Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مردن; بە ‌کارەساتی جوانیی…! … توانا ئەمین

مردن; بە ‌کارەساتی جوانیی…! … توانا ئەمین

Closed
by June 28, 2011 ئەدەب

 
پرسیار له‌ چییه‌تی جوانیی پرسیارێکی سه‌خته‌، مرۆڤ نازانێ جوانیی سیفەتێکی زاتیی شتەکانه‌ لەناو خۆیاندا، یان ئۆبژێکتێکە ئێمە لە دەرەوەی شتەکان ئەزموونی دەکەین…؟ ئایا جوانیی وەک خۆی و بە کەماڵیی لە توانای بینیندایە…؟ ئایا هەرشتێک ناشرین نەبوو، جوانە، وەک لۆژیک لە پێناسە کلاسیکییەکەیدا بۆی دەچوو…؟ پرەنسیپەکانی پێوانی جوانیی وەستاون، یان گۆڕاو؟ هێزێک لە مرۆڤدا هەیە جوانیی بناسێتەوە…؟ ئایا مرۆڤ بە سروشت جوانیی دەناسێت، یا بە ئەزموون فێری دەبێت؟ ئەگەر سروشتییە،‌ بۆ منداڵێک دەتوانێت تابلۆی (دوا شێو)ی داڤنشی بدڕێنێت و گوێشی پێنەدا…؟ ئەگەر بەئەزموونیشە بۆ هەمان منداڵی پێشوو وڕک لە دایکی دەگرێت تا لە چوونە‌دەرەوەیەکی عەسرانەدا، (عەزییە سوورەکە) لەبەری ئەم بکات…؟ ئایا جوانیی شتێکە کە ئێمە خۆشمان لێیدێ..؟ ئایا جوانیی هەمیشە نیشاندانی شتێکی غەریبە… غەریبێک کە وێنەیەکی ئاشنای لە زەینماندا هەیە…؟
پرسیاری قورس ئەوەیە، ئایا دەتوانین جگە لە چێژ، لە جوانیدا ئێمە بیر لەشتی تر بکەینەوە…؟‌
سەرەڕای پێوەرەکانی ئیستاتیکا و ستانداردی کۆلێژەکانی جوانیناسیی و فەشیۆنکارەکان بۆ جوانیی، هێشتا ناتوانین جوانیی فۆرملیزەیشن بکەین… جوانیی ناتوانێت بچێتە لابوورەوە… هێشتا بەشێکی گەورەی جوانیناسیی وا لەسەری مرۆڤ خۆیدا، جوانیی بەو هەموو جەستەیەیەوە ناگیرێت، ئێمە کاتێک دەست لە تابلۆیەکی جوان دەدەین، پەردەو بۆیاخەکان بەر ‌پەنجەمان کەوتوون، نەک خودی جوانیی خۆی، دواجار جوانیی ئەم وێنە ئایدیالییەی خۆی دەپارێزێت، ئەوەی بوداییەک لە ماڵەکەیدا هەڵیگرتووە، خودا نییە… وێنەیەکە لەسەر‌ خودا… ئەوە ئیشی مرۆڤ خۆیەتی کە هەمیشە دەتوانێت وێنەیەک بۆ ئۆرگیناڵەکان دروست بکات، ئەم سکێچکێشانە بۆ “ئەسڵ” لە جوانییشدا هەروەهایە… لای سۆفییە گەورەکان، جوانیی بە‌شێکی دانەبڕاوە لەشکۆی خودا، دوعا بەناوبانگەکەی ڕابیعای عەدەوییە کە بەهەشت دەگۆڕێتەوە و ئامادەیە بچێتە دۆزەخ، بەمەرجێ؛ خودا “جمال”ی خۆی لێنەشارێتەوە، نموونەیەکی سادەی کۆنڤێرتی (99) ناوی خودایەکە بۆ سەر تەنیا سیفاتێکی، کە جوانییە.
چیرۆکی دادگاییە بەناوبانگەکەی (فرێنی) لە ئەسینا، نموونەیەکی نایابی بردنەوەی جوانییە لە حەقیقەت… بە بڕوای چکۆلانەی من لە هەموو سەردەمێک و بێهەڵاوێرد، جوانیی تەریب لەگەڵ حەقیقەت ڕۆیشتووەو هەندێ جارێش بە خێرایی داوێتی بەلایداو جێی هێشتووە.
خۆ جوانیی بەو ئەندازەیەی کە فەردگەرا‌کان بۆی چوون، شتێکی تاکەکەسیش نییە، سوهراب وتبووی: “بۆ کەس لەقەفەزی خۆیدا داڵ ڕاناگرێ… وێنجە چیی لە گۆڵاڵە سوورە کەمترە؟” بەم پێیە ڕێکەوتنێکی دەستەجەمعیش لەسەر ئۆبژێکتەکان هەیە، هەمووان لە نێوان بێچووە کەروێشکێکی خرپن و جرجێکی بۆردا سەرپشک بکەین، ئەوەی یەکەمیان لاجوان دەبێت…
جوانیی وەک یەکەیەکی سەربەخۆو سیفاتێکی زاتیی بەتەنیا لە ناوشتەکاندا نییە، جوانیی وەک مەڵۆزمێک پێشمەرجێکی تری هەیە کە (چاو)ە.. “گۆران” 50 ساڵ لەمەوپێش نوسیبووی “یەکێک لە موعجیزەکانی چاو ئەوەیە، وەک بەردی بەقیمەت بە هەموو ڕەنگێکەوە مەقبولە” گۆران بە قبووڵکردنی چاوە جیاوازەکان دەیەوێت بڵێت، کە ئەم پێشمەرجەمان دەوێت، تا کەشفی مەرجەکەی “کە خودی جوانییە” پێ بکەین. جوانیی وەک کارەساتێکی گەورەیی جیهانیی کە لە ناوەوەی خۆماندا ڕوودەدات، ڕەنگە ببێتە هۆی مردنمان، مرۆڤ بە”جوانیی” بە خەستیی بریندار دەبێت و بەخەستیش ‌‌درکی دەکات، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە؛ ناتوانێت ئەمە بنووسێتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.