Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

مردن وه‌ك پرسێكی بوون

Be First!
by January 27, 2014 گشتی

 

 

 

زۆرجار ئه‌وپرسه‌ خه‌یاڵی زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان داگیرده‌كات ،به‌وه‌ی مردن پرسێكی ئاینی بێت یا پرسێكی وجودیه‌ ،واتا له‌ستراكچه‌ری وجودیه‌كان و ئاینه‌كان  هه‌میشه‌ ئه‌وبابه‌ته‌ خۆی نمایش ده‌كات ،پرسیار له‌باره‌ی مردن بۆته‌ پرسێك لای بیرمه‌ندنی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی مارتن هایدگه‌ر ،ئه‌و له‌چه‌ند شوێنێكدا ئاماژه‌ به‌و پرسه‌ده‌كات پێی وایه‌ ،كه‌مردن له‌به‌رده‌م ئێمه‌دایه‌ و حه‌تمیه‌ ،واته‌ ئه‌گه‌رێكی وجودیه‌ ،كه‌ دازاین به‌هه‌موو واتاكانیه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خۆیدا ده‌وه‌ستێت ،یان به‌واتایه‌كی دیكه‌ هایدگه‌ر ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌مان پێبڵی كه‌ مردن كۆتایهێنانه‌ به‌پڕۆژه‌كانی مرۆڤ به‌ڵام ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌مردندا به‌رجه‌سته‌ده‌كات پێی وایه‌ مردن جۆرێكه‌ له‌ڕه‌سه‌نبونی مرۆڤ به‌هه‌رحاڵ مردن سه‌فه‌رێك نیه‌ بۆماوه‌كی كاتی یا بۆوڵاتێكی دیاریكراو،مرۆڤ ده‌شێ له‌وسه‌فه‌ره‌په‌شیمان بێته‌وه‌ یان سه‌فه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ به‌ڵام مردن سه‌فه‌رێكی ئه‌به‌دیه‌ هه‌رگیز ناوه‌ستێت به‌ڵكو له‌گه‌ڵمانه‌ و ده‌بێ ڕوبدات ، بواری هه‌ڵبژاردنی تیادا نیه‌  پرسیار لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌وبونه‌ له‌نه‌بونه‌وه‌  جارێكی دیكه‌ دێته‌وه‌ بوون  ؟ له‌نێو ئاینه‌كان ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ درێژی وه‌ڵامێكی ئاینی میتافیزیكی دراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌نێو ده‌قه‌ فه‌لسه‌فیه‌كاندا ، وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ به‌دێژایی مێژوو جه‌ده‌لی نێوان  فه‌لسه‌فه‌ی مادی و میسالی سه‌رقاڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ كردوه‌  ،به‌هه‌رحاڵ  مرۆڤ به‌ته‌نیا دێته‌ ژیانه‌وه‌ هه‌ربه‌ته‌نهاش ده‌مرێ به‌ڵام دیسان هه‌مان پرسیار دوباره‌بونه‌وه‌ی بوونی مرۆ ڤ هه‌مدیسان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ یان ته‌نها ئه‌وپرسیارانه‌ بۆمشتومڕی فه‌لسه‌فه‌دا جێهێشتراون ، كه‌ده‌ڵیم له‌ مردندا مرۆڤ زۆَرته‌نهایه‌  ،بۆ وێنه‌ سارته‌ر له‌چیرۆكیكدا وه‌سفی دوو عاشق  ومه‌عشوق ده‌كات ،ده‌ستگیرانی یه‌كترن له‌شه‌ردا كچه‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێ ئه‌مری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێ ،پێش كوشتنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌زینداندا ده‌چێته‌ دیداری ،كوڕه‌كه‌ ناوی جۆنه‌ و كچه‌كه‌ش ناوی لوسیه‌ ،كوڕه‌كه‌ ده‌ڵی ده‌مه‌وێ زیاتر له‌گه‌ڵتا دانیشم ،گه‌رحه‌زده‌كه‌یت هیچ ناڵیم بێده‌نگ داده‌نیشم ،نامه‌وێ زوو بڕۆم تاكو هه‌ست به‌ته‌نیایی نه‌كه‌ی ،كچه‌كه‌ واته‌ لوسی له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵی ته‌نهایی له‌گه‌ڵ تۆدا  تۆ تاوه‌كو ئێستاش له‌من حاڵی نه‌بوی ،هیچ شتێك له‌نێوان من و تۆدانیه‌ .كوڕه‌كه‌ واته‌ جۆن ده‌ڵی چۆن ؟ئه‌ی له‌بیرت چوه‌ من چه‌نده‌ تۆم خۆشده‌وێت ،لوسی ده‌ڵی ئه‌ولوسیه‌ی كه‌ تۆخۆشتده‌ویست ئافره‌تێكی دیكه‌بوو .جۆن ده‌ڵی نا تۆ بووی .لوسی واته‌ كچه‌كه‌ ده‌ڵی من ئافره‌تێكی دیكه‌م ته‌نانه‌ت خۆشم خۆم ناناسمه‌وه‌ ئێمه‌ خۆشه‌ویستیمان له‌یه‌كدی دووركه‌وتۆته‌وه‌ هیچ به‌هایه‌كی نه‌ماوه‌ .جۆن  تۆ درۆده‌كه‌یت .خۆشه‌ویستی بۆهه‌ردووكمان ژیان بوو .لوسی واتا كچه‌كه‌ له‌كۆتایی ده‌ڵی هه‌ر ژیان ؟داهاتوشمان بوو هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانبووم جه‌نگ ته‌واوبێت و من و تۆش وه‌ك هه‌موو دوو خۆشه‌ویستێك پێكه‌وه‌ بژین، به‌ڵام ئێستا بێ داهاتووم جگه‌ له‌مردن چاوه‌ڕوانی هیچی دیكه‌ ناكه‌م و به‌ته‌نهاش ده‌مرم   .چه‌ند جوانه‌ ئه‌و وه‌سفه‌ی سارته‌ر بۆمردن ،كه‌ هه‌میشه‌   مردن به‌ته‌نهایی كۆتایی به‌ پڕۆژه‌و چالاكیه‌كانی ئێستاو ڕابردووت ده‌هێنێت هه‌روه‌ك كۆتایی به‌ بونی تۆدێنێت چرای بونت وه‌ك مرۆڤ ده‌كوژێنێته‌وه‌.  سۆكرات یه‌كێكی دیكه‌ یه‌ له‌وبیرمه‌ندانه‌ی كه‌ ،پێی وایه‌ مردن كۆتایی وجود نیه‌و به‌ڵكوقۆناخێكی سه‌ره‌تایی تازه‌یه‌ ،ئه‌گه‌رمرۆڤ بتوانێت به‌رێگای مه‌عریفه‌و زانین خۆی له‌گوناحه‌كان بپارێزێت ،ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا دوای مردن ژیانێكی چاكتری پێ ده‌به‌خشرێت . من پێم وایه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بون و ژیان ده‌كات ،چونكه‌ ئه‌وده‌زانێت ده‌مرێ بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێ زوو كاره‌كه‌ی یا  پڕۆژه‌كه‌ی ته‌واوبكات ،پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رمردن نه‌بوایه‌ مرۆڤ چۆن ژیانی به‌رێده‌كرد و ده‌گوزه‌راند،ئایاهه‌وڵی ته‌واوكردنی ته‌وای پڕۆژه‌و چالاكیه‌كانی ژیانی ده‌دا له‌ داهاتودا ؟بێگومان به‌ڵی به‌ڵام ئه‌و ده‌زانێ ده‌مرێ‌ خه‌یاری نیه‌ بۆ یه‌ هه‌میشه‌ به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ ڕاوكێ وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ بوونی ده‌كات .

 

حیكمه‌ت نامیق
Previous
Next

Leave a Reply