Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
مرۆڤێکیتر … فەرهاد چۆمانی

مرۆڤێکیتر … فەرهاد چۆمانی

Closed
by September 14, 2012 چیرۆک

 

 

 

دووکه‌وتوومه‌ته‌وه‌، هێشتا ده‌نگی گریانی منداڵێک دێته‌ به‌ر گوێم، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ ده‌نگی گریانه‌که‌ی قه‌ڵس بووبم ئاوڕێک له‌ خانووه‌که‌ ده‌ده‌مه‌وه‌، ئه‌و خانووه‌ی تێیدا له‌دایکبووم.

«ئه‌دی ئه‌و منداڵه‌ کێیه‌ ده‌گری؟» لەخۆم دەپرسم.

 ئه‌و کاته‌ی ده‌رگاکانم داخستن چ که‌س له‌ ژووره‌وه‌ نه‌بوو، راستتر بڵێم ساڵگارێکە له‌ من زیاتر که‌سێک هه‌ناسه‌ی له‌م ماڵه‌ نه‌داوه‌.

«تۆ بڵێی…!» بە گومانەوە دەپرسم و تەماشای بەرپێی خۆم دەکەم کە هەر تاریکییە بەرچاو دەبێت

«نا، من ئێستا گه‌وره‌م وته‌مه‌نم بیست و پێنج ساڵه‌.. » ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ راده‌مێنم…

چ زوو گه‌وره‌بووم! شیمانه‌ ده‌که‌م رێگای هانگاونانم له‌ ماڵه‌وه‌ڕا تا ئێره‌ چه‌ند ساڵێک چووبمه‌ ته‌مه‌نه‌وه‌.. «بیست و پێنج» چه‌ندجارێک له‌به‌رخۆم ئه‌مه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌.

ئێستا که‌ دووراو دوور له‌ ماڵه‌که‌م، یان له‌ده‌نگه‌که ده‌ڕوانم وا ده‌زانم ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ هه‌ر که‌س زیاتر به‌ من ئاشنایه‌، «ئا.. ئه‌وه‌ ده‌نگی منه‌« وەها بڕوا دەهێنم؛ «له‌ زه‌مه‌نێکی دووره‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه،‌ تا ئه‌مشه‌و لەو ماڵەوە سەدای بێتە بەرگوێم کەوا خەریکە بۆ دواینجار ئاوڕی لێدەدەمەوە»

بەخێرایی ئەوەی ئەمشەو لەماڵەکەمدا روویدا دەهێنمەوە یادم؛”دڵتەنگیەکی لەنوێ تێڕژاو لەدوای رۆژێکی ماندوو لە گەڕانێکی بێ سەرەنجام و بێهودە، سەرکێشانم بە لاشیپانی کتێبخانەکەم، بەربوونەوەی دوو کتێب و بەرسەرم کەوتنیان و ئەنجماگیرکردنی سەر ئێشەکەم و هەموو نەهامەتییەکانی ژیانم لەوانەوە، کەمێک بەبیردا چوونم و… خۆکوشتنم.

دڵم بە سبەینێی «ئەو» خۆشە کە ئەمشەو لەماڵە کەسنەدیوەکەمدا لە خۆمدا کوشتم، سبەی لە خەو هەڵدەستێت و دڵی بە هەموو شتێکی کوچەوکۆڵانەکانی ئەم شارە خۆشدەبێت، ئاسان بەهەموو شتێک رادێ، دەچێتە دەرەوە و لەسەر عەرەبانەیەکی پیس شێلم دەخوات.. وێنا دەکەم بەدەم شێلم خواردنەوە لەگەڵ کڕیارەکانی دیکەی دەوری عەرەبانەکە قاقا بە شتێک پێدەکەنێ کە هی ئەوە بێت لەبەری بگری، بە بۆنی شێلمەوە دەچێتە ئەپارتمانێکی پێنج نهۆمی و یەکەم رۆژی کاری دەبێت لە کۆمپانیایەکی مۆبیلیاتی تورکی، لە سبەینێشەوە بیر لە گەشتێکی ژێر “boğaziçi köprüsü”* دەکاتەوە.

هەرچۆنێک بووە سبەینێ دێت و من چیتر ناتوانم رێنمای ژیان و ئاکاری ئەو بکەم، ئێستا من دوو کەسم، جەستەیەکی بێگیان لە ماڵێکی چۆڵ، کەسێکی تەرەکراو لەنیوەشەوێک کە لەوە دەچێت لەسەگێک بەولاوە چۆڵەوانی بێت.

ئەم نیوەشەوە کە کوشتنی منی بەدەستی خۆم تێدا رووداوە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی بەبێدەنگی بۆی دەربچم، چ کەس لەدەرەوە نییە سەگێکی بەدوەڕ نەبێت، کە لەوەدەچێت دڵی بە هەبوونی تۆڕییەکی دیکە خۆشبێت لەسەرمای ئەمشەو لەگەڵیدا هەڵبکات، سەگەکە کلکەسوتێ بەچواردەوری قاچەکانم دەکات و کەمێک دوور دەکەوێتەوە.. وەک ئەوەی رێنمام بکات جارجارە ئاوڕم لێدەداتەوە و حەپەیەک دەکات و دووبارە سەر رێ دەبێتەوە، لە پێچیدەی کۆڵانەکە وندەبێت، بەجێهەنگاوی سەگەکەدا دەڕۆم، دەنگی قاقاکێشانی پیاوێک دڕ بەبێدەنگی شەو دەبات، دەنگی ورتەورتی ژنێکیش دێت کە لەوەدەچێت بیەوێ پیاوەکە هێوری بکاتەوە، بەڵام لەوە ناچێت توانیبێتی، ئاخر ئەوەتا من دووراودوور هێشتا گوێم لە تریقانەوەی پیاوەکەیە.

***

ئازارێکی توند بە ئاگای هێنامەوە، سەرم ژان دەکات و مەچەکی دەستی چەپیشم دەئێشێ، گریمانە دەکەم بە درێژایی شەوی رابردوو لەهۆشخۆم چووبم، ناتوانم هیچ شتێک بهێنمەوە یادم، وەک ئەوەی ژیانی من پێشینەیەکی نەبووبێت لە یادەوەری کەوتووم، وا خۆم حاڵی دەکەم کە ئەمە ئاسایی بێت؛

ناشێ بەم شێوەی کە هەم هاتبمە ژیانەوە!

–  ئەدی چۆنە هیچ شتێکم لە رابردووم لە یاد نەماوە؟

تۆ بڵێی لەبەر ئەوە یادگارێکم نەبووبێت ؟

……….!

لەگەڵ خۆم دەکەومە شەڕێکی بێدەنگانەی گومانکردن،  پەنجەرەکە بە رووی شنەیەکی فێنکی بەیانیدا کراوەتەوە، کە من نازانم کەی و کێ کردوویەتییەوە، مەگەر من حەز لە شنەی با دەکەم بەم ساردییەوە بێتە ژوورەوە و هەرچی گەرد و تۆز هەیە بێنێتە ماڵەکەمەوە! بۆ جارێک هەست دەکەم هەناسەم بەو کەرتە کەڤرە توند دەبێ کە کتێبەکانی لەناودا ریز کراون.

«چارەی دەکەم» وا دەڵێم و هەڵدەستم پەنجەرەکە دادەخە…

 

لەبەردەم ئاوێنەکەدا هەرجارەو خۆم بەلایەکدا بادەدەم و لە خۆم رادەمێنم، دەستم بە کراڤاتەکەمدا دەهێنم، لە کاتێک کە دوگمەی چاکەتەکەم شەتەک دەدەم بیر لەو نیگایانە  دەکەمەوە کە لەرۆژی یەکەمی شوێنی کارەکەم تێم دەهاڵێنن «وای چەند حەز دەکەم بزانم کە بەجووتە سرتە دەکەن چۆن باسم دەکەن!» وا دەڵێم و پێدەکەنم، لەخۆشیا لە نێو جلەکانم جێگام نابێتەوە، وەک ئەوەی پێشبینی بکەم سرتەی شۆخە کچەکانی پشت مێزە پڕ لە کولیچە و پیاڵەی نیوە پڕ لەچایەکانی شوێنی کارەکەم سرتەی دڵخۆشکەر بن بۆ من! لەبەر دەم ئاوێنەکەدا بەشێوەیەکی رەسمی پێدەکەنم، وا خۆم دەنوێنم وەک ئەوەی لەپێشدەمی بەڕێوەبەرەکەم بم و پێبکەنم. پاشان سەری پەنجەکانم بە ئاوی دەمم تەڕ دەکەم و برۆکانم کشت دەکەم. 

بە پەلەپڕوزێ بەرەو دەرگای دەرەوە هەنگاو دەنێم، پێم هەڵدەنگوتێتە ئەو کتێبانەی لەسەر زەوی کەوتوون، وەختە سەرانگرێ بم، ئیتر درەنگە بۆ سزادانیان؛ «چارەیان دەکەم» بەتووڕەییەوە وا دەڵێم دەڕۆم.

هێشتا کەمێک توڕەم لەو کتێبانەی بەرپێم کە هێند نەمابوو دەموچاوم بڕوشێنن و شەرمەزارم بکەن، ئەم رقە هێشتا ماوەم هێندەی تر لەبەر ئەو پیرە پیاوەیە کە لەنێوانی کورسیەکانی پاسەکەدا بەپێوە بەسەر سەرمەوە وەستاوە، من هەرچی تەماشای دەکەم وەک کتێبخانەکەم دێتە بەرچاوم کە توشی نۆرەدلێی کردووم و بەتەمام چارەی بکەم، بەڵام نازانم ئەم پیرە پیاوە چۆن چارە بکەم؟ 

لەوبەر شەقامی بینا سوورەکە بەدەم خواردنی شێلمەوە سەرنج لەپەنجەرەی ژوورێکی نهۆمی پێنجەمی باڵەخانە سوورەکە دەدەم “کە دەشێ نهۆمی بەرپرسی هەرە باڵای کۆمپانیا بێت”، بۆ ساتێک دەچمە چاوی ئەو شێلمخۆرانەی لەماوەی داهاتوودا لە دەوری ئەم عارەبانەیە کۆدەبنەوە و بەچاوی دەرپۆقاو و دەمی پڕ لە هەڵمەوە روو دەکەنە ئەو  پەنجەرەیە کە ئێستا من تێیەوە راماوم و ئەوکات، ئەوان من دەبینن و خۆزگە بە جێگەکەم و بەو کوپە چایەش دەخوازن کە جار جارە بە دەممەوە دەکەم و ئەوان نازانن کە قاوەیە.

 

***

 

