Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
موسوڵمانان و پیرۆزیەکانیان لە پەراوێزدا

موسوڵمانان و پیرۆزیەکانیان لە پەراوێزدا

Closed
by May 15, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

لەژێر ڕۆشنایی هەردوو ڕووداوەکەی ئەم دواییەی سوریا و عێراق، بەپێویستم زانی قسەیەك لەسەر ئەو ئیشکالیەتە بکەم کە ئێستا هەیمەنەی بەسەر ئەقڵی موسوڵمانەکاندا کردووە. ئیشکالیەتێك کە ڕۆژانە بەها و نرخی مرۆڤ ڕۆژ بەڕۆژ دەپوکێنێتــەوە، مرۆڤ ڕۆژانە بە قوربانی پیرۆزیە دینیەکان دەکرێت، جا پیرۆزیەکان چ فاکت بن یا وەهم. پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە ئایا پیرۆزیەکان هەرچیەك بن لەمرۆڤ گەورە ترن و دەبێت مرۆڤ لەپێناو ئەو پیرۆزیانەدا بمرێت؟ چۆن لەو ئیشکالیەتە بڕوانین؟

بەرەی نوسرەی سوری کە گروپێکی ئیسلامی توندڕەوە و بەشێكە لە سوپای ئازادی سوریا، ڕۆژی ٣/٥/٢٠١٣ لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی و چەندین پێگەی ئەلیکترۆنی جیاوازدا بڵاو کراوەتەوە، ڕایانگەیاندووە کە ئەوان گۆڕی حجری کوری عودەی”یان هەڵداوەتەوە. هەروەها بە کەسێکی دەرچوو لە ئوسوڵەکانی شەریعە و سوننەت وەسفی دەکەن. بەهۆی ئەوەش کە مەزارەکەی بۆتە شوێنی پەرستن بۆیە بەپێی فەتوای “ئەهلی عیلم” دوای ئازادکردنی شارۆچکەی(عەدرا)، مەزارەکەیان هەڵدایەوە و ئێسكو پروسکەکانیشیان شوێنبزر کردوون(١). 

بەهۆی ئەو کارەوە، ڕۆژی شەممە گەورە مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی بەهۆی نیگەرانی و بۆ سەرکۆنەکردنی هەڵدانەوەی گۆڕی حجری کوڕی عودەی و شوێنبزرکردنی ئێسكوپروسکەکانی، دەرگای حەوزەی ئاینی نەجەفی لەبەردەم خوێندکارە دینیەکاندا داخست. هەروەها هەڵدانەوەی ئەم گۆڕە کاردانەوەیەکی زۆری موسوڵمانە شیعەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. لەوانەش حزب اللــەی لوبنان و سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی ئێران و چەندین لایەنی دی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژیەیان بۆ سەر گۆڕەکە کرد و ئەو گروپانەشیان بە چەتە و تیرۆریست وەسف کردن. لەهەمان کاتیشدا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری ولاتانی عەرەبی کرد ڕۆڵی خۆیان بۆ ڕێگرتن لەو کردەوانە ببینن(٢). ئەوەی جێگای تێبینی بوو ناوەندە سوننەکان خۆیان لەو سەرکۆنەکردنە بوارد و ببڕای ببڕای نەبێ قسەیان لێ نەکرد.

بۆ تێگەیشتن لەو پاشخانەی کە ئەو دوو پێکهاتەیە والێدەکات بەردەوام کار لەسەر ئەو هۆکارانە بکەن کە درێژە بە ململانێکە دەدەن، دەبێت قسە لەسەر پرۆسەی گەشەکردن و بەردەوامبوونی ئاراستەی کۆمەڵگا بکەین. دیارە لە دیدی نۆربێرت ئیلیاسدا کۆمەڵگا بە یەك ئاراستەدا مل دەنێت، بەڵام بۆی هەیە ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت لە بەرەوپێشچوون یا بەرەو دواوە مل نان. مسۆگەر نیە داخۆ مۆدێلی کردار و ڕەفتارەکان لە گەشەکردندا دەبن یا بەرەو توندوتیژی سەرتاسەری مل دەنێن. لەو دووڕیانەشدا بیرۆکەی سەنتراڵی نۆربێت ئیلیاس بریتیە لە “پرۆسە” و “ئاڵوگۆڕی پشت بەیەك بەستن” لەکۆمەڵگادا. بۆیە لای ئیلیاس “مەرجی پەیوەندیەکان” بنەمایەکی قوڵ و گرنگە بۆ ئەوەی لە مێژووی مرۆڤایەتی تێبگەین. بەشێکیش لە میکانیزمەکانی بەردەوام بوونی ئەو پەیوەندیە دیاردە کۆمەڵایەتیەکانن بە بیروباوەڕی ئاینیشەوە. ئەوەی کە لە پرسی پەیوەندیەکان گرنگە تێی بگەین، ئەوەیە کە مەرج نیە پەیوەندیەکان هەموو دەمێك هەر پۆزەتیڤ بن، بەڵکو جەنگ و توندوتیژیش جۆرێکن لە پەیوەندی بەلام بە شێوەیەکی نێگەتیڤ.

