Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مناڵە عیراقییەکان جەژنتان (بێرۆز)

مناڵە عیراقییەکان جەژنتان (بێرۆز)

Closed
by August 19, 2012 گشتی

 

(روز) رۆژە بە فارسی و (رۆز) گوڵەباخە بە ئینگلیزی، گوتم ( جەژنتان بێ- رۆژ و بێ- گوڵەباخ) ئاخر  وشەی (پیرۆز) موژدەبەخشی هاتنی خۆشی و شادی و سەرکەوتن و وەدەستهێنانی پلەو پایە باڵایەکانی ژیان و دوارۆژە. دەبێ (جەژن) لەوڵاتی خوێن و مەرگەسات ودۆشمنکاری و دووفاقی چ دیاری و چ خەڵاتێکی لە کەشکۆڵی تیتۆڵتیتۆڵیدا بۆ ئێوە هەڵگرتبێ، جگە لە رێژنەی فرمێسکی سەرگۆڕی ئازیزانتان لەبەربەیانی ئەوە رۆژەدا، ئەو گۆڕەی کە ڕەنگ بێ هەر دەست و قاچێک یان جەستەیەکی بێ سەر یان سەرێکی بێجەستەی تێا نێژرابێ! یان جگە لە سینییەک کونجی وگەزۆ و یان سندوقێک لە پاکەتی کلینس ،یان  چوار پاکەت بنێشتی ئەبوو سەهم لە دەوری ترافیک لایتێکی ناو شاردا-  کە لە هەموو ئان وساتێکدا پرۆژەی تەقینەوەیەکی ناوەختە!

منیش، کە وەک ئێوەی بەستەزمان،  بەر لە نیو سەدە چاوە چاوی هاتنی رۆژی  جەژنم بوو – جا لە جەژنی کچکە کورتەک و شەرواڵێکی بیزەقی خۆم و لە جەژنی گەورەشدا جووتە سەندەڵێکی فشوفۆڵیان بۆدەکریم – وامهەست دەکرد، کە دایک و باوک و خزم و گەرەک و شار گەڵێ نیگەران و  نارحەتن بەهاتنی ئەو جەژنەی کە بەلای منەوە بەهەشتۆکەبوو. ئاخر لەوەتەی هەم رۆژانی جەژن لەم وڵاتەدا هەر سمڕسمڕانێی بەردەرگای زیندان و بەندیخانەکان بووە،  رێجکەی بەردەرگای پرسەدارو پەککەوتوو وشەپڕەدارەکان بووە، دەستبەسەر داهێنانی کچۆڵە مەلوول و کوریژگە هەتیوەکان بووە! یان شین وشەپۆڕی وەرگرتنەوی جەنازەی لە سێدارەدراوان بووە. یان نووزانەوەی نێو  جاترگاو کۆڵیتی وڵاتی غەریبیدا بووە!

 نیو سەدەیە گوێم لێیە هەر دەڵێن ” ئینشا ئەڵڵا ئەم جەژنە دەبێتە دوو جەژن!” نیوە سەدەیە چاوەڕوانی ئەو دوو جەژنن. لە شەستەکانەوە تا هەشتاکان هەر برسی و پیخواست و سواڵکەرو عەبدو کویلە بوون. لە هەشتاکانەوە تا دوو هەزار هەر بارووتی جەنگ و سووتووی تۆپ و تەیارە بوون! لە دوو هەزارەوەش تا ئیمرۆ گەسکی کەناسەکان گۆشتی ونجڕونجر و ئیسک و پروسکی پارەپارەی براو دایک و ئامۆزاو هاوڕێکانتان لە سەر شەقامەکاندا  کۆدەکەنەوە.  

 لە دیوێکی تری شاردا،  بە ناوی جەژننانەو ئاهەنگی جەژنی تۆ،  ڤیلەو هۆتێل و مۆتێلی هاوینەهەوارەکان دەمێکە گیراون. فڕانفڕانی مارکەو مۆدیلەکانی سوپەرمارکێتە مەزنەکانە،  پلیتی فرۆکە بۆ لوبنان و تورکیاو لەندەن و پاریس دەستناکەوێ. گیازو دیاری قەڵا قەڵا لە ژوورە ڕەنگاوڕەنگەکانی کۆشکەکاندا بەسەرە یەکدا کەوتوون!  باول و جانتاکان وەک تەنگەی فیل ئاوساون!  لەوەتەی دنیا دنیایە،  خۆشی و خێروبەرەکەتە وا، بەسەر ئەم وڵاتەدا نەباریووە. خێروبێری نەوت و گومرگ و قاجاغچییەتی و دزین و ڕاووڕووتی و گەندەلکاری! 

مناڵە عیراقییەکان چاوەڕوان مەبن جەژنی داهاتوو لە وەی ئیـمرۆتان  خروشترویان پتر پرلە سەماو گۆرانی و هەڵپەرکێ  بێ،  خوینخورانی تۆ شەورۆژ خەریکی داڕشتنی نەخشەی ترسناکترو پلانی کوشندەترن بۆ تۆ ، ئاخر جەژنی راستی ئەوان ئەورۆژەیە کە بست و چوار ئۆتۆمبیل بەیەکەوە دەتەقێتەوەو سەدان سەر دەپەڕی و دەیان گوڵەباخ بێوەژن دەبن و دەیان منداڵی تر دێنە ریزی تۆ بە سینییە گوڵەبەرۆژەوە لەسەر شۆستەکە لە تەنیشت دادەنیشن. نا چاوەروانی هیچ جەژنی مەکە لەم وڵاتە گەندەڵ و خوێناوییەدا! چەند حەزم دەکرد بڵێـم:” منــاڵـینە جــەژنتــان پیــرۆز!”

فازیل شەوڕۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.