Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

من له‌ فه‌جردا سوتانی خۆمم دی ، دابه‌ستنی نوێژی سپی به‌من چی .. خودا

Be First!
by April 22, 2011 ئەدەب

ئه‌م عومره‌ تولانییه‌ی من ، ئاخر
نه‌بۆنی وه‌رینی لێدێ و
نه‌ ئه‌سه‌ری ڕه‌شه‌بایه‌ك ناسیویه‌تی ..،
كه‌چی به‌ده‌م دێڕێك گۆرانی شینه‌وه‌
وه‌ك خه‌یاڵی ناو گیرفانی خه‌ونێكی ته‌ڕ
چاوی پڕه‌بێ له‌ به‌فر و
هه‌ناسه‌شی لێوان لێو له‌ كوژاندنه‌وه‌ …
من له‌و په‌ڕی پیرییه‌وه‌ مناڵیم له‌باوه‌ش گرت و
ئایه‌ته‌كانی سوتانم به‌ (با) دا ،
كه‌چی هه‌ر زوو
فڕین هاته‌ نێو غه‌ریزه‌ی حه‌وشه‌كه‌م و
له‌ ستاره‌ی مه‌حاڵه‌وه‌ چه‌پڵه‌ی كوتی ..
كاتێ‌ نوێژمان دایه‌ به‌ر ڕێژنه‌ی سه‌فه‌ر و
دووكه‌ڵمان به‌ خوێنه‌وه‌ دی ،
ئه‌وجا زانیم سه‌ره‌تای ئه‌م له‌یه‌ك چونه‌
چه‌ند ئاشنایه‌ به‌ توڕه‌یی ئه‌و هه‌ورانه‌ی
له‌ چاویانــــا
نۆته‌ی جه‌نگێكی دۆڕاویان حه‌شارداوه‌ ..
به‌سه‌ر سبه‌ینێما مه‌ڕۆ
من كه‌ خاڵیم له‌ فه‌رمووده‌كانی دوێنێ ،
چۆن ئه‌توانم ته‌فسیری ئه‌و دێڕانه‌بم
كه‌ له‌ ده‌رگام ئه‌ده‌ن ئه‌مڕۆ ..
ده‌ست هه‌ڵگره‌ له‌ كوشتنی ئه‌و قوفڵانه‌ی
كچێنییان له‌باوه‌شی مینایه‌كدا هه‌ڵگرتووه‌ ،
ده‌نا مه‌ودایه‌ك نامێنێ
بۆ گه‌یشتن به‌ دوعاكانی سه‌فه‌ر و
ڕووتبونه‌وه‌ له‌ ڕۆحی سێبه‌ره‌كاندا ..
چ دۆزه‌خێكی شیرینه‌ ،
بۆ هه‌میشه‌ فه‌جرێك بارگاویمان بكا
له‌ته‌ڵاشی حه‌یران بوون و
له‌ ڕۆچونمان هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی باران و
هه‌تا بێمانایی مانا و
قوڵبوونه‌وه‌ له‌ گۆرانییه‌كی ته‌نیایی .
خودا .. من ئیره‌یی پڕی كردووم
به‌رپێی خۆمم بۆ نابینرێ ،
فێرمكه‌ چۆن له‌ته‌می ئێواره‌یه‌كدا عیشق بڕنم
كه‌ هێشتاكه‌ فه‌سڵی بارینی ماچ نییه‌ و
له‌ حزوری جووتبونێكا جامێ ئاوم نه‌گێڕاوه‌ ..!
فێرمكه‌ چۆن سكێچی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ بنه‌خشێنم
كه‌ بێبه‌ریین له‌ سوعبه‌تی ئاخیره‌ت و
له‌ قامه‌تی جنسی هه‌تاو ..
ئێمه‌ بووین .. ساراكانی مناڵیمان
دایه‌ به‌ر كه‌فی عه‌ده‌م و
له‌ نه‌سلی گۆرانییه‌كا فێره‌ بالیای ته‌نیایی بوین .
ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستبازیمان له‌گه‌ڵ ماڵی باراندا كرد
هه‌تا (هیچ) بوون ،
دواسه‌لیقه‌ی پیاسه‌كردنیشی كوشتین ..
ئه‌وه‌نده‌ ڕاموساین له‌ خه‌یاڵ
هه‌تا یه‌ئس ،
نێوان په‌نجه‌كانی ته‌نین له‌ غوبار و
به‌بێ ئاگر .. سرووتی مه‌راقمان كێشا ..
كاڵبوونه‌وه‌ دووایین ڕێگایه‌ له‌پێشمان ، كه‌بمانبات
بۆبه‌رده‌م مه‌عبه‌ده‌كان و
بۆ ئێواره‌ش بمانداته‌ ده‌ست ئه‌و نوێژه‌ی
مردن له‌ گیرفانیایه‌تی و
سێو بار ئه‌كا بۆ كۆڵانی ئاوێنه‌كان .
