Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ له‌كوردایه‌تی تێگه‌یشتووم

Be First!
by October 20, 2008 گشتی

  من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ له‌كوردایه‌تی تێگه‌یشتووم  
 زاریا  شێخانۆڤه
 

 من هیچ شانازی به‌وه‌وه ‌ناكه‌م كه‌كوردم ، من له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕه‌گه‌زو نه‌ته‌وه‌ ، ئاین و نیشتمان پێناسه‌ی خۆم ناكه‌م ، به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌هیج هه‌ست وخۆشه‌ویستیه‌ك له‌م ‌باره‌یه‌وه‌ به‌هره‌مه‌ند نیم . خه‌یاڵ وفه‌نتازیام بۆ ئاینده‌و بیركردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌م بۆ ئه‌م جیهانه‌ ، له‌سه‌ر هه‌ستی كوردایه‌تی و ژینگه‌و نیشتمانێك سه‌رچاوه‌ناگرێ كه‌سه‌رده‌مێ به‌ڕێكه‌وت زادگاو مه‌نزڵگام بووه‌ . زۆر له‌مێژه‌ دیدگام بۆ جوانناسی و ئینسان دۆستی و خۆشه‌ویستی ،  له‌دیدگاو پێناسه‌ی كه‌له‌پوری كورده‌واریه‌وه ‌سه‌رچاوه‌ناگرێ . بیرووباوه‌ری كوردایه‌تیش به‌بیرووباوه‌ڕێكی كۆنه‌په‌رستانه‌و ڕاسیستانه‌ ده‌ده‌مه‌قه‌له‌م  ، دژایه‌تی كردنیشی به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆم ده‌زانم . نیشتمان و وه‌ته‌ن بۆ من هیچ مانایه‌كی نیه‌ جگه‌له‌ژینگه‌و هه‌وارگه‌یه‌ك نه‌بێت كه‌به‌ڕێكه‌وت تێیدا چاوم به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌ ، تاسه‌رده‌مێك جێگای ژیان و پێگه‌یشتنم بووه‌ . شتێك كه‌من گرێ ئه‌دا به‌وخاك و ئاو و هه‌واوه‌ ، ڕه‌گه‌زه‌كانی كوردایه‌تی و كوردپه‌رستی و نیشتمان په‌رستی نیه ‌، به‌ڵكوخۆشه‌ویستی و ئازیزبوونی خه‌ڵكه‌زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژاره‌كه‌یه‌تی . بۆ من ئینسانه‌كان ، ماف و داخوازیه‌كانیان ، ئاره‌زوو هیواكانیان بۆژیانێكی ئینسانی ترو باشتر ، بنه‌ماو سه‌ره‌تایی هه‌رهه‌نگاوێكه ‌بۆ جوانكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژینگه‌و زێده‌كه‌یان . ژینگه‌و نیشتمانێك كه‌ژیان تێیدا بۆ به‌شی هه‌ره‌زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی وه‌ك دۆزه‌خ وابێت  ، پیرۆزكردن و به‌ئه‌فسانه‌كردنی چ مانایه‌ك ده‌به‌خشێ ، جگه‌له‌درۆیه‌كی گه‌وره‌نه‌بێت . «خاكی گه‌وهه‌ره‌و ،ئاوی كه‌وسه‌ره‌و پڕله‌گووڵ ونه‌سرینه‌» چ ڕاستی و جوانیه‌ك ئه‌توانێ به‌یانكا ‌، كاتێك كه‌به‌شی هه‌ره‌زۆری دانیشتووی نیشتمانێكی وا، تائێستا ده‌ستیان ڕانه‌گه‌یشتبێ به‌م ئاوه‌كه‌وسه‌ره‌ ، نه‌ك هه‌رئه‌مه‌ش  به‌لكو چ له‌دوێنێكه‌داو چ له‌ئه‌مڕۆدا یه‌كێك له‌سه‌رئێشه‌و ته‌نگووچه‌ڵه‌مه‌گرنگه‌كانی ئه‌وخه‌ڵكه ‌، ده‌ست ڕانه‌گه‌یشتن بووه‌ به‌ئاوی پاكی وه‌ك كه‌وسه‌ر بۆخۆاردنه‌وه‌ . به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌خاكێكی گه‌وهه‌ری وه‌ك كوردستان ، من و هه‌زاران ئینسانی تر له‌بسته‌ زه‌ویه‌ك ، له‌سه‌رپه‌نایه‌ك ، بۆژیان وحه‌وانه‌وه‌ بێبه‌شین و له‌به‌ر كاری تاقه‌ت پڕوكێن وكۆڵه‌مه‌رگیه‌كانی ژیانه‌وه ‌نه‌مان توانیوه‌خۆشی له‌و گووڵ وگووڵزارو مێرگ و مه‌زاره‌ به‌رین ، غه‌یری په‌تپه‌تێن و ڕاكه‌ڕاكه‌و ، ماڵ به‌كۆڵبوونه‌وه نه‌بێ. جێگای داخه‌كه‌سه‌رده‌مانێك منیش وه‌ك به‌شێك له‌وخه‌ڵكه ‌له‌ژێر كاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وپارت و ڕێكخراوانه‌ی كه‌ئێستا خۆیان هیچ نرخ و بایه‌خێك بۆ ئه‌م زادگاو هه‌واره‌ دانانێن و خه‌ڵكی دانیشتووی ئه‌و نیشتمانه‌یان له‌هه‌رمافێكی ئینسانی بێبه‌ش كردووه‌ ،  پێك هاته‌ی به‌شێك له‌بیرووبۆچونه‌كانم  كوردپه‌رستانه‌و كۆنه‌په‌رستانه‌بوون .  جێگایی داخه‌سه‌رده‌مێك له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان و بیره‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌كانی ئه‌م پارت و ئه‌وپارتدا زیانم به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌گه‌ردوونیه‌كانی ئینسانی ئه‌و نیشتمانه‌ گه‌یاندبێ .  ئه‌وان به‌تلیاكی بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تی خه‌یاڵی ئینسانی ئێمه‌یان ناشرین ده‌كردوو خوێنی پیسی دژایه‌تی كردنی نه‌ته‌وه‌و كه‌مایه‌تیه ‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تریان ده‌خزانه‌مێشك و ده‌روونی ئێمه‌وه ‌. ژه‌هری پیسی بیرووباوه‌ڕی ئه‌وان ده‌رگایی ئه‌م جیهانه‌ مه‌زنه‌و ئه‌م كه‌لتووره‌جیهانیه‌یی له‌سه‌رداخستبووین . جێگایی داخه‌سه‌رده‌مێك له‌ژێر تیشكی ئه‌ده‌ب ووێژه‌ی نووسه‌رانی كوردپه‌رست و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌وه‌ ئه‌مانڕوانی له‌ئینسان و جوانی . ئه‌وسه‌رده‌مانه‌ من وام ده‌زانی له‌دنیادا خه‌ڵكێكی جوانتر له‌كوردو قاره‌مانتر له‌كورد بوونی نیه‌ . هه‌ستم ده‌كرد شاخ وداخ نیه‌ وه‌ك شاخ وداخی كوردستان جوان و دڵگیر بێت . وام ئه‌زانی ئاونیه‌ وه‌ك ئاوی كوردستان سازگارو ده‌شت و ده‌ر نیه‌ وه‌ك هی كوردستان جوان و ڕازاوه‌بێت . له‌پانزه‌سالیه‌وه‌ تا بیست ساڵی بیرووباوه‌ڕم برێتی بوو له‌ئه‌فسانه‌و درۆر ده‌له‌سه‌كانی بزووتنه‌وه‌ پووچه‌كانی كوردایه‌تی  . كه‌هه‌ر هه‌موو له‌بنه‌چه‌وه‌ خێڵه‌كی و بێ مایه‌و پڕ له‌درۆو ده‌له‌سه‌بوون . جگه‌له‌زیان  هیچ قازانجێكیان بۆخه‌ڵكی كرێكارو زه‌حه‌تكێشی ئه‌و وڵاته‌نه‌بوو ، ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێ كه‌ئه‌م هه‌موو درۆوده‌له‌سه‌و ئه‌فسانه‌ی كوردایه‌تیه ‌به‌نرخی گیان له‌ده‌سدانی ده‌یان هه‌زار ئینسانی بێتاوان و ماڵ وێرانی ته‌واو ده‌بوو ،« یاخۆ ئیدامه‌ی به‌ژیانی نه‌گریسی خۆی ده‌دا.» جێگایی داخه‌له‌هه‌ڕه‌تی لاوێتی دا ، نه‌ریت و ڕه‌وشتی كوردانم مێژوو جوگرافیایی كوردستانم له‌هی هه‌موو میلله‌تێكی تر به‌جوانترو به‌نرخ ترده‌زانی ، ئه‌م جیهانه‌گه‌وره‌یه‌م له‌دیدگایی بچووكی كوردایه‌تیه‌وه‌ ده‌بینی و وام ئه‌زانی ، بیرێكی ئینسانی تر له‌كوردایه‌تی چیتر بوونی نیه‌و دنیا برێتیه‌له‌م ئه‌فسانه ‌ئه‌فسوناویه‌. به‌ڵام ئێستا خۆشحاڵانه ‌بۆ بیست ساڵێك ده‌چێت ، كه‌ئه‌م پێسته‌پیسه‌م له‌خۆم داماڵیوه‌و ئه‌م تانه‌یه‌چیدی پێش به‌بینایی چاوم ناگرێ و دنیا له‌وژینگه‌ بچكۆڵه‌یه‌وه ‌نابینم . تێگه‌یشتم كه‌من پێش ئه‌وه‌ی كوردبم ئینسانم ، تێگه‌یشتم كه‌م ئه‌م درۆ و ده‌له‌سانه ‌له‌ئاسمانه‌وه‌ ناهاتوونه‌ته‌خواره‌وه‌ ، به‌ڵكو له‌لایه‌ن چین و مه‌یلێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌رخواردی ئێمه‌ده‌درێ . تائێمه ‌بۆ هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌‌چینایه‌تیه‌كانی ئه‌وان بپارێزین و خزمه‌ت به‌ده‌سه‌ڵات ومانه‌وه‌یان بكه‌ین . ئه‌وان هۆشیارانه‌خوێنی پیسی ده‌مارگیری نه‌ته‌وایه‌تی ده‌زێننه‌ده‌مارو ڕه‌گه‌كانی ئێمه‌وه‌ ، تائێمه‌جێگاوڕێگای كۆمه‌ڵایه‌تی خۆمان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌چینایه‌تیه‌كانی               
 خۆمان ، له‌بیر به‌ینه‌وه‌و كوردبوون جێگایی هه‌مووشتێك له‌ڕه‌وه‌ندی ژیانی ئێمه‌دا بگرێته‌وه‌ . ئێستاش ئێمه ‌ئه‌وه‌١٧ساڵه ‌شایه‌دی به‌ره‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌واجپێده‌رانی ئه‌م كوردایه‌تیه‌ین . ئه‌بینین چۆن داموده‌زگا سه‌ركوتگه‌ره‌كانیان ڕیزی خه‌ڵكی ناڕازی وهۆشیار به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان گولله‌بارانده‌كه‌ن و هیچ ڕێزو نرخێك نه‌ك هه‌ربۆ كوردایه‌تی ، به‌لكو گاڵته‌ش به‌مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای كوردو چاره‌نووسه‌كه‌یانه‌وه‌ده‌كه‌ن . ئه‌بینین چۆن وه‌ك و به‌عس و كارامه‌تر له‌وان ، پۆلیسی نهێنی ، زیندان ، ئاین و مزگه‌وت ، داموده‌زگای پشكنین ، ده‌زگای سه‌ركووتكه‌رو  و…تاد پته‌وده‌كه‌ن ، تا نووزه‌ له‌بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك ببڕن و هه‌رده‌نگێكی ناڕازیش تیرۆر كه‌ن . نه‌كوردپه‌رستی و نه‌سه‌روه‌ری وپیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی لای ئه‌وان بایه‌خی عانه‌یه‌كی هه‌یه‌.                                                                       