هەست دەکەم لەدەرەوەی ماڵەکەم و بەبێ ئەو کەسەی لەخۆمدا کوشتم هەستەوەرەکانم وریاترن، چاوەکانم بیناتر تا دووراییەکانی ئاسمان هەتەر دەکەن.. تا ئەو شوێنەی لە دامێنی دەوارە پڕ چریسکەکەیدا، ئەستێرەیەکی کزۆڵ لەبەر دووریی رەنگاڵە دەبێت و هەر ساتە و بە رەنگێک خۆی دەنوێنێ؛ دەبینم. بەشێوەیەکی باشتر دەتوانم گوێم لە دەنگی با بێت و بۆنەکانی ناوی لەیەک جودا بکەمەوە،  لەمیانی رایەڵی ئەم بۆنانەوە بچمە ئەو سەرزەمین و پێدەشتانەی بۆنەکەیان لێوە دێت، ئەوەتا ئێستا هەست بەبۆنی پونگ دەکەم.. نەک هەر ئەمە دەتوانم بە رایەڵەکانی دا بچم و بڕکەگیا پونگەکان لەناو مێرگێکی پێواردا ببینم و بۆشم هەبێت دەستیان لێ بدەم. سەراسیما لەم توانا تازە پەیدابووانەی خۆم هەروا بەدوای جێهەنگاوەکانی سەگەکە دەڕۆم و کۆڵانەکان لەدوای خۆمدا بەجێدەهێڵم، دەکەومە ناو رووبەرێکی ئاوەڵا؛ بەڵام ئەهوەنتر..چەند تەپۆلکەیەک و دۆڵێکی درێژ، درێژبوونەوەی هاوشانی تەپۆلکەکان  و دۆڵەکە وەک جەستەی ژنێکی خەوتوو دێتە بەرچاو لە دەمێکدا کە تریفەی مانگ لەسەر پێستی رووتی بدرەوشێتەوە.

سەرباری هەموو ئەمانە ناتوانم «ئەو» فەرامۆش بکەم کە لەماڵە چۆڵ و کەسنەدیوەکەم لە خۆمدا کوشتم.. وەک ئەوەی بمەوێ ئەم دیوەی خۆم  بەخۆم بناسێنم؛

«من کێم؟» لە خۆم دەپرسم، ئەم پرسیارە نەک هەر گومانەکانی ناو سەری من دەوروژێنێت، بەڵکو هەست دەکەم لەگەڵ لە خۆپرسینم دەنگی پێخوست و هەنگاونانی کەسێک لە تەک خۆم دەبیستم.. پیاوێکە بە سەر و روویێکی ریشن، قژێکی تاراددەیەک درێژ و پەخشان، بەڵام بە ویقار و سیمایەکی سەرنجڕاکێشەوە. پێموایە کە دەیناسم، «لەوێنەیەکدا؟» خۆبەخۆ دەکەومە پرسیارکردن. «لەناو کتێبخانەکەمدا بینیومە!» وەها دەرەنجامگیری گومانەکانم دەکەم. تا دێ شێوە و ئەدگاری دەموچاوی لەناو تاریکی شەودا روونتر و بەرچاوتر دەبێت، هەردووکمان سەراسیما لەیەکتری دەڕوانین و دەڕۆین، لە نیگاکانی ئەودا چاوەڕوانی زانینی وڵامی پرسیارەکەم دەخوێنمەوە.. وا دەزانم لەگەڵ خۆی لەوەش دڵنیادەبێتەوە کە بە منڕا دووەم کەسە دەیخاتە جەدەلی ئەم پرسیارەوە.. «ئەو کەسەی تر کێبوو؟» دەمەوێ هەر بە نیگا لێی بپرسم، «سۆفیا» وەها وڵامێک لەنیگاکانی دەردەست دەخەم.

«بەراست من کێم؟» دیسان لەخۆم دەپرسمەوە «کامە بەشی خۆمم؟ جەستەیەکی مردوو و بێگیانی بەجێماوم لە ماڵیکی چۆڵدا؟ یان رۆحێکی سەرگەردانم؟» دەمەوێ لەگەڵ خۆم یەکلا ببمەوە: ئەگەر من جەستەم کەوایە بەبێ ئەم بەشەی ئێستام پەککەوتەم و هەر بۆ ئەوە باشم ژێرخاکم بخەن، ئەگەر ئەم بەشەی ئیستا کە هەم ئەوە خۆم بم کەوایە بەبێ لەش ناتوانم بەرجەستە ببم و تێکەڵ بە ژیان و بوونێکی ئاسایی ببمەوە.. 

تا زیاتر رێگا دەبڕم دەنگی چپەی پێخوستی کەسیتر دەبیستم.. جارجارەش دەنگەدەنگێک دێتە بەرگوێم کە لەبەر ئاڵۆزی و بەیەکداچوونیان لە هیچکامیان حاڵی نابم، من هەروا لەنێو پرسیارەکانمدا گێژ دەخۆم «شوناسی من ئەو کردەوەیە دیاریی کرد کە ئەمشەو لە ماڵە چۆڵ و کەسنەدیوەکەمدا ئەنجامم دا؟من بکوژێکم و هیچیتر؟»  نیگەران دەبم، «دۆزینەوەی شوناسێکی هەڵە و سەپێنراوی نەخوازراو زۆر باشترە لە نەبوونی شوناسێکی دیاریکراو» نائومێدانە ئەمە دەڵێم

 «من رەشبینێکی ترسناکم» دەنگێک وا دەڵێت، دەکەومە ژێر سیحری وشەکانی، دڵم بەوە خۆش دەکەم ترسناکیم هەموو تاوانێک دەشارێتەوە، هەر هیچ نەبێت وا دەکات رازیبم بەم شوناسەی بە هۆی کوشتنی خۆم بەسەرمدا سەپێنراوە. هێندە نابات دەنگێک؛«گەشبینێکی هۆشیارم» لە هاوێربوونی سیمای پیاوێکی پیرەوە ئەمە دەبیستم، چاویلکەیەکی لەچاوە، چرچ و لۆچەکانی دەموچاو و رووتانەوەی سەری نەیانتوانیوە بەرائەتی منداڵیی لێبستێننەوە، لێی رادەمێنم و بزەیەکم بۆ دەکات، وەک ئەوەی چاوەڕێی کاردانەوەی قسەکەی بێت رادەمێنێت..

 دەوەستم و ئاوڕێک دەمەوە..تارمایی بێشومار پیاوی ریشن و کزۆڵ هاوڕێگامن، بەبێ ئەوەی چاوەروانی گوێپێدان بن دەستەکانیان لە هەوای شەودا دەجوڵێنن و قسە دەکەن. کەمێک هەستم رادەگرم، ئەستەمە بتوانم گوێ بۆ دەنگێک رادێرم و بیبیستم، پێکەوەش لە نەوایەکی ناساز یان راستتر لە پوورەی هەنگ دەچن..

دەمەوێ لە هەموویان دەربچم و بۆخۆم بیربکەوە، ناکاو هەست دەکەم تارماییەکان ونبوون و بوونە تەپ و نم.. تەنیا دەنگێک دەبیستم بانگم دەکات؛

تۆ پاسیۆنێکی دەبەنگیت، رۆحێکی پوچی و دەگەڕێیتەوە تاکو باڵایی هەست و رۆح بخەیتەوە ناو قەفەسی شڕو شاتاڵی جەستەیەکی بۆگەن..

وڵامی نادەمەوە، تا ئەوەی ئاوڕیشی لێ نادەمەوە یبینم.

ئەگەر بوارم هەبوایە لە بەرزەوە لە خۆم بروانم، خۆمم دەبینی رووم کردۆتەوە ئەو رێگایەی لێیەوە هاتووم و بەتاقیتەنێ دەگەڕێمەوە ناو شار.

 

***

 