من هه‌میشه‌ به‌ر له‌سه‌فه‌ر .. ،
ده‌می جانتا شین پۆشه‌كه‌م ئه‌كرده‌وه‌ ،
یه‌كه‌مین شت غه‌ریبیم ئه‌پێچایه‌وه‌ و
موتوربه‌م ئه‌كرد به‌ ئه‌وین
ئه‌مووت نه‌با ،
ڕۆژێ پاییز پێی فێر ببێ و
به‌یته‌كانی په‌شیمانیم پڕكا له‌به‌رسیله‌ی وه‌ریو .
وه‌ره‌ و چیتر ده‌ستێك بنێ
به‌ ڕووی مه‌رحه‌مه‌تی ئاو و
به‌و شه‌وانه‌ی عاشق بوون تیایدا كوفر بوو ..
وه‌ره‌ و چیتر سوكناییم بۆ داگیرسێنه‌ و
بمبه‌خشه‌ره‌وه‌ به‌ هه‌تاو ،
زه‌مه‌نێكه‌ سوعبه‌ت ناكه‌م له‌گه‌ڵ باخه‌ڵی قه‌ره‌جدا …
له‌وێ .. دوور له‌ مه‌راق ، چرۆئه‌گرم
له‌وێ .. نزیك له‌ تۆ ، دووره‌كه‌ومه‌وه‌ له‌ جه‌ننه‌ت
هه‌نووكه‌ هه‌ر ئه‌م دێڕانه‌ن
لێزمه‌ ئه‌كه‌نه‌ سه‌رمان و چه‌شنی ته‌ون ،
ئه‌كرێینه‌وه‌ به‌ر لاشه‌ی ڕوتی سبه‌ینێ …
ڕانه‌هاتووم بیركه‌مه‌وه‌ له‌ ڕابردوو
تازه‌ پاش چی نزاكانی پێش نوێژی به‌ر قیامه‌ت و
نوستن له‌ماڵی ئه‌ستێره‌ ، كه‌ ڕاهیبێك نه‌مابێ بۆ
نوسینه‌وه‌ی شه‌ڵاڵی ئه‌م نه‌زیف بوونه‌م ! ..
خودا .. ئه‌مه‌ چ فه‌سڵێكه‌ ئاخر
مه‌حاڵ ئه‌وسه‌ری پێچاوه‌ به‌ نه‌سه‌بی خه‌یاڵمه‌وه‌ و
هه‌رچی ئه‌كه‌م ..،
فریای خه‌تمی خۆم ناكه‌وم !
ئه‌مه‌ چ مه‌هزه‌له‌یه‌كه‌
كه‌ ناتوانم له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نی خوێریِدا ،
تاوێ به‌یه‌كتری نه‌گه‌ین .. تاوێ شوره‌یی نه‌بینین ،
ئه‌وده‌مانه‌ی كۆڵان پڕده‌بێ له‌ شه‌رم و
ته‌نیایی ماڵمان سوور ئه‌كا .
ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ سه‌وزانه‌ ئێسته‌ له‌كوێن ؟ ..
ئه‌و شه‌وه‌ نارنجیانه‌مان چۆن دایه‌ به‌ر ڕێژنه‌ی دوكه‌ڵ ،
له‌كاتێكدا ، زه‌مه‌ن له‌پێشمانه‌وه‌ ده‌ڕوات و
ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاداین …
وه‌ره‌ گه‌ر بۆ جارێكیش بێ ، دامگیرسێنه‌
من ده‌مێكه‌ بۆنی ڕێواسم لێنایه‌ و
كه‌چی باران تازه‌ خامۆشیم فێرئه‌كا …
ئیلاهی ..
بمبه‌ره‌وه‌ بۆ خه‌ڵوه‌تی ئه‌و ڕۆژانه‌ی
له‌هاتنی گه‌ڵایه‌كدا ، ده‌مردم و نه‌ده‌مردم
بمده‌ره‌وه‌ ده‌ست په‌روانه‌ی كه‌نار پیاسه‌كانی عه‌ده‌م
ئه‌وده‌مانه‌ی ته‌نیایی ڕیزی ئه‌به‌ست و
شۆڕه‌ ژنێ سه‌رچۆپییه‌كه‌ی له‌ مشتا بوو ..!
من خه‌یاڵم ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر زاكیره‌ی ئه‌و شێتانه‌ی
سه‌فه‌ر ئه‌كه‌ن به‌ سه‌وزایی هه‌موو دونیا و
دونیاش به‌ غوربه‌ت ئه‌زانن ،
هه‌روه‌ك ئه‌وان فڕین له‌خۆم ئه‌پێچم و
ئولفه‌ت ئه‌گرم به‌گریانێكی بێده‌نگ و
نیشتیمانیش به‌دوای خۆما ڕائه‌كێشم ،
هه‌تا چیتر له‌خۆم نه‌چم .. چون ئه‌زانم
ئه‌م مه‌راقه‌ بێ ئابڕووه‌
وه‌ك عومری ژیان درێژه‌ و هه‌ر كاتێ بێ
ئه‌مكاته‌ مانشێتی شیعرێ ..
