Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

مۆنۆدراماى قەرەجستان

Be First!
by December 4, 2008 شانۆ

 مۆنۆدراماى قەرەجستان
 نووسینى: نیهاد جامى

 "لەدەشتاییەكى فراوان.. قەرەجەكان كۆمەڵێك ڕەشماڵیان هەڵداوە، لەوە دەچێت ئەوان تازە هاتبنە ئەو دەشتاییە، دەچنە ژێر ڕەشماڵەكانەوە، لەقووڵایەوە ئەشكەوت هەیە، تروسكاییەكى ئاگر لە ئەشكەوتەكە بەدى دەكرێت، قەرەجەكان لە ئەشكەوتەكە ڕاماون، بەڵام ترسێكیان هەیە لەوەى لێى نزیك ببنەوە، پیاوێكى ڕیشنى نیمچە ڕووت بەدى دەكرىَ، پێستەیەكى ئاژەڵى لەبەردایە، بەترسەوە لە ئەشكەوتەكە دێتە دەرەوە، لەقەرەجەكان نزیك دەبێتەوە، لەوە دەچێت زەمەنێكى زۆر بێت قسەى نەكردبێت، بۆیە بە زەحمەت دەم دەكاتەوە، هەوڵێكى زۆر دەدات تا فێرى قسەكردنەوە دەبێت"
 لەوە ناچىَ ئێوە لە گورگەكانەوە نزیك بن.. شێوەتان هەر لە مرۆڤە سەرەتایەكان دەچێت، هەڵە نەبووبم ئێوە قەرەجن، بەو ڕەشماڵ و شێوەیەتان هەر لە قەرەج دەچن، ئێوەى بىَ نیشتیمان خۆزگەم بە خۆتان خۆ هەر نەبىَ ئەو شوێنەى چەند ڕۆژێك لێى دەمێننەوە ئەوىَ مەملەكەتتانە، بەڵام من كام مەملەكەت و شوێن دەمگرێتە خۆى (ماوەیەك بێدەنگ دەبێت بەسەر قاچەكانى خۆى كەوتووە، سەرى بۆسەر زەوى داگرتووە، ئێستا دەیەوىَ سەر بەرەو ڕووى قەرەجەكان بەرز بكاتەوە، بەڵام سەربارى قسەكردن هێشتا ماتە) هەقى خۆتانە بەتووڕەییەوە لێم بڕوانن.. تۆش! بەڵىَ تۆش پیرە مافى خۆتە، چونكە لاوێكى شارى بوو ئەوەى كچە تاقانەكەتى كووشت، بەڵام بڕوا بكە من نەفرەت لە ئەلیكۆش دەكەم. "بەزەحمەت هەڵدەستێتەوە سەر پىَ" ئەگەر باسى ئەندێشەكانى خۆمتان بۆ بكەم، لەبەر مەرگەساتى من پرسەى زمگێڕاتان بیر دەچێتەوە.. زمگێڕا مرد، بەڵام ژانى من ڕۆژانە لەناو شاردا گەورە دەبىَ و منیش بە كەسێكى بچووكتر لەهى دوێنىَ تەماشا دەكرێم. "ئێستا تەواو چۆتە نێو دۆخێكى جیاواز بۆ یەكەمجارە هاتە ئەو ئەشكەوتەوە ئاوا ڕووبەرووى شتەكان بێتەوە" واتێنەگەن پاكانە بۆئەوە دێنمەوە تاوەك ئەلیكۆ لەگەڵ خۆتانم بەرن، دڵنیام دڵى ئێوە پڕیەتى لە عەشق ڕێگە بەخۆتان نادەن بەتەنها لەم چۆلەوانیە بەجێم بێلن، بەڵام من ئەو مافە بەخۆم نادەم كە ڕەدووى ئێوە كەوم، چونكە دوور نیە سبەینىَ منیش كچە قەرەجێكم خۆش بووێت و مەرگەساتى ئەلیكۆى پیاو كوژ و زمگێراى عاشق دووبارە بیًَتەوە، بەڵام حەز دەكەم كە ئەمشەو ئێوە بوونەتە میوانى من و خۆشتان بۆ چەند شەوىَ بوونە بە خاوەن مەملەكەت، گوێبیتسى لاوێكى شارى لە ئەلیكۆ یاخیتر بن. "بێدەنگ بەناو ڕەشماڵەكان تێدەپەڕێت" دەى وا شەو ئەم هەوارەى تاریكتر كرد.. چراكان داگیرسێنن با دەست پێبكەین "قەرەجەكان لەژێر ڕەشماڵ چراكان دادەگیرسێنن" هێشتا مناڵ بووم كە دایكم مرد.. باوكم بە كاك مەلا بانگیان دەكرد، لەوە زانیم باوكم كابرایەكى خواناسە، بەڵام ئەو حەقیقەتەى باوكم كە من پێم دەزانى، ئەوانى بە باوكم چەواشە بوون گەر بیانزانیایە، ئەوە بێگومان هەر زوو پەتى سێدارەیان دەخستە ملى.
