Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

محه‌مه‌د سه‌عید زه‌ نگه‌نه‌و چاوبڕكێی سه‌رزورگه‌كان

Be First!
by May 11, 2012 ئەدەب

لێكۆڵینه‌وه


چاوبڕكێی

سه‌رزورگه‌كان، كۆمه‌ڵێك چیرۆكی به‌چێژن له‌لایه‌ن چیرۆكنووس (محه‌مه‌د سه‌عید)ه‌وه‌ نووسراون له‌ توێی كتێبێكی 187 لاپه‌ڕه‌ییدا له‌لایه‌ن لقی كه‌ركووكی یه‌كێتیی نووسه‌رانه‌وه‌ به‌چاپ گه‌یشتووه‌.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئیستێك له‌سه‌ر (قه‌یرانی عاشقێكی كۆڵه‌وار) بكه‌م و چه‌ند سه‌رنجێك بخه‌مه‌ ڕوو. ئه‌م چیرۆكه‌ باس له‌ عه‌شقێك ده‌كات. مه‌عشووق و عاشق پابه‌ندی گرێكوێره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ن،
له‌ ساته‌وه‌ختێكی ژیانیاندا.. هێنده‌ گوێیان به‌ قسه‌ی خه‌ڵكی نه‌داوه‌، له‌سه‌ر توینیێتی خۆیان شه‌خته‌ی له‌زه‌ته‌كانیان شكاندووه‌. عاشق رۆڵی به‌ته‌واوی روونه‌، سه‌رشێتانه‌ وابه‌سته‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بووه‌..؟!
لێره‌دا چه‌ندین پرسیار سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
بۆ برا گه‌وره‌كه‌ی كاردۆ مه‌عشووقه‌كه‌ی به‌دڵ نه‌بووه‌..؟ هه‌میشه‌ داوای لێكردووه‌ وازی لێبهێنێ؟
بۆچی باوكی چه‌ندین جار داوای لیكردووه‌ ئه‌م عه‌شقه‌یان بێئاكامه‌؟
كۆمه‌ڵگه‌ له‌به‌رچی تانه‌یان له‌ عه‌شقه‌كه‌ی داوه‌.؟
باشه‌ كاردۆ، وه‌ك كاره‌كته‌رێك و پاڵه‌وانێكی دۆڕاو، رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه‌. مه‌عشووقه‌كه‌ی جگه‌ له‌ تارماییه‌ك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سێبه‌ری هه‌نگاوه‌كانیشی دیار نییه‌.
كه‌ كار گه‌یشتووه‌ته‌ هاوسه‌ریان! ئایا ئه‌م ئافره‌ته‌ گه‌مه‌ی مناڵانه‌ بوو، به‌ جۆرێك كاردۆ” سێبه‌سێ ته‌ڵاقی داو. هیچ رۆڵێكی نه‌بوو. ئه‌م چیرۆكه‌” یه‌كلایه‌نه‌، كه‌ گازنده‌یی “كاردۆ” ده‌رده‌خات له‌ خێزان و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی.
ئایا مه‌عشووقه‌كه‌ی تاكێك نییه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌، په‌روه‌رده‌ی هه‌مان ژینگه‌و كۆمه‌ڵ نییه‌..؟ ئایه‌ كارو ره‌فتاری كۆمه‌ڵگه‌ی
هه‌ڵنه‌گرتووه‌..؟
ئه‌ی ئیتر بۆچی ئه‌نجامی چیرۆكه‌كه‌ به‌وه‌ بشكێته‌وه‌؟ گوایه‌ تانه‌ی خه‌ڵكی له‌ سزای قه‌بر گرانتره‌. ئاگره‌ سووره‌ له‌من دووره‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م په‌ندانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ داڕشتووه‌، له‌ چیرۆكه‌كه‌یدا سوودی لێ بینیوه‌، جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ ره‌نگه‌ هه‌تا راده‌یه‌ك چیرۆكه‌كه‌ له‌ رووداوێكی راسته‌قینه‌وه‌ نزیك بێ. پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ش نووسه‌ر خۆی بێت. لێ له‌دواییدا پاشینه‌یه‌كی خستۆته‌ سه‌ری،
گه‌یاندوویه‌تی به‌ زانكۆ و هاوسه‌رگیری، ئه‌نجامێكی دۆڕاویشی به‌ كاردۆ داوه‌، باشه‌ هه‌تاكه‌ی..؟ ئێمه‌ زمانحاڵی ئافره‌تان بین؟
هه‌تا كه‌ی ئافره‌ت وه‌كو كوێرێك پێویستی به‌ كه‌سێك بێت، ده‌ستی ڕابكێشێ..؟
ئایا هه‌تا كه‌ی ئافره‌تی ئێمه‌ وه‌كو گوڵ له‌ گوڵدانا چه‌شنی كتێب له‌ كتێبخانه‌دا، به‌شێوه‌ی بڕنووتی سنووربه‌ند بكرێ؟ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵ نه‌بینن، هه‌میشه‌ش پیاو و كۆمه‌ڵگه‌ به‌دڕنده‌ دابنرێن و ئافره‌ت سته‌مدیده‌؟
ئه‌م چیرۆكه‌ شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی له‌خۆ گرتووه‌، چوون گێڕانه‌وه‌ی كورته‌ ژیانی ناودارێك بته‌وێت مێژوویه‌كی بۆ دروست بكه‌یت.
كات و شوێن و كه‌سایه‌تی له‌ خولگه‌ی خێزان و خێڵدا ده‌سووڕێنه‌وه‌. پاشان گوزه‌ر ده‌كات بۆ كۆمه‌ڵێكی بچووك، یاخود میلله‌تێكی دواكه‌وتووی كه‌م ژماره‌، ئه‌ویش كورده‌، هه‌تاكه‌ی!؟ له‌ چیرۆك و شیعر و ئاكار و كرداردا ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ ژماره‌ بژمێردرێت، ناوی
كۆمه‌ڵی به‌ باڵادا نه‌بڕێت؟
هه‌تاكه‌ی ئه‌م میلله‌تی كورده‌ كه‌ هه‌موو جیهان بگه‌ڕێین گه‌ل و میلله‌ت نییه‌! له‌ رێزدان به‌ مرۆڤ و ئافره‌تدا بیگاتێ ئه‌م چیرۆكه‌ جگه‌ له‌ مه‌ته‌ڵۆكه‌یه‌ك زیاتر شتێكی دیكه‌ ناگه‌یه‌نێ، نه‌ ناوی مه‌عشووق دیاره‌ له‌ هه‌ڵسووكه‌وت و هه‌ڵوێستیدا، جگه‌ له‌وه‌ی چیرۆكنووس پێمانده‌ڵێت: میلله‌تێكین گولله‌ به‌ تاریكییه‌وه‌ ده‌نێین، كارمان تێكدانی شیرازه‌ی خێزانه‌ كه‌ بنه‌مای كۆمه‌ڵه‌. له‌ عه‌شقا ساویلكه‌ین. نێرینه‌مان هه‌میشه‌ پابه‌ندی قسه‌ڵۆكی خه‌ڵكییه‌. كاكه‌ ئاگر بێ خۆڵه‌مێش نابێت، گولله‌ بێ گڕ له‌ چه‌كه‌وه‌ ده‌رناچێت، چونكه‌ میلله‌تێكین له‌ خۆڕا ره‌ش ناكه‌ین به‌ سپی.
دیاره‌ ئه‌وانه‌ی قسه‌ڵۆكیان له‌دووی مه‌عشووقه‌كه‌ی “كاردۆ” كردووه‌، راستیان كردووه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، به‌ ته‌ڵاق كۆتایی به‌ عه‌شقه‌كه‌یان دێت. ئێمه‌ ئافره‌تمان تاڤێگاڤێ له‌ زمان خۆی و به‌رامبه‌ری ناگا.
ره‌نگه‌ چه‌ندین بیانوویان بۆ بهێننه‌وه‌، وه‌كو خه‌ته‌نه‌ و پشتگوێ خستنیان، هه‌رهه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڕاست دانانرێن ئێمه‌ش هه‌تا دیوی دووه‌ممان كه‌ ئافره‌ته‌ به‌ده‌ستی خۆیان هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی ناخیان نه‌ده‌ن، له‌ ئاستی پیاوان راستگۆ و دڵساف نه‌بن. دیاره‌ پاشه‌ڕۆژی
میلله‌ته‌كه‌شمان وه‌كو ئه‌م عه‌شقه‌ دۆڕاوه‌، هه‌ر پاشاگه‌ردانییه‌، چه‌پڵه‌یش به‌ یه‌ك ده‌ست لێنادرێت، رێز و بوونیش سنووری خۆی هه‌یه‌، عه‌شقیش له‌ حه‌ز و خۆشه‌ویستی جودایه‌، په‌رستنیش جگه‌ له‌ خودا بۆ كه‌سی دیكه‌ نه‌هاتووه‌. ئه‌گه‌ر سنوورێك بۆ تاسه‌ و حه‌زه‌كانی
كاردۆ و ئێمه‌ دانه‌نرێ، ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بین به‌وه‌ی هه‌موو شتێك به‌قه‌د خۆی مه‌زن بكرێنه‌وه‌.
پیرۆزی و مه‌زنی له‌ عه‌شقدا چاوه‌ڕوانی لێ ناكرێت، هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌كیش ناگاته‌ پایه‌ی عیشق، ناشتوانین نه‌ له‌ چیرۆكدا و نه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا نالی و حه‌بیبه‌ زیندوو بكه‌ینه‌وه‌.
هه‌ر له‌م كتێبه‌دا پێنج چیرۆكی كورتی چیرۆكنووس ده‌بینرێ، یه‌كه‌میان خۆره‌.
خۆر نیشانه‌ی ئازادییه‌، هه‌ڵهاتنی هێمایه‌كه‌ بۆ دیموكراسی و چاره‌نووسی خۆنووسین، لێره‌دا پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ ده‌مێكه‌ سه‌رمابردووه‌، تینووی هه‌ڵهاتنی خۆره‌.. هه‌موو كاتێك هه‌وری سیا دایده‌پۆشێ و نایه‌ڵێت پاڵه‌وان به‌ ئاكام بگات. به‌ڵام له‌ دواییدا دڵخواز ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌رچه‌نده‌ به‌دڵی كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه‌ نییه‌. چونكه‌ ده‌ركه‌وتنی به‌ دوو كه‌رتی دڵی ئه‌و زامه‌كانی سارێژ ناكا. ئازادی به‌ش ناكرێ. ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕی خۆكوژ و هه‌رچۆن دڵ و رۆحیان به‌شكرد و نه‌گبه‌تی لێكه‌وته‌وه‌.
دووه‌م
چیرۆك دڵه‌:-