لەو قۆناغە مێژووییەی ئێستای کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا، بەتایبەتیش عەرەبی، دین ڕەهەندێکی قوڵ و گەورەی بۆخۆی دابڕیوە بۆ دەسنیشانکردنی جۆری پەیوەندیەکان. ئەکتەرە کۆمەڵایەتیەکانیش بەتایبەتی گروپ و پێکهاتە دینیەکان زۆر بەباشی لەو یاریە تێگەیشتوون. ئەوان زۆر زیرەکانە دەتوانن ئاراستەی پەیوەندیەکان بەو لایە داببەن کە خۆیان دەیانەوێت. بەو مانایەی جڵەوی پرۆسەی ئاراستەکان لەدەست ئەوان دایە، یا دراوەتە دەست ئەوان. ئەوان دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، بە بەکارهێنانی ئامرازە تەکنۆلۆژیەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، تەواوی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ئاوەژوو بکەنەوە و شکست بەهەموو ئەو میکانیزمانە بێنن کە گەشەسەندنی پەیوەندیەکان مسۆگەر دەکات. یا بەمانایەکی دی ئاراسەی ژیار شکست پێ بێنن و پەیوەندیەکان لەچوارچێوەی ململانێیەکی توندوتیژدا درێژە پێ بدەن.

لە ئێستادا ئێمە لەنێوان دوو هەلوێستی دژبەیەکی ڕەوتی دینی تەقلیدی و سیاسی هەوادارانی هەردوو مەزهەبی سەرەکی ئیسلام داین لەچوارچێوەی ئاراستەی شکست دا، هەردوو هەلویستەکەش دامانێکی ئاشکرای موسوڵمانەکانە، سەرکەوتنی ئەو هەڵویستەیە کە پێی وایە مرۆڤ دەبێ لەخزمەت ئایندا بێت، نەك ئاین لەخزمەت مرۆڤ. مرۆڤ دەبێت لە خزمەت پیرۆزیەکاندا بێت نەك بە پێچەوانەوە. ئەمەش لەکاتێکدا کە ئامانجێکی ڕوون لە پشت ئەو تێگەیشتنەدا نابینرێت. دەقە دینیەکان شەتڵ نین لەناو مەرکانەیەك دابنرێن و پێویستیەکی بەردەوامیان بە ئاودان هەبێت. ئەرکی دەقە دینیەکان خۆیان لە چوارچێوەی پرۆسەی پەیوەندیەکاندا دەبیننەوە. پەیوەندی مرۆڤەکان بەیەکدیەوە، پەیوەندی ڕێکخراو و دەزگایەکان (حکومەتیشی لەگەڵ دابێت)، بە هاوڵاتیانەوە، پەیوەندی هەموو ئەوانەش کە پەیوەندیەکی زۆر تایبەتە بەو خوداوەندەی کە باوەڕیان پێی هەیە. کەواتە ئەوەی لەو نێوەندەدا دەبینرێت تەنها پرۆسەیەکە، ئامانجێك کە لەو نێوەندەدا دەبینرێت ئاراستەی پەیوەندیەکانە بۆ سەقامگیری کۆمەڵگا، پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، جۆری خزمەتگوزاریەکان و ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان.

