Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

من و شیعر… به‌ندی عه‌لی

Be First!
by June 21, 2012 هۆنراوە

 

-1-
پێده‌چێ من
به‌شه‌رابی تاڵی شیعر
ئالووده‌ بم
ده‌نا بۆچی هه‌موو شه‌وێ
هه‌ناسه‌ی خه‌و
فو له‌چرای دیه‌م ناکا
تاچه‌ند قومێ
له‌پێکی روحی شاعیرێ
نه‌خۆمه‌وه

-2-
خانمه‌که‌ی من
ئیره‌یی به‌هیچ ژنێ نابا
نه‌په‌رچه‌م لوولی گه‌نم ڕه‌نگ
نه‌که‌مێ گۆشتن ، که‌مه‌ر ته‌نگ
نه‌چاو ده‌ریایی که‌زی زه‌رد
نه‌لێو ئاڵی ڕومه‌ت بێگه‌رد
ئه‌و ئیره‌یی
ته‌نیا به‌و په‌ریانه‌ ئه‌با
که‌شه‌وانێ ، دره‌نگانێ
چون میوانه‌ ناوه‌خته‌کان
دێن و ده‌ڕۆن
له‌نێو ده‌ریای شیعره‌کانا
خۆیان ئه‌شۆن

-3-
که‌داپیره‌ چاو کزه‌که‌ی
یاده‌وه‌ری
به‌ده‌رزیله‌کانی ئازار
ژێرکراسه‌ دڕاوه‌که‌ی
ئه‌م روحه‌ پاره‌پاره‌یه‌م
ئه‌دورێته‌وه
موحتاجی جورعه‌ شیعرێکم
وه‌ک ژان شکێن
که‌قه‌له‌ڕه‌شه‌کانی خه‌میش
پۆل پۆل له‌سه‌ر
دره‌خته‌ پیره‌ ڕووته‌که‌ی
ئه‌م ته‌مه‌نه‌م هه‌ڵئه‌کوڕمێن
وێڵی داهۆڵه‌ شیعرێکم
وه‌ک خه‌مڕه‌وێن

-4-
مێردمناڵ بووم
ئه‌و ڕۆژانه‌ی شیعرم ناسی
ئه‌و ڕۆژانه‌ ، ئه‌و چیا بوو
من بن ده‌وه‌نێکی لاسار
ئه‌و ئاسمان بوو
منیش پاساریه‌کی هار
وه‌لێ کاتێ ئه‌و گه‌وره‌ بوو
بوو به‌زه‌ریا
چونکه‌ منیش بێ ئه‌و ناژیم
بووم .. به‌ماسی

.. 2012

Previous
Next

Leave a Reply