Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

مایكڵ رۆبن ….. عەزیز ڕەئووف

Comments

 شۆڕش دوژمنەكانى هەڵدەبژێرێت
                   …  سەدام حسێن…
 
 ناسینى من لەگەڵ مایكڵ ڕۆبن دەگەڕێتەوە بۆ پێش پرۆسەى ئازادى عیراق. ئەو كاتەى كە من خوێندكارى بەشى ئینگلیزى بووم لە زانكۆى سلێمانى،مایكڵیش وەك مامۆستاى وانەبێژ وانەى دیالۆگى ئینگلیزى پێدەوتین. ئەو جگە لەوەى مامۆستام بوو، هاوڕێیەكى نزیكی یەكتر بوین. زۆربەى كاتەكان وەك وەرگێڕ لەگەڵى دەچووم بۆ هەڵەبجە و شارەكانى ترى كوردستان . لەناو شارى سلێمانیش دواى دەوامى زانكۆ دەچووین بۆ شوێنە گشتیەكانى شار و پرسیارى لەخەڵك دەكرد.
 من هەر لەسەرەتاوە دەمزانى مایكڵ ڕۆبن تەنها مامۆستا نیە. چونكە ئەو پرسیارى زۆر جدى دەكرد لەمەڕ سیاسەتى كوردى و بارى كۆمەڵایەتى خەڵك. ئەو زۆر جار پێى دەوتم عەزیز  بەرپرسانى وڵاتى ئێوە بەرپرسگەلێكى ئاسایى نین، بەڵكو وەكو كائینێكى موقەدەس خۆیان وێنا دەكەن. ئەو زۆر بەئاشكرا پێى دەوتم نایەكسانیەكى گەورە لەم وڵاتەدا هەیە. 
 دواى تەواوبوونى زانكۆ ئیدى من مایكڵم نەبینیەوە و هیچ پەیوەندیەكمان نەما، هەرچەندە دەمزانى چەندین جارى تر سەردانى كوردستانى كردووەتەوە، بەڵام چانسی بینینیم نەبوو.
 دواى ئەوەى مایكڵ ڕۆبن ڕاپۆرتێكى تێر وتەسەلى لەمەڕ هەرێمى كوردستان نوسى، ئەم جارە وەك لێكۆڵەرێك مایكڵم خوێندەوە نەك وەك مامۆستا. من سەرەتا دەمزانى ئەم پیاوە سەر كەچەڵە بىَ مەرام ئەم پرسیارە جدیانە ناكات و وەزیفەى مامۆستاش نیە شار و شارۆچكەكانى كوردستان بگەڕێت و لە بارو گوزەرانى خەڵك پرسیار بكات. بەڵكو دواتر بۆم دەركەوت كە مایكڵ وەڵامى پرسیارەكانى دەكاتە ڕاپۆرتێك و بەرپرسانى هەرێمى كوردستان نیگەران دەكات.
 ئەوەى مایكڵ ڕۆبن لە ڕاپۆرتەكەیدا لەمەڕ بەرپرسانى ئەم هەرێمە نوسیویەتى شتێكى نوێ نیە. كەس نیە نەزانێت كە بەرپرسانى هەرێمى كوردستان بەشێوەیەكى ناشەرعى دەوڵەمەند بوون. كێ هەیە نەزانێت لەم هەرێمەى ئێمەدا گەر بەرپرسێك بۆ یەك سەعاتیش پۆستى دەسەڵاتى گرتبێتە دەست لەپڕ نەبووبێتە خاوەنى سەرمایەیەكى زۆر. كەس نیە لەم هەرێمە نەزانێت كە ئۆفیسەكانى هەرێمى كوردستان لێوانلێوە لە گەندەڵى. زۆرن ئەو نوسەرانەى كە لە بڵاوكراوە لۆكاڵیەكانەوە زیاد لەوەى مایكڵ دەنوسن و بەرپرسان ورتەیان لێوە نایات. یان ڕەنگە پێكەنینیان بەو جۆرە نوسینانە بێت. لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕىَ، ئەویش ئەوەیە كە چ سیحرێك لەم ڕاپۆرتەدایە وا بە شێوەیەكى فراوان بەرپرسانى ئەم هەرێمى نیگەران كردووە؟
