Skip to Content

Thursday, October 29th, 2020

مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كان و شته‌ بچووكه‌كان

Be First!
by June 29, 2012 گشتی

 

ڕاز و نیاز

 

 

 

مرۆڤی مه‌زن، خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی زۆره‌، یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ تایبه‌ته‌كانی مرۆڤی مه‌زن، هه‌بوونی ڕێز و وه‌فایه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ڕێزیان لێ‌ بگیرێت. به‌ تایبه‌تیش ئه‌و شتانه‌ی له‌ ڕووكاردا  بچووك ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌ ناواخندا گه‌وره‌ن. بۆچی به‌ تایبه‌تی شته‌ بچووكه‌كان به‌ مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كانه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌م؟ چونكه‌ مرۆڤی ئاسایی، ئاسان به‌سه‌ر شته‌ بچووكه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت. به‌ڵام مرۆڤی مه‌زن له‌سه‌ر شته‌ بچووكه‌كان ده‌وه‌ستێت و ڕیزیان لێ‌ ده‌گرێت و بێوه‌فاییان به‌رامبه‌ر نانوێنێت. من جارێكیان له‌ شاری سنه‌، له‌ ماڵی ژنێكی میهره‌بان میوان بووم، كه‌ زۆرترین هه‌ستی دایكایه‌تی پێ ده‌به‌خشیم. ژنێك هاوته‌مه‌نی دایكم بوو. هه‌ر پێشم ده‌وت دایه‌. ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵ ده‌بوو. ڕۆژێكیان ویستم خۆم بشۆم، پێی وتم: من سابوونێكم هه‌یه‌، 15 ساڵی ڕێكه‌ هه‌ڵم گرتووه‌، تا ئێستا هیچ كه‌سێك خۆی پێ‌ نه‌شتووه‌، به‌ڵام ده‌یده‌م به‌ تۆ خۆتی پێ‌ بشۆ..! ئه‌و سابوونه‌ زۆر خه‌یاڵی جوان و دڵنشینی له‌ مندا دروست كرد. خه‌یاڵی جۆراوجۆر. له‌ یه‌كێك له‌ خه‌یاڵه‌كانمدا پیاوێك، كه‌ من نایناسم، ئه‌و سابوونه‌ی به‌ دیاری بۆ ئه‌م ژنه‌ هێناوه‌ و ئێستا پیاوه‌كه‌ نه‌ماوه‌ و ئه‌م ژنه‌ ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵه‌یه‌ ئه‌و سابوونه‌ی وه‌ك یادگارێكی ئه‌و پیاوه‌ و وه‌ك ره‌مزی ڕۆژگارێك كه‌ تیایدا دڵخۆش و دڵئاوه‌دان بووه‌، پاراستووه‌. خه‌یاڵه‌كانم له‌ باره‌ی ئه‌و سابوونه‌وه‌ زۆر و جۆراوجۆر بوون. له‌ناو خه‌یاڵه‌كانمدا ئه‌و ژنه‌م ده‌بینی چه‌ند به‌و پیاوه‌ دڵخۆش بووه‌..! چۆن دیارییه‌ بچووكه‌كانی ئه‌وی به‌ سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی روحیی زانییوه‌..! چۆن ئه‌و سابوونه‌ی له‌ زێڕ و زیو و خشڵه‌كانی خۆی باشتر پاراستووه‌..! هه‌ستم ده‌كرد ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی ئه‌و سابوونه‌وه‌ یه‌كێك له‌ خۆشترین چیرۆكه‌كانی ژیانی خۆیم بۆ بگێڕێته‌وه‌. من ده‌زانم مرۆڤ له‌ كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كاندا ناتوانێت چیرۆكه‌ خۆشه‌كانی خۆی بۆ هه‌موو كه‌سێك بگێڕێته‌وه‌. هه‌ستم ده‌كرد  ئه‌و له‌ ڕێی ئه‌و سابوونه‌وه‌ من بۆ گوێگرتن له‌ چیرۆكێكی شیرین بانگهێشت ده‌كات. لێره‌دا هیچی دی له‌ باره‌ی ئه‌و چیرۆكه‌وه‌ ناڵێم، ته‌نها ئه‌م ڕسته‌یه‌ ده‌نووسم: سڵاو له‌و ژنه‌ مه‌زنه‌ و له‌و سابوونه‌ بچووكه‌، كه‌  فێریان كردم بۆ ئه‌وه‌ی شته‌ گه‌وره‌كان پارێزراو بن، چۆن ڕێز له‌ شته‌ بچووكه‌كان بگرم..!!

محه‌مه‌د كوردۆ

 

*********  

*گۆشه‌ی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژماره‌ (5817) 29/6/2012

Previous
Next

Leave a Reply