Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

مفاوه‌زات، له‌ژووره‌ داخراوه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات !

Be First!
by May 14, 2009 گشتی

شیرۆڤە: هوشیار حوسێن برایم

مفاوه‌زات، له‌ژووره‌ داخراوه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات !

سه‌ره‌نجام له‌ژووره‌ بڕیارده‌ره‌ شاراوه‌کانی پشت په‌رده‌وه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی تورکیادا، رووندەبێتەوە‌ چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ی کورد، ته‌نیا بە گفتوگۆ له‌گه‌ڵ PKK بەدی دێت‌.

ئیدی ئه‌و تابۆ و ئه‌قڵیه‌ته‌ نه‌گۆڕه‌ی که‌ زیاتر له‌ 85 ساڵه‌ بۆته‌ سیسته‌م و تورکیا حوکم ده‌کات، هێدی هێدی ئه‌و فاکته‌رانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات و ناتوانێ وه‌ک جاران وڵات به‌ڕێوه‌ ببات. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی کوردستان به‌گشتی و ‌باکوری کوردستان به‌تایبه‌تی زۆرێک له‌ قۆناخه‌ هه‌ستیار ومه‌ترسیداره‌کانی بڕیوه‌، ئیدی بێباکانه‌تر له‌قوڵایی ده‌ریای سیاسه‌تدا ده‌توانێ مه‌له‌ بکات.

گۆڕانکارییه‌کان وا نیشان ده‌ده‌ن که‌ ‌هه‌ردوو لایه‌نی بزاڤی کورد و ده‌وڵه‌تی تورک به‌ره‌و هه‌ندێک قه‌ناعه‌ت و بۆچوونی نوێ به‌واتای ”پراتیک نوێ” ده‌چن.
پۆلیتیکای (نکۆڵی و پاکتاو)ی ده‌وڵه‌تی تورک که‌ له‌دژی کوردان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ئۆفسایده‌! له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا دروشم و ئامانجی بزاڤی کوردان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ – به‌هه‌موو زاراوه‌ سیاسییه‌ جیاجیاکانیه‌وه‌ – ش له‌مه‌یدانی پراکتیکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌بازنه‌یه‌کی داخراودا ده‌خولێته‌وه‌.

حه‌سه‌ن جه‌مال رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ری سیاسی به‌ناوبانگی تورکیا، که‌سێکه‌ له‌ئاستی سه‌رکۆمار و فه‌رمانده‌ی گشتی سوپا و سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانه‌وه‌، پرس و ڕای پێده‌کرێت و رۆڵێکی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌شیکردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌سه‌له‌ ستراتیژی و تاکتیکییه‌کان.

له‌خۆڕا نییه‌ له‌کات و ساتێکی وادیاریکراودا، حه‌سه‌ن جه‌مال ئه‌و هه‌موو رێگایه‌ سه‌خت و پڕ مه‌ترسییه‌ ده‌بڕێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ چیای قه‌ندیل و، له‌گه‌ڵ موراد قه‌ره‌یلان سه‌رۆکی کۆنسه‌ی کۆما جڤاکی کوردستان KCK له‌مه‌ڕ هه‌ستیارترین بابه‌ت که‌ ئاگربه‌ستی دوولایه‌نه‌و مه‌رجه‌کانی مفاوه‌زات قسه‌ ده‌کات. له‌وه‌ش گرینگتر حه‌سه‌ن جه‌مال رێپۆرتاژه‌که‌ی به‌شێوازی وتارێکی درێژ له‌ 9 به‌شدا له‌ رۆژنامه‌ی میللیه‌تدا بڵاوده‌کاته‌وه‌.

وتاره‌که‌ی حه‌سه‌ن جه‌مال ته‌واوی میدیاکانی تورکیای داگیرکرد، باسێکی کرده‌ رۆژه‌ڤی تورکیا و ناوچه‌که‌و جیهان، که‌ بۆ تورکیا هێڵی سووره‌.

ئاگربه‌ستی دوولایه‌نه‌؛
کشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی هه‌ردوولا بۆ بنکه‌کانیان؛
دایالۆگ؛
چاره‌سه‌ری ریشه‌یی کێشه‌ی کورد؛

وه‌ڵامه‌کانی قه‌ره‌یلان له‌بنه‌مادا په‌یامێکی ئاشکرا بوو بۆ ده‌وڵه‌تی تورک، زۆر به‌دیقه‌ت و ئامانج ئاماده‌یی PKK‌ی بۆ پێواژۆی ئاشتی راگه‌یاند، دیاربوو قه‌ره‌یلان زۆر به‌ئاماده‌کاری و رێکه‌وتنێکی پێشوه‌ختی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ناوخۆ په‌یامه‌کانی ده‌گه‌یاند.