 بەبڕواى من كاریگەرى ڕاپۆرتەكەى مایكڵ ڕۆبن و نیگەرانبوونى بەرپرسان لەم ڕاپۆرتە پەیوەندى بە دوو خاڵى زۆر جەوهەریەوە هەیە:
 یەكەم: ڕەنگە ئەوە یەكەمجار بێت نوسەرێك سەرمایەى بەرپرسانى ئەم هەرێمە بە ژمارە بنوسێت و هەروەها ناوى بەرپرسەكانیش ئاشكرا بكات. كێشە لێرەدا ئەوە نیە كە ئایا ئەو بڕە پارەیەى كە مایكڵ لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەى پێداوە ڕاستە یاخود هەیە، بەڵكو هەموومان دەزانین بەرپرسانى ئەم هەرێمە یان كەمتر لەو بڕە پارەیەیان هەیە، یان زیاتر. بەڵام زیاد یاخود كەم، سەرجەم كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان و مایكڵ و دراوسێكانیشمان ئەوە دەزانن كە بەرپرسانى هەرێمى كوردستان پێش ڕاپەڕین خاوەنى ئەو سەرمایە زۆرە نەبوون. لەلایەكى ترەوە دیاریكردنى ناوى بەرپرسان، هیڵى سورە. ئەگینا زۆرێك لە نوسەرانى ئەم هەرێمە ڕۆژانە باس لە گەندەڵى و نایەكسانى و سەرمایەى بەرپرسان دەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەى ناوى دوو بەرپرسى گەورەى ئەم هەرێمە نەهات، زۆر ئاسایى كەوتەوە. مایكڵ ئەو سنورەى تێكشكان كە تەنها بەشێوەیەكى فراوان قسە بكات، بەڵكو ئەو هات و بە ئاشكرا ناوى بەرپرسانى ئەم هەرێمەى هێنا و بڕى سەرمایەكانیشیانى دیارى كرد.
 دووەم: لەم ڕاپۆتەوە بۆمان دەركەوت كە بەرپرسانى ئەم هەرێمە بۆ چركەساتێكیش گوىَ لە ڕۆشنبیر و نوسەرانى ناوخۆ ناگرن و كار لەسەر نوسینەكانیان ناكەن. ئەگینا ناوەرۆكى ئەو نوسینەى مایكڵ ڕۆبن نوسیویەتى ساڵانێكە نوسەران دەینوسن و كەچى بەرپرسان بە هەند وەریان نەگرد. كەچى بەرپرسانى ئەم هەرێمە بۆ چركەیەكیش نەهاتن هیڵ بەژێر كۆتەیشنى نوسینێكى ڕەخنەئامێزدا بهێنن و هەڵوێستەى لەسەر بكەن. نیگەرانیەكى ترى بەرپرسان لەم ڕاپۆرتەى مایكڵ رۆبن پەیوەندى بە نیشاندانى ڕووە ناشرینەكانى دەسەڵاتەوە هەیە لەم هەرێمە كە بەرپرسان هەمیشە بۆ ڕاى گشتى جیهانى وا پیشان دەدەن كە هەرێمى كوردستان شوێنێكە بۆ دیموكراسى و دوورە لە گەندەڵى و مافى مرۆڤیشى تێدا پارێزراوە.
 دواجار ئەم ڕاپۆرتەى مایكڵ ڕۆبن پێویستى بەوە هەیە هەڵوێستەى لەسەر بكەین و ڕەخنەكانى بە هەند وەربگرین. پیشاندانى هەر نوسەرێكى ڕەخنەگر بە دوژمن، بێشك لە ئاسۆكانى ستەمكارى و دیكتاتۆریەت نزیكمان دەخاتەوە.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply