Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

من و با و تابلۆیەکی سوریاڵی…عەبدوڵڵا سلێمان(مەشخەڵ)

Be First!

لە گیرفانی سوورە هەورێکی سکپڕدا
"با"یەک سەری خۆی بەستابوو، بۆنی کردبوو
بە ڕەشەڕێحانەی غەم و بە جەنجەفیلی تەنیایی مل وگەردنی کیژە خانمەکانی ئاسمان
"با"یەک بێدەنگ داڵغەی لێدابوو و ئەڕۆیشت
دەستەکانی خستبوونە نێو گیرفانەکانی غوربەت و
چاوی لەتاو گریانی شەوان سوور ببوو
لەسەرمانا خۆی گرمۆڵە ئەکرد و لەپاڵ تاشەبەردی مردن پشووی دەدا
گوێی لە مۆسیقای حەزین دەگرت
کولیچەی ماچی دەنایە نێو دەستەسڕی ئەوین و
لەدەرگاکانی مەحفبوونەوەی دەدا
"با"یەک پێناسەی مردنی کردبووە باج و لەسەر سینگی خۆی دانابوو
بۆینباخی حەسرەتێکی دڵدارانەی کردبووە مل
تەنها متمانەی بەخۆی بە شاخێکی هەتیو دەکرد
لەنێو "با"دا پایز ڕەنگی خمخانەیی خۆی ون ئەکات
شەقامێک لە بێدەربەست بوون دەداتە دەست کورتە غەدرێک
لەخەونەوە چرپەکانی ناوازانە گەورە ئەکا و
لەسێبەری حیکایەتە مەزنەکانی ئەفسانەوە وێنەی خودا و مەرگ دەکێشێ
"با"لە ڕاستە ڕێگاکاندا ون ئەبێت و لە پێچی نهێنیەکاندا
بانگی چراکان ئەکات و
دەستەکانی لە خۆڵەمێشی خۆشەویستی وەر ئەدا
من و "با" لە نێو زەریادا پێکگەیشتین
لەدوورگەکانی یەکترناسینەوە سەفەرێکی بێکۆتاییمان دەستپێکرد
هەردووکمان لە خەزانەوە بووین بە هاوڕێ
لەگەڵ "با"دا گەلێ یادگاری شیرین و تاڵمان هەیە
لەزۆر شەڕدا بۆ یەکتر بووین بە مەتەرێز
من و "با" هەردووکمان شێت بووین
ئەو بۆ هاتنی پایز و منیش بۆ کۆتایی خەزان
لە "با"وە فێر بووم عاشق بم، ماچ تێبگرمە باڵندەکانی تەمەن
لە "با"وە فێر بووم گوڵ ببەم بۆ سەر گۆڕی درەختەکانی غەریبی
لە"با"وە فێر بووم ناوکی ڕۆژەکانم بهێنمەوە
لە "با"وە فێر بووم نزرگەی ئەستێرەکان گوێ لێبگرم
لە"با"وە فێر بووم بچمە سەر مەرقەدەکانی ئیمان و
لە گومبەزی چڕە دوکەڵی وەهمەوە خۆم تەسلیمی خودا بکەم
لە"با"وە فێر بووم ڕووبارە وشکەکانی ئاهونزای
پیرە دایکەکەم لەسەر لەپی دڵ هەڵبگرم
گۆێ لە ڕازی "نێرگز" بگرم
لەسەحەردا بچمە سەر پشتی هەورەکان
لە "با"وە شیعر فێر بووم و
هەر لە "با"شەوە ئەبمەوە بە شاعیرەکەی تاراوگە!

                                                             30-11 – 2007
                                                             ڤانکۆڤەر– کەنەدا
 

Previous
Next

Leave a Reply