Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ماکی دومەڵە گەنیوەکانی بندەستی خێل دەتەقێت

ماکی دومەڵە گەنیوەکانی بندەستی خێل دەتەقێت

Closed
by February 12, 2013 گشتی

 

 

 

ماکی دومەڵە گەنیوەکانی بندەستی خێل دەتەقێت، خێڵ، بەردەوامە لە هێرشکردنییدا، خێڵ، بریندارکراوە، خێل زوخاوی لێدەتکێت، بۆنی تەقینی دوڵەمەکانی بندەستی خێل مێشکی مرۆڤەکان کاس دەکات، خێل ژەهر دەڕێژێت، خێل بەرچاوی تاریک بووە، هیچ شتێک نابینێت جگە لە ترس نەبێت، ترسێک لە گیانەڵا و لاوازبوونی خۆی، ترسێک لە گەورەبوون و بەرفراوانی هۆشی خەڵک، ئەوەتا فەلسفە قەدەغەدەکەن و سەرۆکی زانکۆی خێڵ دەڵێت گرنگ نییە و بەشی فەلسەفە دادەخەین. http://www.bas-news.net/ArticleDetail.aspx?articleid=3128

خێل، کەرامەتی ڕووشێنراوە، پیرۆزییەکانی لەکەدارکراوە، ناوی (خوازبێنی کچی) یەکێک لە خێزانەکانی خێل  و وتارەکەی سەردەشت عوسمان کە وتی من عاشقی کچی بارزانیم، یەک شتە، هەردووکیان لای عەقڵیەتی خێڵ قبوڵ ناکرێت، کە (بۆرە پیاوێک)ی دەرەوەی خێل بێت و خوازبێنی کچەکەیان بکات و عاشقی کچەکەیان بێت. لای خێڵ هەموو کەسەکانی دەرەوەی خێل و نامۆ بە خێڵەکەیان بۆرە پیاوە، چەندیش ناسراو و دیاربێت هەر بۆرە پیاوە. بۆی نییە عەشق و خۆشەویستی لەگەڵ کچی خێلدا بکات. چوونکە خێڵ ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەیە کە لەسەر بنەمای گەورە و بچووک، ڕەسەن ناڕەسەن، خزم و بێگانە، دین و غەیرە دین، کورد و غەیرە کورد، شێخ و غەیرە شێخ، گروه و بێگانە بە گروه و حیزب و نا حیزبی دروستبووە.  

زۆری ئەندامانی هەردوو حیزبی سۆسیال دیموکراتی(پارتی و یەکێتی) لەسەر بنەمای بروابوونی ئەو ئەندامانە نییە بە پەیڕەو و پرۆگرام و فەلسفەی ئەو حیزبانە، بەڵکو لەسەر بنەمای خۆ هەڵواسینی ئەم ناوچە و ئەو ناوچە و ئەم گوند وئەو گوند و ئەم خێڵ و ئەو خێل بەو دوو هێزەوە گەورە بوون. چوونکە خێڵەکان، گوندەکان، ناوچەکان کاتێک هەستدەکەن دوو هێز یان سێ هێز هەیە لەمان گەورەتر بۆ پاراستنی خێڵێتی خۆیان دەبن بە مسکێنی خێڵی گەورە. ئێوە تەماشاکەن، ڕیشەی خێڵ ئەوەندە قوڵە، کاتێک کە بزووتنەوەی گۆران دروستبوو، لەبەر ئەوەی بتوانێت ببێت بە هێزی سێیەم یان دوەم دوای یەکێتی و پارتی، باژێڕوانی ئێستای گۆران و بەرێوەبەری ئاسایشی جارانی یەکێتی کاک سەرکەوتی کوبە خێڵێکی دروستکرد بە ناوی خێڵێ (گۆران)*1، بە هەزاران کەس لەو خەڵکە ستەمدیدەیەی کە لە دەرەوەی خێڵە گەورەکان بوون لە دەوری خێڵی(گۆران) کۆبوونەوە.