ئەوەی کە لێرەدا دەکرێت قسەی لێ بکەین، خزمەتی دین یا مەزهەب نیە، چونکە شتێك نیە تا چوارچێوەیەکی بینراوی بۆ دروست بکەین و ئینجا خزمەتی بکەین، تەنانەت مزگەوتیش بەشێکە لەو میکانیزمەی کە ئەرکی بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەکان و پشتبەستنی پێکهاتەکانە بەیەکدی. تەنانەت خوداوەندیش پێویستی بەو خزمەتکردنە نیە، چونکە بەپێی دەقە دینیەکانیش خوداوەند بەجۆرێکی ڕەها دەوڵەمەندە. بۆیە ئەوەی بەجۆرێكی هەست پێکراو جێگای باس و خواسە، بەرژەوەندیەکانن.  ئەوەی کە لەو نێوەندەدا بەتایبەتیش ئاراستە توندوتیژیەکانی ئەو پەیوەندیەی کە ئێستا هەردوو پێکهاتە مەزهەبیەکەی جیهانی ئیسلامی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، چەند ئاراستەیەکن کە دەبنە هۆی گەشەسەندنی ئەو توندوتیژیانە. یا بەمانایەکی دی ئەو توندوتیژیانە لەو چوارچێوەیەدا ئەرکێکی گرنگ بۆ ئەو دوو پێکهاتەیە جێبەجێ دەکەن. ئەگەر بەکارهێنانی دەقە دینیەکان نەبێت یاریەکە ناڕوات بەڕێوە. واتە دین ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پەیوەندیەکان بە ئاراستە پۆزەتیڤەکەی بێت یا نێگەتیڤەکەی. ئەو ئاراستانەش بریتین لە فراوانخوازی، چ فراوانخوازی سەربازی بێت یا ئایدیۆلۆژی، بەو مانایەی خەڵك بەرەو مەزهەبی خۆیان ڕاکێش بکەن، دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی داهاتە سروشتیەکان، هۆکارە کولتوریەکان و چۆنیەتی دەرکەوتن و لایەنە سایکۆلژیە مێژووییەکان.

ئێستا جیهانی ئیسلامی لەنێوان دوو دۆخدا لەدوو بەرەی تەواو جیاوازدا کە هەر یەکێك لەو بەرانە خاوەنی سیما و تایبەتمەندیەکانی خۆیانن. لە قۆناغی پەیوەندیەکی توندوتیژدا ڕۆژانە شکست بە ئاراستە سروشتیەکەی پرۆسەی گەشەندنی کۆمەڵگادا دێنن. جەنگێك بەڕێوە دەبەن کە ئەقڵ تیایدا دەبێتە خورافە و خورافەش ئەسڵ و ئامانج. جەنگێك کە هەردوو لایەنەکان لەناو چوارچێوەی پەیوەندیە ناوخۆییەکاندا پشت بەیەك بەستن و پستیوانی لەیەکدی کردن سیمای دیار و ئاشکران، وێڕای ئەوەش خۆیان پابەندی هەموو ئەو بەها و نۆرمانە دەکەن کە گروپەکە (جماعة) بەیەکەوە دەبەستێتەوە. تەنانەت لەناو خودی کورددا ئەگەر بە مێژووی ئەو دە ساڵەی ڕابردوودا بچینەوە، کاراکتەری مەزهەب لای کوردە فەیلیەکان زۆر گرنگ تر و کارا ترە لە لایەنی نەتەوەیی، تەنانەت لای ئیسلامیە سوننیە کوردەکانیش هەمان هۆکار بە ئاشکرا دیارە. پەیوەندی نێوان ئەو پێکهاتانە پەیوەندیەکی زیاتر ڕواڵەت و ئاڵۆزە. 

ئێستا ئەو پێکهاتانە یا ئەو دوو بەرەیە پێڕەوی لە وتارێك دەکەن کە بێلایەنی تیا نیە، یا ئەوەی دەڵێ من بێ لایەنم مۆرکی خیانەتی بەنێوچاوانەوە دەنوسێنرێت و هیچ پانتاییەك بۆ بێ لایەن، ئاقڵمەندان و گفتوگۆ ناهێڵێتەوە. هەندێك هەن واتێدەگەن کە ئەم جەنگە تەنها لەگەڵ هاتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هاتووە، بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە بێ بنەمایە، چونکە دەیان بنەمای دی هەن کە بەر لە هاتنی کۆماری ئیسلامیش ئەم جەنگە بەجۆرێکی دی گەرم و بەهێز بووە. بەڵام لەگەڵ هاتنی کۆماری ئیسلامیدا جەنگی مەزهەبی ڕوحی وەبەردا دەکرێتەوە و جارێکی دی ئەو دوو لایەنە لەپێناو هەیمەنەی خۆیاندا کە هەندێك جار ئەو هەیمەنەیە بەشێوەیەکی فیزیك نابینرێت، بێجگە لە ڕەهەندە سایکۆلۆژیە مێژووییەکان. ئەو هەیمەنەیە لەپێناو ئەو تایبەتمەندیانەی کە باسمان کردن، لە جەنگی عێراق/ ئێراندا یەك ملیۆن کەسی تیادا کوژرا. ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕۆژانە دەیان و سەدان کەس دەبنە قوربانی ئەو جەنگە.

لەم ڕۆژانەدا، لە سایدی یەکگرتووی ئیسلامی، بابەتێك بڵاو بووەوە بەناوی “١٥ هەڵوێستی سەددام حوسێن بۆ مێژوو”(٣). لەم کورتە نوسینە ئایدیۆلۆژی ئامێزەدا، ١٥ چاکەی سەددام ڕیز کراون، لەگەڵ ئەوەی کە هەموو کوردێكی باشووری کوردستان دەزانێت سەددام حوسێن چ کارەساتێکی بە مرۆڤایەتی کردووە. بەڵام بەهۆی ئەو سەنگەرگیریە مەزهەبیە، تراژیدیاکان، ئەنفال، وێرانکردن گرنگ نین. یەکگرتووش ئاگایانە یا نائاگایانە دەکەوێتە ناو ئەو گەمە مەزهەبیە و دەیەوێت بەجۆرێك لە جۆرەکان یاریزانی ئەو ململانێیە بێت، بۆ هەر مەبەستێك بێت، چونکە پشتبەستن بە پێوەرە مەزهەبیەکان واداوا دەکات جاروبار ئەو پەیامانە بەگوێی هەوادارنیاندا بچرپێنن، بۆ ئەوەی بە خەڵك بڵێن سەددام چونکە سوننی بوو لەهەموو حاڵەتەکاندا لە شیعەکان باشترە، ئەوەنیە سەددام حوسێن چەندین خزمەتی ئیسلامی کردووە، با زاڵمیش بووبێت، بەڵام پیاوێکە چاکەشی هەبوون و خزمەتی بە ئەهلی سوننە و جەماعە کردووە. ئەمەش لە هەمان ئەو چوارچێوە پرۆسێسەی وتاری مەزهەبی ئیسلامی ئەو سەردەمە و کەسێکی وەکو یوسف قەرزاویش لەو دووڕیانەدا بەجۆرێكی بەربڵاو کار لەسەر بەهێزکردنی ئەو لایەنە دەکەن.

ئێستا ئێمە لە بەرمابەر دوو دۆخی توندڕەودا، یەکێکیان ئەوەیە کە هێندە ڕواڵەتانە و ڕادیکاڵانە مامەڵە دەکەن تەنانەت دژی مردووەکانیشن دەجوڵێت، مادام ئەو مردووانە سەر بە بەرەی بەرامبەرن. ئەوانەی گۆڕی حجری کوری عەدیان هەلداوەتەوە، هەر ئەوانەن کە لە هەورامان و لە ئەفگانستان و میسریش هەمان کاریان کردووە، بێگومان لەهەر یەکێك لەو شوێنانە لەچوارچێوەی گەمەیەکی تایبەتەوە. ئەمانە هێندە ڕووکەشانە لەدین دەڕۆنن، هەر بە ڕووکەشانەش خەڵك دابەشی سەر دوو بەرەی کوفر و ئیمان دەکەن. ئەوانە سەر بەو لۆژیکەن کە پێی وایە کەس بێ لایەن نیە. خەڵك یا دەبێ لەگەڵیان دابێت یا لەدژیان بێت. پاشان سەرکردەی قاعیدە ئوسامە بن لادن ئەوەی بەڕاشکاوی ڕاگەیاند. دوای ١١ی سێپتێمبەریش جۆرج بوش لە چوارچێوەی هەمان ئایدیۆلۆژیادا گوتی ڕێگای سێێەم نیە، یا لەگەڵمانن یا لە دژمانن. لەوێدا ئەو ئایدیۆلۆژیا دژوارە لە کاراکردنی پەیوەندیەکاندا زیاتر ڕۆحی بەبەردا کرا. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زیانێکی کوشندەی بەرکەوت لە ئەنجامی ئەو جۆشدانە ئایدیۆلۆژیەدا. بەهای مرۆڤەکان لای ئەم کۆنسێرڤاتیڤە توندڕەوانە بریتیە لە هەڵوێست، مرۆڤایەتی لای ئەوان دوو رەنگە، لەسەر ئەو بنەمایەشەوە بەلایانەوە ئاساییە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت تەفروتونای بکەن، واتە هەموو ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵدا بپچڕن کە شایەنی مرۆڤبوونن. بۆیە ئەو تەقینەوە و خەڵتانی خوێنکردنی خەڵك کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی بەغدا و کابول و ئیسلامئاباد و وردە وردە لە باکووری ئەفریقادا دەبینین، بەشێکە لەو جۆرە ئایدیۆلۆژیایە ڕواڵەتی و دژوارە، کە لەئێستادا لەسایەی جەنگی مەزهەبیدا ئەو پانتاییە تەواو فراوان بووە. دەتوانین بڵێێن گەورەترین سەرکەوتنی قاعیدە لەو بەرەیەدایە کە ئێستا بەدەستی هێناوە. قاعیدە توانی لە جەنگی مەزهەبیدا بە پلە یەك سەرکەوتن بە دەست بێنێت. ئێستا هەر قاعیدە بە تەنها پێشڕەوی جەنگی مەزهەبی ناکات، بەڵکو گروپە ئیسلامیە میانەڕەوەکانیش و دەولەتەکان تێوەگلاون و کەوتوونەتە ئەو بەرەیە و هەموویان بە یەکەوە لەو دوڕیانە ئایدیۆلۆژیا مەزهەبیەدا کار دەکەن، لەپێناو فراوانخوازی و کۆتایی هێنان بەو ئۆپۆزسیۆنەی “رافیزیەکان” کە لە سەردەمی وەفاتی پێغەمبەرەوە جێگای نەبۆتەوە و قـــبوڵ نەکراوە.

