مرۆڤی میهره‌بان، مرۆڤی له‌ناوبه‌ر
قسه‌كردن له‌باره‌ی مرۆڤه‌وه، جیاوازه له‌هه‌ر چه‌شنه په‌یڤینێكی دیكه، بۆچوونێك هه‌یه ده‌گوترێت، بنیاده‌م ده‌كارێت باشتر له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه بپه‌یڤێت و بنووسێت، كه ئه‌زموون بهریهككهتونی له‌گه‌ڵیان هه‌یه، به‌ڵام له بابه‌تی قسه‌كردن و نووسین له‌باره‌ی ئه‌زموونی مرۆڤبوون، تووشی وه‌ستان و ڕامانمان ده‌كات، ده‌كرێت لێره‌وه چه‌ندان ئاماژه و پرسی وابه‌سته به مرۆڤبوون بێنه وروژاندن، كه ئایا بۆچی له به‌رده‌م پرسی مرۆڤبوون و پرسی ئه‌رك و ئارمانجی جودای مرۆڤبوون زۆرینه‌مان بێده‌نگین… مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ هاوشێوه‌ی چیرۆكێكی ئه‌ده‌بییه، ئه‌و چیرۆكه چه‌ندان شڕۆڤه‌ی جوایه‌ز وه‌خۆده‌گرێت، هه‌روه‌ها ده‌شێت ڕه‌هه‌نده په‌نهانه‌كانی وه‌ك هه‌ویرێكی ئاوخواز، سه‌یر بكرێت.
مرۆڤ و مرۆڤ
زۆرجار بۆ تێگه‌یشتن له مرۆڤ یان هه‌ر شتێكی دیكه، پێویستمان به گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆچیرۆكی سه‌ره‌تایی ده‌ركه‌وتن و دروستبوونی شته‌كان…مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی پڕ به‌ها و جیاواز، خاوه‌نی چیرۆكێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، چیرۆكی دروستبوونی مرۆڤیش وه‌ك هه‌موو شته‌كانی دیكه ته‌نها دیوێك و ئاراسته‌یه‌كی نییه، به‌ڵام به‌شی زۆری گێڕانه‌وه‌كان نزیكن له گێڕانه‌وه ئایینیه‌كان. ئایین ده‌ورێكی گرنگ و سه‌ره‌كی هه‌یه، له ئاراسته‌كردن و خستنه ڕووی چیرۆكی په‌یدابوونی مرۆڤ.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌یش به دیدێكی ورد له چیرۆكی یه‌كه‌م مرۆڤ بڕوانین ده‌بێ دوو شت به ڕوونی ببینین.
یه‌كه‌م، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ته‌نیایی، مرۆڤ هه‌موو هۆكارێك ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بێت، ئینجا ئه‌و ته‌نیاییه فیزیكی بێت یان ڕۆحی… له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ له كرده و ڕه‌فتاری مرۆڤ، كه ئه‌نجامیان ده‌دات هه‌وڵن بۆ به ته‌نیا مانه‌وه.
پاولۆكۆیلۆی نووسه‌ر بڕوای وایه مرۆڤ ده‌شێت هه‌فته‌یه‌ك بێ ئاو، دوو هه‌فته بێ خواردن، چه‌ندین ساڵیش به‌بێ ماڵ بژێیت، وه‌لێ ناتوانێ به ته‌نیایی بژێیت…ته‌نیایی لووتكه‌ی ئازاره‌كانه.
له دۆخی یه‌كه‌مدا، مرۆڤ خۆی به‌یان ده‌كات، وه‌ك مه‌خلوقێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رپرسیار، هه‌روه‌ها ئه‌و دۆخه له مرۆڤی یه‌كه‌مینه‌وه به‌رده‌وامه، تا ئێستایش بنیاده‌م خه‌ریكی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ته‌نیابوونه، ئه‌وه‌یش ده‌مانخاته به‌رده‌م پارادۆكسێكی ڕاستینه و هه‌ست پێكراو، چونكه وه‌ك دیاره مرۆ هه‌م دژی ته‌نیاییه و هه‌م هۆكار و هاوكاره بۆ دروستبوونی دۆخی ته‌نیایی…
كرده‌ی له ناوبردنی مرۆ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، ده‌چێته ناو بازنه‌یه‌كی فراوان و فره واتا، به‌ڵام به ڕوونی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، چیرۆكی كوشتن و له‌ناوبردن له ناخی مرۆڤدا له قابیله‌وه ده‌ست پێ ده‌كات…له‌و دیوی هه‌موو هۆكاره ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌كان، هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، مرۆڤ له هه‌ندێ حاڵه‌ت و دۆخی تایبه‌تدا، به‌ره‌و ماڵی هۆڤانییه‌ت ده‌ڕوات. مرۆڤ و مرۆڤ هاوكێشه‌یه‌كن، كه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا دژ و ناته‌واون، ئه‌مه‌یش به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی، كه مرۆڤ به‌درێژای بوون، نه‌یتوانیوه ڕۆحی خۆی له دڕنده‌یی و دژایه‌تی و له‌ناوبردنی ئه‌وی دیكه پاك بكاته‌وه. هه‌موو ڕووداوه تراژیدییه گه‌وره‌كان، له‌لایه‌ن خودی مرۆڤ خۆیه‌وه سازێنراون. ئه‌گه‌ر به درشتی سه‌یری ڕوودواوه‌كانی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوو بكه‌ین، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤ هه‌نگاوی ترسناكتر ده‌هاوێژێت، بۆ ئه‌وه‌ی قودره‌تی قڕكردنی هه‌موو مرۆڤایه‌تی جڵه‌وه بكات، ئه‌مه‌یش به ڕوونی له بابه‌تی به‌ره‌وپێشچوونی ته‌كنه‌لۆجیای جه‌نگ و به‌رهه‌م هێنانی مادده كیمیاوییه كۆكوژه‌كان دیاره. له‌م دۆخه‌دا تێده‌گه‌ین، كه مرۆڤ تا ئه‌م چركه‌یه‌ش هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی نییه، مرۆڤ ڕۆژ دوای ڕۆژ له خه‌یاڵدا نه‌خشه‌ی دنیایه‌كی بێ مرۆ وێنا ده‌كات. هه‌وڵ بۆ مانه‌وه، جۆرێكه له هه‌وڵ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وی دیكه، به هه‌ر هۆكار و به هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك.
تراژیدیا و شوێن
ڕووداوه تراژیدییه‌كانی ڕابردوو، كه مرۆڤ ئه‌نجامیدان، له ژینگه و شوێنی جوایه‌ز بوون. شوێن هه‌میشه له پێوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وانه دایه له‌گه‌ڵ بكه‌ر و خوڵقێنه‌ری تراژیدیا، ڕووداوه مێژووییه‌كانی ناو مێژوو، كه چیرۆكی كوشتوبڕ و له‌ناوبردنی مرۆڤ ده‌گێرێته‌وه، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ردوام شه‌ڕ له‌سه‌ر شوێن بووه. شوێن وه‌ك ڕه‌مزی گه‌وره‌ی مانه‌وه، شوێن وه‌ك هێمایه‌ك بۆ دروستكردنی به‌هه‌شت و دۆزه‌خ، شوێن وه‌ك ماڵێك، كه سنووره خۆش و ناخۆشه‌كان مرۆڤ دهیاری ده‌كات.
لێره‌وه گه‌ره‌كمه بڵێم شوێن هه‌میشه هۆكاری دروستبوونی تراژیدیا و كوشتوبڕی گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر وردتر له شوێن بڕوانین هه‌ست به مانایه‌كی قوول و فره جه‌مسه‌ر ده‌كه‌ین. له شوێنه‌وه تێده‌گه‌ین، كه ژیان و مردن له‌ناو بازنه‌ی شوێندا یاخود ژیان و مردن له‌ناو هاوكێشه‌ی شوێندا بابه‌تێكی ڕووكه‌ش و یه‌ك دیو نییه. له ڕوانگه‌ی ئه‌و شڕۆڤه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌شێت بڵێین، بنیاده‌م، تراژیدیای كوشتن و له ناوبردنی مرۆ له شوێنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. شه‌ڕی مرۆڤ و مرۆڤ به درێژایی زه‌مه‌ن له‌پێناو شوێندا بووه، شوێن وه‌ك چه‌مكێكی هاوواتا به ژیان و مانه‌وه. تراژیدیا له هه‌موو شوێنێك ڕوو ده‌دات، ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤی لێ بێت، تراژیدیایشی لێ یه، كه‌واته بابه‌تی تراژیدیا و مرۆڤ ده‌چێته ناو هاوكێشه‌یه‌كی ڕاسته‌وانه. ده‌بێت ئه‌وه بزانین، كه مردن یان مه‌رگ ته‌نیا تراژیدیا نییه، به‌ڵكو لوتكه‌ی تراژیدیایه، ئه‌گینا چه‌ندین جۆری دیكه تراژیدیا ڕووبه‌ڕووی مرۆ ده‌بێته‌وه. مرۆ له به‌رده‌م تراژیدیای مه‌رگ، هێنده بێ چاره و ده‌ست وپێی سپییه، جگه له وه‌ستان و ته‌ماشاكردن، شتێكی دیكه‌ی له ده‌ست نایه‌ت. مرۆڤ و تراژیدیا مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه، كه ده‌ستێكی نادیار و باڵا، كه له ده‌ره‌وه‌ی توانای ویناكردن و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی مرۆڤه، كه مه‌به‌ستمان لێی خاڵقه. ده‌ركردنی ئاده‌م له به‌هه‌شت سه‌ره‌تایه، كرده‌ی كوشتن له نێوان هابیل و قابیل، ڕووداوه سروشتییه‌كان، له‌ناوچوونی زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی، چیرۆكی كتێبه ئاسمانییه‌كان، ئه‌و ڕاستییه پاته ده‌كه‌نه‌وه.
كورد وه‌ك مرۆڤ، له‌ناو بازنه‌ی تراژیدیادا پشكی شێری به‌ر كه‌وتووه. به بڕوای به‌نده ئه‌وه‌یش پێوه‌ندی هه‌م به شوێنه‌وه هه‌یه و هه‌م به خودی مرۆڤه‌وه.
بابه‌تی شوێن و گرنگی شوێن له‌ناو بازنه‌و هاوكێشه‌ی نه‌هامه‌تی و تراژیدیا ڕوون كرایه‌وه. تا ئێستاش ئه‌و یارییه درێژه‌ی هه‌یه…
مرۆڤ وه‌ك دڕنده
ئه‌گه‌رچی مرۆڤ به به‌راورد به هه‌موو ڕۆحله‌به‌ر و زینده‌وه‌رانی سه‌ر زه‌وی، له پله‌ی یه‌كه‌مدایه له هه‌موو لایه‌كانه‌وه، به‌ڵام له زۆر كرداردا، هێنده ئاست نزمه، لێڤڵی ڕه‌فتارو كاره‌كانی داده‌به‌زێته خوار دنیای ئاژه‌ڵان. كرده‌ی یه‌كتر كوشتن و یه‌كتر خواردن له‌ناو ئاژه‌ڵاندا به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی بوونی هه‌یه، ئه‌وه‌ی له دنیایی ئه‌واندا ده‌گوزه‌رێت شتێك نییه هاوشێوه‌ی دنیایی مرۆڤ بێت، به‌ڵكو كاره‌كه له بازنه‌ی خۆراك و ژیان و مانه‌وه‌دایه… بیرۆكه‌ی مانه‌وه و نه‌مردن، یابڵین شه‌ڕ دژی مه‌رگ لهیهكچوونێك هه‌یه… ئالان لایتمان بڕوای وایه مرۆڤ و تراژیدیایی مرۆڤ له‌وكاته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، كه نه‌یتوانی ڕابردوو و داهاتوو به‌یه‌كه‌وه بگه‌یه‌نیت. ئه‌مه‌یش ئه‌و ده‌گه‌یه‌نێ، ململانێی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ داگیركردنی ڕابردوو و داهاتوو، كاره‌سات ده‌خاته‌وه.
له‌مه‌شه‌وه مرۆڤ له پانتاییه‌كی فراوانتر و مه‌زنتر هه‌وڵی مانه‌وه ده‌دات.
ئه‌وه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا دێته پێشه‌وه، قسه كردنه له‌سه‌ر چه‌ندییه‌تی و چۆنییه‌تی…مرۆڤ ڕه‌فتاری هه‌مه‌چه‌شن و نامۆ ئه‌نجام ده‌دات، جۆزیف ستالین پیاوێك بوو، هه‌موو ئامانجی گه‌یشتن بوو به ده‌سه‌ڵات، كه گه‌یشته ده‌سه‌ڵات هه‌موو شتێكی كرد بۆ مانه‌وه. ستالین له یه‌كێك له وته به‌ناوبانگه كانیدا ده‌ڵێت: مردنی كه‌سێك تراژیدیایه، به‌ڵام له‌وه زیاتر ده‌بێته ئامار…
ئه‌مه ڕسته‌یه‌كی گرنگه و چه‌ندین خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، سه‌دان و هه‌زاران و ملیۆنان خه‌ڵك له‌ناوچوون، ئه‌وه‌ی ئێمه له‌و ڕسته‌یه گوتمان ئامار بوو. منداڵێك به ئۆتۆمبێل پلیشایهوه، ئه‌وه تراژیدیایه. قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته فره لاستیكییه…بابه‌تی نیشاندانی ئامار و ژماره‌ی قوربانیان جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌كه نییه، به‌ڵكو ڕووكه‌شی بابه‌ته‌كه‌یه. ژماره و ئامار هێنده‌ی كرده‌یه‌كی عاتیفی و تایبه‌تی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ناسنامهپهرستییه، هینده ته‌عبیر نییه له جهوههرو ناوه‌خنی تراژیدیا.
