ماڵی به‌ڕنادا ئه‌لبا له هه‌ولێر
دووه‌مین فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ وه‌ك ئه‌ده‌رس و سیمایه‌كی تری شانۆكه‌مان ئه‌مساڵیش له‌نێو كۆمه‌ڵێك خه‌ونی په‌مه‌یی و واقیعێكی پاییزی گوزه‌ری كرد، خه‌ونێك خه‌یاڵی شار‌و كڵتووری شارستانیمان ئاوه‌دانتر ده‌كاته‌وه، واقیعێك هه‌میشه گه‌ڕانی هه‌میشه‌ییمانه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌راب بكه‌ین به ئاو، ئه‌مساڵیش كۆمه‌ڵێك نمایش به جیاوازی ئاستی مه‌عریفی و جوانكاری پێكهێنه‌ری فیستیڤاڵی هه‌ولێر بوون، كۆمه‌ڵێك نمایش كه زاده‌و ده‌رهاوێشته‌ی چه‌ندین كڵتوورو فه‌رهه‌نگی جیاواز بوون له هزركردن و خه‌یاڵكردن و ده‌ربڕیندا، به‌ڵام هه‌موو له حه‌زره‌ت گه‌وره‌یی شانۆ و چه‌مكی ژیاندۆستی و جوانبینی شانۆ له‌یه‌ك ده‌چوون و یه‌كانگیرده‌بوون، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش فیستیڤاڵ ڕێكده‌خرێت تا هه‌موو هزرو خه‌یاڵ و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌كان له هارمۆنیه‌كی پڕ له خه‌یاڵ و جوانكاری ئاوێته‌ی یه‌كتری بكرین و به‌رهه‌مه‌كه‌شی هونه‌رێكی ئینسانی بێت كه جوانییه‌كانی تیادا بدۆزینه‌وه.
ئه‌م نمایشه له نوسینی (لۆركا) و ده‌رهێنانی (ئیحسان عوسمان) بوو، نمایشه‌كه به هه‌ردوو زمانی ئه‌لمانی و ئیسپانی پێشكه‌شكرا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نمایشه‌كه به‌نمایشی كوردستان ئه‌ژماركرابوو له ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی فیستیڤاڵ بوو، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی سه‌رنج و بایه‌خدانی ئێمه‌ی بینه‌ر نه‌بوو.
ماڵی به‌ڕنادا ئه‌لبا ماڵێكه له زه‌مه‌نی شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا و چیرۆكی ژنێكه (به‌ڕنادا) كه سێ كچی هه‌یه، به مردنی مێرده‌كه‌ی 10 ساڵ پرسه به‌سه‌ر كچه‌كان و ماڵه‌كه‌ییدا ده‌سه‌پێنێت و هه‌موو ده‌روازه‌كان به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌ی داده‌خات و كچه‌كانی ناچار ده‌كات كه بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ ره‌شپۆش بن و ماته‌مگیر بن، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لای كچه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه، جیاواز به‌جیاوازی بیركردنه‌وه‌و ڕوانین و خه‌ونی هه‌ریه‌ك له‌و سێ كچه بۆ ژیان و دواڕۆژ.
له‌م نمایشه‌دا هیچ كاره‌كته‌رێكی پیاو له‌سه‌ر شانۆ ده‌رناكه‌وێت كه‌چی هه‌میشه سێبه‌ری سێ پیاو به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌وه ده‌بینرێت، یه‌كه‌میان باوك و دووه‌میان پیاوی شه‌ڕكه‌ر و سێیه‌میان پیاوی هه‌وه‌سبازه.
له‌كاتی ده‌سپێكردنی نمایش باوك مردووه به‌ڵام ئاماده‌گی باوك له‌نێو فه‌زای نمایشه‌كه له‌ڕێی كاره‌كته‌ری به‌ڕناداوه ئاماده‌بوونێكی هه‌میشه‌ییه، هه‌مووكات سێبه‌ری ئه‌و پیاوه به‌سه‌ر بڕیار‌و بیركردنه‌وه‌كانی به‌ڕنادا ده‌بینرێت ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامیدانه به گرێی باوك له‌م نمایشه‌و واده‌كات كچه‌كان له‌دوای مردنیشیدا هه‌میشه ڕقێكی گه‌وره‌یان به‌رانبه‌ر به باوكیان هه‌بێت.
كاره‌كته‌ری دووه‌می پیاو له‌م نمایشه پیاوی شه‌ڕكه‌ره، زه‌مه‌ن له‌م نمایشه زه‌مه‌نی شه‌ڕی ناوخۆیه، پیاوه شه‌ڕكه‌ره‌كان بۆ سه‌لماندنی ئازایه‌تی و پیاوه‌تیان، خه‌ریكن یه‌كتر له‌ناو ده‌به‌ن، به‌ڕناداش هه‌میشه له مه‌راقی ئه‌وه‌دایه كچه‌كانی بپارێزێت، هه‌موو ده‌رگانیان به‌سه‌ردا داده‌خات، چونكه ده‌بینێت پیاوه شه‌ڕكه‌ره‌كان چۆن وه‌ك گورگ په‌لاماری ئه‌و نێچیرانه ده‌ده‌ن كه له كوچه‌و كۆڵانه‌كان راویان ده‌كه‌ن.
كاره‌كته‌ری سێیه‌می پیاو له‌م نمایشه كاره‌كته‌ری (پیپی) یه، ئه‌و پیاوه هه‌وه‌سبازو به‌رژه‌وه‌ندیخوازه هه‌میشه هه‌وڵده‌دات كچه‌كانی به‌ڕنادا فریو بدات و له‌گه‌لیان ڕابوێرێت، له‌سه‌ره‌تای نمایشه‌كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل (ئه‌گۆستیا_كچی گه‌وره) هه‌یه كه قه‌یره كچه‌و كچی مێردی یه‌كه‌می به‌ڕنادایه‌و له باوكییه‌وه پاره‌یه‌كی زۆری بۆ ماوه‌ته‌وه، به‌ڕناداش به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ل ئه‌و كچه ده‌كات و چاو له‌و په‌یوه‌ندییه ده‌پۆشێت، چونكه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌میشه به قه‌یره‌یی بمێنێته‌وه‌و نه‌توانێت شوو بكات، به‌ڵام كاتێ (پیپی) هه‌وه‌سباز په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل (ئه‌دیلا) ده‌به‌ستێت كه كچه جوان و بچوكه‌كه‌ی به‌ڕنادایه، ئه‌مه واده‌كات به‌ڕنادا زۆر تووڕه ببێت و به‌تڤه‌نگ دوای بكه‌وێت و ته‌قه‌ی لێبكات، ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ش ئه‌دیلا بڕیار ده‌دات خۆی بكوژێت و نمایشه‌كه به مردنی ئه‌دیلا و ده‌سپێكردنه‌وه‌ی پرسه‌یه‌كی تازه كۆتایی دێت.
له‌م نمایشه ئیحسان عوسمانی ده‌رهێنه‌ر فه‌زای نمایشه‌كه‌و هه‌موو لایه‌كانی شانۆ به توولێكی سپی داده‌پۆشێت، كه ده‌كرێت ئه‌م تووله لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێت، ڕه‌نگه یه‌كێكیان ئه‌و جیهانه جوان و سپییه بێت كه كچه‌كانی به‌ڕنادا خه‌ونی پێوه ده‌بینن، راسته جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی به‌ڕنادا جیهانێكه پڕه له‌شه‌ڕ و كوشتن و یه‌كترسڕینه‌وه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه فه‌زای نێو ماڵه‌كه‌ی به‌ڕنادا له‌وه ڕه‌شتر و ترسناكتر ده‌رده‌كه‌وێت، مرۆڤیش له‌نێو ناخۆشترین واقیعدا خه‌ونی جوان و شیرین ده‌بینێت.
ئاماژه‌یه‌كی تری ئه‌و تووله سپییه ئاماژه‌ی مه‌رگ و پرسه‌یه، له كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵاتدا ڕه‌نگی سپی ڕه‌نگی مردنه، لای به‌شێكی زۆر ڕه‌نگی كفنه‌و لای به‌شێكی تریش جلوبه‌رگی پرسه‌یه، كه‌واته ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌و فه‌زایه خاڵی نین له‌و ئاماژانه‌ی كه ده‌ڵێن مه‌رگ چوارده‌وری هه‌موومانی داوه، به تایبه‌تیش له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه شه‌ڕو كوشتنی تیایه.
ئاوێته‌كردنی موزیك و گۆرانی و سه‌ما له‌م نمایشه ته‌وزیفێكی لۆژیكییه‌و سروشتی نمایشه‌كه پێویستی پێی هه‌یه، هه‌ر له كۆنه‌وه مرۆڤی سه‌ره‌تایی كاتێ رووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره بۆته‌وه‌و له ده‌وروبه‌ری نه‌گه‌یشتووه، په‌نای بردۆته به‌ر سه‌ماكردن، سه‌ما وه‌ك سروتێكی روحی بۆ ڕه‌زامه‌ندبوونی هێزه نادیاره‌كان، تا ئێستاش ئه‌م حاڵه‌ته له زۆرێك له كۆمه‌ڵگاكانی جیهان بوونی هه‌یه، بۆیه كه كچه‌كانی به‌ڕنادا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر سه‌ما بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و بارگاوی بوونه‌ی ناخیان به‌تاڵبكه‌نه‌وه كه به‌هۆی ده‌رگا داخراوه‌كانی به‌ڕنادا له ناخیاندا په‌نگده‌خواته‌وه‌و خه‌ریكه به‌ره‌و شێتیان ده‌بات، سه‌ما فاكته‌رێكی گرنگی خاوكردنه‌وه‌ی جومگه‌كانی له‌ش و تێركردنی حه‌زو ئاره‌زووه كپكراوه‌كان و هاواری ده‌نگه نه‌بیستراوه‌كانه.
له‌م نمایشه‌دا ده‌رهێنه‌ر ئازادی زیاتر به جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌به‌خشێت، جه‌سته له‌وه ده‌رباز ده‌كات كه ببێته قوڕسایی به‌سه‌ر ئه‌كته‌ره‌وه، هه‌میشه ته‌وزیفێكی جوانی ئه‌كته‌ر ده‌بینرێت بۆ ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه ده‌توانێ سوودیان لێوه‌ربگرێت و به‌كاریان بێنێت، ئازادبوونی جه‌سته له ئازادبوونی خه‌یاڵ و هزری ئه‌كته‌ره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، بۆیه له‌م نمایشه هه‌ڵچوون و داچوونی زیاد نابینرێت، ئه‌كته‌ره‌كان زۆر به ساده‌یی و عه‌فه‌وییه‌ته‌وه به‌نێو حاڵه‌ته جیاوازه‌كانی كاره‌كته‌ردا تێده‌په‌ڕن و ئێمه‌ی بینه‌ریش به‌دوای خۆیاندا ڕاده‌كێشن.
ئه‌م نمایشه یه‌كێك بوو له نمایشه جوانه‌كانی فیستیڤاڵی هه‌ولێر و مافی خۆی بوو كه له پێشبڕكیێ فیستیڤاڵه‌كه‌دا بێت، چونكه ئاوێته‌بوونێكی جوان له‌نێوان فۆرم و بابه‌تدا ده‌بینرا، ئه‌گه‌رچی من پێموابوو سینۆگرافیای نمایشه‌كه له‌لایه‌نی جوانكاری و دامه‌زراندنه‌وه پێویستی به جیددیه‌تی زیاتر هه‌بوو بۆئه‌وه‌ی بتوانێت چێژی بینینی نمایشه‌كه به‌رزتر بكاته‌وه.
حه‌مه‌سوار عه‌زیز