لە بەرامبەردا، ئایدیۆلۆژیایەکی دی کە لەوەی یەکەم کەمتر توندوتیژ تر نیە. بەهەمان شێوە وەلائی مەزهەبی، ئایدیۆلۆژیای سیاسی و رەفزکردنەوەی هەموو جۆرە هەیمەنەیەکی بەرامبەر پێڕەو دەکات. بەهەزاران خەڵك لە سوریا دەکوژرێن، حەوزەی دینی نەجەف نقەی لێوە نایەت، بۆ کوژرانی “نەواسیبەکان”. بەڵام کاتێك گۆڕێك دەکەوێتە بەر نەفرەتی توندڕەوەکان ئیدی هەست و نەستە مەزهەبیەکان گڕیان لێ بەرز دەبێتەوە. پەیوەندیەکان بەتەواوەتی دەشۆکێن. بەلای ئەوانەوە حجری کوڕی عودەی پشتیوانی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بووە. بەدەستی موعاویە کوژراوە. بەلام جارێکی دی لە تێڕوانینی ئەواندا بەدەستی هەواداران و پیاوانی موعاویە دەکوژرێتەوە. ئا لێرەدا پشت بەیەك بەستن لەنێوان مردووەکان و زیندووەکانیشدا خۆی مانیفێست دەکات، مادام ئەو پشت بەیەك بەستنە خزمەت بەو ململانێ خوێناویە دەکات کە سەدان ساڵە لەبڕەو دایە. 

ئەو ململانێیە پەوەندیەکان هێندە ئاڵۆز دەکات، پێوەرێك نامێنێت پشتیان پێ ببەسترێت، ڕەنگێك نامێنێت جێگای متمانەی لایەنەکان بێت. قەرزاوی لە عێراق لە دژی دەستدرێژی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و لەباربردنی ڕژێمەکەی سەددام هاواری لێ بەرز دەبێتەوە. بەڵام ئێستا سوپاسی ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکات بۆ ئەو یارمەتیەی کە پێشکەش بە سوپای ئازادی سوننی مەزهەب دەکات و داوای لێ دەکات بەهاواری سوریەکانەوە بچێت(٤). سەرکردە دینیەکانی شیعە بە تێکرا دژی ئەوە نەبوون ئەمریکا، سەددامی سوننی مەزهەب بروخێنێت و عێراق لە دیکتاتۆریەت ڕزگار بکەن. بەڵام ئێستا لە سوریا دژی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی ئەمریکان و بەهەموو جۆرێك لەپشت ڕژێمی ئەسەددا ڕادەوەستن. ئەوان لە ئێستادا لە عێراق پێڕەوی لە ڕیشەکێشکردنی بەعس دەکەن، کە سوننی مەزهەبەکانن، بەڵام لە سوریادا پشتیوانی لە بەعسیەکان دەکەن. 

ئەم دابەشبوونە مەزهەبیە، کۆمەڵێك دیاردەی ناشیرین و قێزەون بەدوای خۆیاندا دێنن. جگە لەکاولکاری و بەرەو دواوە گەڕانەوەی تەواوی کۆمەڵگا، بێ بەهاکردنی نرخی مرۆڤەکان و دامەزراندنی مەیدانێك پڕیەتی لە بەربەریزم و وەحشیگەری، پریەتی لە بێمۆراڵی و بنەمای “مەبەست بیانۆی ئامرازەکانە”. لەو پێودانگەشەوە ئەوەی ئێستا حوکمی واقیعی ئەو ولاتانە دەکات و پەیوەندیەکان بەڕێوە دەبات ئەقڵ نیە. ئەقڵ لای ئەوان ئەو ئامرازەیە کە بتوانێت بیر لەتازەترین میتۆدی ڕووبەڕووبوونەوە بکاتەوە. بتوانێت باشترین جۆری تەکنۆلۆژیای جەنگ و قڕکردن بەرهەم بێنێت. لە لۆژیکی ئەو بەرە ئایدیۆلۆژی ئامێزانەدا ئێستا کاتی یەکلاکردنەوەی کێشەکانە. ئێستا مرۆڤایەتی لەو هەرێمەدا لەبەردەم شکستی ئەقڵ و جەوهەری بەهاکان دایە. سەردەمی سەرخستنی ڕواڵەتە چەواشەکاریەکان و خورافەیە. 

بەداخەوە لەو نێوەندەدا کوردیش پروشکی گەورەی بەر دەکەون. گەنجێكی زۆری کورد خزاوەتە ناو ئەو یاریە ناشیرینە مەزهەبیەی نێوان سوننە و شیعە، بەتایبەتیش لەسایەی ئەو دەستەڵاتەی کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات. ئەو دەستەڵاتەی کە لەدوو ڕووی مەترسیداردا فەشەلی هێناوە، یا لەفەشەلهێناندا بەردەوامە. یەکەمیان: بەهۆی ئەو میکانیزمە کلاسیکیە ناشیرینەی بەڕیوەبردنی دەستەڵات و سەرنەکەوتنیان تا ئەو چرکە ساتەش لە پرسە نەتەوەییەکان و فەشەلهێنان لە دامەزراندنی سەروەری قانون و بنەمای هاولاتی بوون، ڕۆژ بەڕۆژ لاوانی کورد بێ متمانە دەکات، نامۆ و ئاڵۆزیان دەکات لەهەموو سیماکانی کوردبوون، ڕۆژانە ڕووبەڕی ئەو پەیوەندیەی کە هاولاتیان و دەستەڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، تەسك دەبێتەوە. پشتبەستن بەیەکدی لەچوارچێوەی پرۆسەی کۆمەلایەتیدا بچوک دەبێتەوە و لاواز دەبێت. دووەمیشیان: تەواوی پانتاییە کۆمەڵایەتیەکان وەکو ئەنجامێك بۆ خاڵی یەکەم، سپێردراون “بەهۆشیاری یا بە ناهەشی” بە رەوتی مەزهەبگەرا و پرسە ئەخلاقیە ڕوالەتبازەکان. بە ڕەوتی ئیسلامی ناعەقڵانی، کە ڕۆژانە لە میدیای ئیسلامیدا دەیبینین. بێنرخکردنی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان لە بەرژەوەندی ڕوالەتە دینیەکان، کە لەبنەڕەتدا لە بەرژەونەدی هەیمەنەی مەزهەبی و ڕەهەندە سایکۆلۆژیە مێژووییەکاندا دەگوزەرێت.

 

ئیبراهیم مەلازادە

(١)، (٢) http://www.elaph.com/Web/news/2013/5/809779.html?entry=Iraq# 

(٣) http://webcache.googleusercontent.com/search?q=cache%3Ahttp%3A%2F%2Fwww.kurdiu.org%2Fhawal%2Findex.php%3Fpageid%3D124651 

(٤) http://www.youtube.com/watch?v=fy148QUzG50

 

ئەم بابەتە لە ژمارە ٤٢٠ی ڕۆژنامەی چاودێر بڵاو بۆتەوە

http://chawdernews.com/Newspaper_Detail.aspx?id=50&CatID=1 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.