 كوردایه‌تی بیرووباوه‌ڕو ئامڕازی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌گه‌ری كورده‌ ، بۆمن وه‌ك ئینسانێكی كرێكار هیچ قازانج وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كی نیه‌. من ئیتر ئه‌وه‌فێربووم  ،كه‌هیواو ئاواته‌كانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و كرێكار ، له‌هه‌ر شوێنێك بێت ، جیاواز له‌ڕه‌گه‌زو ناسنامه‌و ئاینێك كه‌بۆیان داتاشراوه‌ هیچ جیاوازیه‌كیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا نیه‌ ، به‌شی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵكی گۆی سه‌ر ئه‌م زه‌ویه ، ‌به‌ده‌س هه‌ژاری و نه‌داری و شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌رستیه‌وه‌ده‌ناڵێنن . ده‌وڵه‌ته‌نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانیان بێجگه‌ له‌برسیه‌تی و بێكاری و هه‌ژاری و ئاین زه‌دایی و شه‌ڕی تایفه‌گه‌ری نه‌بێ ، هیچ سوودو به‌رهه‌مێكی تریان نه‌بووه‌ .  ئێمه‌له‌جیهانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی سه‌رمایه‌دا شایه‌دی ئه‌وه‌ین كه‌چۆن ئینسانه‌كان به‌ده‌س ئه‌یدزو نه‌خۆشیه‌كوشنده‌كانی تره‌وه‌ده‌ناڵێنن و چۆن كوشت وكوشتار وبرسیه‌تی هه‌زاران ده‌ردوبه‌ڵای تر هه‌ڕه‌شه‌له‌بوون و ئاینده‌یان ده‌كا . من باش له‌وه‌تێگه‌یشتم كه‌زۆر له‌مێژه‌ بۆ تاڵان و بڕۆیی سه‌رمایه‌داران و سودگه‌یاندن به‌خاوه‌ن كارگاو كارخانه‌كان ، بۆسوود وه‌رگرتن له‌هێزی كاری هه‌رزان و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان هیچ سنوورێك واقیعیه‌تی نیه‌ . ئه‌م سنوورانه‌كاتێك ماناپه‌یدا ده‌كه‌ن ، كه‌خه‌ڵكی له‌تاوبرسیه‌تی وشه‌ڕوكوشتاری به‌كۆمه‌ڵ، مل ده‌نێن به‌ده‌ریاو ته‌لی مه‌رگدا ، بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌خۆییه‌كانی خۆیان ڕزگاریان بێت . یاخۆ له‌ڕێگایی خه‌بات و تێكۆشان و خۆپیشاندان و پیرۆزی خاك ونیشتمان و ئه‌فسانه‌كانی دین ونه‌ته‌وه ‌ده‌خه‌نه ‌ژێرپاوه‌. من ئیتر له‌وه‌تێگه‌یشتنم ، كه‌ئینسانه‌كان پێش ئه‌وه‌ی ئه‌نته‌رێسه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستیان هه‌بێ ، ئه‌نته‌رێسه‌ی ئینسانیان به‌هێزتره‌ ، چوونكه‌ته‌واوی ئه‌ودرۆو ده‌له‌سانه‌له‌گه‌ڵ زاتی ئینسان و ئاره‌زووه‌ مرۆییه‌كانیان یه‌كناگرنه‌وه‌. بینیم كه‌هه‌رگۆشه‌یه‌كی ئه‌م جیهانه‌ ته‌مه‌شاكه‌ی شاخی سه‌ركه‌ش و ئاوی سازگارو پڕله‌گوڵ و نه‌سرینه‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه‌چۆن ده‌ستت ڕاده‌گات به‌وهه‌موو جوانی و خێروبێره‌ی كه‌سروشت پێشكه‌شی ئینسانی كردووه‌. تێگه‌یشتم كه‌شاخ و داخ و ژینگه‌و نیشتمان ، ئینسان جوانی ده‌كات و ده‌یڕازێنێته‌وه‌ ، ئه‌مانه‌ش ته‌نها وته‌نها كاتێك ده‌توانن جوانبن ، كه‌خه‌ڵكی له‌بیروباوه‌ڕی جوان و ئینسانی به‌هره‌مه‌ندبن و جێگا به‌نه‌ته‌وه‌په‌رستی ونژادپه‌رستی چۆڵكه‌ن . نیشتمان كاتێك ده‌توانێت جوانبێت  ومانایه‌كی هه‌بێت كه‌بۆنیشته‌جێبوون و حه‌سانه‌وه‌ تێیدا سنووربه‌ندیه‌ك بۆ مرۆڤه‌كان وجودی نه‌بێت و پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ئینسانه‌كان نه‌كات به‌هاوڵاتی پله‌یه‌ك و پله‌دوو . سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ بۆ‌به‌شێكی كه‌م نیه‌له‌دانیشتووانه‌كه‌ی ، به‌ڵكو خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رابه‌رو یه‌كسان له‌سه‌روه‌ت وخۆشی ، ژیانێكی ئازادو تێروته‌سه‌ل به‌هره‌مه‌ندن . من له‌ڕه‌وه‌ندی ژیانم له‌وه‌ تێگه‌یشتم ، كه‌ئینسان مافی خۆیه‌تی هه‌ربستێكی ئه‌م جیهانه‌ی خۆشبووێ و به‌ژینگه‌و نیشتمانی خۆی بزانێ و له‌پێناوی ئه‌مه‌دا هه‌وڵدات وتێبكۆشێ . خۆشحاڵانه‌سه‌رده‌می شانازی من به‌كوردبوون كوردایه‌تیه‌وه‌ ، سه‌رده‌مێكی زۆركورت پێك ده‌هێنێت. من زۆر له‌مێژه‌ ئه‌وه‌م بۆ ڕۆشن بۆته‌وه‌ ، كه‌ئه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وت هه‌رێمێك ده‌بێت به‌زاده‌وجێگای ژیان ، دوورنیه‌به‌ڕێكه‌وت و به‌وهۆكارانه‌ی كه‌له‌سه‌ره‌وه‌ناومان هێنا ، به‌شێكی تری هه‌ره‌زۆری ژیانت  له‌جێگاو هه‌وارگه‌یه‌ك به‌یته‌سه‌ر ، كه‌هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌زادگای خۆت دووربێت و دانیشتووانه‌كه‌ی كه‌لتورو زمانێكی تریان هه‌بێت بۆ ئه‌خافتن .                        
 
 
 من باوه‌ڕم وایه‌، كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی موڵكی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت نیه‌و ئه‌م فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووره‌ هی سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تیه‌. من پێش ئه‌وه‌ی كوردبم ئینسانم . بانگه‌وازی ئێوه‌ش ده‌كه‌م بۆ تێكۆشان له‌پێناوی دنیایه‌ك كه‌نه‌ته‌وه‌په‌رستی وڕه‌گه‌زپه‌رستی و ئاین په‌رستی شوێنه‌وارێكی تێدا نه‌بێت و ئینسانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و ئازاد و به‌رابه‌ر پێكه‌وه‌بژێن.
 
      زاریا  شێخانۆڤه               
 ١٣/١٢/٢٠٠٦                                                                                                                
 
 

Previous
Next

Leave a Reply