Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

مێژووی روناكی شه‌وێك

Be First!
by September 6, 2012 گشتی

 


“بۆ یه‌ك شه‌و لای دایه‌ ئه‌م دێیه‌ رێی وێڵم” 

گۆران

 

بێگومان ئه‌وه‌ی سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتدا هه‌بێت ده‌زانێ، شاعیری گه‌وره‌ و ناوداری ئه‌ڵه‌مان یۆهان ڤۆڵڤگانگ فۆن گۆته‌ (1749-1832) یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ هه‌ر دیاره‌كانی ئه‌ده‌بیاتی جیهانی. باسه‌كه‌م په‌یوه‌نده‌ی به‌ گرنگی ئه‌ده‌بیاتی گۆته‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ رێز و نرخزانینی بیرمه‌ند و شاعیرانه‌وه‌ هه‌س.

چونكه‌ ئه‌ڵه‌مان گه‌لێكی هۆشیارن و نرخی زێڕی خۆیان ده‌زانن. چونكه‌ گۆته‌ “عه‌كسی قه‌مه‌ری نێو حه‌وزێكی لێخن نه‌بوو”، چونكه‌ میلله‌تان ده‌زانن دیرۆك و سه‌روه‌ری ده‌بێت ئاوێته‌ ئه‌و ناوانه‌ بێت، ناوی وه‌كو گۆته‌، بۆیه‌ هه‌موو شتێكی ئه‌و شاعیره‌ كه‌ ده‌ستیان لێگیر بووبێت پاراستویانه‌. 

له‌ باكوری ئه‌ڵه‌مانیا كاتێك سه‌ردانی ئاوایی ڤارندۆرف-م كرد، له‌ پیاسه‌یه‌كی نێو كۆڵانه‌ كۆنه‌كانی ئه‌و گونده‌دا، شتێكی زۆر سه‌رنجڕاكێش نیگامی بۆ لای خۆی برد. تابلۆیه‌ك به‌سه‌ر دیوارێكه‌وه‌ دانراوه‌، تابلۆیه‌كی جوان و سه‌رنجبه‌ر، له‌سه‌ر تابلۆكه‌ وێنه‌ی گۆته‌ و ئه‌م ده‌قه‌ هه‌یه‌. 

“گۆته‌ی شاعیر شه‌وی 9 له‌سه‌ر 10ی دیسه‌مبه‌ری 1792 لێره‌ لای داوه‌ و رۆژی كردۆته‌وه‌. شایانی ئاماژه‌یه‌ له‌و كاته‌دا شاعیر له‌ گه‌شتی فه‌ره‌نسا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ڤایمار”.

شاری ڤایمار شوێنی مردنی گۆته‌یه‌. شاری ناوبراو ئیمڕۆ سه‌ر به‌ هه‌رێمی تورینگنی ئه‌ڵه‌مانیایه‌.  

ئه‌و شوێنه‌ی ئاوایی ڤارندۆرف كه‌ گۆته‌ شه‌وێكی تێیدا به‌سه‌ر بردووه‌، پێشتر وه‌كو كاروانسه‌رایه‌ك وا بووه‌. ماوه‌یه‌ك بووه‌ به‌ هۆتێل و پاشانیش بووه‌ به‌ وێستگه‌ی پۆست و ئێستایش شوێنی ئاسایی كڕین و فرۆشتنه‌ له‌و گونده‌ و ناوی شه‌قامه‌كه‌ “ئۆست-رۆژهه‌ڵات)ه‌ و ژماره‌ پینجی ئه‌و شه‌قامه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵكی ئاوایی ڤارندۆرف وایانده‌زانی گۆته‌ی شاعیر له‌و سه‌فه‌ره‌یدا له‌ شاری مونسته‌ری نزیك به‌وان لای داوه‌ و رۆژی كردۆته‌وه‌، به‌ڵام مێژووناس ڤیلهێلم فلایتمان كه‌ خه‌ڵكی ڤارندۆرفه‌، له‌ ئه‌نجانی لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ گۆته‌ له‌ گوندی ڤارندۆرف ئه‌و شه‌وه‌ی به‌سه‌ر بردووه‌. بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌یش، فلایتمان، سه‌ردانی ئارشیفی گۆته‌-شیلله‌ری كردووه‌ و ئه‌و به‌ڵگانه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ دروستی مانه‌وه‌ی گۆته‌ له‌و گونده‌ ده‌سه‌لمێنن. 

بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی شه‌وێك نه‌فه‌وتێ، مێژوویه‌ك شانازی ده‌دات به‌و ئاواییه‌ كه‌ بۆن و به‌رامه‌ی شیعری له‌و شه‌وه‌دا به‌ركه‌تووه‌، “میلله‌تی هۆشیار” ئه‌و تابلۆیه‌ وه‌كو نیشانه‌ی شانازی ده‌كات به‌ به‌رۆكی ئاوایی خۆیدا. خه‌ڵك هه‌ن نه‌مری به‌ مێژووی شه‌وێك ده‌ده‌ن، هه‌یشن ته‌مه‌نێك ده‌كوژن. 

پاش بڕیاری هه‌ڵواسینی ئه‌و تابلۆیه‌، پیاوانی كار و ده‌وڵه‌مه‌ندان خه‌رجی تابلۆكه‌ و ته‌داره‌كی دانانیان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ و شاره‌وانی گونده‌كه‌یش بڕیاره‌كه‌ په‌سه‌ند كردووه‌.  

“بۆ یه‌ك شه‌و لادان له‌و دێیه‌”، ئیتر رێكه‌وت بێت یان پلان له‌ لایه‌ن گۆته‌وه‌، بوو به‌ شه‌وێكی رووناك بۆ دیرۆكی ڤارندۆرف. به‌ڵام ئه‌وه‌ “میلله‌تی هۆشیاره‌ كه‌ ئه‌و تاج و ته‌خته‌ی” به‌و گه‌شته‌ تیژتێپه‌ڕه‌ی گۆته‌ داوه‌.    

میلله‌تی هۆشیار جوانییه‌كان روونتر ده‌بینێت و باشتر به‌كاریان ده‌هێنێت.

” ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ ته‌نها بزانین، مرۆڤ ده‌بێت زانین به‌ كار بهێنێت. ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ ته‌نها بخوازین، مرۆڤ ده‌بێت شتێكیش بكات”. 

ئه‌و قسه‌یه‌كی گرنگی گۆته‌یه‌. ئایا ئێمه‌ زانینه‌كان به‌كارده‌هێنین؟ ئایا ده‌مانه‌وێ شتێكیش بكه‌ین؟ به‌ هیوام. 

 

سیروان ره‌حیم

Previous
Next

Leave a Reply