Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

مه‌یتبه‌ر …. تێكۆشه‌ر خالید

Be First!
by January 24, 2012 ئەدەب

 
یه‌كه‌م ئێواره‌ی‌ بوو ڕووبه‌ڕووی‌ ته‌رمێكی‌ وا ترسناك ببێته‌وه‌، ئه‌و ته‌رمه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نجه‌وه‌ دۆزرابووه‌وه‌، له‌ناو ته‌لیسێكی‌ قاوه‌ییدا، ته‌رمه‌كه‌ پیاوێكی‌ ڕه‌شتاڵه‌ی‌ لاوازبوو، له ‌ناوقه‌ددا كردبوویان به‌دوو كه‌رته‌وه‌، دیاربوو به‌ ته‌ور بڕدرابووه‌وه‌، گه‌نجه‌كان له‌ پێش ئه‌فسه‌ری‌ لێكۆڵه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یان کوتبوو كه‌ نازانن له‌ كوێ دۆزیویانه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كاته‌كه‌یشیان نه‌ده‌زانی‌، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ له‌ كۆتایی و وه‌ڵامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا کوتبووی‌ ئه‌وان له‌ ترسا بیریان چووه‌ته‌وه‌، كه ‌ئه‌وه‌یش گه‌وره‌ترین كاره‌ساته‌ و گشت هه‌وڵه‌كان بێ مایه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. ترس له ‌هه‌ر شتێك له‌دنیادا، واته‌ كوشتنی‌ ئه‌ودیوی ترس خۆیشی. مه‌یتبه‌ر پیاوێكی‌  لاوازی‌ چاو كه‌سك بوو، له ‌شه‌ودا مرۆ نه‌ده‌وێرا تێی بڕوانێت، مۆته‌كه‌ بوو، چاوه‌كانی‌ وه‌ك پشیله‌ ده‌بریسكانه‌وه‌، عاده‌ته‌كانی‌ ژیانی‌ سه‌رسوڕهێنه‌ربوون، هه‌موو عومری‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ مردووان بوو به‌ره‌و گۆڕستان، له‌ ڕاستیدا ئه‌و خۆی‌ بۆی‌  ده‌گێڕامه‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ هه‌یه‌، ته‌رمێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ی‌ نه‌بینیووه‌، به‌شێكی‌ ڕیخۆڵه‌كانی‌ له‌ له‌تێكی‌ جه‌سته‌یدا و به‌شه‌كه‌ی‌ دی‌ له ‌لاكه‌ی‌ تریدا بوو، هێنده‌ خوێنی‌ له‌به‌ر چۆڕابووه‌وه‌ كه‌ ته‌واو په‌راسووه‌كانی‌ دیاربوون، هه‌رچه‌ند پێسته‌كه‌ی‌ له ‌لایه‌كه‌وه‌ تا لای‌ مه‌مكی‌ هه‌ڵدڕابوو، چاوێكی‌ هه‌ڵتۆقیوو و چاوه‌كه‌ی دی‌ ته‌قیبوو، ئه‌و زۆرجاران بۆی‌ ده‌گێڕامه‌وه‌ و ده‌یکوت: له‌ حه‌یاتما یه‌ك جار ته‌رمی‌ ترسناكم دیتووه‌، ئه‌ویش ته‌رمی‌ ئافره‌تێك بوو كه‌ به‌ كێردی‌ قه‌صابیی‌ مێشكیان قڵیشاندبوو، واته‌ لایه‌كی‌ سه‌ری‌ پێوه‌نه‌بوو، تا ئێستاش نه‌زانراوه‌ كێ و بۆچی‌ وای‌ لێكردووه‌؟. وه‌لێ ئه‌م ته‌رمه‌ دوو له‌ته‌ی‌ دوایی ئه‌و پیاوه‌ ڕه‌شتاڵه‌ لاوازه‌، وای‌ له‌ مه‌یتبه‌ر كرد كه‌ واز له‌ كاره‌كه‌ی‌ بهێنێت و به ‌دوای‌ بكوژی‌ ئه‌و ته‌رمه‌دا بگه‌ڕێ، له‌ كاتێكدا مه‌یتبه‌ری‌ كارێكی‌ بژێویی و ئینسانی‌ بوو، مه‌یتبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی‌ له ‌پاش ئه‌وه‌دا كه‌ به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ ناشت و دوو شه‌وان له ‌سه‌ر یه‌ك ته‌رمه‌كه‌ هاته‌ خه‌ونی‌ و خه‌وی‌ لێ ده‌زڕاند. تاوای‌ لێهات به‌په‌له‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ ده‌رهێنایه‌وه‌ و خستییه‌ سنووقێكی‌ ئاسنه‌وه‌ و بڕیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ دا بۆ بكوژی‌ ئه‌و ته‌رمه‌ بگه‌ڕێت كه‌ ته‌واو بیر و ئه‌ندێشه‌ی‌ داگركردبوو، له‌ڕاستیدا من و مه‌یتبه‌ر زۆر هاوڕێی‌ یه‌كدی بووین، حه‌زم نه‌ده‌كرد ڕێی‌ لێبگرم و نه‌هێڵم به ‌دوای‌ بكوژدا بگه‌ڕێت، هیچم پێنه‌کوت، خۆشمده‌ویست له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆر به‌ به‌خشنده‌یی ته‌رمی‌ باوكمی‌ ناشت و هاوكاریی‌ كردم، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وازی‌ له ‌مه‌یتبه‌ری‌ هێنا ،ئیدی‌ نه‌مبینییه‌وه‌، ئێستا من هه‌ر لێره‌م له‌م وڵاته‌دا، دڵنیام ئه‌ویش لێره‌یه ‌و له‌ گه‌ڕان په‌شیمان نییه‌، به‌ڵام هه‌موو خۆزگه‌م ئه‌وه‌یه‌، ئێستا ئه‌م چیرۆكه‌ بخوێنێته‌وه‌، چونكه‌ من هه‌واڵی‌ كوشتنی‌ ته‌رمه‌كه ‌به‌ درووستیی‌ ده‌زانم و وا لێره‌دا ده‌یخه‌مه‌ ڕوو:
