Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

من و سەگە بێوەفاکان! ..5

Be First!
by March 24, 2013 گشتی

 

 

 

 

5

 

جۆرە سەگێک لە ئەڵمانیا هەیە، پێی دەگوترێت؛ سەگی شوانی ئەڵمانی (Deutscher Schäferhund) کە بە سەگی پاسەوانیش ناودەبرێت (Wachhund). سەگی پاسەوانی چەند جۆرێکیان هەیە، بەڵام لەهەرە بەناوبانگترینیان ئەڵمانی نەژادن، دیارە ئەڵمانەکان لە پەروەردەکردنی سەگی دڕ و وەحشیدا دەستێکی باڵایان هەیە!.

سەگی شوانی ئەڵمانی کۆمەڵێک سیفەتی تێدایە، لەوانە: زیرەکی، گوێڕایەڵی، ئازایەتی، دۆستایەتی و وریایی، ئەمەش وای لەمرۆڤەکان کردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕایبگرن. بێگومان ئەم سیفەتانە کۆمەڵێک سیفەتی چاکەکارن، ئەگەر بە زمانی مرۆڤ بدوێین بۆ کەسەکانی چواردەوریان زۆر ئینسانین، بەڵام بۆ خودی ئاژەڵەکە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤیش بێت ئەوادەبێتە هۆی کۆیلەبوون و خراپ بەکارهێنانی لەلایەن دەروروبەرەکەیەوە.

ئەم سەگانە کاتێک لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بۆ پاسەوانی ڕایاندەگرن، هەمیشە لە قەفەسێکدا بەند دەکرێن، بەتەنها ئەو کاتانە ئازاد دەکرێن، کە خاوەنەکانیان بۆ پاسەوانی و پاراستنی سامان و ماڵەکانیان پێویستیان پێیانە.

بە کورتییەکەی ئەم سەگانە هەمیشە بەندکراوو زینجیرکراون لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، بەتەنها ئەو کاتانە نەبێت، کە خاوەنەکانیان پێویستیان پێیانە، ئەمەش باجی ئەو دڵسۆزی و وەفایەیە، کە بەرامبەر بە مرۆڤ هەیانە.

نازانم ئەمڕۆ بۆ ئەو سەگە داماوانەم بیرکەوتەوە! هەمووی خەتای ئەو ڕۆژنامە پیسە بوو، کە ستونێکی ستوننووسێکی لەلاپەڕەی ڕێکلامەکاندا بڵاو کردبووەوەو لە خوارەوەش وەک هەر ستوننووسێکی تر ئەدرەسەکەی خۆی نووسیبوو تا خوێنەر لەو ڕێگەیەوە دەستخۆشی بۆ بنووسن و پێی بڵێن بە ڕاستی هیچ کەسێک هێندەی تۆ لە نووسین و هەڵوێست نواندنداڕاستگۆ نییە….

هیوادارم خوێنەر بەهەڵە تێنەگات، کە خوانەخواستە دەمەوێت ئەو سەگانە لەگەڵ ئەم ستوننووسەدا یان هەر ستوننووسێکی تردا بەراورد بکەم، بەمەش بێڕێزییەکی زۆر بە و سەگانە بکەم، کە لێوانلێون لە وەفاو دۆستایەتی. ئەگەر کەسێک بەم شێوە لە نووسینەکەم تێدەگات و پێی وایە ئەمە بۆچوونی منە، ئەوا لێرەوە داوای لێبووردنێکی زۆر لەو سەگانە دەکەم، کە ڕۆژێک ئەگەر پارچەیەک نانت پێدابێت و دەستێکی دۆستانەت بە ملیدا هێنابێت یان سۆزێکی هاوڕێیانەت نیشان دابێت، تا دونیا دونیایە ئەگەر تۆ خیانەتیشی لێ بکەیت ئەوا ئەو قەت نایکات و هەمیشە بە وەفاوە دەمێنێتەوە….

ئەگەر بڵێم؛ بڕواتان هەبێت منیش بۆخۆم نازانم بۆ ئەو ستونە ئەم سەگانەی وەبیر هێنامەوە بڕوام پێبکەم. پەیوەندی من و ئەو ستوننووسە مێژوویەکی سەیری هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکی بەو سەگە بەستەزمانانەوە نییە.