قسه‌كردن له‌باره‌ی مرۆڤ و ڕه‌فتاری مرۆڤ، كانییه‌كی تژی ئاوی بێ كۆتاییه. مرۆڤ دوولایه‌نه‌یه، هه‌م خۆی وه‌ك فرشیته و میهره‌بان نیشان ده‌دات، هه‌م وه‌ك شه‌یتان و دڕنده. ڕووه میهره‌بانییه‌كی مرۆڤ له ئاستێكی جێگیردا نییه، به هه‌مان شێوه‌ی ڕووه شهڕانگیزییهكهی له ھهڵبهزودابهز دایه. كریستیانه ماكمۆریس له كتێبی نامه‌یه‌ك بۆ ماڵه‌وه ده‌نووسێت: شتێكی نامۆیه، ئێوه‌ش پێتان وا نییه؟ ڕۆژانه خه‌ڵك ده‌مرێت، دنیا به‌رده‌وامه و وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێت، به‌ڵام كاتێك ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشت ده‌وێت ده‌مرێت، وابیردهكهیهوه، كه هه‌موو كه‌سێك پێویسته له ژیان بووه‌ستێ و له‌گه‌ڵ تۆدا نیگه‌ران بێت، هه‌روه‌ها پێویسته خه‌ڵك بێن بگرین و پێت بڵیێن تۆ تنیا نیت.
ئه‌م ڕستانه سێبه‌ری ڕاستینه‌ی مرۆڤمان نیشان ده‌ده‌ن. ڕووداوی كیمیاباران و ئه‌نفال و شه‌ڕ و كۆكوژیی چه‌ندین ساڵه‌ی خاكی میزۆپۆتامیا، كه زۆرینه‌ی كورد ئه‌و پێگه جوگرافییه‌ی بۆ ژیاریی به‌كار هێناوه، جێگه‌ی ڕامانی فره تایبه‌ت و بایه‌خ پێدانه. كاره‌ساته یه‌ك له دواییهكهكانی كورد، له هه‌موو پارچه‌كان هاوشێوه‌ی كاره‌ساتی میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی جیهانه، بناغه جیهانییه‌كانی ئه‌و كردانه ئه‌وه‌یه كه كرده‌ی تراژیدیا له هه‌ر شوێنیك بێت گرنگ نییه، به‌ڵكو كرده‌كه قسه هه‌ڵده‌گرێ، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه و ڕه‌نگ و ژماره‌یش گرنگ نییه. لێره‌وه مه‌به‌ستمه بڵێم كاره‌ساتی كۆكوژی كوردانی دێرسیم و ئه‌نفال و كیمیابارانی كوردستانی باشوور، ڕووداوی تراژیدیی گه‌وره و به ئازارن. كرده‌ی له‌ناوبردنی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، كرده‌یه‌كی دڕندانه‌یه، دڕنده به مانا ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی نا، به مانا مرۆییه‌كه‌ی…هاوشێوه‌ی كرده‌ی كۆكوژی جوله‌كه‌كان و كیمیابارانی هێرۆشیما و ناكازاكی، كۆكوژی موسڵمانه سڕبییه‌كان، چه‌ندان نموونه‌ی دیكه، هه‌موویان ده‌كه‌ونه سه‌ر یه‌ك ڕاسته‌هێڵ، ئه‌ویش كرده‌یه‌كی هۆڤانیانهی نامرۆڤیانهیه. ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و خاڵه ده‌ست پێ ده‌كات برێتییه له ئیشكردن و خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕووداوه له ئاستی گه‌وره‌و بچووكی نا، كه ئێمه له كاتی كردهكهوه تا ئێستا هه‌ر مژوڵی گه‌وره نیشاندانی ڕووداوهكهین، له كاتێكدا قسه له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری تراژیدیاكه ناكه‌ین، كارمان بۆ ناساندنی دۆخه گشتییه نامرۆییهكه نه‌كردووه. ئه‌وه‌ی كراوه هه‌وڵی پچڕ پچڕ بووه، له ئاستی تایبه‌تی و ناوخۆیی…هه‌وڵ نه‌بووه له ئاستی ناوهڕۆك، له ئاستی نیشاندانی ڕاستینه‌ی ڕووداوه‌كان. تراژیدیایی ناو ڕووداوه‌كان له بیركراوه، به هۆی هه‌وڵدان و مژوولبوون به ژماره‌وه.
*له ژماره( 5)ی كۆواری دیمه‌ن بڵاوبووه‌ته‌وه