 ئەو لەژێر ناوى دینداریەتى لە ژنەكانیان نزیك دەبۆوە، چەند جارێك بینیم لەگەڵ ژنى ئەو فەقێیانەى دەرسى پێیان دەووت نوقمى ئارەزووەكانى خۆى كردبوون، هاوسەرە داماوەكانیشیانى لەژێر ناوى ئاخیر زەمان و قیامەت كوێر كردبوو. لەو باوكە نەگریس و ناپاكەى من داوێن پیستر نەدەدۆزرایەوە، چاوى بە جووت بوون لەگەڵ ژنەكانیان تێر نەدەبوو، بۆیە هەوڵى دەدا لەگەڵ مناڵەكانیشیان هەمان كار بكاتەوە، تا دواجار لە ئاودەستخانەى مزگەوت لەگەڵ مناڵێكى نۆساڵان بینیم، منیش بەڕقێكى پێكەنیناویەوە پیًَم ووت (ها كاك مەلا چۆنى) لەو ڕۆژەوە باوك بوو بەدوژمنم بەر نەفرەتى دەكردم، ترسى ئەوەى هەبوو حەقیقەتە بۆگەنەكەى ئاشكرا بێت و خەڵكى بە ڕاستى و درووستى نیازە گڵاوەكانى ئاگادار بێت. "دواى ماوەیەك بێدەنگى وەك حیكایەتخوانێك دەردەكەوێت" دواجار من ترسم لە باوكم هەبوو تۆڵەى خۆیم لىَ بسەنێتەوە، ڕۆژێكیان بانگى كردمە ژوورەكەى سەرەوە، ئەوەى پێمان دەووت كۆشك، داواى لێكردم بەدواى خۆم دەرگاكە دابخەم، دڵم خورپا تۆ بڵێى.. نا نا شتى وا چۆن ئەبىَ من كوڕیمە، دڵم كەوتە خورپە، نا نا وانەبوو ئەوە تەنیا خەیاڵى من بوو، باوكم بە سیماى پیاوێكى نورانى و خواناسەوە پێى ووتم
 باوك: كوڕى خۆم خواى تەعالا نێر و مێى درووست كردووە بۆ ئەوەى خێزان درووست بكەن و لە فەحشاوە دوور بن، هەروەك دەفەرموێت ژن هێنان نیوەى ئیمانە، منیش وام پىَ باشە ژنت بۆ بێنم و ببیە پیاو و بچیە سەر ماڵى خۆت
 "ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ كەسایەتى خۆى" منى نێر و خۆ بە پیاوزان هەر ئافرەتێكم دەست نیشان بكردبا، باوكم ڕەتى دەكردەوە، تا پێى ڕاگەیاندم كە نیازیەتى كچەكەى باجى حوسنەم بۆ بێنىَ، باجى حوسنە.. چ باجى حوسنەیىَ، كوڕانى گەڕەك بەر لە ژنهێنان میوانى جەستەى حوسنە خان بوون، كچى ئەو ئافرەتە سۆزانیەیان لێم مارە كرد، ئەو كچەى تا ئەوكات بە كچێكى پەریزادەم دەزانى كە كەوتۆتە دەست قەسابى لەشەوە، هەر بە چاوى مناڵكارێكى لەخۆم گوناهتر تەماشام دەكرد.
 "بەڕووخسارى دەردەكەوێت كە چەند بێزارە، بەڵام ئەوە كارێكە و دەبىَ تەواوى بكات، چونكە فرمانى سەربازى باوكیەتى، بۆیە بەجۆرێك لەگاڵتە كردن دەست پىَ دەكات" هەر لەگەڵ مارە كردنى پەروینى باجى حوسنە لەمن، باوكم دەرفەتى بۆ خۆش بوو، نەك ڕۆژان دەچووە ماڵى خەسووم، گەر لەترسى باوەژنەكەم نەبوایە شەوانیش لەسەر سینگ و مەمكى حوسنە تەسبیحاتى دەكرد.
 لەڕۆژى زەماوەند پەروین كراسى بوكێنى كرایە بەرو چووین بووك بێنین، ئەو كات وام هەست دەكرد بەرەو قەفەسى زیندان ڕاپێچ دەكرێم.. كار لەكار ترازا، چووینە پەردەوە، ئاگام لێبوو باوكم لەپشت دەرگاى ژوورەكەمان وەستا بوو، لەدەرگاكەیدا چووم دەرگاكەم كردەوە داواى پەڕۆى بەخوێنى دەكرد، كاتىَ ووتم (چ پەلەتانە)
 باوك: كورە عەیبە بەخۆشت دەڵێى پیاو.
 خەریك بوو هەفتانەى بووك نزیك دەبۆوە، ئێمەش كارى خێرمان وەك ناویان نابوو سەرى نەگرتبوو، حوسنە لەهەفتیانە كەزانى هێشتا بە زاوا نەبوومە دوو چەپۆكى لەناو چەوانمدا.
 حوسنە: دەك داڕزێى.. وەلڵا وەختى خۆى، حاجى ڕەحمەتى كە منى بە بووك هێنا، لە ئێوەش بچووكتر بووین، هێشتا دەرگاى پێوە نەدابوو، لەدەرەوە دەستیان بە تەقەكردن كرد. چاوەڕوانى ئەو جۆرە قسانەم لە باجى حوسنەى سۆزانى و خەسووم نەدەكرد، چونكە زۆر ڕێزى دەگرتم، كەچى بەم قسانە دەمدوێنىَ، لەهەفتانەكە نەمایەوە و ڕۆیشت، دواى مانگێك هاتەوە، كە زانى مەسەلەكە هەر وەك خۆیەتى، دەستى پەروینى گرت و لەبەر دەرگاى حەوشە پێمى ووت
 حوسنە: كە پیاو نى كچى منت بۆچیە؟ تازووە با دەستان لەیەك بێتەوە.
 وەك جاران لەچوار دیوارى ژوورەكەم مامەوە، زیاد لە جاران خووم دایە خوێندنەوە، لەمەیخانیەكدا بوومە هاوڕێى دستۆفسكى، لەناو ڕشانەوەى كۆلێرا ماركیزم ناسى، دەگریام بەدیار تەرمى ڕۆمیۆ و جۆلێت و عەشقە نامورادەكەیان، بە شكسپیرم ووت بۆ وا دڵڕەقى، لەگەڵ چیخۆف لەكۆڵانێكى تاریك تێر بۆ پاڵەوانى چیرۆكێك گریاین. شەوێكیان لەگەڵ عەبدولخالق مەعروف یەكترمان دەدواند كڕنۆشم بۆ برد تا بگات بە فریامەوە.
 عەبدولخالق مەعروف: تۆ نەیەكەم قوربانى و نەدوا قوربانیش دەبى، پێویستە هەوڵدەى و كۆڵ نەدەى، مەترسە سەردەكەویت بەسەریان، ئەگەرنا منت لەبیرە، لێرە نیم بەڵام وا لەوێم لەناو كتێبخانەكەت.
 بەستەزمانترین كەسایەتى ناو كتێبخانەكە ئەمینى میم بوو، ئەو داماوەش وەك منى بەسەر هاتبوو، كاتىَ گەلە گورگیشم لەبەر دەستابوو، باوكم و خەسووم لەلا ببوو بەو گورگانەى پەلیان دەگرتە دەرگا و پەنجەرەى ژوورەكەم، منى تەنیا و بىَ هاوڕىَ دەبىَ خۆمیان لىَ ڕزگار بكەم، خۆگەر گورگەكان بێنە ژوورەوە، دواى ئەوەى پارچە پارچەم دەكەن، بەچراى ژوورەكەشم تاكە سامانم لەم دنیایە كتێبخانەكەشم دەسووتێنن.
 دەمەو عەسرێك گوێم لەدەنگى ئافتاوى زۆرە بڵێى گەرەك بوو، بە بنێشت جاوینەوە بە باوەژنەكەمى دەووت.
 ئافتاو: جا كە كوڕەكەتان پیاو نەبوو.. بۆ حەیاى خۆتان دەبرد.
 نیازم بوو هاواركەم ئافتاوى دەم مقەس و موختار دەوەرە ژوورەوە بزانە لە موختارى مێردت باشتر……. هەر زوو پەشیمان بوومەوە، چونكە هەستم دەكرد بەم قسانە سووك دەبم، بارى شانم گرانتر دەبىَ، ئەو بارەى هەر لەڕۆژى مەرگى دایكمەوە بە كۆڵمەوە بوو، خەسووم لەدادگا داواى لەسەرم نووسى بۆ ئەوەى لە كچەكەى جیا ببمەوە، جەنابى حاكمیش یەكێك بوو لەوانەى بە جوانى حوسنە چەواشە بوو، ئەوە ئەگەر حوسنە بەڵێنى ئەوەى پىَ نەدابێت داواكەى سەر بگرێت، ئەو لەسەر لەشى خۆى داوەتى شەرابى بۆ دەكات، بۆیە حاكم زۆر بە ویقار و توڕەییەوە پێى ووتم.
 حاكم: كورە كە دەزانى پیاو نیت بۆ گاڵتە بە ئابڕووى كەسانى تر دەكەیت؟
 ئەوكات هەستم كرد كار گەیشتۆتە یاسا و دادگا، پێویستە ئەو نهێنیەى لەسەرەتاى شەوى پەردەوە شاردبوومەوە دەبىَ ئێستا بیدركێنم.
 دادوەرى بەڕێز، من پیاو نیم.. باشە گەر هەموویان گاڵتە بەخۆیان بكەن و خۆیان لەگێلى دەدەن جەنابت بۆ لەبیر خۆتى دەبەیەوە ئەى نابێت داواى عەقد زەواج بكەى؟
 حاكم: قسەكەت زۆر جوانە.. كوا وێنەى عەقد زەواجەكەیان حوسنە خان.
 نا تازە پێویست ناكات، با حەرزت كەم، كاتى خۆى دادگا مارەى ئێمەى نەبڕى، چونكە ئەو كچە مناڵەى كە تا ئێستا بە ژنى من ناوى دەبەن تەمەنى لە یانزە ساڵ تێپەڕ نەكردووە، واتە هەر لە قۆناغى مناڵیدا بوو، نەگەیشتبووە قۆناغى هەرزەكارى و باڵق بوون، كاتىَ شەوى پەردە زانیم مناڵێكى بەستەزمان ئەندامەكانى جەستەى هیچ پەیوەندیەكیان بە سێكسەوە نیە، ئەو تاوانەم تۆمار نەكرد، كە گەر بمكردایە نە كارەكە دەگەیشتە بەردەم جەنابت، نە منیش بە ناپیاو لەقەڵەم دەدرام.