ئەوەی کەمێک شارەزای ژیانی من بێت، دەزانێت من قەت ڕۆژنامە پیسەکان ناخوێنمەوە، چونکە هەستدەکەم بۆ باری تەندروستیم باش نین و پزیشکەکانیشم ئەمەیان پێڕاگەیاندووم، کە خۆم لە ڕۆژنامە پیسەکان بە دوور بگرم، ئاخر بۆنێکی زۆر سەیریان لێوە دێت، بەرگری لەشی منیش زۆر لەوە لاوازترە بەرگەی هەناسە پیسەکانی ناو ئەو ڕۆژنامانە بگرێت.

لەیەکێک لە پرسگای ئاودەستخانەکانی شار چاوەڕوانی برادەرێکم دەکرد، کە بۆ خۆخاڵیکردنەوە خۆی لەوێ توندکردبوو. بەڵام زۆری پێچوو، ئیتر نازانم بە دەست قەبزییەوە گیری کردبوو یان سکچوون هەناوی ڕادەماڵی و گەدەی لەو خواردنانە پاک دەکردەوە، کە قورسن و توانای هەرسکردنیانی نییە و پێیان ئینتەلا دەکات!.

خۆ مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە چەند هاوڕێشت بن، یان خۆیان بە هاوڕێت بزانن، ئامادەنین نەک هەر سەبارەت بەو شتانەی مێشکیانی گەناندووەو شەوو ڕۆژ پێوەی دەتلێنەوە سادەترین زانیاریت بدەنێ، تەنانەت ئامادەنین سەبارەت بە گەنو گووەکانی ناو گەدەشیان، کە بەردەوام پێچیان پێدەدات هیچ شتێک بڵێن.

بەهەرحاڵ ڕۆژنامە پیسەکان هەمیشە لەم شوێنانەدا کەڵکی ئەوەیان هەیە لە چاوەڕوانی خۆخاڵیکردنەوەی کەسێکدا کاتەکەی خۆتیان پێوە بکوژیت، بەتایبەتی ئەو لاپەڕانەی تایبەتن بە ڕێکلامەکان، بۆ نمونە؛ نوێترین ڕێکلام بۆ دایبی مناڵان، سانتی ژنان (sanitary napkin) و دەرمانە وزە بەخشەکان بەتایبەتی ئەوانەی ئەقڵ و هۆش لەسەری مرۆڤدا شل و خاو دەکەنەوەو شوێنێکی تری ڕەق دەکەن….

زۆرجار ڕێکدەکەوێت لاپەڕەی ئەم ڕۆژنامانە بایی ئەوە ڕێکلامیان دەستنەکەوێت، ئەم لاپەڕانەی پێ پڕبکەنەوە، بۆ ئەمەش هەمیشە ستونی ئامادەکراویان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیان هەیە، کە یەکێک لەو ستونانە ئەم ستونەیە لەسەر دوا کتێبی من نووسراوە، یان باشتر بڵێین لەسەر خودی خۆم نووسراوەو بە چاک و خراپ باسی ناوەخن، بیرو تێڕوانینەکانی ناو کتێبەکە نەکراوە، ئاخر ئەم ڕۆژنامانە هەمیشە خودی نووسەرەکەیان مەبەستە نەک ناوەڕۆکی نووسینەکەی، ئەمانە بە هۆی ئەو ڕق و کینەی ناخیانی داگیرکردووە، قەت نەیانتوانیوەو ناشتوانن نووسەرو نووسین لەیەکتر جیا بکەنەوە….

بە کورتی چیرۆکی ئەم ستونە دەگەڕێتەوە بۆ ڕق و کینەی وتارێکی من، کە پێش دە ساڵ لەسەر سەرۆکم نووسیبوو، ئەوکاتە ئەو پێیوابوو سەرۆک دوا پێغەمبەرەو ئەو نەبێت هیچ هێزو کەسێک ناتوانێت لەناو زەلکاوی چەوساندنەوەدا دەرمان بهێنێت، بۆیە ڕەخنەگرتن لەلای ئەو لەو سەردەمەدا نەک هەر هێڵی سوور، بەڵکو دەڕۆیشتە خانەی خیانەتی نیشتیمانی و دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان. 

بۆ ئەوەی سەری ئێوەش بەم بابەتە پوچەوە نەیەشێنم، هەموو ڕەخنەکەی من لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە بوو، کە سەرۆک لە گەڵ کەناڵێکی بێگانەدا ئەنجامی دابوو، کە بۆ من زیاتر لە کلاون (مهرج) ێک دەچوو نەک سەرۆکی گەلێک بە درێژایی مێژوو لەژێر زەبری چەوساندنەوەدا بووبێت.

