Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

مه‌رگی شاعیر.. مه‌رگێكی شاعیرانه‌….ئیدریس عه‌لی

Be First!

مه‌رگی شاعیر.. مه‌رگێكی شاعیرانه‌
ئیدریس عه‌لی

مه‌رگ له‌چوارچێوه‌ی پێناسه‌ی فه‌لسه‌فیدا راڤه‌ نه‌كراوه‌،به‌ڵام له‌ فۆڕمی هونه‌ری‌و ئه‌ده‌بیدا كۆمه‌ڵێك نموزج به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، خۆدان له‌قه‌ره‌ی ئه‌م چه‌مكه‌ نامانخاته‌ سه‌ر خه‌تی باسكردنێكی جه‌وهه‌رییانه‌‌و په‌لكێشمان ناكاته‌نێو باسێكی ئه‌كادیمی چڕو ئاڵۆزو دژواره‌وه‌، چونكه‌ له‌ره‌هه‌نده‌ سه‌تحییه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر مه‌رگی كه‌سێك، نیو هێنده‌ باسه‌كه‌ خودی مه‌رگ نییه‌ وه‌ك چه‌مكێكی راڤه‌ نه‌كراو.
ئه‌و سه‌وره‌خته‌ی شاعیری گه‌وره‌ی ئێرانی ( ئه‌حمه‌دی شاملۆ) ده‌مرێت،به‌هه‌زاران مرۆڤی دیكه‌ له‌ گۆشه‌و كه‌ناره‌كانی ئه‌م جیهانه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا دڵیان له‌لێدان كه‌وت، وه‌لێ‌ مه‌رگی هیچ كه‌سێك هێنده‌ی مه‌رگی (شاملۆ) نه‌بوویه‌ سه‌رباسی میدیاكان‌و له‌لایه‌ن لێكۆڵیاران‌و نووسه‌ران‌و ئه‌دیبانه‌وه‌ راڤه‌ی جۆراو جۆر بۆ مه‌رگه‌كه‌ی نه‌كرا، یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ باسی له‌وه‌كرد كه‌ (ته‌كنه‌لۆجیا له‌سایه‌ی سیتمی ناڕێكی تازه‌ی جیهانیدا ئاماده‌یه‌ ده‌زگایه‌ك درووستبكات بۆ بڕینه‌وه‌ی قاچی (شاملۆ)ی شاعیر، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ ده‌نكه‌ حه‌بێك درووستبكات بۆ رزگاربوونی له‌نه‌خۆشی‌و شێر په‌نجه‌‌و مه‌رگ)..!
ئاخر مه‌رگی شاعیرێك وه‌ك مه‌رگی هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ی ئاسایی نییه‌ له‌ ژیاندا، چونكه‌ شاعیر له‌رێگه‌ی پڕۆسه‌ی نووسین‌و خۆناسینییه‌وه‌ به‌خه‌ڵك‌و كولتوورو كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كان چاوه‌ڕوانییه‌كی دیكه‌ی بۆ خۆی درووستكردوه‌،ئه‌مه‌یه‌ كاتێك گوێبیستی مه‌رگی شاعیرێك ده‌بین راسته‌وخۆ به‌رسه‌دمه‌یه‌كی كوشنده‌ ده‌كه‌وین‌و زۆر جاران هه‌وڵده‌ده‌ین بڕوا به‌و هه‌واڵه‌ نه‌كه‌ین.
پاش نیوه‌ڕۆی پێرێ‌ ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی‌و شیعری ئێمه‌ له‌ شاری سلێمانی، تووشی سه‌دمه‌یه‌كی هاوشێوه‌ هات، ئه‌ویش مه‌رگی شاعیری هه‌ستناسك ( سه‌ڵاح محه‌مه‌د) بوو، ئه‌و شاعیره‌ كه‌ بڕوایه‌ك‌و هێزی ئینسانی قوڵ ببوونه‌ جیهانبینی‌و ئه‌فسوونی ئیستاتیكی شیعره‌كانی،به‌رده‌وام له‌چاوی منداڵێكه‌وه‌ته‌ماشای ژیان‌و جه‌نگه‌گه‌وره‌كان‌و كێشه‌و ململانێ‌ سه‌خته‌كانی رۆژگاری ده‌كرد، ئه‌و له‌نێو هاوجیله‌كانیدا خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگ بوو كه‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ ته‌واو سایه‌ی به‌سه‌ر فه‌زای شیعریی‌و بیركردنه‌وه‌و حاڵه‌ته‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانیدا كێشابوو، هاوكات له‌ژیانی رۆژانه‌شیدا به‌رجه‌سته‌ی هه‌مان حاڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شیعری ده‌كرد، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ش بوونی ئه‌و رووانینه‌ شاعیرانه‌یه‌ی بوو بۆ ژیان‌و ئینسان‌و شته‌كان.
مه‌رگی (سه‌ڵاح محه‌مه‌د) ی شاعیر، پاش یه‌ك ساڵی ره‌به‌ق دێت له‌ململانێی سه‌خت له‌گه‌ڵ مه‌رگ‌و نه‌خۆشیدا( خودایه‌ دنیای پێشكه‌وتوو ده‌نكه‌حه‌پێكی به‌و ره‌وا نه‌بینی).. تسلیمبوونی ئه‌و   به‌قه‌ده‌ری مردن، به‌پڕۆسه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆو هێواشدا تێپه‌ڕی كرد، وه‌ك چۆن:
 په‌پوله‌یه‌ك له‌سه‌رخۆو به‌هێواشی بۆ ژوانی گوڵیك ده‌چێت.. وه‌ك چۆن:
شاعیرێك ورد ورد خه‌یاڵ ده‌یباته‌وه‌ بۆ لای شیعر.. وه‌ك چۆن:
ئێواره‌ به‌چه‌ترێك‌و باوه‌شێك بارانه‌وه‌ خۆی ده‌كرد به‌ بنكه‌ی گه‌لاوێژدا.
دوواجار كاك سه‌ڵاح مردو خه‌یاڵه‌كانی به‌زیندوێتی بۆ ئیمه‌ جێهێشت.. ئه‌و شاعیرانه‌ مه‌رگی خۆی دۆزییه‌وه‌و شیعره‌كانی به‌ ته‌ڕی به‌ ئێمه‌ سپارد.. ئه‌و عاشقانه‌ ده‌ستی ماڵئاوایی بۆ هه‌موومان هه‌ڵبڕی‌و.. ئێمه‌ش دڵمان نه‌هات وه‌لامی ئه‌و خواحافیزییه‌ بده‌ینه‌وه‌. 

 

Previous
Next

Leave a Reply