 جەنابى دادوەر.. هەى ئەوانەى خۆتان بە شەرافەتمەند دەزانن، لەبەر ئەوەى مناڵێكم بەرەو هەڵدێر نەبرد، لەبڕى ستایش كردن، ناوو ناتۆرەم بۆ دەدۆزنەوە، دیارە لاى ئێوە ئەوەى دڕندە بێت ئەوە پیاو كوڕى پیاوە، ئەوەى تۆزقاڵێكیش وەك مرۆڤ هەڵسوكەوت بكات ئەوە پیاو نیە.
 دواى جیابوونەوەم لە پەروین، شەوێكیان باوكم هاتە ژوورەكەم
 باوك: كوڕم تۆزێك لەو كتێبانە بگرەوە و واقعیانە بژى، با شێت نەبى.. باشە ئەوە ووتمان پەروین مناڵ بوو، بۆ نایێیت كەژاڵى كچى خاڵت بۆ بێنم
 باوكە وازم لىَ بێنن، جارێكیتر بیر لە ژنهێنان ناكەمەوە.
 باوك: (بەهەڵچوونەوە) ئێمە بە تۆوە ناومان لەكەدار بووە، خۆ بەدەست تۆ نیە هەر دەبىَ ژن بێنى و لەگەڵ خاڵت قسەم كردووە، نیازمانە سبەى شەو كەژاڵى كچى خاڵت لىَ مارە بكەین. "بە پێكەنینێكى گاڵتە جاریەوە" ناڵىَ بە مناڵە ووردكە و حوسنە و كارە جوانەكانى من ناومان لەكەدار بووە "لاسایى باوكى دەكاتەوە" سبەى شەو كەژاڵى….. دواى ئەوەى ڕازى نەبووم حاشاى لێكردم و لەماڵەكەى وەدەرى نام، ئەو ماڵەى هەر لەو ڕۆژەى لە منداڵدانى دایكم بووم، لەوىَ لەدایك بووم و گاگۆڵەم كرد و گەورە بووم و تیایدا ژیام وەدەرى نام، بڕیارمدا ژیانى شار جێبێلم، چونكە دڵنیا بووم ئەو خەڵكە بە سووك لەمن دەڕوانن، لەكاتێكدا باوكم بە كاك مەلا و حوسنەى لەشفرۆشیش بە باجى حوسنە خان بانگ دەكەن. گەڕام تا ئەو ئەشكەوتەوەم دۆزیەوە، بۆ ئەوەى  تا ئەبەد تیایدا بمێنمەوە، زەوى خواش فراوانە و كەس لەبرسان نەمردووە، لەتە نانێكى ڕەقیش بۆ مرۆڤێكى یاخى لە پیسى و گوناه هەر پەیدا دەبىَ، لەو كاتەوە چاوم بە مرۆڤێك نەكەوتووە… دەزانم بێزارم كردن، شەویش درەنگە گەر بەیانى بەر لەخەو هەڵسانى من ڕۆیشتن، تكام وایە ئەم چیرۆكەم بۆ خەڵكە دڵ سادەكانى وەكو خۆتان بگێڕنەوە… شەوتان شاد
 "بەبێدەنگى و ماندوو بوونێكى زۆرەوە لەسەر زەوى دەخشێت، تەكان دەداتە بەرخۆى تا دەچێتەوە ناو ئەشكەوتەكە، قەرەجەكان لێى ڕادەمێنن و بێدەنگن، بەدواى وون بوونى ئەو قەرەجەكان گالیسكەكانیان بەدواى خۆیان ڕادەكێشن ئەوانى تریش ڕەشماڵەكانیان تێكدەنێن بەرەو هەوارێكیتر كۆچ دەكەن"
 پایزى 1994  
 

Previous
Next

Leave a Reply