پیاوێكی‌ ڕه‌شتاڵه‌ی‌ لاواز و چاو ڕه‌ش، خه‌ڵكی‌ شارێكی‌ تر، له‌ یه‌ك له‌ باخه‌كانی‌ شاردا عاشقی‌ كچێكی‌ پاكیزه‌ و بێ گرێ ده‌بێت، به‌ڵام كچه‌ خۆشه‌ویستی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، ناشتوانێت ده‌سبه‌رداری‌ ئه‌و عیشقه‌ی‌ بێت، ئه‌م هه‌ر وازی‌ لێناهێنێت، تا له ‌خشته‌ی‌ ده‌بات و كچه‌ له‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ ده‌كات، مه‌عشووقی‌ یه‌كه‌می‌ خانمه‌كه‌، تووشی‌ حاڵه‌تێكی‌ ده‌روونی‌ دێت و دوای‌ هه‌ژ‌مانگ جیابوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خانمه‌كه‌، ڕۆژێكی‌ سارد، كاتێك پیاوه‌ ڕه‌شتاڵه‌كه‌ له‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت بۆ جارێكی‌ دی  چاوی‌ به‌ خانمه‌كه‌ی‌ بكه‌وێته‌وه‌، بۆسه‌ی‌ بۆ داده‌نێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ دوو براده‌ری شاعیری خۆیدا، زۆر نا شاعیرانه‌ ده‌یكوژن، مه‌عشوقی‌ یه‌كه‌م به‌ ته‌ور ده‌یكات به‌دوو كه‌رته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ دوو هاوڕێكه‌ی‌ یه‌كیان به‌قه‌ڵه‌م چاوێكی‌ ده‌ته‌قێنێت، ئه‌وی‌ تریان هێنده‌ به‌حه‌ماسه‌وه‌ قوڕگی‌ ده‌گرێت، تا چاوه‌كه‌ی‌ تری‌ هه‌ڵده‌تۆقێت. دواجار له‌تووره‌كه‌یه‌كی‌ قاوه‌یی ده‌ئاڵێنن و له‌ نێوان ڕێگه‌ی‌ ئه‌و دوو شاره‌دا فڕێی‌ ده‌ده‌ن كه‌ خانمه‌كه ‌و ئه‌و پیاوه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌. ده‌شبێت ئه‌وه‌ بڵێم بكوژه‌كه‌ شاعیرێكی‌ ترسناك و سامناكه‌، له‌وه‌ته‌ی‌ هه‌یه‌ خه‌ڵكی‌ یه‌ك وشه‌ و ته‌نیا یه‌ك شیعریان لێبیستووه‌ كه‌ سۆزی‌  تێدا به‌رجه‌سته‌ بووه؛ ئه‌ویش باسكردن و شیعرێك  بووه‌ بۆ گوڵی‌ سوور.
(گوڵی‌ سوور) كه‌ خانمی‌ خاوه‌ن دوو مه‌عشوق ده‌كات. دوای ئه‌و له‌ دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه‌  دیار نییه‌. ئێستا منی‌ گێڕره‌وه‌ی‌ ئه‌م چیرۆكه‌ به‌دوای‌ مه‌یتبه‌ردا ده‌گه‌ڕێم ده‌ترسم ئیدی‌ نه‌یبینمه‌وه‌، ئاخر ئه‌و له ‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژێكی‌ بێگوناهدا ده‌ستی‌ له‌و ئیشه‌ی‌ هه‌ڵگرت، كه‌ جگه‌ له‌ مه‌به‌ستی‌ بژێوی‌ مه‌به‌ستێكی‌ ئینسانی‌ له‌ پشته‌وه‌بوو، تا ته‌رمی‌ هه‌ر مرۆیه‌ك به‌ڕێزه‌وه‌ به‌ڕێ بكرێت و به‌وه‌فاوه‌ خواحافیزی‌ لێبكرێت، له‌م شاره‌دا که‌ مردووه‌کان هیچ ڕێزێکیان نییه‌. جا تكا ده‌كه‌م هه‌ریه‌ك له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر زانیاریتان ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م مه‌یتبه‌ره‌ هه‌یه‌، یان ده‌زانن له ‌كوێیه‌، ئه‌م چیرۆكه‌ی‌ منی‌ پێ ببه‌خشن، تائاگه‌داری‌ ڕاستییه‌كه‌ بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خۆم بۆ هه‌میشه‌ به ‌دوای‌ مه‌یتبه‌ر و به‌ دوای‌ گوڵی‌ سووردا ده‌گه‌ڕێم، ئاخر من خۆم مه‌عشوقی‌ یه‌كه‌می‌ خانمه‌كه‌م؛ گوڵی‌ سوور.

Previous
Next

Leave a Reply