Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

میدیاى ئەهلى، متمانەو چاوەڕوانى خەڵك

Be First!
by September 18, 2008 گشتی

 میدیاى ئەهلى، متمانەو چاوەڕوانى خەڵك
 موحسین ئەدیب
 
 ئەگەر بەشێوەیكى گشتى لەدنیادا باس لە میدیاو متمانە بكرێت، راستەوخۆ ماناى ئەوە دەدات بەدەستەوە كەپێویستە میدیا جێى متمانەى خەڵك بێتو هەواڵى راستو دروست بڵاوبكاتەوە، بەڵام كەباسى میدیاى ئەهلىو متمانە لەكورستان دەكەین، دوو ماناى هەیە یەكەیان ئەوەیە كەئاماژەمان پێكرد، دووەمیان ئەوەیە لەبەر ئەوەى ئێمە خاوەنى دەوڵەتێكى دامودەزگایى، ئۆپۆزسێنى راستەقینە،…هتد نیین، بۆیە چاوى خەڵك زیاتر لەسەر میدیاى ئەهلییەو متمانەیەكى زۆریان پێیەتىو وەك ئەلتەرناتیڤى دەبینىَ(بەتایبەت  ئیستا كەزۆرینەى زۆرى قەڵەم بەدەستەكان دەستیان داوەتە كارى رۆژنامەوانى!)، بەگاڵتە نییە میدیا ئەهلى زۆرترین جەماوەرى هەیەو لەهەموو راپرسیەكاندا لەسەرى سەرەوەى لیستەكاندان، لەولاشەوە میدیاكانى سەربە دەسەڵات كەس لایان لێناكاتەوە، بێگومان مەرغوبى میدیاى ئەهلى لەكوردستان هۆكارى زۆرە لەوانە میدیاى ئەهلى مێژوویەكى نزیكى هەیە(گۆزەى تازە ئاوى خۆشە)، هاوكات خەڵك وەك مەنفەزێك مامەڵەى لەگەڵدا دەكات، رۆژنامەوانانى ئێمەش ئەوە باش دەزانن بۆیە پێشبڕكێیانە لەسەر نوسینى ئاگراویترین گوزارشتو وروژێنەرترین مانشێت، ئەمەجگە لەوەى خەڵك هیواى وایە میدیاى ئەهلى كاریگەرى لەسەر دەسەڵات دروست دەكاتو دەیگۆڕێت، هۆكارى دیكەش هەن كەواى كردوە میدیاى ئەهلى جەماوەرى هەبێت، گرنگ هۆكارەكان نییە بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئایا میدیاى ئەهلى لەئاستى ئەو متمانەو چاوەڕوانیەى خەڵكدایە؟، توانیویەتى ئەركى جەوهەرى خۆى پیادەبكات؟، بێ دەرەئەنجامى ئەو میدیایەو كاریگەر نەبوونى ئەوتۆى لەسەر دەسەڵات واناكات متمانەى خۆى لەدەست بدات؟، ئایا میدیاى ئەهلى هیچ رێوشوێنێكى گرتوەتە بەر بۆئەوەى ئەو هۆكارانە لەدەست نەدات كەواى كردوە لاى خەڵك مەرغوب بێت، هەوڵى نوێكردنەوەى خۆیداوە؟، چونكە بیرمان نەچێت پێشتریش میدیاى حیزبى جەماوەرى هەبوو بەڵام لەبەر ئەوەى خۆى نوێ نەدەكردەوەو شێوازێكى دیاریكراویان دووبارەو دوبارە دەكردەوە بۆیە خەڵكیان لێتۆرا.
  نابێت میدیاى ئەهلى هەمان ئەوئەزمونە تاڵە دوبارە بكاتەوە، چونكە دۆِراندنى ئەو متمانەیە خەڵك رووبەڕووى رەشبینیەكى قۆڵتر دەكاتەوە، میدیاى ئەهلى قەڵاى بتەوى خەڵكەو دەبێت بەجۆرێك مامەڵە بكات كەكارەكانى بەرهەمهێن بنو بەردەوام لەهەوڵى نوێكردنەوەى شێوازو چۆنیەتى كاركردنى خۆیدا بێت، بەڵام بەداخەوە من ئەمە نابینم و هەست دەكەم میدیاى نوسراو تا ئێستاش ئەزموونى هەفتەنامەى هاوڵاتى و میدیاى بیسراو ئەزموونى چوار ساڵەى رادیۆى (نەوا) دووبارەدەكاتەوەو بگرە خودى (هاوڵاتى)(نەوا)ش ئێستا هەر ئەزمونى هەشت ساڵەو چوار ساڵەى خۆیان دوبارە دەكەنەوە، ئەمەیە كێشەكەیە چونكە ئەگەرشێوازى كاركردنى (هاوڵاتى) بۆ  هەشت ساڵو (نەوا) بۆ چوار ساڵ  لەمەوبەر نوىَ بووبێت ئێستا چیدى نوىَ نییە، ئەگەر تا ئێستا میدیا كارى تەفریغكردنەوەى خەڵك بووبێت لەرێگاى نوسینەوە، چیدى دەبێت كارى بڵاوكردنەوەى داتاى ورد بێت لەسەر  گەندەڵەیەكان.
  نەنگیەكى گەورەیە وێڕاى بوونى هەموو ئەو گەندەڵیانە، عەدنان موفتى سەرۆكى پارلەمان بڵێت (تا ئێستا هیچ  لیژنەیەكى پارلەمانى نەیتوانیوە گەندەڵى وەزیرێك بسەلمێنێت)، ئافەرەم بۆ میدیاى ئەهلى كەنەیتوانیوە بەڵگەى گەندەڵیەكان كۆبگاتەوەو لە چركەیەكى وادا راستەوخۆ بیخاتە بەردەم سەرۆكى پارلەمانو دەسەڵاتدارانى دیكە؟!.
 
 muhsinadib@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply