Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
مردوو شۆر …..     حەمید قەڵادزەیی

مردوو شۆر ….. حەمید قەڵادزەیی

Closed
by December 27, 2012 ئەدەب

 

 

دەست هەڵگرە ئەی مردوو شۆر 

تۆ نازانی 

بەسەر سەری زەریایەك خەیاڵەوە وەستاوی ؟!!

ئەو خەیاڵە، پڕە لە ماسی عەشق و ..

كەروێشكەی حەزەكانی ژیان

 

دەست هەڵگرە 

ئەمە تەرمی ئاسمانێكی راكشاوە 

پرە لەو بەرزە فڕانەی 

فچكیان بە ساماڵ و تەم و گریانەوە گرتووە 

كەتۆ نیشتیمانێك لە كەفی دەستی خۆتا ون دەكەی 

دەبێ‌ لەوە تێبگەی 

ناتوانی ژوورەكانی خەیاڵ و.. 

پەیكەری ئەندێشەی مردوو تەڕ بكەی 

ناشێ‌ لە خوێنی ئەودا 

مەیینی عەشقێكی كەڵەگەت و ..

فوارەكانی باخی عەدەن بوەستێنی 

 

دەست هەڵگرە 

نەكا دوا وێنەی لەچاواندا هەڵگرتبێ‌

بەو نیازەی لەوێ‌ جوانتر بیشواتەوە 

ئاخر لەوێ‌ 

لە نێوانی شەراب و حۆری و ئاگردا 

شوێنێك هەر دەبێ،‌ بۆ مانەوەی ئەوانەی 

وەك (سیزیف) ی ماندوو 

سەراب شەكەتی كردوون و 

بە مۆری قەدەر،

ئاوێنەی بەختیان شكاوە

یان ..

پێكراوی تیری درۆن 

دەست هەڵگرە 

ژیان..

 كەوتۆتە نێوان كەلەبەری هاتوو ـ

 رۆیشتووی خۆمانەوە 

بۆیە تۆمارەكان،

هەر وازوو بە كۆتا نایەن 

لەكەل هەموو هاتنێكا 

هاوارێك بەسە بۆ كەیشتن 

كە هەوری زیان،

 ئاسمانی خۆی جێدەهێڵێ‌ 

خودا بەر لە هەر شتێك 

سێبەر لە مردوو دەكاتەوە 

بۆیە شۆردن مانایەكی نامێنێ‌ 

بە ئاوی ئێرەی تەڕ مەكە .. ئەی مردوو شۆر 

حیكایەتەكانی ئێرە

 لەوێ‌ 

باران لەچاوی هەموو ئەوانە دادەكا 

میعادی رۆیشتنیان نەزانی و .. كە چی رۆیشتن 

ئەو بارانە 

لە بارانی ئێرە ناچێ‌ 

ئەو بارانە 

ئەوەندە ژەنگی ئێرە دەشواتەوە 

تا ئاگر لە دۆزەخ كەم دەكا 

ئەی مردوو شۆر 

                              حەمید قەڵادزەیی 

كانوونی یەكەمی / 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.