Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

من ئەمرم و غەريبيم هیچ باش نييە

Be First!
by May 17, 2012 ئەدەب

من كە فەرزەندەيەكى غوربەتنشينم
خۆشحاڵم بە غەم،
 كە گەڕيدەيەكى ياخيیم
ئاسودەم بە تەنيايى،
دەرگاكە بكەرەوە و گوێ بۆ ناڵیەنەكان بگرە.

بيكەرەوە …
دلَم بۆ تۆ دەرهاتووە
دايبخە …
ئەم كەلاكەم لە تەنياييدا بۆگەنى كرد.

سەرم بەرز دەكەمەوە
مانگ لە خوارەوە كەوتوە
سەردائەخەم، خۆم لەوپەڕى دووريدا دەبينم
لە نێوان من و مانگدا شتێك هەيە
جوانييەك دەلەرێتەوە
بۆيە هەميشە چاوەڕێى
گەیشتنی عیشقێک ئەکەم.

داخۆ ئەمە لە كوێى تەمەندا ڕوودەدات
من ڕووم لە تەنيايى بێت و
ئوو بەدەم زەردەخەنەكانەوە
چريكەى ژيانى خۆى بكات،
ئاخۆ تاكەى…
من بەدەم عەزابەوە بلاوێنم و
ئەو چوون كۆترێكى ياخیى
سەرگەرمى باڵە فڕکێى نيانيى بێت.

من بە جامێك دەربەدەرييەوە ماومەتەوە
بە كۆڵێك تەنيايى و
بە باوەشێك نيگەرانييەوە،
خەراباتى دڵى “نالى” مەفەرموو
چونكە من نايەم.

بهێڵە ئەو زەردەخەنەيەت بخوێنمەوە
هێواش .. هێواش وەرە و
تەنياييم موتاڵا بكە،
هەتا منيش …
تنۆك .. تنۆك
بڕژێمە ناو عيشقتەوە.

بەزمى من لێرەدا دەستپێناكات
لەوێدا كۆتايى بە هەوەسى تەنيايى من نايەت
لێرە هەميشە ميوانێكى ئازيزمە، غەريبیى.

هيچ لە غەريبیى من شين نابێت
بە تەنيا تۆ نەبێت
هيچ لەم مالَەى مندا دەنگ ناداتەوە
بە تەنيا تۆ نەبێت
ئازيزەكەى من … تەنيايى.

تا تەنيايى خۆش ئەكاتەوە
لێرەبە …
تا غوربەت زياتر دادەكات
لەپاڵ گۆرانييەكدا بمێنەرەوە
تا بە ڕووخسەتى بارين
شيعرێك دادەبەزێنم
لێرەى ئەم بيَتاقەتييەمدا
چيرۆكى سەفەر ئەزبەركە و
قەناعەت بە ونبوونم بكە.

دێڕێك لە تەنياييم دەردەهێنم و
لە خۆمى دەئاڵێنم،
ووشەيەك لە خۆم ڕادەكێشم و
تەنياييمى پێ ئاوەدان ئەكەمەوە.

لە ڕەهێڵە خێراترم بۆ گەيشتن بە عيشق
لە منگبوونى ئاو نەرمترم بۆ تەنيايى
لە خۆم بێتاقەتترم بۆ شيعر و
لە ئێوەش بێباكترم بۆ ئاوڕدانەوە
خەونە شێتەكانى مناڵييم.

من لە سەربووردەى عيشقدا چ تاوانێكم نەكرد
ئەو بۆ خۆى لە ناو باراندا توايەوە،
ڕێگەم لە هيچ ئومێدێك نەگرت
ئەو ئومێدەكانمى تەراند،
من وەك خۆم لە ئەوم ئەڕوانى
ئەو وەك باهۆز، لە تەنياييدا پێچاميەوە.

هاتن مەراقەكان هاتن…
ئێستا نا،  كەمێكى تر …
لێی ئەدەن،
لە دەرگاى من  نا
لە دەرگاوانەكەى تەنيايى.

دانيشتووم…
هیچ ناڵێم و لە خۆمەوە بۆڵە بۆڵمە
تەماشا دەكەم…
كەس نابينم و جواب ئەدەمەوە،
بە ژوورەكاندا ئەڵێى گلاراوم گرتووە…
شتێك دێتە خەياڵمەوە و
هيچيش نييە!!
تەماشاى دەرگاكان ئەكەم و ئەڵێم..
ئەوان كراونەتەوە و
من تەنيايى زيندانیى كردووم.

لێرە دانيشە…
تا شتێك تەنياييت فێر بكەم،
لێرە بمێنەرەوە …
تا كەمێك خۆمت بۆ بخوێنمەوە،
لێرە .. لێرەى ئەم غوربەتەمدا
گوێ لە زريكەى خەياڵەكانم بگرە و
بەدەم خۆتەوە بڵێ…
چةند سەختە ژيان
لەگەڵ پياوێكى نارنجيدا.!!!

ئەڵمانیا / هانۆڤەر
٢٠١٢

زانا سامان

Previous
Next

Leave a Reply