من به‌رله‌وه‌ی له‌ماناكانی ئاو بگه‌م ،
له‌ توڕه‌یی گریانێكم نه‌پرسیبوو
شۆڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو بارانه‌ شینه‌
چ مه‌نفایه‌ك دێنێته‌ بوون !
بۆیه‌ هه‌رزوو سێوه‌كانی ناو سه‌به‌ته‌ی مناڵیمم
له‌ گیرفانی حیكایه‌تێكدا دۆزییه‌وه‌
كه‌ به‌ ئه‌سڵ ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر جنسی مێش …
ئه‌مێستاكه‌ش كه‌ گه‌وره‌بووم
له‌مانای ئه‌و فه‌قیانانه‌ نه‌گه‌یشتوم
كه‌ دایكم گرێی لێئه‌دان ..
له‌و نوێژانه‌ش سه‌رده‌رناكه‌م كه‌بۆ باران بارین ئه‌كرێ !
ئیملاكانی بێده‌نگیشم ئه‌گه‌ر كه‌سێ لێی تێبگا
چاك ئه‌زانێ چه‌ند هه‌ڵه‌ی نارنجی تیایه‌ …
ئه‌م هه‌موو ڕژانه‌ به‌ ماڵم فێر بوون و
نه‌مدی جارێ له‌گه‌ڵ ئاودا به‌ریه‌ك كه‌وین !
نه‌مدی هه‌رگیز له‌سه‌فه‌ری سه‌حه‌رێكا
تاڵێك خه‌نده‌ جێبمێنێ و
تێر له‌خۆیم ڕاموسێنێ .. !
من تێفكرین له‌وه‌سڵی تۆ وای لێكردم ،
سه‌ربه‌ سورمه‌ی هه‌موو ده‌رگاكاندا بكه‌م
له‌ كاتێكا .. تاچاو بڕكه‌ی
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌دی ناكه‌ی ، ڕاكشابێ ..
تازه‌ ئومێد ئه‌و گوناهه‌ نازداره‌یه‌ به‌ناچاری
ئه‌مباته‌وه‌ سه‌ر دووڕییانێكی تۆراو ،
ئه‌مخاته‌وه‌ نێو هه‌یوانی پیره‌ ماڵێكی ئینتیزار .
من به‌ر له‌وه‌ی غوبار دڵم پڕكا له‌تۆز
نه‌مكرد ئاوێنه‌كان بسڕم ، نه‌چوومه‌ دیده‌نی سێبه‌ر
هه‌تا له‌ڕۆشنایی جێمام .. تا خه‌م ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ كردم …   
كه‌چی تازه‌ جورئه‌ت ئه‌كه‌م
پاش ئه‌و هه‌موو به‌جێمانه‌ ، خه‌یاڵ به‌رمه‌وه‌ نێو قه‌فه‌ز
شعور له‌شه‌كه‌تی ده‌ركه‌م …
وای خودایه‌ هه‌رتۆ بێژه‌ ،
كاتێ جه‌ننه‌ت له‌گوێ چه‌می بارانێكدا ، حوزن ئه‌كوتێ
كاتێ دوعا به‌ ئه‌مانه‌ت درۆ ئه‌كا به‌به‌رۆكیا ،
من چیم له‌ مشتێ (هیچ) زیاتر …!
وای خودایه‌ هه‌رتۆ بێژه‌ ،
حیكمه‌تی ئه‌م بزر بونه‌م له‌كوێدایه‌
كه‌قامه‌تی دۆزینه‌وه‌ی میناكانی په‌شیمانیش
هه‌ر لای خۆته‌ … !
تۆ نییه‌تی خۆت بهێنه‌ و به‌كۆڵانی سه‌فه‌رنامه‌كاندا بڕۆ ،
منیش چڵێ له‌ پیاوه‌تیم ئه‌پێچمه‌وه‌ و
نه‌فه‌س ئه‌ده‌م له‌ مردنێك .. ،
كه‌ هێشتاكه‌ ئیره‌یی به‌ ژیان ئه‌با
كه‌ هێشتاكه‌ له‌ سه‌عاتی سفردایه‌ ..
من ئه‌زانم وه‌رزه‌كانی ئه‌م ساڵه‌ بێ سه‌ره‌تایه‌
چه‌نده‌ خاڵین له‌ ڕژان و چه‌نده‌ پڕن له‌ ته‌نیایی …
من ئه‌زانم ئه‌وه‌ی كه‌دێ نه‌ خه‌یاڵه‌ ،
نه‌ڕه‌شه‌با له‌گه‌ڵ خۆیا هێناویه‌تی ..
ئه‌وه‌ی كه‌دێ له‌مسی شعورێكی ژنه‌
له‌ ئه‌و په‌ڕی به‌جێماندا .

 Bestoon1617@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply