Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
میوانەكە ئیشی خۆی كرد

میوانەكە ئیشی خۆی كرد

Closed
by December 13, 2012 چیرۆک

 

 

ئەوهەموو ساڵە تەنیا و تاقانە لەماڵێكی خامۆشدا ژیام، ماڵێكی گەورە و كۆن، ماڵێك پڕ لە دۆڵاب و قاڵی و لباد، خانوویەك بەنەخشەسازی رۆژهەڵاتی، دیوارەكانی بەقایەوگەچ بنیاتنرابوو، پەنجەرەكانی تەلبەنكرابوو، سێ‌ دار سنەوبەر و دوودار زەیتون و دار هەنجیرێك و پیرە مێوێك لەحەوشەكەدا بوو دیواری ماڵەكەی داپۆشیبوو. هەموو تەمەنم لەو ماڵەدا بەسەربرد، درەختەكانم ئاودەدا، ماڵەكەم پاك دەكردەوە. بێ‌ دەنگی ماڵەكە چێژی پێدەبەخشیم. لەدوای مردنی دایك و باوكمەوە هیچ كەس میوانداری نەدەكردم، جگە لەدەرۆزكەر كەس لەدەرگای نەدام. مرۆڤێكی دوورەپەرێزبووم، دەرگای هاتوچۆم بەرووی هیچ كەسێكدا نەكردەوە. ئەمە نەریتی لەمێژینەم بوو، لەمنداڵییەوە وەها ڕاهاتبووم. تێكەڵی منداڵی گەڕەك نەدەبووم، لەماڵەوە بۆ خوێندنگا و لەخوێندنگاوە بۆماڵ. منداڵانی گەڕەك رقیان لێم بوو، گاڵتەیان پێدەكردم، لەنێوان خۆیاندا بەلاقرتێوە دەیانگوت: 

– حیزی لوسكەیە نایەتە كۆڵان، 

– ئەترسێ‌،

– جا بۆ دەترسێ‌ خۆ سواری نابین؟!

– وەڵڵا خۆ خۆشیشە، هاهاها…

لەمنداڵییەوە وەها بووم، هەرگیزاو هەرگیز گوێم لەقسەی خەڵك نەدەگرت، بەلامەوە گرنگ نەبوو خەڵكی چیم پێ‌ دەڵێن. ئەو كاتانەی لەماڵەوە بووم راهێنانی مێشكم دەكرد، لەژێر دارهەنجیرەكەدا دەچوومە خەڵوەتەوە، بیرم لە دونیا و ژیانی بوونەوەرەكان دەكردەوە. بیرم لە مردن  و پیری  دەكردەوە، مردن چییە؟ چارەسەر چییە؟ ئایا دەتوانین ئەنجامی مردن بگۆڕین؟ ئایا ئێمەی مرۆڤ دەتوانین باز بەسەر پیریدا بدەین؟ دەتوانین رێ‌ لەهاتنی پیری بگرین؟.  

چەندەها ساڵ فەرمانبەربووم تائەو رۆژەی خانەنشین كرام لەگەڵ هیچ كام لە فەرمانبەرەكاندا دەرگای گفتولفت و هاتوچۆم نەكردەوە. جگە لەسڵاوكردن مەگەر تەنها لەبارەی كاروباری فەرمانگەوە قسەم بكردایە. زۆرجار گوێم لێ‌ دەبوو فەرمانبەرەكان لەنێوان خۆیاندا دەیانگوت:

–  تەح لەم پیاوە چەندعەبوس و بەدخووە.

–  كەڕولاڵە.

–  نا لەوەدەچێت خۆی پێ‌ گەورە بێت.

–  كورە ئەوەكەی كێشەی ئێمەیە.

– چۆن كێشەی ئێمە نییە! خۆدەبێ‌ بزانین ئەم پیاوە بۆ وایە…..

سەمەدی كارگوزار بەكلكە لەقێ‌ دەهاتەتەنیشتمەوە و دەیگوت: كاك بارام هەق نییە قبوڵی بكەیت ئاخر تۆپیاوێكی بەهەیبەتی و حورمەتت هەیە و داوێن پاكی، دەزانی چۆن لەبارەی تۆوە قسەدەكەن؟  فەرمانبەرە ژنەكان لەبەینی خۆیاندا دەڵێن: بارام پیاو نییە بۆیە تا ئێستا ژنیشی نەهێناوە و پیاوەكانیش هەر وەها دەڵێن. بەراستی حەق نییە قبوڵی بكەیت، ئاخر خوا قبوڵی نییە تۆ پیاوێكی موحتەرەم و بەهەیبەتی ئەوان ئاوەها باسی تۆدەكەن، وەڵڵایی سی و ئەوەنە ساڵە من كارگوزاری ئەم فەرمانگەیەم فەرمانبەری وەكو تۆ رێكوپێك و بەشەرەفم نەدیوە، بەس خەتای خۆتە ئەگەر چاوباشقاڵیت بكردایە و یەك دووانێكت هین بكردایە وەهایان پێ‌ نەدەگوتی. سەمەدی كارگوزار ماندووبوونی نەبوو هەر دەیوت و دەیوت تا توڕەدەبووم و دەمگوت: بەسە سەمەد، بەسە. ئیدی بێ‌ دەنگی لێ‌ دەكرد و بەخشكەیی دەرۆیشتەوە شوێنی خۆی. 

ئیتر ئەوە نەریتی من بوو، وەها ژیام. تاقانەی دایك و باوكێكی پیر و نەخۆشبووم، ساڵانێك خزمەتی هەردووكیانم كرد، كە مردیشن بەدەستەكانی خۆم لەگۆڕم نان و مەراسیمێكی سادە و خەمگینم بۆ سازكردن. لەساڵانی گەنجێتیمدا جارجارە خزم و كەس دەهاتن بۆ ماڵمان، سەردانی باوكمیان دەكرد، من بەوشەیەك پێشوازیم لێ‌ دەكردن و دەچوومەوە ژوورەكەی خۆم. زۆر جار سەرم سوردەما لەسروشتی خۆم. بەڵام ئیتر وەها هاتمە دونیاوە.  

دوای ئەو هەموو ساڵە لەتەنيایی و خەڵوەت و گۆشەگیری، دوای خانەنشینبوونم، بۆیەكەم جارمیوانێكی تۆقێنەر هاتەماڵەكەمەوە. میوانێكی نەبینراو. نەمدەزانی چۆن و لەكوێووە هاتبووە ژوورەوە، هەرچی چۆنێكبێت تازە ئەو ئیتر هاتووەتە ماڵەكەوە و میوانێكی پاییزەیە. هاتنی ئەو میوانە بەبێ‌ پرس و بەبێ‌ تەقولباب، بێ‌ هۆنەبوو. زۆر بەوردی بیرم لێ‌ دەكردەوە. بیرم لە هەڵسوكەوت و كارەكانی دەكردەوە، هەندێكجار هەستم دەكرد رۆحی باوكم یاخود دایكمە گەڕاوەتەوە. هەندێك جار هەستم دەكرد هیچ نییە جگە لە خەیاڵ و وەهم. ئەی كەوایە كێیە ئەو شتانە دەكات؟  یەخچاڵەكەم پڕدەكرد لەمیوە و پەنیر، دوای سەعاتێك دەرگای یەخچاڵەكەم دەكردەوە نەپەنیر و نەمیوە.. هیچی تێدانەبوو و تەنەكەی خۆڵەكەش پڕبوو لە توێكڵی میوە و پاشەڕۆی خواردن. شەوان بەر لەوەی بنووم هەموو گڵۆپەكانی ماڵەكەم خامۆش دەكرد، بەیانی كە لەخەو هەڵدەسام هەموو گڵۆپەكان داگیرسابوون. كاتێ‌ لەسەر سیسەمەكە رادەكشام تا چەند ساتێك پشووبدەم لەپڕ گۆیم لەدەنگی گۆرانی دەبوو لەژووری دانیشتنەكە، ئاخر من بەدەستی خۆم تەلەفزیۆنەكەم كوژاندەوە! ئەو روداوانە وای لێ‌ كردم گومان لەساغ و سەلامەتی خۆم بكەم، هەستم دەكرد توشی واهیمەبووم. سەردانی چەند پزیشكێكم كرد، هەریەكەیان شتێكیان دەگوت كە پێچەوانەی یەكتری بوون، یەك دەیگوت هیچت نییە، یەك دەیگوت تووشی واهیمەبووی، یەك دەیگوت دەردەپیرییە، یەكی تر دەیگوت پەیوەندی بەتەنيایی و خەمۆكییەوەیە و یەكی تر دەیگوت دەردی بێ‌ ژنییەو…. 

وازم لە هاتوچۆی خەستەخانەهێنا و پزیشكەكانم فەرامۆشكرد، هەرچی دەرمان و رەچەتە و كاغەزبوو فڕێمدا، هەموویم فەرامۆش كرد و گەڕامەوە ناو رۆحی خۆم. بیرم لە وجودی خۆم كردەوە. دوای ئەو هەموو ساڵە لە تەنیایی و گۆشەگیری حەز و ئارەزووم گۆڕانی بەسەردا هات. جارجارە دەچوومە دەرەوە، بەنێو پارك و باخچەكانی شاردا دەگەڕام، لەدرەختەكان رادەمام و لەگەڵاوەریوەكانی پاییزم دەڕوانی كاتێ‌ “با”بەهێزی نادیاری خۆی لەسووچی دیوارەكاندا كۆی دەكردنەوە. هەستم دەكرد هەر ئەو “با” یەیە سروشتی منی گۆڕیوە، وام هەست دەكرد ئەو “با”یە هەمان ئەو میوانە نەبینراوەی ماڵەكەمبوو، بەدووم كەوتووە. تێكەڵی خەڵك نەدەبووم، بەتەنها پیاسەم دەكرد. گەڕان و پیاسەكردن سوودی نەبوو، بەو پیرییەوە، بەوجەستە تێكشكاوەوە دەچوومە دەشت و دەر و لەگژ و گیای وشكەوەبوو رادەمام، سەیری ئاسمانم دەكرد. كاتێ‌ دەگەڕامەوە ماڵ، تەواوی ماڵەكە گۆڕانی بەسەردا هاتبوو، میوانی نەبینراو كابانی ماڵ بوو، هیچ شتێكی لەشوێنی خۆیدا نەدەهێشت. 

 ئەم روداوانە تووشی گومان و ڕاڕاییان كردم، وردە وردە بەرەو شێتبوون دەچووم. هەر لەخۆمەوە قسەم دەكرد، بەدەنگی بەرز هاوارم دەكرد: وەرە، هۆو ئەوەچی دەكەیت؟ ناخۆم دەستخۆش حەزم لەگێلاس نییە! ناوەڵڵا جارێ‌ خەوم نایەت، ئەڕۆمەدەرەوە ئیشت نییە…..

ئیتر ئەو میوانە نادیار و سیحربازە وردەوردە زیاتر خۆی لێ‌ نزیك دەكردمەوە، تا بووبەهاودەم و هاوماڵم، وەك من لەو ماڵەدا دەژیا بەبێ‌ ئەوەی بیبینم. جاری واهەبوو سێ‌ رۆژ بۆ پانتۆڵێكی خۆم دەگەڕام نەم ئەدۆزییەوە، دوای هەفتەیەك بەچڵكنی لەناوجلشۆرەكەدا دەمبینییەوە. من چەندم دەخوارد ئەویش ئەوەندەی دەخوارد. من هەفتەی سێ‌ جار خۆم دەشۆرد و ئەو هەمووشەوێك، جاران هەفتەی دووسابوونم خەسار دەكرد، لەوەتەی ئەوهاتبووەماڵەكەوە هەفتەی شەش سابوونم دەكڕی. هەرگیز ئەو میوانەم نەبینی و نەمزانی شێوەی چۆنە تا ئەو شەوەی لەسەر سیسەمەكەم راكشابووم، رووخساری دایك و باوكم هاتەبەرچاوم، بۆچەندساتێك بیرم كردن. بەخەیاڵی ئەوانەوە خەوم لێ‌ كەوت، لەشیرینی خەودا میوانەكە دەستی خستە سەردەمم و تا نەیخنكاندم وازی نەهێنا. بۆیەكەم جار توانیم بیبینم. رووخسارێكی تۆقێنەری هەبوو، لووتێكی زل و خوار، دەم ودانی وەك كەڵبەی گورگ وابوو چاوەكانی وەك چاوی كوندەبەبوو. بەهەموو هێزم هەوڵمدا دەستی لەسەر دەمولوتم لاببەم، نەمتوانی. ئەو كاتە زانیم بۆكوشتنم هاتووە، ئەو ماوە زۆرە داوی بۆ مەرگی من نابووەوە، ئیتر ئیشی خۆی كرد. كوشتمی و ماڵەكە بەتەواوی خامۆشبوو. هەرچی دراوسێكانم بوو دوای چەند رۆژێك بەهۆی بۆنی لاشەكەمەوە دەركیان بەمردنم كرد و هەواڵیان دا بەپۆلیسخانە. دراوسێ‌ نزیكەكانم بانگكران بۆ لێكۆڵینەوە، ئەو دراوسێیانەی كە هەرگیز نەمناسین و نەیانناسیم. راپۆرتی پۆلیسخانە بۆ تیڤی یەكان نێردرا. لە تیڤی و رۆژنامەكاندا هەواڵەكە بەشێوەیەك بڵاوكرایەوە كە گوایە من خنكێنراوم، مردنكەم گوماناوییە. لەراستیدا خۆشم گومانم لە مردنی خۆم هەیە، ئەوەی كوشتمی كێ‌ بوو؟ پێمێردبوو؟ دراوسێكانم بوو لە دەمامكی دێو و دەعەجانیدا؟ دزبوو؟خزمەكانی باوكمبوو؟ نازانم كێ‌ بوو؟ ئەو رووخسارە ناشیرین و ترسێنەرە كێ‌ بوو كە لەساتی كوشتنمدا خۆی ئاشكراكرد؟.

 

مەحمود نەجمەدین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.