ئەوەتا ئێستا لەپەنجەرەی نهۆمی پێنجەمی بینا سوورەکە وەستاوم، لە حاڵێکدام کە نیوەی پشکی کۆمپانیای مۆبیلیاتم کڕیوەتەوە، دوو هەفتە بەر لە ئێستا هاوبەشەکەم وەک نرخاندی سێمانگی رابردووی کارەکانم رێگەی کردنەوەی نووسینگەی تایبەت بە خۆمی پێدام کە لەهەمان نهۆمی نووسینگەکەی ئەوە، ئەگەرچی زۆرجار خودخودەی ئەوەی کە من لە پایانی چ کارێک پلەم وا بەرزکراوەتەوە؟ گومان لە ئەنجامدانی کارێک دەکەم، بەڵام هەر بە زوویی ئەم گومانە سەرەخۆرانەم لەسەرم دەرکردوون، زۆرجار پێموابووە گەیشتنم بەم پلەو پایەیە لەئەنجامی سەرکەوتنی کاری وەبازارخستن و بازرگانییەکی سەرکەوتوو نەبووە، نا، من دەبێ ستایشی زیرەکی فێربوونی فێڵەکانی زمانپاراوی و ئەو جلە شیکانە بکەم کە خاڵی بنەڕەتیە بۆ بوونە بزنسمانێکی سەرکەوتوو، بۆ ئەوەی هەمیشەش بە ویقاری بازرگانێکەوە دەربکەوم ئەو دەمانەی بەتەنێش لە ژوورەکەمدام هەوڵ دەدەم شێوازی رەسمی دانیشتن و وەستانم نەشێوێنم، ئەمە بەسوودی راهێنان و راهاتن لەسەر ئەم شێوەیەش دەشکێتەوە.. ئەوەتا دەستێکم ناوەتە نێو گیرفانم و بە دەستەکەی تریش دەسکەنەی کوپێک قاوەی خەستم کردوە کە جار جارە بە دەممەوە دەکەم، گەرمیی قاوەکە و هەڵمی نێو دەمم بردوومیەتەوە رۆژی یەکەمی کارکردنم کاتێک لەوبەر شەقام لەسەر عەرەبانەیەک بەدەم سەرنجدانی ئەم پەنجەرەیەوە کوتە شێلمی هەڵمینم دەخوارد، ئەو کات بە خەیاڵ لە ئێستادا بووم ئێستاش ئەوەتا بە خەیاڵی ئەوێوە قومێکی تر لە قاوەکەم دەدەم. پێموابێ گریمانەی ئەو کاتەم کە رۆژێک دێت و خەڵکی شێلمخۆری چواردەوری عەرەبانەکە خۆزگە بە جێگەکەم و ئەو کوپە چایەش “کە ئەوان نازانن قاوەیە” دەخوازن وەراست گەڕابێت، چونکە ئەوەتا دەبینم کەسێک لە نزیکی عەرەبانەکەوە چاوی بڕیوەتە پەنجەرەکەم و بە وردی وەک ئەوەی بیەوێ دڵنیابێ بەراستی ئەمە خۆمم تێمدەڕوانیت…

 

رۆژی یەکەمی کارکردنم وەک ئەوەی ئەوان چاوەڕوانی هاتنی من بن لەگەڵ چوونە ژوورەوەم بۆ هۆڵێکی فراوان کە دوو مێزی هاوبەش لەلای دەستە چەپم دانرابوون، کولیچە و پیاڵەی نیوە پڕ لەچایەکان زووتر لە دۆسیە و قەلەمدانەکان سەرنجمیان بۆ لای خۆیان ڕنیەوە، پێموابوو کە دەبێ بۆ لای ئەم دوو مێزە کە دوو کچ کە بە شێوازی دێرینی چینی رووخساریان ماکیاژ کردوە؛ بچم، بەڵام دەنگی پیاوێک لای پێکردمەوە و بەرەو رووی چووم.. بەتەمەنتر لە سیما و شێوازی پۆشەنی و جوڵەی دەستەکانی دیار بوو، بە کوردییەکی وا وشەکانی گۆ دەکرد کە دوای چەند رستەیەک خۆت بۆ نەگیرێ و پێبکەنی؛

ناوێت چییە؟

ئەمین کەریم ……

لە وتنی ناوی باپیرەم ئێستێکم کرد، دیسان رووبەرووی هەمان گومانکردن بوومەوە کە بەیانی ئەو رۆژە تێیکەوتبووم هۆکارەکەیم نەدەزانی «وەک ئەوەی ژیانی من پێشینەیەکی نەبووبێت لە یادەوەری کەوتووم ….» بەهۆی وەستانم لە گوتنی ناوی سیانیم داوای نیشاندانی ناسنامەی لێکردم. دامە دەستی، سەیرێکی کردم و ناوی سیانی بەدەم نووسینی ناوەکەم لەبەر خۆیەوە دەیوتەوە؛

“ئەمین کەریم حەسەن” رۆژانی دواتریش لەلایەن هاوکارەکانمەوە لەسەر نەغمەی دەنگی ئەو پیاوەی ناونووسی کردم هەر بە “ئیمۆ” بانگیان دەکردم، وێنەی هەندێک کوڕیان لە گۆڤارەکان نیشان دەدام و وەک نیازپاکیەک بۆ بەرەوپێشچوونم پێشنیاری شێوازی قژ و جلوبەرگی ئەوانیان بۆ دەکردم.

چ کارەک زانی؟

بە ترس و گومانەوە وتم “هیچ کارێک”!

زۆر باش، تۆ بۆ بەشی کارگێڕی و سرپەرشتاری وبازارخستن.

هیچ وێنەیەکم لەچییەتی کاری ئەم ناونیشانانە بە خەیاڵدا نەهات، هەر چۆنێکە کارەکە ئاسانتر لەوە سەرڕێ بوو کە من شیمانەم دەکرد.

 

دەنگی لە دەرگادان پەلکێشی ئێستام دەکاتەوە «لە ساتێکی باش لە دەرگایان دا و لەیادەوەرییەکان هاتمە دەرەوە، ئاخر رۆژانی دواتر…» تەواوی ناکەم! لەبەر خۆمەوە، بێدەنگانە دەچمەوە ناو رۆژانی دواتر  «نا، نابێ رۆحیشم لەم یادەوەریانە بێدار ببێتەوە» جارێکیتریش لە دەرگا درایەوە «هەرچیم کردوە بۆ گەیشتنە ئەم پێگەیەی ئێستام بووە، رەوایەتی ئەم کردەیە لە سەرکەوتنی ئێستامدایە» ئەمە ئەو دەرەنجامەیە کە دڵخۆشم دەکات. پێموابێ ئەو کەسەی لە دەرگا دەدات خەریکە بێ هیوابێت کە من هاوکات دێمە دەنگ «وەرە ژوورەوە» دێتە ژوورەوە، سکرتێرەکەمە.. لێوم دەخەمەوە ناو دەمم و گوێدەگرم؛ «کەسێک کە ناوی لە لیستی سەردانیکەران تۆمار نەکراوە و دەیەوێ بەڕێزتان ببینێ» بە ترس و شڵەژانەوە ئەمە دەڵێت، جارێک سەیری ئەودیوی دەرگا دەکات و جارێک من. ئیزنی هاتنە ژوورەوەی ئەو کەسە دەدەم، پیاوێک دێتە ژوورەوە تا ئەندازەی سەرسامبوون لە من دەچێت، دڵنیاش دەبم هەمان ئەو کەسە بێت کەمێک بەر لە ئێستا لە نزیک عەرەبانەی شێلمەوە بینیم، بە سەرنجێکەوە تێمدەڕوانێت وەک ئەوەی من خۆم لە دەستی ئەو دزیبێت، هەوڵ دەدەم کەمترین شڵەژان بە روخسار و شێوازی وەستانمەوە دیار بێت. تەنها کەمێک دەستم دەلەرزێت، ئەویش بە رۆنانیە ناو گیرفانم دەیشارمەوە؛ پێموایە هەردوکمان دەزانین چباسە، زووتر لەو دێمە دەنگ؛

لە نێوان من و تۆدا؛ من رەسەنم…

وردە وردە لێم دێتە پێشەوە، توشی هەمان نۆرە دڵێ دەبمەوە کە کتێبخانەکە سێمانگ پێش ئەمڕؤ تووشی کردبووم، لەگەڵ ئەوەش بەردوام دەبم؛

من توانیومە بە قوڵایی ژیان و خۆشگوزەرانیدا بچم  و…. 