چیرۆكنووس دوور نییه‌، خۆی به‌كوردستان شوبهاندبێ، هه‌رگیز ناتوانێت له‌ دڵه‌كه‌ی كه‌ركووكه‌ دابڕێ و یاخود به‌له‌تكراوی بیبینێ.
سێیه‌م
چیرۆك كه‌ چاوه‌:-

نووسه‌ر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێ بیروباوه‌ڕ وه‌كو دیده‌كانی وایه‌، ئه‌م جیاوازییه‌ك له‌ نێوانیاندا ناكا.. جگه‌ له‌ خۆشنوودی میلله‌ت و رێزگرتنی میلله‌تانی تر، هیچ شادییه‌ك كامه‌رانی به‌گیانی ناداو.. مه‌رامی برایه‌تی و ته‌بایی ناهێنێته‌ دی.
چواره‌م
چیرۆكی نووسه‌ر “زیوان”ه‌:

ره‌نگه‌ سوودی له‌و په‌نده‌ وه‌رگرتبێ كه‌ ده‌ڵێت، مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه‌، زیوانیش مرۆر ده‌گرێته‌وه‌ له‌نێو هه‌ر به‌رهه‌مێكدا بێ، بێ كه‌ڵكی ده‌كا. پێویستی به‌ بژار كردنه‌، بۆیه‌ حه‌ق وایه‌ وه‌كو ده‌یڵێ خۆمان و كۆمه‌ڵمان له‌ گه‌نده‌ڵی پاك بكه‌ینه‌وه‌و ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ده‌ستبهێنین.
له‌ كۆتاییدا چیرۆكی چاوبڕكێی سه‌رزورگه‌كان زیاد سه‌رنجی ڕاكێشام:- ئه‌م چیرۆكه‌ باس له‌ شوانێك ده‌كات، به‌خۆی و مه‌ڕ و ساچمه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌ی و به‌دیده‌نی خزمان و دۆسته‌كه‌ی شاد بێته‌وه‌. بێئاگا له‌وه‌ی گونده‌كه‌یان به‌ر شاڵاوی
ئه‌نفال كه‌وتووه‌. ئه‌مه‌ له‌ هه‌واڵی ئه‌وه‌دایه‌ به‌ برسێتی و تینوێتی هه‌نگاو ده‌نێ و له‌ زێدی خۆیدا ئۆقره‌ بگرێ. چه‌ند گوندێك ده‌بڕێت و په‌له‌ی گه‌یشتنه‌ به‌ ماڵی حه‌ق، به‌ڵام ئه‌فسووس كه‌ ده‌ڕواته‌ شوێنه‌واری باپیرانی له‌ مشتێك خۆڵه‌مێش زیاتر. هیچ به‌دیناكات، ته‌نها سه‌گه‌بۆز نه‌بێت، دڵی ڕێگه‌ی پێنه‌داوه‌ هه‌واره‌كه‌یان جێبهێڵێ، وه‌كو ئه‌مه‌كێك بۆ خانه‌خوێكه‌ی و گونده‌كه‌ی. له‌ پاسه‌وانی و چاوه‌ڕوانی
مرۆڤه‌كاندایه‌، هه‌موو ده‌زانین سه‌گ له‌ زۆر ئینسان به‌وه‌فاتره‌ و چاكتره‌. ئه‌م شوانه‌ له‌ رێگادا تووشی هه‌ندێك كێشه‌ ده‌بێت، له‌وانه‌ زه‌رده‌سیری چوارچێوه‌ی ده‌ته‌نێ، لێ ئه‌م به‌خۆگری خۆی و به‌چه‌كه‌كه‌ی رێگه‌ی گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ مه‌رامی پاك ده‌كاته‌وه‌. له‌دواییدا
به‌ر شاڵاوه‌كانی دیكه‌ی ئه‌نفال ده‌كه‌وێت و ده‌پێكرێ، له‌ خوێنی خۆیدا سه‌ما ده‌كا ده‌بێته‌ سه‌مفۆنیای نه‌مری عه‌شقی خاك و ئینسانه‌كان و قوربانی ئه‌نفالی شومی به‌دناو.
زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی كاك محه‌مه‌د ره‌وانن، چێژێكی ئه‌وتۆ به‌خوێنه‌ر ده‌ده‌ن، نه‌توانێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌خته‌یه‌كی ئه‌وتۆ ئاراسته‌یان بكات، چیرۆكنووس دانایانه‌ وێنه‌ی دیمه‌نه‌كان ده‌گرێ، كاراكته‌ره‌كان رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌گێڕن، شوێنه‌كانیش به‌زۆری چیا
سه‌خته‌كانی كوردستانه‌.
خوازیارین كاك محه‌مه‌د له‌ به‌خشش نه‌كه‌وێ و هه‌میشه‌ خاكپه‌روه‌رانه‌ بۆ سۆزی كوردستان په‌لكێشمان بكاو هه‌روه‌كو چۆن هه‌تا ئه‌م چركه‌ساته‌، چیرۆكه‌كانی زه‌نگێك بوونه‌ خوێنه‌ریان له‌ خه‌ونی بێئاگایی راپه‌ڕاندووه‌.


ستار ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان

Previous
Next

Leave a Reply