ئەمجارەشیان کەسێکی ڕق ئەستوری چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی سۆسیال عەشایەرەکان جنێو بە گەورەترین سیمبولی خێل دەدات، بۆیە خێل خۆی پێناگیرێت و پەلامار دەدات و هەڵۆ ئەحمەدی تا دوێنێی (چەپ) و ئەمڕۆی بەرپرسی لقێک لە لقەکانی (حیزب)ی سۆسیال عەشایەر بە خۆیی و هێزەکەیەوە دەچێتە بەردەم هەمان کەناڵی تەلەفزوێن و ئۆخەی دەکات لە توانای خێل و هێزی خێل کە دەتوانن بەڕێوەبەری کەناڵکە ناچاربکەن بە داوای لێبوردن.  

وەک لە بابەتێکی تردا ئاماژەم پێدابووhttp://www.emrro.com/disangirdbunewe.htm، ئەگەر پۆلیس و یاسا و دادگاش ئەم بەڕێوەبەرەیان ناچاربکردایە داوی لێبوردن بکات کاک هەڵۆی(چەپ)ی نوێنەری خێل ئۆخەی نەدەکرد، چوونکە برینی دەروونی خێڵ ساڕێژ نابێت تا بەدەستی خۆیان تۆڵە نەکەنەوە. 

ئەمڕۆ خێڵ لە ناخدا بریندارە، لە ناخدا هەست بە شکاندن دەکات، لە ناخدا دەترسێت و تۆقیوە، دەیەوێت ئاژاوەیەک دروستبکات و پەنا دەباتە بەر چەندین سینارۆێی نابەجێ و ناشیرینی سیاسی وکۆمەڵایەتی، لە لایەکیش ئۆخەی دەکات کە پیاوانی خێڵ لەسەر پێن و ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆک خێڵ. 

لە لای خێڵ ئەوانەی کە کوڕیان نییە و تەنیا کچیان هەیە ئەوانە وجاخکوێرن!. جارێک کەسێکی نەفام بە ئەدیبێکی گەورە کە سێ کچی هەیە و کوڕی نییە، دەڵێت من و تۆ هەردووکمان وجاخکوێرین، چوونکە کەسە ناحاڵییەکەش منداڵی نییە، کچەکانی ئەو ئەدیبە گەورەیەش بە وجاخ دانانێت، بەڵام ئەو ئەدیبە گەورەیە چوونکە کەسێکە کە عەقڵی شۆراوەتەوە لە خێڵ و دواکەوتویەتی، چوونکە کەسێکە بە مانای وشە رۆشنبیرە وتبوی گەوجە من ٣ کچم هەیە بە دنیا نایانگۆڕمەوە جگە لەو ٣ کچە چەندین کتێب و نووسراو و لێکۆڵینەوەم هەیە، چۆن وجاخم کوێرە!، تەنانەت من بە تۆش ناڵێم وجاخکوێر. کەچی کاتێک کەسێک تەلفوون بۆ کەناڵێک دەکات و بە کوڕی شاعیرێکی دیاری کورد دەڵێت خۆزگە باوکت وجاخی کوێر بوایە، ئەم (رۆشنبیرەی) کە نەیتوانییوە خۆی ئازاد بکات لە عەقڵیەتی خێڵ لە جیاتی ئەوەی بڵێت، باوکی من ئەگەر کوریشی نەبووایە، ئەگەر هیچ منداڵیشی نەبووایە تەنها بە شیعرەکانی وجاخی رۆشنبوو، باوکی من وجاخی بە کتێبەکانی و شیعرەکانی ڕۆشنە، نەک بە منداڵەکان، ئەم ڕۆشنبیرە خێڵەکییە بە جۆرێک توڕە بوو توشی هستریاییەک بوو لە توڕەیید اکەفی دەچاند. 

هەر ئەم عەقڵیەتەشە کە منداڵان و کەسوکارەکان و خزموخوێشەکان بە گیانبەختکردووی باوکەکانیانەوە، کەسەکانیانەوە دەنازن و ئەو گیانبەختکردوەی باوکیان دەفرۆشنەوە بە خەڵک و خۆیان بە شایستەی هەموو ڕێزێک دەزانن کە ڕەنگە خودی خۆیان ئەو کەسایەتییە نەبن کە شایستەی ڕێزبن. سۆسیال عەشایرەکانیش برەو بەم عەقڵیەتە دەدەن بۆ ئەوەی کە ئەو بارودۆخە دروستبێت کە کوڕانی مستەفا بارزانی شایستەی ڕێزێک بن کە لەسەرو هەموو یاسا و رێسایەکی مەدەنییەوەبن.

پارتی ترساوە لەوەی سەرۆکەکەیان ئەمجارە لە هەڵبژاردنە درۆزنانەکاندا دەنگی پێنەدرێتەوە و نەکرێتەوە بە (سەرۆک)، ترسی ئەوەیان هەیە قۆرخکردنی هەموو کۆمەڵگایان لە دەستبچێت، بۆیە لە ژێر ناوی کێشە دەرەکییەکاندا دەیانەوێت کێشە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی ناوخۆ کپ بکەن، ئەوەتا بەرپرسی لقی هەوڵێری پارتی دەڵێت: “ئێمه‌ كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و سنورمان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ناڵه‌كان ره‌چاوی ئه‌و بارودۆخه‌ بكه‌ن‌و هه‌ندێك پرس نه‌وروژێنن.” http://awene.com/article/2013/02/10/19132…

خێل، کاتی خۆی بە ناوی بەرەی کوردستانییەوە، لێبوردنێکی گشتی دەرکرد بۆ هەموو ئەو سەرۆک خێل و خاوەن دیوەخانانەی کە فەوجی جاشایەتییان هەبوو، پێش سوپای سەرکوتکەر و ئەنڤالجییەکان دەکەوتن بۆ ئەنفالکردنی دێهاتەکانی کوردستان. هەڵبەت ئەم لێبوردنە گشتییە نا یاساییە، بۆ ئەوە بوو کە دیوەخانەکان و خێڵە بچووکەکان دابەشبکەن بەسەر هەردوو هێزی سۆسیال عەشایەردا(پارتی و یەکێتی) ئەمەشیان کرد، دیوەخانانەیان بڕییوە بۆ هەموو سەرۆک خێڵەکان و موچەی باشیان پێدان، لە فەرمانی دادگاکانی باڵای عێراقییان پاراستن و نەیانهێشت هیچ ئەنفالچییەکی جاش بدرێت بە دادگا. 

سۆسیال عەشایەرەکانی کوردستان بوون بە پارێزەری ترادسوێنە دینیەکانی کوردستان، یەکێتی زانیانی کوردستان لە سایەی ئەم سۆسیال عەشایەرانەوە دەیان هێندەی جارن بەهێزترن، دەتوانن هەرکەسێک ڕەخەناینلێبگرێت بیدەن بە دادگا، گۆڤارەکان و ڕۆژنامەکان بە ئارەزووی خۆیان  دابخەن، تەنانەت لەسەر تەرجەمەکردنی یەک وتار بۆ کوردی لە زمانێکی ترەوە کە هۆشداریی بدات بە گەنجان و لاوان کە نەبن بە کۆیلەی دین و خێلەکان کەسی نووسەر و تەرجەمەکەر دەدەن بە دادگا.

ڕیشەی خێڵ و ترادسوێنە دواکەوتووەکان، هێندە قوڵە کە شارچێتیی و دەڤەرچێتیی و خزم خزمێنە و بنەماڵەچێتی بە جۆرێک لێ دەکەوێتەوە کە زۆر جار کەسانی خوێندەوار و سیاسیی و رۆشنبیر و نووسەرانیش دەگرێتەوە، ئاخر کەم نیین ئەو خوێندەوارانەی کە دەڵێن: جنێودان بە سەرکردەکانی گەلی کورد شکاندنی شکۆمەندی هەموو گەلی کوردە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ژێر سایەی سەرکردایەتی زۆرێک لەم سەرکردانەدا خوێنی سەدان و هەزاران کەس ڕژێنراوە، نا دادپەروەری باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە، نا یەکسانیی و دڵرەقییەکی ئەوتۆ هاتۆتە ئاراوە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمانەدا کە تا ئەوپەڕی تاوان و کوشتنوبڕینی لێکەوتۆتەوە، برسیتی و هەژاریی و ماڵوێرانی لێبەرهەم هاتووە. پارچە پارچەکردنی ژنناێکی لێکەوتۆتەوە کە عەشق و خۆشەویستییان کردوە. بەردبارانکردنی دۆعاکان و کوشتنی سکارەکان و فاتیمەکانی لێکەوتۆتەوە. شەری جەرگبڕی ناوخۆی کوردی لێکەوتۆتەوە کە تا هەنووکە کەسوکاری بێ سەروشوێنکراوانی ئەو جەنگە داوای چارەنووسی کەسە  بێسەرو شوێنکراوەکانییان دەکەن، کەچی بێ شەرمانە ئەمان ئۆخەی دەکەن بەوەی کە توانیویانە گرەوی هەڵخەڵەتاندی خەڵک ببنەوە و ڕێکەوتنی ستراتیژی لەسەر حسابی کوژرانی هەزاران کەس  و ماڵوێرانی سەدان کەس مۆربکەن و درێژەی پێبدەن.

ئەو دوو هێرشەی کە کرایە سەر کەناڵی ئێن ئارتی، بەهای خێل و سنگدەرپەڕاندن و خۆ ڕاوەشاندنی خێل بوو، ئەوە پیشاندانی ئەو هێزەی پارتی بوو کە لەسەرو هەموو دەسەڵاتەکانی تری جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەرییەوەن، دەسەڵاتی هێزی پارتی ڕووی راستەقینەی خۆیان دەرخست بۆ جارێکیتر کە گوێ بە هیچ بەهایەکی شارستانیی و مرۆیی و ئەخلاقی نادەن.  هەڕەشەی ئەم هیزەی پارتی چەندبارە دەبێتەوە و خۆی نوێ دەکاتەوە. نابێت زاکیرەمان هێندە لاوازبێت کە هەڕشەکانی فازیل میرانی سکرتێری ‌هێزی پارتیمان بیربچێتەوە  لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا دیوت (هێزەکەیان خاوەنی ٣٠ هەزار چەکدارە، دەستی ئەو کەسە دەبڕین کە هێرشبکاتە سەرمانhttp://www.chatrpress.com/(A(wT5nnetqzAEkAAAAZWQ0OTc4ZjItMGI3YS00ZDA2LWIwMjQtNzVmNzI5ZTMwNTNma54t4wigyhb7uor1whWMTPw0r2g1))/Detail.aspx?id=3094&LinkID=3&AspxAutoDetectCookieSupport=1). 

ئەم هێزەی پارتی پێیوایە بۆشاییەک لە فەزای سیاسی سلێمانیدا هەیە و پێویستە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، بە دوای بیانوویەکەوەیە کە هێزەکانی میلیشیایی خۆی و زێرەڤانەکانی بگەیەنێتە سلێمانی، بڕوای بە دەبابەکانی شیخ جەعفەر نەماوە کە لە پەرلەماندا سوێندی دەخوارد ئەوە دەبابە نەبوو کە لە وێنەکانی ئەو ڕۆژنامە نووسانەدا کە ڕووماڵی ڕەوشی خۆپیشاندەران و هێرشی لەشکرکێشییەکەیان دەکرد دەرکەوتوون!. 

هێزی پارتی دەڵێت: یان تەنیا هێزی من، یان ئەم ئەزموونە تێکوپێکدەدەم.  دەمێکە پارتی بەو هەرشەیە ڕاهاتوون ئەگەر شۆڕشیان پێ نەکرێت پێیان تێکدەدرێت، ئەمڕۆش دەڵین: ئەگەر کۆمەڵگا ئێمەی پێ قبولنەکرێت ئەوە دەتوانیین خوێنبڕێژین و چاو سوربکەینەوە و هێرشبکەین. هەموو ئەوەی کە پارتی کردی لەم دوو ڕۆژەی هێرشەکانیدا بۆ سەر کەناڵی ئێن ئاڕتی تاقیکردنەوە و پیشاندانی هێزە فشۆڵەکەی بوو لە سلێمانیدا. 

 

جیهاد موحەمەد/نەرویج

١٠/٢/٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.