قسەکەم پێ دەبڕێت؛

بە قوڵایی ژیان و خۆشگوزەرانیدا بچیت و بیرت بچێت کە مردووی، جەستەیەکی بۆنگەنیت و ئەم دیوار و کەرەوێتانەت کردوونەتە تابووتێکی رازاوە بۆخۆت.

تۆ مردوویت! لە پەراوێزی ژیاندایت و وەک کابووسێک لە بێداریشدا تەنگەنەفەسم دەکەیت.

کامە بێداریت؟ 

ئەم بێداریەی کە هاتویت لە چ شوێن و پێگەیەک دیدەنی من بکەیت، ئەمە ئەنجامی بێدارییمە، کە دەبێ دانی پێدا بنێم بۆ من دیدەنییەکی نەخوازراوە. 

لە ژوورەکەی تر گوێم لە دەنگی سکرتێرەکەمە، پێدەچێت بە تەلەفون قسە لەگەڵ کەسێک بکات، ئەم کابووسە سەرەخۆرە بەردەوام دەبێت؛

هاتووم رزگارت بکەم، لەم زەلکاوەی تێیکەوتوویت پەلکێشت بکەمەوە، دانی پێدادەنێم بەبێ تۆ ناتوانم بەرجەستەی ناو ژیان ببمەوە، دەتبوورم لە بکوژیت، تۆ منیت و ئەو رێگایەی بڕیاربوو تێیدا بەردەوام ببم بەبێ تۆ مانایەکی نابێت، کەسێک نییە گوێ بگرێت، هەرچی هەیە بێسرەوت دەڵێت و دەڵێت، بەبێ ئەوەی کۆمەک بە نەزانێک بکات، وەرە لەگەڵم تۆ نەزانەکەی ناو منی، دیوە دەستەمۆیەکەی خۆمیت…

نزیکتر دەبێتەوە و وەک ئەوەی خەریکبێت بترنجێتەوە ناومەوە هەست بە سەنگینی لەشی دەکەم.. لە هاتی بەختم بەر لەوەی ئەمە روو بدات پۆلیسەکان دەگەن، پەلکێشی دەکەن و گوێم لێیە بە تەپ و کوتی هەنگاوەکانیان بە پلیکانەکاندا دەیبەنە خوارەوە.. کەمێک دێمەوە سەرخۆم و بەزوویی بەر لەوەی سکرتێرە شۆخەکەم بەم شڵەژاویەوە بمبینێت شێوە رەسمیەکەی خۆم بەدەست دەهێنمەوە.. 

دەچمەوە بەر دەم پەنجەرەکە و دەیبینم لەسەر شەقامەکە وێڵی دەکەن و لەناو ریزی درێژی ئۆتۆمبیلەکاندا گیر دەخوات و بە هەر حاڵێکە تا دێ دوورتر دەکەوێتەوە..

 دەمەوێ سەرحاڵ ببمەوە، کە باش دەزانم چۆن، زەنگێک لێدەدەم و سکرتێرەکەم بە خەندەیەکی ناسکەوە دێتە ژوورەوە، داوای لێدەکەم بچێت دەرگای ژووری پرسگەی سەردانیکەران دابخات و هێڵی تەلەفونەکانیش لەکار بخات.. لەرووی ئەوەی کە پیشەکەی خۆی باش دەزانێت بە زوویی ئەنجامی دەدات و دێتەوە لام، لە حاڵێک کە دەستم خستۆتە سەر پشتی دەستی ئەو و بەیەکەوە پەتی پەردەی پەنجەرەی ژوورەکەم دادەکێشین.. بە دڵنیایەوە بڕوا دەهێنم کە خەریکە ژوورەکە نا، ئەوە دەرەوەیە لەگەڵ پەردە دادانەوەدا تاریک دادێت.

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.