حه‌سه‌ن جه‌مال له‌سه‌ره‌تای رێپۆرتاژه‌که‌دا به‌ قه‌ره‌یلان ده‌ڵێت؛
من وه‌ک رۆژنامه‌وانێک هاتووم بۆ چاوپێکه‌وتنتان، وا تێمه‌گه‌ن که‌سێک بۆ مه‌به‌ستێک منی ناردبێت و په‌یامێکم بۆتان هێنابێ. له‌هه‌مان کاتدا داوا له‌قه‌ره‌یلان ده‌کات که‌ به‌کامێرا رێپۆرتاژه‌که‌ تۆمار نه‌که‌ن.

ئه‌و روونکردنه‌وه‌یه‌ی حه‌سه‌ن جه‌مال و داواکارییه‌که‌ی بۆ قه‌ره‌یلان، خۆی له‌خۆیدا نیاز و ئامانجی راسته‌قینه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کات که‌ پێچه‌وانه‌که‌ی راسته‌، واته‌ ئه‌رکی حه‌سه‌ن جه‌مال گه‌یاندنی په‌یامێکی تایبه‌ته‌، له‌هه‌مان کاتدا گرتنی ئاست و جۆر و کاردانه‌وه‌ی PKK‌ یه‌ بۆ پێواژۆ و ئه‌و لێگه‌ڕه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی تورک بۆ مه‌سه‌له‌ی PKK‌ ده‌یکات.

دیسان له‌خۆڕا نییه‌ عه‌بدوڵا گویلی سه‌رۆک کۆمار به‌هۆی ئه‌و سه‌ردانه‌وه‌ داوا له‌حه‌سه‌ن جه‌مال ده‌کات چاویان به‌یه‌کتر که‌وێ، دواتریش لەنێو فڕۆكەكەیدا لەڕێگای چوون بۆ براغ دەڵێت: "كێشەی كورد گرینگترین مەسەلەی توركیایە، ئێستا زۆربەی زۆری دامودەزگاكانی دەوڵەت لەهەموو كاتێك زیاتر كۆكن بۆ چارەسەركردنی".
جه‌میل چیچه‌کی جێگری سه‌رۆک وه‌زیر و داود ئۆغلوی تازه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ حه‌سه‌ن جه‌مال داوه‌تی باره‌گاکانی خۆیان ده‌که‌ن. بێگومان ئه‌و داوه‌تانه‌ دوای سه‌ردانه‌که‌و دانیشتنه‌که‌ بوو له‌گه‌ڵ موراد قه‌ره‌یلان.

مه‌سه‌له‌کان هێشتا تازه‌ن، هه‌وڵێک یان باشتر وایه‌ بڵێین نیازێک له ‌هه‌ردوو لایه‌نه‌وه‌ بۆ هێورکردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌که‌ به‌دی ده‌کرێت.
ده‌رفه‌تێک ره‌خساوه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌م لایه‌نی PKK‌ خواستی ئاگربه‌ستێکی هه‌میشه‌یی و دیالۆگ و چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌یان پێوه‌ ده‌بیندرێت، هه‌میش لایه‌نی ده‌وڵه‌تی تورک – گه‌ر گشتیش نه‌بێت – حاڵی حازر به‌هه‌ر نیازێک بێت به‌ته‌واویش نه‌زاندرێت، به‌ڵام هه‌ندێک نیشانه‌یان پێوه‌ دیاره‌، ئه‌مه‌ش به‌ناچارییه‌ یان به‌خواسته‌ هێشتا ئاشکرا نییه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌‌ که؛‌

ئایا پێش ئه‌وه‌ی نیازه‌کان ببنه‌ هه‌وڵی جدی، بازرگانانی شەڕ ناکه‌ونه‌ خۆ، یان کاره‌که‌ له‌نیوه‌یدا ئیفلیج ناکه‌ن؟

تۆ بڵێی ئه‌مجاره‌یان نه‌وه‌کانی ئه‌رگه‌نه‌کۆن بەناشەرعی لەنێو ‌هه‌ردوولادا سیناریۆی ساڵی 1993 دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌؟

تێبینی/ ئەو بابەتە لەژمارە 632 ی كوردستان راپۆرتی 14 ی ئایاری 2009 دا بڵاوبۆتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply