Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ماڵی شیعری كەریم دەشتی

ماڵی شیعری كەریم دەشتی

Closed

 

ژارگۆن 3

 

 

 

كەریم دەشتی شاعیرێكی بە ئەزموونی پڕ بەرهەمە، بە یەكێك لە شاعیرانی (نەوە)ی هەشتاكانی شیعری كوردی دەژمێردرێت، هەڵگری جۆرێك لە تایبەتمەندی شیعرییە و پشت بە “بیركردنەوە” و “خەیاڵ ” دەبەستێت و بایەخ بە (چنینی ڕیتم)ـی شیعری، دەنگ و سەروا دەدات، ئەوەی دوایی وای كردووە شیعرەكانی لە ڕوونی و سادەیی نزیك ببنەوە!

بە گشتی كەریم دەشتی دەكەوێتە دەرەوەی دڵنیایی شیعریی و وەك چاودێری ڕێچكەی خەیاڵ لە سارایی وەسوەسەدا دەخولێتەوە، بۆیە لە ڕووی (بیركردنەوەی شیعری)، ئەو وەك شاعیرێكی نیگەران (القلق) تەماشا دەكەین؟!

ئەگەر بشێ بەشێكی چەمكی نیگەرانی شیعریی لە ڕێگەی كاركردنی زەینییەوە (mental) بە تێمەوە (theme) بەند بێ، ئەوە بەشێكی دیكەی چەمكی نیگەرانی لە ڕێگەی لێوردبوونەوەی فیكری و لێوردبوونەوەی ڕۆحییەوە بە خەیاڵی شیعریی پەیوەستە. وەك دەزانین خەیاڵی شیعری زێتر خۆی لە زمانی ناوەكیدا دەبینێتەوە. زمانی ناوەكی، یان بە مانایەكی دیكە هاوژیانی شیعری بە یەكێك لە بنەماكانی ئەزموونی شیعری كەریم دەشتی دێتە ژماردن.

بەڵام لە ڕووی (چنینی ڕیتم)ـی شیعری، هەست بە جۆرە نەسەقێك دەكەین، ئەو جۆرە لە نەسەق دەكەوێتە سەر دەنگ و سەروا، یان زمانی دەرەكی. دەنگ و سەروای شیعری بە بنەمایەكی دیكەی ئەزموونی شاعیر دەژمێردرێت.

لێرە لە (پرۆسەی نووسینی شیعری) زۆر جاران (بابەتێك) یان (فیكرەیەك) كەریم دەشتی بەرەو نووسین دەبات! ڕاستە فیكر و مانا لە دروستكردنی وێنەدا بەشداری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام دیارە لێرە مەبەست لە فیكر و مانا وەك ڕەگەزێكی شیعری بینراوە، نەك وەك لۆژیك و تێگەیشتن!! وەك چۆن زۆر جاران دەنگ و سەروای شیعری بەشێك لە خەیاڵی شیعری ئاڕاستە دەكات، بەڵام ئەو ئاڕاستەكردنە بەشێك لە جوانی لەكەدار دەكات!

 لەنێوان (سەروا) و (تێمە) دوو سەرنجی تایبەتی دەنووسمەوە: لە یەكەمیاندا بایەخدانی شاعیر بە دەنگ و سەروا (ڕیتمی شیعری) بەو مانا باوەی كە وزەیەكی بنەڕەتی شیعرییە و توانای كێشكردنی هەیە، پەیوەندی بە چۆنێتی گەیاندنەوە دەكات، ئەگەرچی لە پشت چۆنێتی گەیاندنەوە هێزی تەعبیركردن وەستاوە، بەڵام خەمی گەیاندن خەمێكی گشتییە و بەرەو ڕێچكە باوەكانمان دەكاتەوە؟! لە دووەمیاندا واتە بایەخدان بە “تێمە” ڕاستەوخۆ دەكەوێتە پاڵ فیكرێكی دیاری كراوەوە، بەرجەستەكردنی فیكری دیاركراو پێویستی بە وێنەی شیعری دیارەوە هەیە، فیكر و تێمەی دیاریكراو لە شیعرییەتی خەیاڵ كەم دەكەنەوە؟! 

بە شێوەیەكی گشتی ئەزموون و ئەزموونگەری شاعیر بە قەد ئەوەی نیگەرانی دەستنیشانی دەكات، ئەوەندە گەڕانەوەی شیعریی نییە بەرەو باو. 

مەبەستمە بڵێم بەشێكی زۆری فەزای شیعری نیگەرانی بەڕێوەی دەبات، بەشێكی ڕێكخستنی دەنگ و سەروا. بەو مانایەیش پرۆسەی نووسینی شیعری لای شاعیر بەشی زۆری (ترسی نادیار) تەنگەتاوی دەكات، بەشێكی (دەنگی دیار). ترسی نادیار هەڵگری زمانی ناوەكییە، بەڵام دەنگی دیار زمانی دەرەكی دەنوێنێ. 

دەشێ ئەو بۆچوونەم لە ئەزموونی كۆمەڵە شیعری “پیانۆی ڕۆژهەڵات” بەشی هەرە زۆری فەزای نیگەرانی بەربكەوێ و ترسی نادیار بنوێنێ و بە زمانی ناوەكی بدوێ؟! بەڵام ئەزموونی كۆمەڵە شیعری “كتێبی پیرۆزی عاشقان” زێتر بە لای ڕیتمی ڕستە و دەنگی دیاردا بڕوات؟!

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.