لەو چاوپێکەوتنەدا سەرۆک هێندە گاڵتەجاڕ دەهاتە بەرچاو مرۆڤ هەستی نەدەکرد، ئەمە پیاوێکی سیاسییەو دەیەوێت لە ڕێگای ئەو کەناڵەوە پەیامە سیاسییە گرنگەکانی خۆی سەبارەت بە گەلە چەوساوەکەی بە دونیا بگەیەنێت، بەڵکو هەستت دەکرد وەک هەموو پیاوە سیاسییەکانی تری وڵاتەکەمان، لەگەڵ هەر قژبەسەرێک دەبینن ئیتر عەقڵ لەسەریاندا نامێنێت و خۆیان لەبیردەچێتەوە، کە کێن، یان باشتر بڵێین ئەبنەوە بە خۆیانی ڕاستەقینە.

کاتێک پێشکەکاری بەرنامەکە، کە لە ژێر تەنەکەیەک سوراوو سپیاودا ڕوخساری ڕاستەقینەی شاردبووەوە، لە هەموو کەسێک دەچوو خۆی نەبێت، تەنورەیەکی کورتی تاسەر ئەژنۆی لەبەردابوو، لەگەڵ هەر پرسیارکردنێکدا وەک بییەوێت ئاسانکارییەک بۆ وەڵامی پرسیارەکانی بکات کەمێک قاچەکانی لەیەک دەترازاند….

ئەو چاوپێکەوتنە ئەوەندە گاڵتەجاڕانە دەهاتە بەرچاو ورگم بەرمیلێک ئاوسابوو، لەگەڵ هەر پێکەنین و تریقانەوەیەکی سەرۆکدا من پێنج هەزار کیلۆمەتر لەو دوورەوە ئارەقەی زەردو مۆرم دەردەدا. ئەگەر پێتان بڵێم شەست ساڵی تەمەنی سەرۆک هێندەی ئەو شەست دەقەیە لەگەڵ ئەو ئافرەتە بێژەرەدا بوو پێنەکەنیوە بڕوام پێبکەن….

هەموو ڕەخنەکەی من ئەوەبوو، کە نابێت سەرۆک لەگەڵ دوژمنەکانیدا ئەوەندە نەرم و ڕوخۆش بێت و لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیدا توڕەو دوژمناکارانە، ئەوەشم نووسیبوو، کە سەرۆک بۆ بەدەست هێنانی خۆشەویستی خەڵکەکەی دەبێت ڕووخۆش و دڵسۆزبێت و لەبەرامبەر دوژمنەکانیدا ڕەق و خۆڕاگر. ئیتر ئەو برادەرە لەیەکێک لە ڕۆژنامە پیسەکان ستونێکی لەسەرم نووسیبوو، بە خۆ، گەل، نیشتیمانفرۆش، جاشقەڵەم، شوعی و پیاوی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت تاوانباری کردبووم، لە ڕقی ئەو نووسینەی مندا یەک دەرزەن جنێوی مۆدێرنیشی بە مارکس دابوو، نازانم بۆ وا لە مارکس بەلەسەبووبوو، ئەوەندە لە مارکس پڕبوو دڵنیام ئەگەر لە ژیاندا مابا لەسەر ئەو نووسینەی من دارکاری دەکرد.

ئێستا شتەکان پێچەوانە بۆتەوە، کاکی ستوننووس لەبەر ئەوەی سیاسەتی حیزب و سەرۆک لە ڕێگای نیشتیمان پەروەرییەکەی ئەم لایانداوە ئەم بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی هەڵبژاردووە، کە لەڕاستیدا کرۆکی قسەکانی گومان دەخاتە سەر ئەوەی مەسەلەکە پەیوەندی بە نیشتیمان پەروەری و نانیشتیمان پەروەرییەوە نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە شتی ترەوە هەیە، لەبەر ئەوەی زوو زوو باسی غەدر دەکات و دەڵێت: ئەم دەسەڵاتە وەفای بۆ دڵسۆزو پیاوە خەباتگێڕەکانی نییە و سەرۆک هیچ باکی بە گەلەکەی نییەو ئامادەیە لە پێناو پۆستەکەیدا گەلەکەی بفرۆشێت و هەندێک قسەی تر، کە من لە ڕووم نایەت بیاننووسم….

ساڵی پار سەبارەت بە کتێبە تازەکەم، کە باس لە زانستی زمان و چۆنێتی پێشکەوتنی دەکات کەناڵێکی دەسەڵات چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵدا سازکردم، بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر دوو بەشی سەرەکی کتێبەکە، کە پێکهاتبوون لە زمانی مێژوویی و زمانی پێشکەوتوویی. ئەڵبەتە لەو کتێبەدا پشتم بە تیۆرییەکەی “ئاوگوست شلایشەر” بەستبوو، کە بە تیۆریی ڕەگی درەخت (Stammbaumtheorie) ناسراوە. بە کورتی دەمویست لە ڕێگای هەندێک درۆو دەلەسەی مێژوویی و پێچ و پەناوە ڕەگی زمانەکەمان بۆ ملیۆنێک ساڵ پێش ئێستا بگەڕێنمەوەو بڵێم؛ هەرچی زمانی پێشکەوتووی ئەم دونیا هەیە ڕەگەکانیان دەگەڕێتەوە سەر زمانەکەی ئێمەو ئێمە کۆنترین مرۆڤی سەر ئەم زەوییەین. بۆیە شانازی بە خۆمانەوە دەکەین، کە هێشتا پارێزگاریی لە ڕەسەنایەتی باوباپیرانمان دەکەین. ئەوەشم نەشاردەوە مەگەر وڵاتێکی وەکو کۆنگۆ، کە خاوەنی (214) زمان و دیالێکتی جیاوازە شان لە شانمان لە ڕەسەنایەتیدا بدات. ئەوانیش وەک ئێمە هەر دۆڵێک و ناوچەیەک بە زمان و دیالێکتی مێژوویی باو باپیرانیان قسە دەکەن….

کاکی ستوننووس هەرکە ئەم چاوپێکەوتنەی بینی دیسان دەستی بە لێدانی قەوانە کۆنەکانی کردەوەو ئەمجارەیان بەوە تاوانباری کردم، کە بووم بە پیاوی دەسەڵات و پشتم کردۆتە بەرەی گەل، ئەوەشی نووسیبوو من لەو چاوپێکەتنەدا ماستاوم بۆ دەسەڵات ساردکردۆتەوەو بەشان و باڵی دەسەڵات و حکومەتەکەمدا هەڵداوەو سەرۆکم بە پارێزەری مێژووی گەلەکەمانم ناوبردووە، لەهەمووی سەیرتر چەند دێڕێکی کۆتایی ستونەکەی بوو، کە ئاوا دەستی پێدەکرد: “بیروباوەڕی ئەم جۆرە کەسانە مەترسیان بۆسەر مرۆڤایەتی هەیە و دەیانەوێت لە ڕێگای باسکردنی زمانەوە نەتەوە پەرستی بڵاو بکەنەوە، ئەمەش گەلەکەمان بەرەو شۆڤێنیزم دەبات” لە خوارەوەش وەک هەموو جارەکانی تر ناونیشانەکانی خۆی نووسیبوو….

منیش کاتێک ئەم نووسینەم خوێندەوەو هێشتا هاوڕێکەم لە ئاودەستخانەکە نەهاتبووە دەرەوە، بە فرسەتم زانی ئەم چەند دێرەی بۆ بنووسم:

بەڕێزم، هێشتا خۆشحاڵم لە نزیکەوە ناتناسم و دەستەکانم بۆ تەوقە کردنێک بەر دەستەکانت نەکەوتووە، ئەگینا نەمدەتوانی لەمکاتەدا ئەم چەند دێڕەت بۆ بنووسم.

بەتەنها دەمەوێت لێرەوە داوای لێبوردنت لێبکەم، کە ساڵانی پێشوو لەسەر نووسین و هەڵوێستە مرۆڤانەیەکانت وەڵامم دایتەوە، من لێرەوە پێ لەهەڵەی خۆم دەنێم، بە ڕاستی تا ئەم ستونە نوێیەم نەخوێندەوە لەماهیەتی تۆ تێنەگەیشتبووم و نەمدەزانی هیچ کەسێک وەک تۆ نەیتوانیوە خۆی بناسێت و پیشەکەی خۆی بدۆزێتەوە، هیوادارم لەسەر هەڵوێست و ڕێبازی خۆت بەردەوام بیت….

 

یاسین خێڵانی

Previous
Next

Leave a Reply