (هورمز)ی کوڕی رێزێکێ زۆر لە (مانی) دەنێت. ئەوە پێش ئەوەی (هورمز) بە فێڵی برایەکەی (بەهرام) ژەهرخوارد بکرێت و لەناو ببردرێت. (بەهرام) بە ئەشکەنجەیەکی زۆرەوە (مانی) دەکوژێت. کە هەندێک پێیان وایە وشەی (مانوو نەبی- ماندی نەبی) لەو ئازار و مەینەتییانە هاتووە کە (مانی) لە ژیانیدا چەشتوویەتی و بۆتە هێمایەک بۆ مرۆڤی ستەملێکرا و و ئەشکەنجەدراو، بۆیە دواتر ناوەکەی دەبێتە دەربڕی ئەو دۆخەی کە پێویستە مرۆڤ بۆ مرۆڤی نەخوازێت و (مانی) نەبیت واتە وەک (مانی)ت بەسەر نەیەت! “١”

(مانی) پێش کوشتنی دەزانێت کە ژوانی شەهیدبوونی نزیک بۆتەوە، بۆیە بە یاوەرانی دەڵێت:(وەرنە تەماشام، چاوتان لە من تێر بکەن، بەو نزیکانە لەشم لە لاتان بار دەکات) (مانی) کە دێتەوە وڵاتانی نێوان دوورووبار و دەچێتە (تەیسەفۆن) و لەوێوە بۆ دیداری شا (بەهرام) بەڕێ دەکەوێت. لەو دەمدا (کەرتیر) کە لەو رۆمانەشدا باسی رۆڵ و کاریگەرییەکانی دەکرێت. لەگەڵ هەندێک لە کەسە نزیکەکانی دەستەڵات دەست تێکەڵ دەکەن بۆ لەنێوبردنی (مانی). واتە یەکێیتەکی دینی و سەربازی و سیاسی لە دژی (مانی) درووست دەبێت و (کەرتیر) یەکێکە لە کەسە سەرەکییەکانی هۆی کوشتنی (مانی). هەرچەندە لە سەر پۆستی (کەرتیر) لە رووی مێژووییەوە جیاوازی هەیە، بەڵام ئاشکرایە کە رۆڵی لە کوشتنی (مانی)دا گەورەبووە. تاوانباری کردووە کە ئەو بنەمایانەی (مانی) بڵاوی کردوونەتەوە دژی شەریعەتی دینی (زەردەشتی)ین، ئەوەی دژی دینی زەردەشتیش بێت ئەوە سزایەکەی کوشتنە. بۆیە لەو دیدارەدا، یەکەم وشەی بەهرام ئەوەیە پێی دەڵێ: (مەرهەبات لێ نەبێت) (مانی)ش دەڵێت چ گوناهێکم کردووە؟ (بەهرام)یش دەڵێ: سوێندم خواردووە کە لەسەر ئەو خاکەت نەهێڵم. بە توڕەییەوە پێی دەڵێ تۆ کەڵکی چیت هەیە؟ نە بەشداریی شەڕ دەکەیت و نە راو دەکەیت؟ لە دەرمانگرتنەوە و نوژداریشدا باش نیت. تا دەگاتە ئەوەی بپرسێت نازانم بۆ سرووش بۆتۆ هات و بۆ پاشای گەورە نەهات؟ (مانی)ش دەڵێت ئەوە ئیڕادەی خوا بوو و چیشت دەوێت ئەوەم لێ بکە.) “٢”

لە رۆمانەکەشدا نووسەر دەڵێ: بەهرام کە حوکمی کوشتنی دەدات پێی دەڵێ:(من سوێندم بە باپیرانمەوە خواردبوو کە بتکوژم، بەڵام خیانەتی تۆ شایانی ئەوەیە ئازاری لە پێناودا بچێژیت)”٣” 

(مانی) تەمەنی شێست ساڵە، کە بۆ ماوەی بیست و شەش رۆژ بە زنجیر دەبەسترێتەوە تا گیانی دەردەچێت، دوای مردنیشی مەشخەڵێکی لە جەستەدا دەچەقێنن تا دڵنیا بن کە مردووە، تەرمەکەی پەل پەل دەکەن. سەری دەبڕن و هەڵیدەواسن. بەهرام تەرمەکەی ناداتەوە یاوەرانی، نەوەک گۆڕەکەی ببێتە مەزارگە. بۆ ماوەی سێ رۆژ تەرمەکەی لە دەروازەی شاردا (بیت-لاپات) هەڵدەواسرێت. دوای ئەوە یاوەرانی پاشماوەی پارچەکانی لە تەیسەفون دەشارنەوە.

 (٢)

یاخیبوون

باوکی (مانی) (پاتەک) لە دەروبەری ساڵانی ٢٠٠ ی دوای زایینی ژیاوە و میرێکی پارتی بووە، ئەشکانی بووە، لە شاری هەمەدان، پێتەختی هەرێمی میدیا، ژنێک دەهێنێت بە ناوی (مریەم) کە ناوی مریەمیش ناوێکی (جوولەکەیی- مەسیحییە) لە خێزانێکی خانەدانی پارتییەکان بووە،(زۆر سەرچاوە دڵنیان کە کورد بووە) کە بەشێک بوون لە خێزانێکی ئەشکانی لە ئیمپراتۆرییەتی پارتییەکاندا. خێزانێکیش بوون کە رۆڵێکی گەورەیان لە ئەرمینیادا هەبوو. پاتەک هەمەدان بە جێدێڵێت و دەچێتە تەیسەفۆنی سلوکییەکان، کەئەو کات شارێکی گرینگ و گەورە بووە و شوێنی نیشتەجێبوونی گەورە ئاغاکان بووە، دیارە پاتەک بە یەکجاریی چۆتە ئەوێ. کابراییەکی دیندار بووە، لە هەقیقەت _ خودا _ گەڕاوە. وەک خەڵکی هاتووچۆی بتخانە و پەرستگەی کردووە، پێش ئەوەی (مانی) لەدایک ببێت، دەبێتە یەکێک لە تاقمی جلسپییەکان، کە زیاتر بۆ ئەوە دەچم (مەنداییەکان) بن. دوای ئەوەی (مانی) لە دایک دەبێت لە تەمەنی چوار ساڵیدا (مانی) دەباتە لای خۆی بۆ ئەوەی لە (باخچەی خورمادا) لەگەڵ تاقمی جلسپییەکان بژیەت. (مانی) بە منداڵی دەخرێتە ژینگەیەکی دینی نێرخوازانەی توند، ژینگەیەک کە جێگەی ژن و چ شتێکی مێیانەی تێدا نابێتەوە، شوێنێک کە نە جوانی و نە هونەر لەوێ بەهایان هەیە، یەکەمین پنت کە وادەکات (مانی) یاخی ببێت و لە (تاقمی جلسپییەکان) جیاببێتەوە و (باخچەی خورما) بەجێبێڵێت، هونەرە. نیگارکێشیی سەر دیواریی خانووی میرێک، خانووێک کە سەردەمێک شوێنی شەڕاب نۆشین و خۆشترین و رازاوەترین سفرەی وڵاتانی نێوان دوو رووبار بووە. لەوێ (مانی) گوێ لە داستانەکان دەگرێت و تەماشای شوێنەواری داستانەکە دەکات و شەیدا و سەرسام دەبێت. لەوێوە هەست دەکات دەبێت رەسم بکات، کە ئەمەش ئارەزوویەکی مولحیدانە و گوناهکارانەیە بۆ (تاقمی جلسپییەکان)، (جلسپییەکان) لە ئافرەت و هونەر و پەیکەرتاشیی و رەسمکردن یاخیبوون و لە باخچەکەیاندا نەفرەت لە هونەر دەکەن و پەیکەرتاشیی بە بتپەرستی دەژمێرن. (مانی) لەوان یاخی دەبێت و بە بەرەواژی یاخیبوونی ئەوان هەڵدەگەڕێتەوە. فڵچە دروست دەکات و بۆیاغی رەنگە سارد و گەرمەکان دەگرێتەوە، لە مووی بزن و لم و قەپێلکی هێلکە و ترێ و دارگوێزدا کەرەستەکانی هونەر و ئازادبوونە روحییەکەی سازدەکات. وێنەی خوایەک دەکات، کە زیاتر ىڕوا دەکرێت (دیۆنیسۆس) بێت! بەڵام رەسمی شێوەیەکیتر دەکات و دەڵێن ئەوە (میترا)یە! بەڵام (مانی) لە رێی هونەرەوە نەوەک هەر لە دینی تاقمی جلسپییەکان هەڵدەگەڕێتەوە، بەڵکو هونەریش دەکاتە کەرەستەیەکی زۆر کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی فەلسەفە و بیروباورەکانی خۆی، بە شێوەیەک کە هونەرێکی تایبەت بە خۆی درووست دەکا کە بەناوی (مانی)یەوە دەناسرێت. وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن (مانی) لەگەڵ مژدەبەخشەکانی خۆیدا نیگارکێش و رەسامەکانیش رەوان دەکات، بۆ ئەوەی وێنەی پەیامەکەی بکێشن و هاوکاریی خەڵک بکەن بەتایبەتی ئەوانەی خوێندەوارییان نییە تا لە پەیامەکەی بگەن، هەروەها دەبێت ئێمە لەوەش بگەین کە لەو سەردەمدا چەندین زمان هەبوون و (مانی)ش پێویستی بەوەبوو کە دینەکەی لە زۆر شوێندا بڵاو بکاتەوە، ئەو شوێنانەش زمانی جیاوازییان هەبووە، بۆیە لە رێی رەسمکردندا زمانی هونەری بەکارهێناوە بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی. هەروەها چیرۆکێکیش هەیە کە (مانی) رەسمکردنەکەی وەک کەرەستەیەک بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خەڵک بڕوا بە پەیامەکەی بکەن، وەک لەم چیرۆکەی خوارەوەدا گوێمان لێ دەبێت کە (مانی) چۆن پەرتووکەکەی “ئەرژەنگ یا ئەرتەنگ”ی وێنەدار نووسیوەتەوە:(مانی) دەچێتە ئەشکەوتێک کە هەم هەوای تێدایە هەم و کانیاوێکی تێدایە، یەک دەرگەی هەیە، بێ ئەوەی کەس بیبینێت، ئازووخەی ساڵێک لەو ئەشکەوتەدا تەقەت دەکات. ئینجا بە یاوەرانی دەڵێت: “دەچمە ئاسمان، ماوەی ساڵێکی تەواو لە کۆشکەکانی ئەوێ دەمێنمەوە دوای تەواو بوونی مانگی دوازدا دەگەڕێمەوە سەر زەوی و مژدەکانی خواتان بۆ دێنمەوە. ساڵی داهاتوو لێرەدا و لە فڵانە شوێندا لە نزیک ئەو ئەشکەوتە چاوەڕێم بکەن” خۆی بزر دەکات و دەچێتە ئەشکەوتەکە، لەوێدا بۆ ماوەی یەک ساڵ وێنە دەکێشێت، دوای سالێک دێتەوە و لە تەنیشت ئەشکەوتەکەدا خۆی نیشانی خەڵک دەداتەوە و تابلۆکانی لەدەست دان. ئەوانەی تابلۆکان دەبینن بە سەرسامییەوە دەڵێن : “تا ئێستا کەس شتی وای نەدیووە!” ئەویش دەڵێ: ” ئەو تابلۆیانەم لە ئاسمانەوە هێناون تا ببێتە پەرجووی پێغەمبەرایەتیم”) “٤” 

ئەو چیرۆکە ئەگەر ئەفسانەش بێت، ئەوە نیشان ئەدات، کە هونەر لەسەرەتای ژیانی دینی و فەلسەفی (مانی)دا رۆڵ و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیان و دین و فەلسەفەکەیدا هەبووە، وەک چۆن کاریگەریی لەسەر کەسانی تر و دین و فەلسەفەکانی تریش هەبووە، لە پێش (مانی)دا وێنەکردن لە دیوانی (ئابتور)ی مەنداییەکان و (یەهوا) ی قپتییەکاندا هەبووە، بەڵام هونەرەکەی (مانی) جیاواز بووە لەوانەدا. وەک چۆن دیاریشە کە لە ماڵی یۆنانییەکەدا یەکەمجار (مانی) وێنەی داستانێک لەسەر دیوار دەبینێت و نوێی دەکاتەوە. لەوێدا، وێنەکردنی لە ئاستی یەکەم دایە، کە تەنیا نوێکردنەوەی وێنەیەکە کە هیچی لەبارەوە نازانێت، بەڵام دواتر وێنەکانی لە باخچەی خورمادا، دەبێتە رێگەیەک بۆ یاخی بوون و دەرىڕینی ویستەکانی ناوەوەی خۆی، ویستی تاکێک کە لەو رێیەدا لە ژیانی جەماعەت یاخی دەبێت و لە رێی وێنەدا ئەو یاخیبوونە رادەگەیەنێت و جەماعەت تووشی شۆک دەکات و ئەبێتە گەفێکی هەقیقی لەسەر سستەم وژیان و بیرو باوەڕەکانی تاقمی جلسپییەکان. وێنەکردنی (مانی) بەزاندنی سنوورە روحی و هزری و فەلسەفییەکانی باخچەی خورمایە، دواتر لە ئاستێکی باڵاتردا دەبێتە کەرەستەیەک بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی دین و فەلسەفەکەی. ئەوەی جێگەی باسە لە ئیسلامیشدا زەخرەفە و نووسینی هونەری ناوی (الله) و (محمد) و ئایەتە قورئانییەکان و فەرموودەکانی پێغەمبەر بایەخێکی گەورەی پێ دەدرێت و زۆر جاریش ئایەتەکان و (بیسم الله) لەسەر شێوەی باڵندە و وێنەی تر دەنووسرێنەوە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی هونەری مانی ئەوەبووە، کە دەقەکانی خۆی تێکەڵ بەزەخرەفە نەکردووەوەک ئەوەی کە لە ئیسلامدا هەیە، کە خەت و وشەکان تێکەڵ دەبن. دەقی نووسراو و وێنە لە لای مانیدا شتێکی نموونەیی بووە بۆ پێشکەشکردنی پەرتووکەکانی. لەسەر نوختەکاندا کە بە رەنگی رەش کردوونی شێوەی هێلکەیی قورمزی و گوڵی رەنگاورەنگی لە دەور کردوون کە زۆریش جوان بووە وای کردووە پەرتووکەکانی یەکسەر بناسرێنەوە. پیتە سەرەتاییەکانی بە گەورەیی نووسیون و شێوەیەکی هونەری داونەتێ و کۆمەڵیک کاخەز و گوڵ و پەلکی درەختەکانی لە خۆ گرتووە.”٥”

پەرتووکەکانی (مانی) نەوەک تەنیا روون بوون و بە جوانی نووسرابوونەوە بەڵکو بە جوانیش ئامادەکرابوون و کەرەستەکانی پەرتووکەکانیشییان پێشکەوتوو بوون. ئەو زانیارییانە بۆیە پێشکەش دەکەم، بۆ ئەوەی بزانین کە پەیامی مانی تەنیا وشە نەبووە، بەڵکو لە گەیاندنیشیدا تەکنیکێکی جوانی هەلبژاردووە کە ئەویش هونەرە. کە هونەرەکەش بۆتەوە بەشێک لە پەیامەکەی. کە ئەمەش وا دەکات ئێمە تۆزێک بە گومان بین لەو دیدەی دەیەوێت ئەوە بڵێت کە مانی دژی ژن و مێیاتی بووە و خاوەن دیدێکی نێرانەی توند بووە. لەو رۆمانەشدا ئەو رەتدانەوەیە بە ئاشکرا دەبینین، کاتێک هونەر هەم دەبێتە راگەیاندنی یاخی بوون و هەمیش ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار دەسترەنگینی (مانی) لە رەسمکردندا دەبینێت (کچی یۆنانییەکە- کلووییە)یە، کە بە دامەنی کراسەکەی ئارەقەی نێوچاوان و رووی (مانی) دەسڕێت لە کاتی وێنەکردندا بۆ یەکەم جار.

 

(٣)

جمکەی مانی

رەسمکردنی میترا، پێویستی بە خۆپاککردنەوە بوو، کە دەزانێ چ کفرێکی کردووە، رادەکات و ماڵی میرە کۆنەکە و وێنەی سەردیوارەکە بەجێدێڵێت و تا لە رۆخ جۆگەکەیەکدا هەڵدەنیشێتەوە. لەوێوە بۆ یەکەمجار سرووشی بۆ دێت و کاروانی دین و فەلسەفەکەی دەست پێ دەکات، لەوێوە یاخیبوونەکەی لە هونەرەوە دەست پێ دەکات و دەپەڕێتەوە بۆ نێو دین و هزر و بیرکردنەوە و ژیان و هەبوونیدا. لەوێوە یەکەم جار سرووشی بۆ دێت، سرووش لە (توأم) (جمکە)کەی- لە زمانی عەرەبیدا وشەی (توأم) کە بە مانای (جمکە) دێت لە کوردیدا، رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی (تۆما)ی سریانی. کە مانای جمکەیە- کە (مانی) ناوی دەنێت (هاوڕێ)، هاورێیەک کە پێی دەلێت: (رەسمی ئەو شتە بکە کە خۆت پێت خۆشە، ئەوەی منی ناردووە رکابەری نییە و هەموو جوانییەکانیش رەنگدانەوەی جوانیی ئەون) ئەو وڵامە هەمان ئەو وڵامە بوو کە دڵ و گیانی (مانی) دەیویست.

لەوێوە دەزانێت، بیروباوڕی تاقمە جلسپییەکان، ئی ئەو نین، باخچەی خورما جێگەی ئەو نییە و دەبێت رۆژێک بێت و بەجێی بێڵێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا، (مانی) تەمەنی دوازدە ساڵییە کە پەیامی بۆ دێت. لەو کاتەدا (مانی) کچێک دەناسێت،(کچی یۆنانییەکە- کلووییە) هەر لەو رۆژەشدا بۆ یەکەمجار دەزانێت کە ناوی دایکی (مریەم) بووە. واتە لەو تەمەنەدا کە کاتی خۆناسین و پێگەیشتن و چوونە نێو دنیای هەست کردنە بە حەزەکانی جەستە، رەنگە لە هەقیقەتدا کاریگەریی هەبووبێت لەسەر پەیام و فەلسەفە و بیروباوڕەکانی (مانی)دا. بە تایبەتیش ئەگەر بزانین (تاقمی جلسپییەکان) دژی ژن و هەر شت و ناوێکی مێینەن و نەفرەت لە حەزە جەستەییەکان و سێکس و تێکەڵاوبوونی ژن و پیاو دەکەن. لەزۆر سەرچاوەدا (مانی) و دینەکەی بەوە تاوانبار دەکرێن کە هەمان ئەو بڕوایەی هەیە، بەڵام لەو رۆمانەدا هەقیقەتێکی تر دەبینینەوە، چونکە (مانی) خۆی دواتر داوای جوانترین کچ (دیناغ) لە (هورمز) دەکات من بۆیە ئەو سەرنجەم دا، تا ئەوە بوروژێنم کە رەنگە حەزێکی ناڵێم سێکسی، بەڵام خۆناسینێکی جەستەیی هەبووە لەو کاتەی (مانی) هەست بە هەبوونی فریشتەیەک دەکات لەسەر شێوەی خۆی و وەک رەفیقێک قسەی لەگەڵ دەکات. قەدەغەکردنی شتە مێینەکان لە باخچەی خورمادا و تەنیا تێکەڵاوبوون لەگەڵ پیاوەکاندا، بێ کاریگەریی نەبووە لەسەر جەستە و دەروونی (مانی)دا. یەکێک لەو شتانەیش کە (مانی) بە توندی رەخنەی لێ دەگرێت ئەوەیە کە تاقمی جلسپییەکان خۆ لە هەموو شتێک دەگرن کە مێیە بێت. بۆیەشە (مانی) کە داوای (دیناغ) لە شا هورمز دەکات و لەگەڵیدا بەڕێ دەکەوێت، لە نێوان ئەو و (مالکۆس)ی هاوڕێیدا ئەو گۆتوبێژە روودەدات:

-چی لێ دەکەیت؟ بەسەریشی ئاماژە بۆ (دیناغ) دەکات.

-مانیش دەڵێ: کێوە بچم لە گەڵم دێت، هەرکەسێ من میوان بکات ئەویش میوانی دەبێت.

-ژنێک! خەڵک هەزاەر پرسیار دەکەن.

-خەڵک هەمیشە هەزار پرسیار دەکەن.

-ئاخر دەیانەوێت تێ بگەن.

-تێبگەن؟ (مانی) نەیویست تێبگات، ئەو دەنگەی (ناوەوە) و یان ئاسمانییەکەی کە هەندێ جار بە زمانی ئەو قسە دەکات ئەو وای لێکرد داوای ئەو کچە بکات، ئەویش گوێڕایەڵ بوو.

واتە لێرەدا هەڵبژاردنی ئەو کچە، هەڵبژاردنی جمکەکەیەتی، ئەو دەنگەی زیاتر دەربڕین لە حەز و ویستە جەستەییەکانی (مانی) دەکات.

 

(٤)

رەسمکردن لە نێوان سرووشی خودا و شەیتاندا

 

کە تاقمی جلسپییەکان دەزانن (مانی) رەسم دەکات، گەورەکەیان لێی دەپرسێت: خودا یان شەیتان سرووشی ئەو رەسمانەی پێ بەخشی؟

ئەو پرسیارە ئەوە نیشان دەدات، کە رەسمکردنی (مانی) دەبێتە پرسیارێکی هەقیقی سەبارەت بە خودا و ئیمان و بڕوای تاقمێک کە ئایە ئەوە ویستی خودایە (مانی) بۆ رەوانە کردوون یان شەیتانە مولحیدێکی بۆ ناردوون و دەبێت سزا بدرێت؟ ئایا (مانی) ئەو کەسە پاکەیە کە خودا هەڵیبژاردووە یان کەسێکی پیسە و هاتووە ژیان و رێکخستنی ئەوان تێک بدات؟ 

تاقمی جلسپییەکان جیهانێکی داخراویان هەبوو، کە بۆ خۆیان رێکیانخستبوو و لەگەڵ ویست و بیرکردنەوەکانی (مانی)ش نەدەگونجا، رێکخستنی ژیان بە ناوی دین و خودا، بە ناوی پیرۆزیی و کتێب و شەریعەتێک. مرۆڤەکانیش دەخاتە نێو قالبێکەوە کە بێ گومان و بێ پرسیارکردن ملکەچی فەرمایشتەکانی ئەو خوایە بن کە ئەوان بڕوایان پێیەتی. ململانێی نێوان خوا و شەیتان یەکێکە لەو وەسوەسانەی لە زۆربەی دینەکاندا بۆ گۆڕینی سستەم و ترس لەو گۆڕانەدا دووبارە دەبێتەوە. شەیتان ئەو هێزەیە کە دەیوێت دنیای رێکخراویی خوا بۆ بەندەکانی تێک بدات، بە شێوەیەک ئیش دەکات کە نزیک بێت لە شێوازەکانی خودا، بۆیە (سیتایی) گەورەی جلسپییەکان نازانێت و دوودڵە ئەوە کێیە لە پشت سرووشەکانی (مانی)یەوە، خودایە یان شەیتان؟ کە خوداش نەبێت ئەوە بێ گومان شەیتانە، لێرەشدا، کارەساتی شەیتان دووبارە دەبێتەوە کە هەمیشە ئەو هۆکاری تێکدان و نەهێشتنی ئەو سستەمەیە کە خودا دایمەزراندووە. کە واش بوو ئەوە (مانی) و نموونەکانی دەبنە زەندیق. کە زەندیقیش بوو دەبێت (تۆبە) بکات، ئەگەر نا رووبەرووی سزادان دەبێتەوە. لێرەدا دادگە دێتە گۆڕێ. لە هەموو چرکە مێژووییە گرنگەکان و چارەنووسسازەکاندا کە دین دەکەوێتە بەر هەڕەشە، هەمیشە دادگەکان ئامادەدەکرێن بۆ ئەوەی لە بیرکردنەوە و فەلسەفە و گیانی هەڵگرەکەیشی بکۆڵنەوە. هزرو گیان و فەلسەفە و رێبازی نوێی (مانی) دەخرێنە بەردەم دادگەیەک بۆ ئەوەی بڕیارێکی دینی لەسەر بدەن. لێرەشدا هەروەک چیرۆکی دادگە زۆرو زەوەندەکانی مێژووی مرۆڤایەتی هەر لە (مانی)یەوە تا دەگاتە (حەلاج) و (سوهرەوەردی) و دەیان و سەدان دادگەی تر. هەموو دادگەکانیش داوای تۆبە و پەشیمانبوونەوە دەکەن لە بیرە نوێ و هەناسە شۆڕشگێڕییەکانی پەیامبەرە نوێیەکان. لەو دادگەیەدا (مانی) ناکوژرێت، بەڵام وەک هەر هەڵگرێکی بیرێکی نوێ و یاخی لە تاقمەکەی، لێیدەدرێت و ئەشکەنجە دەدرێت و تڕۆ دەکرێت، بەڵام (مانی) ئەوە بە سەرەتای هەقیقی پەیامی خۆی دادەنێت و دەست دەکات بە بڵاوکردنەوە و وەربوون بە جیهاندا.

 

(٥)

پەیام

(مانی) لە پێناو پەیامێکدا (تاقمی جلسپییەکان) و (باخچەی خورما) بەجێدێڵێت. پەیامێک کە جیاوازە لە پەیامی  ئەو ژینگەیەی بیست ساڵ تێیدا گەورە دەبێت. پەیامێک پێش هەموو شتێک نێر و مێ بە یەکدی ئاشت دەکاتەوە. (پاکی و پیسی) لە بەرووبووم و شتەکان دەکاتەوە و (رووناکی و تاریکی) دەخاتەوە نێو دەروونی مرۆڤ و رەتدانەوەیان لە رێی پەیامێکی نوێوە: (قسە کردن لەبارەی خۆراکی پاک و پیسەوە، خورافەتە. وەک چۆن قسەکردن لەسەر مرۆڤی پاک و نەگریسیش خوڕافەیە. لە هەموو شتێکدا و لەهەموو کەسێک لە ئێمەدا “رووناکی” و “تاریکی” تێدەپەڕێنێت) ل ٨٨

جلە سپییەکانی تاقمەکەی فڕێ دەدات و دەکەوێتە سۆراغی ئەو پەیامەی کە بڕوای پێیەتی: (دینی جوانیی نیشانی میللەتەکان دەدەم لە هەر چوار لای دونیادا) ل ١١٣

وەک سەرچاوەکانیش باس دەکەن، (مانی) هەوڵیداوە هەرسێ دینەکانی (مەسیحیی، بودایی و زەردەشتی) لە قالبی دینی خۆیدا ئاوێتە بکات و دینیی خۆی لێ چێ بکات.  وەک دیاریشە لەو سەردەمدا، ساسانییەکان بەهێز دەبوون و (ئەردەشێر)یش دەیویست جارێکی دیکە شان و شکۆ و شەوکەتی فارسەکان لە ناوچەدا بەرزبکاتەوە دوای ئەوەی ماوەی پێنجسەد ساڵ بوو  لەسەر دەستی (ئیسکەندەردا) شکابوو. ئەویش دەیویست دینێکی نوێ بێت و بیر و باوڕەکانی کۆنی فارسی و زەردەشتی تێدا بێت و هەروەها هەندێ هێمای دینی مەسیحیشی تێدا بێت، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا رێ لە بڵاوبوونەوەی زیاتری دینی مەسیحی بگرێت و هەروەها کاریگەریی دینی جوەکانیش کەم بکاتەوە.

(مانیی) ىڵاو دەبێتەوە و لەسەردەمی (شاپوور)دا گەشە دەکات و (مانی) سەفەری ولاتان دەکات و دەگاتە هیندوستان و چین و ئەفریقیا و دوورگەی عەرەبی و ناوچەی حیجاز و نزیک هەرێمەکانی ئیمپراتۆریی رۆمانی و میسر. لەسەردەمی (شاپوور)دا کە ٣٠ ساڵی خایاند، مانی لێیەوە نزیک بوو و ئەوەندە نزیک کە پرسیاری ئەوە دەکرێت (مانیی) چۆن نەبووە دینی فەرمی ساسانییەکان؟ دیارە کۆمەڵێ هۆکار هەبوون بۆ ئەوەی زەردەشتیی ببێتە دینی فەرمی، بەڵام ئەگەری ئەوەش لە ئارادابوو کە (مانیی) ببێتە دینی دەوڵەت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە نەبووە دینی فەرمی، بەڵام (مانی) رێی لێ نەگیرابوو بۆ ئەوەی پەرە بە دینەکەی بدات، بە پێچەوانەشەوە، (شاپوور) نامەی تایبەتی بۆ سەرکردەی هەموو ئەو هەرێمانە نووسی بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە (مانی) بکەن و بەرگریی لێ بکەن و کەس زۆری لێ نەکات.

(مانی)دەبێتە پێغەمبەر و خوداشی دەبێتە (شای باخچەکانی رووناکی) خواییەک کە پێی وایە ناکرێت لە یەک کاتدا هەم بە توانا (قدیر) بێت و هەم بەخشندە(رؤوف) بێت! (ئایا ئەو گڕووبوون و شەڕی خەلق کردووە؟ ئەوە رێ دەدات منداڵەکان بمرن و بێتاوانەکانیش ئەشکەنجە بدرێن؟ ئایا ئەو (تاریکییەکانی) خەلق کردوون و گەورەییانە؟ ئەو رێی داوە تاریکی هەبێت؟ ئەگەر لە توانایدا بێت لەناوی بەرێت بۆ نایکات؟ ئەگەریش نەیەوێت (تاریکییەکان) لە نێو ببات مانای ئەوەیە بەخشندە نییە، ئەگەر بشیهەوێت لەناوی ببات و نەتوانێت مانای ئەوەیە کە بە توانا نییە)”٥”  

 

(٦)

دینی مانی

(سەر بە هەموو دینێکم و سەر بە هیچیشییان نیم، خەڵک وا فێرکراوە کە دەبێت سەر بە عەقیدەیەک بن وەک چۆن سەر بە رەگەزێک یان خێڵێکن. منیش ئەڵێم ئەوانە درۆیان لە ئێوە کردووە، فێربن کە لە هەموو بڕوایەکدا، لەهەموو هزرێکدا ماددەرۆشنەکە بدۆزنەوە و پەلکەکان لابدەن. ئەوەی دووی من بکەوێت دەتوانێت نوێژ بۆ ئاهورامەزدا و میترا و مەسیح و بودا بکات، هەموو کەسەکان دێننە ئەو پەرستگایانەی من ئاواییان دەکەم) “٦” 

وەک لەسەرەوەش باسمان کرد، ئەو دینە نوێیەی (مانی) بانگەشەی بۆ کرد، کە سەر بە هەموو دینێکە و سەر بە هیچیشییان نییە، چەند ئارەزووی هەقیقی (مانی) بووبێت و بەرهەمی خوێندنەوە و رام و تێفکرینی خۆی بێت، جەند پاڵنەریی سایکۆلۆژیی و دەروونیشی لە پشت بێت، نەدەکرا بە بێ پاڵپشتی سیاسیی (شاپوور) سەر بگرێت. چونکە وەک گووتمان (شاپوور) مەرامی سیاسی تایبەتی خۆی هەبوو لە رێدان و پەرەپێدانی دینی (مانیی)، چونکە لەو کاتدا، رەوشی دینی ولاتانی نێوان دوورووبار بو شێوەیەک بوو کە کۆمەلێک تایەفە و تاقمی دینی هەبوون، زەردەشتیی لە نێو فارسەکاندا بڵاوبوو، مەسیحیی هەبوون، یەهودییەکان لە گوندەکانی بابل زۆربوون هەر لە کۆنەوە لەوێ بوون، مەجوسەکان و مەنداییەکان هەبوون. هەروەها هێشتا پەرستنی خوداوەندەکانی وەک عەشتاری بابل و هەندێ بزاڤی گنوسی لەو ناوەدا لە گۆڕێ بوون. ئەمە جگە لە بودییەکانیش و هەندێ دینی لۆکاڵی تایبەت بە ناوچەیەک یان تاقمێک.

دیارە (مانی)پێش ئەوەی (شاپوور) ببینێت، برایەکەی (فەیروز) ی ناسیووە و کاریگەریی لەسەر هەبووە. لە رێی ئەودا دەگاتە (شاپوور) و پەرتوکێکی پێشکەش دەکات بە ناوی(شاپوورگان) کە بە فارسی نووسیبووی. هەر لەو کاتەشدا (شاپوور) دەستەڵاتێکی زۆر بە (کەرتیر) ی سەرۆکی کاهینەکانی زەردەشتی دەدات بۆ ئەوەی پەرستگەی زەردەشتییەکان و دینەکەی لە هەموو ئەو ناوچانەدا نوێ بکاتەوە کە دەیخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیان. واتە لە یەک کاتدا (شاپوور) هەم دینی (مانیی) و هەم (زەردەشتی) پەرە پی ئەدات و هیچییان ناکاتە دینی فەرمی ئیمپراتۆتییەکەی جارێ. بۆیەسە نایاریی لە نێوان (کەرتیر) و (مانی) دا رۆه بە رۆه زیاتر دەبێت و گەورەتر دەبێت. زەردەشتیی وەک دین پرەستشی کۆنی باپیرەگەورەکانی (شاپوور) بوو، هەرچی (مانی) بوو ئاوێتەیەک بوو لە نێوان مەسیحیی و بودایی و زەردەشتی و بڕوا ئێرانییە کۆنەکان و هەروەها ئەو گنوسییەی کە لە میزۆپۆتامیادا هەبوو، بۆیە دینی (مانیی) لەبار بوو بۆ ئەوەی ململانێی لاهوتی مەسیح و زەردەشتی بکات. دیاریشە پێش مەسیحیی و زەردەشتیی دینە کۆنەکانی ناوچەکە کەشێکی عیرفانییان هەبوو کە کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و خەڵکەکە هەر مابوو. جگە لەمەش سەرچاوەکان دەلێن کە (مانی) دوو برای (شاپوور) بە ناوی (فەیروز) و (مەهرشا)ی هێنابوونە سەر دینەکەی. لە هەمان کاتیشدا (کەرتیر) یش یار و یاوەری بە هێزی هەبوون لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (شاپوور)دا. لەو کاتەدا (شاپوور) هەرچەندە بە رەسمی زەردەشتی وەک دین هەڵنەبژاردووە و هەلێکی هەقیقی لەبەردەمی (مانی) دا هەبووە بۆ ئەوەی دینەکەی ببێتە دینی رەسمی، ىەڵام دیارە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵنەبژاردنی (مانیی) وەک دینی رەسمە ئەوەیە کە سرووتە روحییە تەقلیدییەکانی بنەماڵەی (شاپوور) وا دەکات، زەردەشتی بکاتە دینی فەرمی. وەک بینیشمان رێگە دان بە (مانیی) کۆمەڵێ بەرژەوەندی دینی و سیاسی لە پشتەوە بوو بۆ ئەوەی رێگە لە مەسیحیی و جوولەکان بگرێت، واتە هەم هەڵبژاردنی زەردەشتیی  وەک دینی فەرمی و رێگەدان بەبرەودان بە (مانیی) هەردووکییان پاڵنەری سیاسی و دینییان لە پشت بووە. هەروەها زەردەشتییەکان لەو کاتەدا کە هێزێکی زۆرییان هەبوە دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی ئاڤێستا و دواتریش بەزۆر سەپاندنی دینی زەردەشتیی بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەی دەکەونە ژێر رکێفی ساسانییەکاندا.

 

(٧)

نەمانی چینەکان

(چریسکیی خودایی لە هەمووماندا هەیە، سەر بە رەگەزێک نییە، نە نێرە و نە مێیە، لەسەر هەموو کەسێکیش پێویستە کە بە جوانی و ماریفەوە ئاودێری بکات، بەو شێوەیە دەتوانێت بگەشێتەوە. مرۆڤ بەس بەو رووناکییەی لە نێویدایە گەورە دەبێت) ل ١٨٦ 

(مانی)بەو وشانەی کە لە بازاڕەکاندا بە بێ جیاوازی بۆ خەڵکی دەکردن، جیاوازی چینایەتی و رەگەزیی و دینی لە نێو مرۆڤەکاندا دەسڕییەوە، بڕوای وابوو کە مرۆڤ تەنیا بەو رووناکییەی لە ناخیدایە دەتوانێ گەورە بێت و جوان بێت و بلیمەت بێت، نەوەک بە عەشیرەت و پلەو پایەی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و دینی و ئابووری و شتی تر. ئەمەش بۆ ئەو سەردەم دژی سستەمی ساسانییەکان و زەردەشتییەکان بوو، ئەگەر هاتبا و چاودێری و فەرمانی بەرگریی (شاپوور) نەبوایە ئەڵبەت دەکوژرا. چونکە هەرچەندە (مانی) خۆی بە پەیامبەری نامەیەکی ئاسمانی دادەنا، ىەڵام کاریگەرییەکانی لە سەر زەویدا رەنگییان دەدایەوە. چونکە یەکسانکردنی خەڵکی رەشۆک بە دەستەڵاتداران گەفکردن بوو لەدەسەڵاتی سیاسی و دینی و نەهێشتنی سەرەوەریی بۆ رەگەز و چین و دەستە کۆمەڵایەتییەکان. 

 

 

(٨)

خودا

لە وڵامی پرسیارێکدا، (مانی) دەڵێ من پەیامبەری خودایەکم کە ناوی (شای باخچەکانی رووناکییە). وێنەی خودا لای (مانی) جیاوازە لەو وێنانەی لەو سەردەمەدا هەبوونە، هەوڵ دەدات کۆمەلێ شت لەو خودایە بکاتەوە کە وەک خۆی دەڵێت هەر میللەتێکە و کۆمەڵێ دابونەریتی هەیە وکردوویەتی بە قانون و دەیداتە پاڵ ویستی خودا،ئایا ویستی خودا بۆ میللەتان جیاوازە؟ لە هەقیقەتدا ئێمە سەبارەت بە ویستی خودایی هیچ نازانین، هیچ لە خوداش نازانین نەناوەکەی و نە شێوازی و نە سیفەتەکانی؟ مرۆڤ زۆر ناوی لە (اللە) ناوە. ناوەکان هەموویان راستن و هەمووشیان ناراستن، ئەگەر (ئەو) ناوێکی هەبووایە ئەوە نەدەکرا ئێمە بە وشەکانی خۆمان بینووسین. دەڵێن کە دەوڵەمەند و بەهێزە. دەوڵەمەندیی و بەهێزیی دووسیفەتی مرۆڤانەن.  خودا (خەلق) کردنی داوەتە دەست مرۆڤ و پێش هەموو شتێکیش ئەرکی ئەوە کە (تاریکییەکان) تێکبشکێنێت. بۆیەشە (مانی) لە شوێنێکدا بە خوێندکارەکانی دەڵێت:( ئەگەر پێویست بوو خاین ببە لە ئیمپراتۆریی، یاخی ببە لە بڕیارەکانی ئاسمان، بەڵام لەگەڵ خودی خۆتدا ئەمین بە. هەروەها لەگەڵ ئەو نورەی لە نێوتدایە و بەشێکی کەمی حیکمەت و خواوەندییە)”٨” 

 

(٩)

پێوەندی (مانی) و (دیناغ) و چێژ

بە پێچەوانەی ئەو باسانەی ئەوە دەدەنە پاڵ (مانی) کە ژن و مێینەی بە شتێکی پیس و نەگریس لە قەڵەم داوە، ئەو (دیناغ) دەکاتە هاوڕێی سەفەرەکانی خۆی و چێژیش لەو هاوڕێیەتییە دەبینێت، ئامادەش نییە سرووشتی ئەو پێوەندییە بۆ خەڵک و یار و یاوەر و باوکیشی باس بکات. ئەوە لە خەڵکی دیارە کە (دیناغ) بەردەوام چاودێری کردووە و لێی نزیک بووە، کەسیش نازانێت کە ئەوان کاتێک تەنیا بوونە بە چ وشەیەک و چاوێک و هاوڕێیەتییەک سەودایان دەگەڵ یەک کردووە؟ مانی دەڵی:(چ چاکەیەک لەوەدایە مرۆڤ نەفسی خۆی لە چێژێک بێبەش بکات کە هەرگیز تامی نەکردبێت؟) زیاتریش لەوە مانی لە وەڵامی باوکیدا دەڵێ:(ئەو کەسەی شتێک لە خۆی حەرام دەکات بۆ ئەوەی پەسنی بدرێت ئەوە شایانی هیچ پەسنێک نییە….. ئەگەر شتێکت لە خۆت حەرام کرد ئەوە گوێڕایەڵی نییە بۆ گروپێک، یان ترس لە سزادان، یان پاڕانەوە نییە بۆ کۆکردنەوەی چاکە تا لە دنیایەکی دیکە خۆی پێ بابدەیت. ئەو حساباتانە بێزەوەرن)”٩”

(مانی)زۆر چەخت لەسەر تاکێیتی مرۆڤ و نێوەوەی مرۆڤ دەکات، بەوەی مرۆڤ خۆی حاکمی خۆیەتی و خۆی بڕیار لەسەر شتەکان دەدات و دەتوانێت تاریکی و رووناکی نێوی خۆی رەت بدات. ئەو دەڵێ (خێر و شەڕ) دوو وشەن ناکەونە نێو قاموسی من، لە هەموو زیندەوەرێکدا رووناکی و تاریکی هەیە، بۆ جیاکردنەوەشیان پێوستیمان بە تەواوی زیرەکی حەکیمێکە. چێژیش یەکێکە لەو کەرەستانەی دەتوانێت رووناکی و تاریکیی لە یەکتری جیابکاتەوە، بۆیە (مانی) هەمیشە بایەخی بە وێنە و هونەر و موزیک و شیعر و بۆن و نووسین داوە. 

بەو شێوەیە دیار دەبێت، (مانی) بە تەواوی لە بن فەرهەنگی (تاقمی جلسپییەکان)دا چۆتە دەرێ و یاخیبوونەکەی یاخیبوونێکی سەراپاگیر بووە و کەلتوورێکی نوێی داهێناوە سەبارەت بە چێژ و ژن و هونەر.

لەوەش سەرنجراکێشتر بابەتی هاوسەرگیریی کەسە (مەحاریمەکان)ە لە لایەن بنەماڵەی پادشا ساسانییەکاندا، (مانی) هەڵوێستی ئەوەیە کە باپیرانی ئەویش ئەو کارەیان کردووە، چونکە لە دابونەریتییاندا هەبووە و پێیان وابووە کارێکی خۆشەویستە بۆ ئاسمان. ئەو هەلوێستەشی نە تەنیا لە پێناو رازیکردنی پادشادا وەرگرتووە، بەڵکو  ئەوەش روون دەکاتەوە کە نەسرانییەکان خۆیان لەو هاوسەریێتییە بە دوور دەگرن کە پێی دەڵێن هاوسەرگیریی لە مەحاریمەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە کە خوا پیاوی یەکەم و ژنی یەکەمی خەلق کردووە، تەنها لەوانیشدا زەوی ئاوەدان بووە، دەبوایە رۆڵەکانی ئەو ژن و پیاوە یەکەمە هاوسەرگیریی بکەن! بەشەرییەت لە هاوسەرگیریی مەحاریمەکانەوە پەیدا بووە!

 

کۆتایی

خوێندنەوەی ئەو رۆمانە، بەرەو قوڵبوونەوەیەکی تری بردم سەبارەت بە نووسین و ناونانی منداڵ و ئەمین مەعلوف و هونەری رۆمان و مێژوو و دین و کورد و خوێندنەوەش، دنیای (مانی) وەک دنیای (حەلاج) و (سوهرەوەردی) و دەیان کەسێیتی تری مێژوویی کە لەکایەی دین و هزر و فەلسەفەدا نەقش و کاریگەرییان هەبووە، وێکچوونێک و چەندین پنتی هاوبەشیان هەیە، کوشتنی (مانی) زۆر لە کوشتنی (حەلاج) دەچێت. ژیانی (مانی) و نزیکی لە کۆشکی شاکان و خەڵکی نێو بازاڕیش لەیەک کاتدا و چارەنووسیشی زۆر لە (سوهرەوەردی) دەچێت. مێژووی کەسانێک لە سەردەم و کاتە جیاوازەکاندا بە ناوەڕۆکێکی مرۆڤایەتی و شێوازی جیاوازدا دووبارە دەبنەوە، ئەمین مەعلوفیش یەکێکە لەو نووسەرانەی ئیش لەسەر ئەو دەمانە دەکات کە کارئەکتەرەکان نەخشاندوویانە، دوای (سەمەرقەند) ئەوە دووەم رۆمانی ئەمین مەعلوفە دەخوێنمەوە. لێرەشدا وەک (سەمەرقەند) قووڵ رووچۆتە نێو مێژووی (مانی) و بە پشت بەستن بە گێڕانەوە مێژووییەکان و هونەریی نووسین خۆی رۆمانێکی پێشکەش کردووین کە شایانی خوێندنەوە و لەسەر نووسین و خوێندنەوە و رەخنەگرتنە. لە وەختێکدا کە دنیای ماددی و نرخەکانی سەرمایە و بازاڕ کۆنتڕۆڵی کایەکانی ژیانییان کردووە، لەوانە کایەی دین و هزر و فەلسەفە و رۆشەنبیری و تەواوی ژیاندا، خوێندنەوەی (مانی) و باخچەکانی رووناکی، پێویستییەکە بۆ هەر کەسێک بیەوێت لەو پیسییەدا خۆی بپارێزێت و کەمێک لەگەڵ دنیای رەمزی و مەعنەوییدا بڕوات.

لە کۆتاییشدا، خۆشحالم کە مرۆڤێکی روون و تاریکم ناوناوە (مانی)!

 

 

پەراوێز:

1.       بڕوانە گاتا، سروودە پیرۆزەکانی زەردەشت، بابان سەقزی، ل ٢١٧-٢١٨ 

2.       بڕوانە (جيووايد نغرين، الزندقة ماني والمانوية، نقله الى العربية وقدم له وزاده بالملاحق الاستاذ الدكتور سهيل زكار. ل ٢٩)

3.       بڕوانە (أمين معلوف، حدائق النور، ترجمة د. عفيف دمشقية. ص 293)

4.       بڕوانە (جيووايد نغرين، الزندقة ماني والمانوية، نقله الى العربية وقدم له وزاده بالملاحق الاستاذ الدكتور سهيل زكار. ل ١٣٩)

5.       بڕوانە هەمان سەرجاوەی پێشوو. ل ١٤٠

6.       بڕوانە (أمين معلوف، حدائق النور، ترجمة د. عفيف دمشقية. ص ل ١٦٣)

7.       بڕوانە هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١٧٨

8.       بڕوانە هەمان سەرچاوە لاپەڕە ٢٥٩  

9.       بڕوانە هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١٨٩-١٩٠  

 

هۆشەنگ شێخمحەمەد

 

سەرچاوەکان:

1.       گاتا، سروودە پیرۆزەکانی زەردەشت، تەرگومان و دروێنەکردنی بابان سەقزی، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی رۆشنبیری بەڕێوەبەرێیتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێ(مانی) زنجیرە (٤٨٨)٢٠٠٦

2.       جيووايد نغرين، الزندقة ماني والمانوية، نقله الى العربية وقدم له وزاده بالملاحق الاستاذ الدكتور سهيل زكار. دار التكوين للنشر والتوزيع. دمشق 2005

3.       أمين معلوف، حدائق النور، ترجمة د. عفيف دمشقية. دار الفارابي، المؤسسة الوطنية للأتصال والاشهار (ANEP) بيروت- لبنان 2001

 

Previous
Next

Leave a Reply